ئەركی ئافرەتان لە مانگی رەمەزاندا قورستر دەبێت
July 7, 2015
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان دوو هێندە و سێ هێندەی جاران ماندوو دەبم، ئامادەكردنی بەربانگ و پارشێوی 12 سەر خێزان ئەوەندە ئاسان نییە، بەتایبەتی ئەمساڵ كچە گەورەكەم ناتوانێ یارمەتیم بدات، چونكە پۆلی شەشی زانستییە و خەریكی تاقیكردنەوەیە».
ئەوە قسەی كەوسەر عەلی تەمەن 45 بوو. ئەو ئافرەتی ماڵەوەیە و بەمجۆرە باسی ئاریشەكانی خۆی لە مانگی رەمەزاندا دەكات: «هاوسەرەكەی نەخۆشی شەكرەی هەیە، شەوانە دوو جۆر هەویر دەشێلم، یەك گەنم بۆخۆمان و یەكیش جۆ بۆ هاوسەرەكەم. بۆ منداڵەكان برنج و بۆ ئەویش ساوار لێدەنێم، خەسووشم نەخۆشی زەختی هەیە، بۆیە هەموو خواردنەكان بە دوو مەنجەڵ لێدەنێم، یەكی بێ خوێ و ئەوی تر ئاسایی بۆ خۆمان، سەرەڕای ئەو هەموو ماندووبوونەم كە دێنە سەرسفرە هەریەكەو عەیبێك لە خواردنەكە دەگرێ. هێشتا نان نەخوراوە، دەبێ چای هاوسەرەكەم ئامادە بێت، شەوێك هەندێ درەنگ چام بۆ مێردەكەم هێنا، لە رقان بەبێ چاخواردنەوە چوو بۆ تەراویح، تا دوو رۆژیش قسەی لەگەڵ نەكردم، وەك ئەوە هەڵسوكەوت دەكات كە بۆ من بەڕۆژوو بێت».
سنۆبەر سابیر رەشید چالاكی بواری مافی ئافرەتانە و سەرەتا هاتنی مانگی رەمەزان لە هەموو موسڵمانانی جیهان بەگشتی و موسڵمانانی كوردستان بەتایبەتی پیرۆز دەكات و هیوادارە «ئەم مانگە سەرەتایەك بێت بۆ ئاشتەوایی و قبووڵكردنی یەكتری و پێكەوەژیان و گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەكەمان»، وتیشی: «گومانی تێدا نییە ئافرەتان هەمیشە رۆڵیان دیار و بەرچاوە لە زۆربەی لایەنەكانی ژیان و فاكتەرەكانی پتەوكردنی خێزان، ئافرەتان هەمیشە رۆڵێكی ئەكتیڤ و پۆزەتیڤیان لە كۆكردنەوەی خێزان و چارەكردنی كێشەوگرفتەكان و پەروەردەكردنی منداڵان و بەرنگاربوونەوەی ئاستەنگەكانی ژیانی رۆژانە هەبووە، بەتایبەتی ئەو ئافرەتە بەڕێزانەی كە كاران لە كومەڵگە و خاوەنكارن، واتە بەشێوەیەكی گشتی ئافرەتان هەمیشە ئەركەكانیان زیاتر بووە لە پیاوان، هەڵبەتە لە مانگی پیرۆزی رەمەزانیش ئەركیان گەلێك زیاتر دەبێ، چونكە جگە لەوەی وەك موسڵمانێك ئەركەكانی خواپەرستی و عیبادەتەكانیان بەجێ دەهێنن، لە هەمان كاتدا ئەركی روژانەی ماڵەوشیان گرانتر و زیاتر دەبێت، چەندین جۆر خۆراك ئامادە دەكەن. لێرەشدا ئەركی برا و هاوسەر و باوكان بە دیار دەكەوێ، كە دەكرێ بە روویەكی خۆش و بە رەفتاری جوان مامەڵە لەگەڵ خوشك و هاوسەر و دایكیان بكەن، بە شێوەیەك لانیكەم دەستخۆشییان لێ بكەن و گوفتاری خۆش بە كاربهێنن بۆ سوپاسكردنیان و ناوبەناو هاوكارییان بكەن لە ئامادەكردنی خۆراك و رازاندنەوەی خوان، چونكە ئەو هاوكارییانە دەبێتە هۆی حەسانەوە و دەرچوونی ماندووبون و ئارامبوونەوەی دەروونیان، ئەمانەش لە كۆتاییدا دەبنە مایەی خۆشگوزەرانی خێزان.»
توێژەری كۆمەڵایەتی محەمەد گۆمەشینی، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «بە پێوەری مرۆڤسالاری ئافرەت و پیاو هاوبەشن لە ئەرك و ماف و بەڕێوەبردنی خێزاندا، بەڵام پیاوسالاری و بێ مافكردنی ژن بە بیانووی ئایینی، سنووری هەموو كەلتوورێكی تێپەڕاندووە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی و عورفی هەمیشە جۆرێك لە كۆت بەند لەسەر ئافرەت بووە، زۆرجاریش ئەو عورفە بۆتە مۆدێلی ژیان و تەجاووزی ئایین و یاساشی كردووە، هۆكارەكەشی رەنگە بریتی بووبێت لە بیركردنەوەیەكی لۆكاڵی و ناوچەیی»، وتیشی: «نموونەی جوان و بەرچاویشمان زۆرە لە بەشداریی ژنان لە بەڕێوەبردنی ماڵ و خێزان كە رۆڵی گەورەیان بووە و كۆڵەگەی ژیانی هاوبەش بوون. ژن بە مانا كۆمەڵایەتییەكەی بریتییە لە چەترێك بۆ مەنزڵی حەوانەوەی و كارگێڕی خێزان و سەنگ راگرتنی، بەڵام هەندێك نەریت و كەلتووری كۆن هەن كە هەمیشە مافەكانی ئافرەتی پێشێل كردووە. تەنانەت ئەوەی كە شتێك لای دین و یاسا ئاساییە، لە رووی عورفەوە بە عەیبە كراوە، كە نموونەی بەرچاویان هاوكاریكردنی پیاوە لە كاری ناوماڵدا، بەڵام لە راستیدا خێزانی بەختەوەر ئەوەیە كە هەموو هاوكار بن و پێكەوە بن و بە دەستەجەمعی كار بكەن و كارەكانی ناوماڵ دابەش بكەن، بەتایبەت كە باسەكە رەمەزانە و بریتییە لە زیاتر ئەنجامدانی كاری چاكە و خێر و هاوكاری، بە رای منیش نزیكترین كەس كە شایستەی هاوكاری بێت، خێزان و ژنی ماڵە و ئەوەش دەبێتە بونیادی خۆشەویستی و بەختەوەری، ئەوەی زانراوە لە رووی ئایینەوەش پێغەمبەر (د.خ) زۆرجار كاری ماڵەوەی كردووە، ئەوەش مانای راستەقینەی ژیان و ئایینە. بۆیە پێویستە لەو رووەوە مامۆستایانی ئایینی لەو مانگە زیاتر جەخت لەسەر سوننەتە جوانەكان بكەنەوە و پیاو لای ژن جوان بكەن، ژنیش لای پیاو جوانتر بكەن، بەوەی هانیان بدەن كە بنەمای خێزانی بەختەوەر و ئاسوودە بریتییە لە رێز و خۆشەویستی و هاوكاری، بۆیە ناكرێت وا هەژمار بكرێت كە كار و ئیشی ناوماڵ تەنها لە ئەستۆی ئافرەتە.»
تارا نەزیر فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتی كارەبای زاخۆ. ئەو یەكێكە لەو هەزاران ئافرەتەی كە رایانوایە پیاوان لە مانگی رەمەزاندا رەچاوی ماندووبوونی خانمان ناكەن. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە مانگی رەمەزان هەموو ئافرەتان زیاتر هیلاك دەبن، بەتایبەتی ئافرەتی كارمەند، كە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، سەرەڕای ئەوەی هیلاك و بەڕۆژووە، یەكسەر جلی كاركردن و مەتبەخ لەبەر دەكات، چونكە ئەو كاتەی هەیەتی بەشی ئیسراحەت و پاڵدانەوە ناكات، بەڵكو مەتبەخەكە بە توندی بانگی دەكات بۆ ئەوەی بە ئەركەكەی هەڵبسێت و خوانێك لە حەز و ئارەزووی تاكەكانی خێزان ئامادە بكات، ئیدی بۆی نییە باسی ماندووبوون و شەكەتی بكات، یان داوای كەمێك ئیسراحەت و حەوانەوە بكات، دوای بەربانگكردنیش شەهیەی هەمووان پێچەوانەی شەهیەی كابان دەكرێتەوە، چونكە دڵەڕاوكێی سوێری و كەمخوێی خواردنەكان شەهیەی كابان دەبەستێ، ئافرەت هێشتا نانەكەی بە تەواوی نەخواردووە، سینییەك چا پێشكەش دەكات، ئەمجارە نۆرەی خاوێنكردنەوەی مەتبەخ و قاپ شووشتن دێت، دوای ئەوە شیرینی و میوە دێنێتە بەردەست ئەندامانی خێزان، سەرەڕای ئەوەی لە شەوانی رەمەزان سەردانە كۆمەڵایەتییەكان لە نێو خێزانەكان زیاتر دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هاوسەرەكەی و تێكڕای ئەندامەكانی خێزان هەست بەوە ناكەن كە ژنەكەش وەكو ئەوان بەڕۆژووە، هێشتا لە كارەكانی بەربانگكردنیش نەبۆتەوە، سفرە رازاندنەوەی پارشێو دەست پێدەكات. كەچی هاوسەرەكەی یان دەخەوێت، یان كاتەكانی بە قوڕئان خوێندن، یان سەیركردنی تەلەفزیۆن بەسەر دەبات، منداڵەكانیش هەر یەكەو سەرقاڵی مومارەسەكردنی ئارەزووەكانیان دەبن».
پارێزەر دەروون حەمەدەمین، سەرتا باسی ئەوە دەكات كە زۆرینەی دانیشتووانی باشووری كوردستان موسڵمانن و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئایینی ئیسلام بەتایبەتی هانی پیاوانی داوە لە ئەركی ناوماڵ و خێزان هاوكاری ئافرەتان بكەن. نموونەش بەوە دەهێنێتەوە كە زۆر سەرچاوە باسی ئەوەیان كردووە كە پێغەمبەری موسڵمانان هاوكاری هاوسەرەی خۆی كردووە. وتیشی: «ئەگەر پیاوان هاوكاری ئافرەتی ماڵەوە ناكەن، ئەوە بە هۆی نەریتێكی كۆنە كە وای لە پیاو كردووە، ئافرەت تەنیا وەك كابان و چێشتلێنەر و بەخێوكەری منداڵ ببینن، بەڵام بە پێی دین و یاسا و نەریتە شیاوە ئینسانییەكان پێویستە كاری ناوماڵ لە نێوان ئافرەت و پیاو دابەش بكرێت، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزان كە ئافرەتان بەڕۆژوو دەبن و كارەكانی ناوماڵیشیان چەند بەرامبەر دەبێت.