كچە ئێزیدییەك:تەنیا بەوە دڵخۆشم سەرۆك بارزانی بەڵێنی داوە ھێزی پێشمەرگە تۆڵەی نامووسمان لەو نامەردانەی داعش بكاتەوە

كچە ئێزیدییەك:تەنیا بەوە دڵخۆشم سەرۆك بارزانی بەڵێنی داوە ھێزی پێشمەرگە تۆڵەی نامووسمان لەو نامەردانەی داعش بكاتەوە
كۆمەڵكوژیی خەڵكی سڤیلی شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعش -ـەوە تەواوكەری زنجیرە كۆمەڵكوژییەكانی ئەنفال و پرۆسەی قڕكردنی نەتەوەی كوردە. چەكدارانی دڕندەی داعش لەو زنجیرە تاوانەدا، جگە لە رەشەكوژیی پیاوان و منداڵانی ئێزیدی، پاكیزەكانی ئێزیدییان كردە ئامانج و وەك سەبایە و دەستكەوتی شەڕ تا هەنوكەش لە بازاڕی شارەكانی بندەستی داعش لە سووریا و عێراق مامەڵەی كڕین و فرۆشتنیان پێ دەكەن، ژمارەیەكی زۆریش لەو ئافرەتانەی كە نەكەوتنە بەردەستی داعشییەكان، بێ خانوو و ماڵ و بێكەس و كار كراون و چارەنووسیان نادیارە و لە ناو كەمپەكانی باشووری كوردستاندا بە فرمێسك ماكیاجی روخساریان دەكەن، یەكێك لەو ئافرەتانە باسی نەھامەتییەكانی خۆی بۆ گوڵان دەكات.

جلێكی سەر تا پێ رەشی لە بەر كردووە، سەرپۆشێكی رەنگ شۆكۆلاتەی بە سەردا داوە، لەو دیوی دیوارە تەلبەندكراوەكاندا، لە ژێر دەوارێكی كەمپی (شاریا) لە كۆمەڵگەی شاریا-ی دھۆك دانیشتووە. تەمەنی لە 20 بەھار تێناپەڕێت، بەڵام بەسەرھات و ئاریشەكانی ژیانی، وایكردووە، گەلێك بەتەمەنتر نیشان بدات. خۆی بە سەبری ئەلیاس دەناسێنێت. كاتێك باسی یەك ساڵی رابردووی ژیانی دەكات، پێش ھەموو شت، چەند وێنەیەكی خێزانەكەی دەھێنێت و لە پڕ ھەنیسكی گریان قوڕگی دەگرێت و بە دەنگێكی لەرزۆكەوە دەڵێت: «ئێمە دانیشتووی گوندی (شێخ خدرێ) بووین، كاتێك داعش هێرشی كرد، خەڵكی گوندەكەمان رووبەڕوویان بوونەوە، بەڵام ئەو داعشانە چەكی گەورە و سەیارەی زلیان پێ بوو، زۆر ترسناك و دڕندە بوون، ئەوەی بەردەستیان بكەوتایە، دەیانكوشت، سەری چەندین پیاویان لە بەر چاوی منداڵەكانیان بڕی، خەڵك ھەمووی ھەڵدەھات و پیاوە وەحشەكانی داعش بە دۆشكە گوللەڕێژیان كردین، لە ھەموو خێزانەكەمان تەنیا من دەرچووم، لە بەر چاوی خۆم دایك و باوك و خوشك و براكانم كوژران، ژمارەیەكی زۆری خەڵك كوژران، تەنیا ئەوانە دەرباز بوون كە بەرەو چیای شنگال رایان كرد. داعشەكان ئەوەی گەنج و پیاو بوو، دەیانكوشتن و ئافرەتەكانیشیان دەڕفاند. ئەوەی لە چیاكەش بهاتایەتە خوارەوە، لە لایەن داعشەكانەوە گوللەباران دەكرا، ئەوەشی لەوێ مایەوە، ژمارەیەكیان لە برسێتی و تینوویەتی و گەرمای ھاوین گیانیان لە دەستدا. چونكە بۆ ماوەی چەندین رۆژ لە چیا بێ نان و ئاو ماینەوە، دواتر فڕۆكەكان فریامان كەوتن و ھەندێك خوارن و خواردنەوەیان بۆ ھێناین، كە لە ئاسمانەوە فڕێیان دەدا خوارەوە، بەڵام ئەوەش بەشی ھەموو خەڵكەكەی نەدەكرد، زۆر منداڵی ساوا و ژن و پیاوی بەتەمەن بەرگەی ئەو عەزابەیان نەگرت و گیانیان لە دەست دا».
سەبری بە ئارامیی فرمێسكەكانی لە سەر روومەتی سڕییەوە و بەمجۆرە درێژەی بە قسەكانی دا: «ھیچ ئایین و ویژدانێك ڕێگە بە دەستدرێژیكردن بۆ سەر نامووسی خەڵك نادات. بەڵام داعش كچی خەڵك دەڕفێنێت و كڕین و فرۆشتنیان پێ دەكات. ئەو ئافرەتانەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە، باسی ئەوەیان بۆ كردووین كە ژمارەیەكی زۆری كچەكانمان خۆیان كوشتووە، چونكە كچی ئێزیدی لە كەسی قبووڵ ناكات تەعەدای لێبكات، تەنانەت ئەگەر گیانیشی لە سەر دابنێت».
سەبری لە كۆتایی قسەكانیدا بە دڵێكی خەمبار و تۆڵەخوازەوە باسی ئەوە دەكات كە لە تەلەفزیۆن چاوی بە مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان كەوتووە كە پێش نیوەڕۆی رۆژی 3ی ئاب لە دهۆک بەشداری لە ساڵیادی کارەساتی شنگال کرد. ھەر لەو بارەیەوە وتی: «كاك مسعود بارزانی لە دھۆك بەڵێنی بە ھەموو شنگال و ئێزیدییەكان دا، تۆڵەمان لەو نامەردانەی داعش بكاتەوە، منیش ئێستا تەنیا بەو بەڵێنەی سەرۆك بارزانی دڵخۆشم كە ھێزی پێشمەرگە تۆڵەی نامووسمان لەو نامەردانەی داعش بكاتەوە. ھەروەها داوا لە بەڕێزیان دەكەم ھەموو هێزی خۆی بخاتە كار بۆ رزگاركردنی ئافرەتانی ئێزیدی لە دەستی داعشەكان و ھیوادارم لەو عەرەبانەی ناوچەكەش خۆش نەبن كە دەستیان خستە ناو دەستی داعش و بوونە ھۆكاری كوشتنی كەسوكارمان و سووكایەتی بە ئافرەتانی ئێزیدی.»
لە لای خۆیەوە خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: «بەپێی ئەو ئامارانەی كە هەتا ئێستا تۆمار كراون، 5 هەزار و 838 ژن، منداڵ و پیاو كەوتوونەتە دەست چەكدارانی داعش، هەتا ئێستاش توانراوە دوو هەزار و 14 كەس لە دەستی داعش ڕزگار بكرێن كە 767 ئافرەت، 300 پیاو، 462 كچ و 485 كوڕ.
بۆزانی ئەوەشی خستەڕوو كە «دوای شەڕی داعش زیاتر لە 400 هەزار ئێزیدی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و لە 18 كەمپی هەرێم ژیان بەسەر دەبەن.
تیرۆریستانی داعش رۆژی سێی ئابی 2014 ھێرشیان كردە سەر شارۆچکەی شنگال لە باشووری کوردستان و زیاتر لە چوار هەزار کوردی ئێزیدی کەوتنە دەستی ئەو گرووپە تیرۆریستە و هەزاران خێزانی دیکەی ئێزیدیش ئاوارەی چیای شنگال و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان بوون.
Top