هەژاری هەڕەشە لەخێزانێك دەكات
July 30, 2015
کۆمەڵایەتی
كراسێكی شینی تۆخی لەبەر كردووە و بە سەرپۆشێكی رەش پرچی داپۆشیوە. تەمەنی هێشتا سێ دەیەی پڕ نەكردۆتەوە، بەڵام روخساری لە ئافرەتێكی سەرووی 40 ساڵان دەچێ. سێ كوڕی مێرمنداڵ و كچێكی ساوای لێ خڕ بوونەتەوە. ئەوە دیمەنی ناوماڵ و ژوورێكی خانووەكەی سروە بوو. ئەو خانووەی خۆی و منداڵەكانی بە كرێ تێیدا دەژین و هیچ ساردكەرەوە و گەرمكەرەوەیەكیشی تیا نییە.
سروە لە دەستپێكی قسەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە باوكی منداڵەكانی نەیتوانیوە بەخێویان بكات و خێزانەكەی بەجێ هێشتووە. كاتێك باسی برسێتی منداڵەكانی دەكات، قورگی دەلەرزێت، فرمێسك نێو گلێنەكانی چاوی دادەپۆشێ، هاوكات بە دەنگێكی لەرزۆكەوە دەڵێت: «بە خوا ئەوەی دراوسێكان نەیهێنن، چی زیاترمان نییە بیخۆین. جگە لە مانگی رەمەزان، زۆر جار لە مانگەكانی دیكەش بۆ ئەوەی منداڵەكانم رازی بكەم، وتوومە رەمەزانە و هەموومان بەڕۆژوو دەبین.»
سروە پەنجە بۆ كوڕە مێرمنداڵەكەی درێژ دەكات و هۆكاری دابڕانی كوڕەكەی لە خوێندن بەمجۆرە دەخاتەڕوو:
«ئەوەتا داعش هاتووەتە سنووری كوردستان، كەسابەت كەم بووە. باوكی منداڵەكان لە كۆمپانیا كاری دەكرد، دواتر كۆمپانیاكە داخرا. چەند مانگ كاری دەست نەكەوت، لە ترسی خاوەن ماڵ و خەرجی منداڵان خۆی بێسەروشوێن كردووە. بۆ یەك هۆدە و مەتبەخێك دەبێت 300 هەزار دینار كرێی خانوو بدەین. چەند مانگ كرێی خانوومان پێنەدرا، بۆیە ناچار بووم كوڕەكەم لە مەكتەب دەربێنم، ئەوە ماوەیەكە لە سەر شەقام و ترافیك لایتەكان بنێشت دەفرۆشێت، رۆژانە پێنج تا دە هەزارێك (دینار) پەیدا دەكات، ئەویش بەشی هیچ ناكات، چونكە ئەوەندەی دیكەشی دەوێ تاوەكو بیدەین بە خاوەن خانوو.»
سروە چاوەكانی لە بەر گریان هەڵاوساون. نازانێ پەنا بۆ كێ بەرێت، وەك خۆی باسیكرد، خەڵكی خێرخواز جار بە جارێك جلو و بەرگ و خورادەمەنییان بۆ دەهێنن، بەڵام ئەوە هەمیشەیی نییە و زۆر جار منداڵەكانی بێ خواردنی شەوان دەخەون.
سەحەر –ی چاوگەش بچووكترین منداڵی سروە-یە و هێشتا مانگێكی ماوە بۆ ئەوەی تەمەنی ساڵێك پڕ بكاتەوە. سروە نایشارێتەوە كە باوكی منداڵەكانی لەو ماوەیەدا دوو جار سەردانی كچە تاقانەكەی كردووە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە پیاوەكەم تەنیا دوو جار هاتۆتە ماڵەوە، ئەویش تەنیا خەمی سەحەر-یەتی، ئەو كچەی زۆر خۆش دەوێت، دوو جار شیری بۆ هێناوە، بەڵام كرێی خانووی یەك مانگیشی پێنەدراوە.»
ئەو ئافرەتە بە چاوێكی پڕفرمێسك و هەناوێكی خەمبارەوە داوا لە دەزگای خێرخوازی بارزانی و خەڵكی خێرومەند دەكات بۆ ئەوەی ئاوڕێكی لێ بدەنەوە و باوكی منداڵەكانی بەو خێزانە شاد ببێتەوە. هاوكات لەگەڵ قسەكانیدا پەیتا پەیتا فرمێسكەكانی دەسڕێتەوە و ئەوەش دەخاتەڕوو كە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی سەردانیان كردووە و بەڵێنیان داوە هاوكاری بۆ كۆ بكەنەوە. بەڵام تا ئەو كاتە هیچ یارمەتییەك نەدراون.
ئەو ئافرەتە بێدەرەتانە وەك دواقسەی لە ناو هەنیسكی گریاندا وتی: «بە خوا چەند جار هەوڵم داوە خۆم بسووتێنم، هەر لە بەر منداڵەكان پەشیمان دەبوومەوە، ئاخر جار نەوتم بە خۆم و هەر چوار منداڵەكەمدا كرد، ویستم هەموومان پێكەوە بمرین، ئەو ئافرەتەی دراوسێمان بە سەردا هات و رێگری لێ كردین، وتی خۆت تووشی گوناه و تاوان مەكە، خوا گەورەیە دەرگایەكتان لێدەكاتەوە.»
ئەوە بارودۆخی ژیانی خێزانێكی هەژاری كوردە كە لە پەایەتەختی كوردستاندا چاوی لە حكومەت و خەڵك و دەزگا خێرخوازییەكانە بۆ ئەوەی بە هانایەوە بچن و لەو ژیانە مەرگەساتە رزگاریان بكەن. لەوانەیە دەیان خانەوادەی دیكە لەو كۆلەمەرگییەدا بژین، بۆیە لێرەدا بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێین: ئاخۆ ئەو خێزانانە فەریادڕەسێكیان دەبێت؟