دایك و هاوسەری شەهیدان داوا دەكەن سەرۆك بارزانی بەردەوام بێت
August 27, 2015
کۆمەڵایەتی
لە دەستپێكدا نەزیرە عەوڵا خێزانی شەهید سۆفی كە ئاسایش بوو لەبەردەم پارێزگای هەولێر لە كردەیەكی خۆكوژی تیرۆرستان شەهید كرا، ئاماژە بەوە دەكات كە مانەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی لە بارودۆخی ئێستادا لە زەڕور زەڕور ترە، وتیشی: من وەك هاوسەری شەهیدێك كە لەپێناو پاراستنی نیشتمان گیانبازی لەگەڵ مەرگ دەكرد، پڕ بە دڵ حەز دەكەم سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ جارێكی دیكە سەرۆكایەتی وڵاتی پێ بسپێردرێت، سەرۆك بارزانی پێش ئەوەی سەرۆكی میللەتێك و نەتەوەیەك بێت پێشمەرگەیەكی گیان لەسەر دەستە و جێگەی متمانەی گەورە و بچووكە، ئێمە نامانەوێ وڵاتمان داگیر بكرێ و قەتل و عام بكرێین نامانەوێ لە ژێر دەواری ئاوارەیی منداڵە بێ نازەكانمان گەورە بكەین، چونكە مانەوەی سەرۆك بارزانی لە پۆستەكەیدا گرەنتی پاراستنی سەر و ماڵ و شەرەفمانە.
كوردستان حەسەن كە هاوسەری شەهید كاوەیە، وێڕای ناردنی سڵاو بۆ گیانی پاكی بەرزەفڕی شەهیدانی خاك و وڵات، جەخت لەوە دەكاتەوە كە باشووری كوردستان پێویستی بە پارێزەرێكی ئەمین و دەستپاك هەیە، بۆ ئەوەی تەسلیم بە دوژمن نەكات و لە پێناو بەرژەوەندییەكان یخۆی نەمانفرۆشێت، هەروەها گوتی: من وەك هاوسەری شەهیدێكی ئەم كوردستانە شیرینە لەگەڵ ئەوەدام سەرۆك مەسعود بارزانی نەك بۆ دوو ساڵ و چوار ساڵ بەڵكو هەتاهەتایە سەرۆكمان بێت، من كە دایكی نۆ منداڵی بێ باوكم رەنگە منداڵەكانم كەموكورتی زۆریشیان هەبێت، بەڵام بوونی كاك مەسعود بۆ ئێمە كافیە، سایە و سێبەری ئەو بۆ ئێمە لە نان و ئاو پێویست ترە، من هەر لە منداڵییەوە بارزانی نەمر و كاك مەسعودم خۆشویستووە و بە كوردپەروەری و دادپەروەری ئەو بنەماڵەیە سەرسامم، پێموایە ئەگەر لەم كات و ساتە هەستیارەدا سەرۆك بارزانی لابدرێت ئەوا داعش بە یەك رۆژ كوردستان داگیر دەكات و كچەكانمان دەڕفێنێت و لە باڕەكان هەڕاجیان دەكات. ئەو خانمە كە هەم باوكە و هەم دایكە بۆ منداڵەكانی لە درێژەی ئاخاوتنەكەیدا خوازیاری ئەوەیە كە هەرچی زووە ئارامی باڵ بەسەر كوردستاندا بكێشێت.
نەشمیل قاسم دایكی شەهید نیگار كە لە میحوەری كەركوك شەهید كراوە، سەبارەت بە هەمان پرس لە دەستپێكی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە: تاكە سەركردە كە شایانی سەرۆكایەتیكردنی ئەم هەرێمە بێت بێگومان مەسعود بارزانییە، تەنیا كەسێكە هەوڵی سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی كوردستانی داوە، لەگەڵ رێزم بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە خۆیان بە بەدیلی سەرۆك بارزانی دەزانن، لەم قۆناغە هەستیارەدا سەرۆك بارزانی جێگەی متمانەی گەلی كوردە و لە مێژووشدا ئەوەی سەلماندووە، بە تایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش.
ئەو دایكە شەهیدە بە پێویستی زانی: هەرچی زووە بە هەموو لایەنە دڵسۆز و كوردپەروەرەكان ناوماڵی كورد یەكبخرێت و چیدیكە دوژمن و نەیارانی كورد بەخۆمان خۆش نەكەین، چونكە ئەوانەش كە رێگری لە ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەكە دەكەن، بە دڵنیاییەوە بە فیتی دوژمنانی كورد ئەو كارە دەكەن، بۆئەوەی ئاسایشی باشووری كوردستان بخەنە ژێر مەترسییەوە.
من وەكو دایكە شەهیدێك ئامادەم چەك بكەمە شانم و شان بە شانی هاوسەرە پێشمەرگەكەم درێژە بە خەباتی رۆڵە عەمر كورتەكەم بدەم بۆ ئەوەی كوردستان پارێزراو و ئاوەدان بێت لە ژێر سایە و سێبەری سەرۆك مەسعود بارزانی.
لەلایەكی دیكەوە رەحمە ئەحمەد هاوسەری شەهید یونسە، سەبارەت بە پرسی یەكلایی نەبوونەوەی پۆستی سەرۆكایەتی رەخنە لە كوردانی هەرێمی كوردستان دەگرێت: بەداخەوە بۆ ئێمەی كورد كە نرخی سەرۆكێك نازانین كە هەموو تەمەنی لە پێشمەرگایەتی و خزمەتكاری میللەتەكەی سەرف كردووە، سەرۆكێك كە خەمی میلەتەكەی لە كۆڵ ناوە و لەپێناو سەربەخۆ بوون وڵات بە وڵات گەڕاوە و كێشەی كوردی بە دنیا ناساندووە، گوتیشی: سەد لە سەد لەگەڵ مانەوەی سەرۆك بارزانیم و خۆشەویستی و دادپەروەری ئەو سەركردە خاكییە وای كرد كە رۆڵە و هاوسەری خۆمان فیدای ئەو ئاڵایە بكەین كە سەرۆك پارێزەریەتی، دڵنیام ئەگەر كاك مەسعود سەرۆك نەبووایە ئێستا چارەنووسی ئێمەش لە چارەنووسی بەشەكانی دیكەی عێراق خراپ تر دەبوو، ئێستا ژن و كچەكانی ئێرەش فرۆشرابوون و بەزۆر جیهادی نیكاحیان پێكرابوو.
هەر سەبارەت بە رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی و نەدۆزینەوەی چارەسەری یەكلاكەرەوە دایكی شەهیدانی كوردستان(دایكە عایشە)، سەردانی نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە سۆران دەكات و پەیامێك ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكان دەكات.
دایكە عائیشە كە بە دایكی شەهیدانی كوردستان ناسراوە، سەردانی نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە شارۆچكەی سۆران دەكات و سەبارەت بە بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان و كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و ئەو كێشانەی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان هەیه، پەیامێك پێشكەش دەكات بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ نەچێت داوای یەكڕیزیی ناو ماڵی كورد دەكات.