نەریتی كۆمەڵگە بۆ گەیشتن بە پۆستی باڵای سیاسی لەمپەر بۆ خانمان دروستدەكات
August 13, 2015
کۆمەڵایەتی
لەوڵاتە پێشكەوتووەكان ئافرەت پێگەی خۆی لە دەستەبەركردنی مافەكانیدا دۆزیوەتەوە
ستار ئەحمەد، نووسەر و ئەندامی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نووسەران لە كەركووك، كاتێك ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەكرێتەوە كە بۆچی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی بە هەرێمی كوردستانیشەوە زۆربەی ئافرەتان خۆیان لە قەرەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستە باڵاكانی بەڕێوەبردنی وڵات نادەن؟ ئاماژە بەوە دەكات كە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی جیاوازی زۆریان هەیە، ئەو نووسەرە ڕایوایە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان ئافرەت پێگەی خۆی لە دەستەبەركردنی مافەكانیدا دۆزیوەتەوە، بەڵام «لە كۆمەڵگەیەكی پیاوسالاری و نەریتی، پیاوان باڵادەستن و هەموو جومگەكانی ژیانیان داگیركردووەو بوونەتە بەربەست لەڕێگەی ئازادی ئافرەتاندا و بەڕەوای نازانن ئافرەت لەگەڵ پیاودا هەڵسەنگێنن و هەمان مافی پیاوانیان پێبدرێ»، گوتیشی «لە كۆمەڵگەی وادا هەمیشە پیاو خۆی بەپێشەنگ دەزانێت و هەموو یاساو رێساكانیش لەسەر دەستی پیاو دادەنرێ و لە بەرژەوەندی خودی پیاوە. بەداخەوە هەندێك لە ئافرەتانیش ڕازین بەوی كەپیاوان داكۆكییان لێبكەن و تائێستا باوەڕیان بەو تیۆرە سەقەتەیە كە پیاو پیاوەو ژنیش ژن. واتە باوەڕیان بە جیاوازی ڕەگەز هەیە. لەزۆر ئاریشەكاندا پەنا بۆ پیاوان دەبەن. ئەمەش وایكردووە، هەردەم بەشخوراو بن و لەدواوەی پیاوانەوە ریزبەند بكرێن و نەتوانن لە پۆستەكان و زۆر كایەی ژیاندا بەشداربن».
ئافرەت لەڕووی عەقڵەوە هیچی لە پیاو كەمتر نییە
دەریا هەڵەبجەیی شاعیر، لەوبارەیەوە رای تایبەت بە خۆی هەیە و دەڵێت «من بۆخۆم رقم لە سیاسەتە و پێموایە ئافرەت زۆر لەوە گەورەترە بەو هەست و سۆز و مێهرەبانییەوە تێكەڵ بەو پۆستە سیاسی و سەربازییە پڕ لە دڵڕەقییانە بێت، بێگومان مەبەستم لە بێ توانایی ئافرەت نییە، لەڕووی عەقڵەوە هیچیان لە پیاو كەمتر نییە، بەڵام گەورەیی و مێهرەبانی ئافرەت لەگەڵ ئەو پۆستانەدا ناگونجێت، بۆیە لە وڵاتە پێشكەوتووەكانیش بە دەگمەن ئافرەت هەیە كە كاروباری بەڕێوەبردنی وڵاتی لە ئەستۆ بێت».
باشترین بەردەباز بۆ ئافرەت ئەوەیە سەرەتا بتوانێ سەرۆكایەتی حزبێك بكات
هونەرمەند پۆلا سەعدی، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات، كە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە، سەبارەت بە هۆكاری ئەوەش كە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئافرەتان خۆیان لە قەرەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستە باڵاكانی بەڕێوەبردنی وڵات نادەن، نموونە بە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هێناوە و گوتی «گەر بۆ نموونە باسی پۆستی سەرۆكی هەرێم بكەین، دەبینین جگە لە كەسایەتی و بایەخە سیاسییەكەی لە كوردستاندا، پێویستی بە چەندین پاڵنەری دیكە هەیە، لەوانە: پاڵێوراوی ئەو پۆستە پێویستە كەسایەتییەكی قیادی و خاوەن پێگەی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی خاوەن مێژوو و رابردوویەكی وڵاتپارێزانەی متمانەپێكراو و خاوەن پێگەیەكی بەهێزی جەماوەری بێت».
ئەو هونەرمەندە بە پێویستی زانی « ئافرەت سەرەتا لە ناو حزبدا بگاتە پۆستی سەرۆكایەتی و ئەزموون و پێگەی كەسایەتی خۆی بسەلمێنێ و دواتر بۆ پۆستی سەرۆكایەتی وڵات خۆی بپاڵێوێت»، ئەوەشی بە باشترین بەردەباز بۆ ئافرەت ناو برد كە بتوانێ سەرۆكایەتی حزبێك بكات و هەموو ئەندامانی حزبەكەی بە هەردوو ڕەگەزەوە بە دەنگی خۆیان پشتگیری بكەن». گوتیشی «نەك سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان، ئافرەتێكمان نییە بتوانێت وەك پارێزگاری پارێزگایەك بتوانێت، رۆژانە لانیكەم پتر لە 15 كاتژمێر خۆی بۆ كارەكەی تەرخان بكات، ئەوەش مانای ناكارامەیی ئافرەت نییە، بەڵكو فاكتەری خۆی هەیە و جگە لە رێگرییە ئایینی نەریتییەكان پێویستە كۆمەڵگەش بە تەواوی قۆناغی چەسپاندنی دیموكراسی و یەكسانی رەگەزی تێپەڕ بكات و ئافرەتیش شانبەشانی پیاوان هەوڵ بدەن خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستەباڵاكانی وڵات ئامادە بكەن».
لە وڵاتە پێشكەوتووەكان دەرفەتی زیاتر بۆ ئافرەت دەڕەخسێت
ڕۆژنامەنووس عیماد جەباری، سەرەتا هێما بۆ دەستووری عێراقی فیدڕاڵ دەكات و دەڵێت «لە ناوچەكەدا، عێراق تاكە وڵاتە كە دەستوورەكەی مافی 25%ـی كورسییەكانی پەرلەمانی بە ئافرەت داوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ئافرەتێك لە پۆستە سیادییەكانی وڵاتدا نەبینراوە، جگە لە وەزیری ئافرەتان نەبێت، لە هەرێمی كوردستانیش تەنیا یەك ئافرەتی وەزیر هەیە»، هۆكاری ئەوەشی لەم دوو خاڵەدا بەرجەستە كرد، یەكەم: كۆت و بەندی كۆمەڵایەتی و ئایینی وایكردووە، بەچاوی كەم سەیری ئافرەت بكرێت و تەنانەت رووبەڕووی ئازار و توندوتیژی و كوشتنی رۆژانە ببنەوە، ئەوەش رێگر بووە لەوەی ئافرەت نەتوانێ بیر لە خۆڕاهێنان و خۆپێگەیاندن بۆ كاروباری دەسەڵاتی سیاسی بكاتەوە. دووەم: ئافرەت خۆی كەمتەرخەمە و پشتگیری یەكتری ناكەن، تەنانەت هەندێك لە ئافرەتانیش بڕوایان بەوەیە كە ئافرەت تەنیا بۆ كاروباری ناوماڵ و پەروەردەی منداڵ گونجاوە و توانای كاری سیاسی و وەرگرتنی پۆستی سیادی نییە، ئەوەش وایكردووە كە تەنانەت خۆیان كۆسپ بۆ ئافرەتانی سەركەوتووی هاوڕەگەزی خۆیان دروست دەكەن، بەڵام لە وڵاتە پێشكەوتووەكان ئافرەت لە كەشوهەوایەكی ئازاد و یەكسان دەژی و دەرفەتی زیاتری بۆ دەڕەخسێت».