ئافرەتان زیاتر لە پیاوان بە رێنماییەكانی هاتوچۆ پابەندن

ئافرەتان زیاتر لە پیاوان بە رێنماییەكانی هاتوچۆ پابەندن
گەرچی پابەندبوون بە رێنماییەكانی هاتوچۆ رێژەی رووداوەكان كەمتر دەكات و پتر گیانی شوفێر و سەرنشینەكانی ئۆتۆمبێل دەپارێزێت، بەڵام
پۆلیسەكانی هاتوچۆ لە كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە كە شوفێریکردنی خانمان باشترە لە پیاوان و زیاتر رەچاوی رێنماییەكانی هاتوچۆ دەكەن. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی(گوڵان)یش رای هاوشێوەیان هەیە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

«لە راستیدا بەهۆی ئەوەی ژنان لە منداڵییەوە پەروەردەكردنیان بە جۆرێكە زۆرتر وشیاری و ئاگاداركردنەوە و حەزەر و وریاییان پێدەدرێت، هەر بۆیە لە كارەكانی رۆژانەشیاندا رەنگی داوەتەوە، لەگەڵ ئەوەش ئافرەتان بەهۆی ئەوەی زۆربەی كاتەكان كاری ورد ئەنجام دەدەن كە وردبینی زۆری تێدایە، وەكو چێشتلێنان كە بەقیاس بێت و لە هەموو لایەكەوە هاوسەنگ بێت، ئەمەش مروونەت و وردبینی و ئارامیی ئافرەتانی زیاتر كردووە».
ئەوە قسەی رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی كوردستان سابیر بوو. ئەو رایوایە «یەكێك لەو هۆكارانەی كە وایكردووە خانمان زیاتر لە پیاوان بە رێنماییەكانی هاتوچۆ پابەند بن، ئەوەیە كاتێك ئافرەتان تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن، خەڵك دەڵێن: زەعیفەیەك تووشی رووداو بووە، یان دەڵێن: ژن و شوفێرییان نەوتووە، ئەمانە وای لە ئافرەت كردووە، بۆ ئەوەی لۆمەی دەوروبەری نەیەتەسەر، وشیارانە مامەڵە لەگەڵ شوفێریدا بكات.»
گوڵاڵە پشدەری، چالاكی بواری مافی مرۆڤ و یەكێك لە یەكسانیخوازانی رەگەزییە كە بۆ ماوەی پتر لە دوو دەیەیە لە وڵاتی هۆڵەندا نیشتەجێیە و باسی ئەوە دەكات كە لە وڵاتانی ئەورووپیش شوفێریکردنی خانمان باشترە لە پیاوان، وتیشی: «ئەوە تەنیا بۆچوونی من نییە، بەڵکو لە توێژینەوەیەکی زانستیدا كە لە مانگی رابردوو لە بریتانیا ئەنجام دراوە، ئەوەیان سەلماندووە کە شوفێریکردنی ئافرەتان باشترە لە پیاوان. ئەم توێژینەوەیە لە میدیاکانی ئەو وڵاتەدا و لە وڵاتانی ئەوروپا و لەوانە لە میدیای هۆڵەندیدا لە رێکەوتی ١٥-٥-٢٠١٥ بڵاو کرایەوە. لە لێکۆڵینەوەکەدا کە ١٤٠٠ شوفێر بەشدار بوون، دەرکەوتووە، کە زۆربەی ئافرەتان بە بەراوورد لەگەڵ پیاواندا باشتر شوفێری دەکەن. هەڵسەنگاندنەکە لەسەر بنەمای چاودێریکردنی ژمارەیەك لە شوفێران ئەنجامدرابوو، لە کاتی لێخوڕین و راگرتنی نێوان دوو ئۆتۆمۆبێل، واتە چەند لە ئەوەی پێش خۆی دوور، یان نزیکە، هەروەها رەچاوکردنی خێرایی و پێچکردنەوە لە شوێنی پێچاوپێچدا. ئەنجامی چاودێریکردنەكەش وابوو: سکۆری ئافرەتان بە شێوەیەکی مامناوەندی ٢٣،٦ خاڵ لە ٣٠ خاڵدا بووە.
گوڵاڵە چەند خاڵ دەستنیشان دەكات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ئافرەتان زیاتر لە پیاوان بە رێنماییەكانی هاتوچۆ پابەندن، لەوانە:
١- ئافرەتان بە گەیشتنە پێش چرای نارنجی ڕادەوەستن و چاوەڕێ دەکەن، بەڵام پیاوان بە شێوەیەکی گشتی بە خێراییەکی مەترسیدار تێدەپەڕن.
٢-ئافرەتان زۆربەیان و زۆربەی کات پێش دەرچوونیان سەیری ئاوێنە دەکەن، بەڵام پیاوان کەمتریان ئەو كارە دەكەن.
٣-ئافرەتان نێوان یاخود بەینی ئۆتۆمۆبێلی خۆیان لە ئەوەی پێشتریان زیاتر ڕادەگرن تاکو پیاوان کە لووتی ئۆتۆمۆبێلەکەیان بە پشتەوەی ئۆتۆمۆبێلی پێشەوەیان وەدەنێن. لەم حاڵەتانەدا زیاتر پێکدادان دروست دەبێت.
٤-بە شێویەکی گشتی ئافرەتان کەمتر ریسک، یاخود موجازەفە دەکەن.
٥-دەڵێن مێشکی ئافرەتان ئەو بەشەی کە زانیاری ڕادەگرێت بەهێزترە و ئینجا باشتر دەتوانێت تیژتر بیر بکاتەوە، هەر بۆیە کە ئافرەتان لە یاسادا زیاتر و زووتر لە پیاوان بە شێوەیەکی گشتی تاوانبار دەناسرێن، چونکە ئافرەت دەتوانێت کوشتنێک بە پلانڕێژی بکات، بەڵام پیاوان هەر کاتەی کە هەڵدەچن، لەوانەیە بکوژی بکەن. وتیشی: «ساڵەهای ساڵە لە ئەوروپا شوفێری دەکەم، بەڵام تاکو ئێستا لە کوردستان شوفێریم نەكردووە، چونكە بارودۆخی شوفێریکردن لە کوردستان جیاوازە لەو وڵاتەی کە من لێی ڕاهاتووم. من شوفێریکردن لە کوردستان بە شێوەیەکی گشتی تا ڕادەیەک بە چوونە بەرەکانی شەڕ بەراورد دەکەم. چونکە زۆرێک لە یاساکانی هاتووچۆ لە كوردستان، نە لەلایەن شوفێرانەوە، نە لەلایەن چاودێریکار وەکو پۆلیسی هاتووچۆ رەچاو ناکرێت. هەمووشیان مەترسیدارن، بەڵام ئەوەی کە پۆلیسی هاتووچۆ خۆی دەیکات، لە هەموویان مەترسیدارترە، کە چاودێری گونجاو و پێویست ناکرێت و سزای سەرپێچییەکان بە شێوەیەکی لەبار و بەجێی خۆی نادات. ئافرەتم بینیوە منداڵەكەی لە باوەش بووە و شوفێری كردووە، هەرچەندە ئەركی ئەو ئافرەتە قورسیش بێت، واپێویست دەكات وریاتر بێت. پیاوانی زۆرم بینیون کە بێ کەمەربەندی دڵنیایی شوفێری دەكەن، یان شەقامەکان بەسەر ئۆتۆمۆبیلدا دەشکێننەوە. هۆکاری زۆرێک لە ڕووداوەکانی هاتووچۆش مۆبایلەکانیانە کە بەردەوام لە دەستیاندایە و زەینیان لە جیاتی لە هەرچوار دەوریان بێت، تەنانەت بە باشی لە پێش خۆشیان نییە، ئەم خاڵە لە ئافرەتاندا کەمتر بەدی دەکەم.»
رێزان سابیر فەرمانبەرە و ئۆتۆمبێلی خۆی هەیە. ئەویش باسی ئەوە دەكات كە ئافرەت هەمیشە بە وریاییەوە رەفتار دەكات، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە كچان هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەمیشە ئامۆژگاری دەكرێن، بۆیە وریاتر لە رەگەزی بەرامبەر هەڵسوكەوت دەكەن، وتیشی: «ئافرەتان زۆرجار لە ترسی ئەوەی رووبەڕووی توانجی باوك و برا و هاوسەر نەبنەوە، خۆیان لە سەرپێچی شوفێری دەپارێزن، جارێك لە سەر شەقامی 100 مەتری نزیك بازاڕی لەنگە ئافرەتێك بە ئۆتۆمبێلەكەی لە ئۆتۆمبێلێكی پێش خۆی دا، ئەو ئافرەتە لە ترسان قەدەمی شكابوو، دەیگوت: خێرتان دەگات، رێگەم بدەن بڕۆم با هاوسەرەكەم نەزانێ و تووشی كێشەم مەكەن. ئەوانە هەموو وادەكەن ئافرەت دوو هێندەی پیاو لە راپەڕاندنی كارەكان وریا بێت، بەداخەوە لە كوردستان یاساش لایەنگری پیاوە، بۆ نموونە جارێكیان لە ترافیك لایت وەستا بووم، ئۆتۆمبێلێك بە توندی خۆی بە ئۆتۆمبێلەكەمدا كێشا، لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو، مروورەكە هات داوای مۆڵەتی شوفێری لە من كرد، بێئەوەی لە گوڵ كاڵتر بە شوفێرە پیاوەكە بڵێ».
رائیدی هاتوچۆ فازل حاجی حوسێن بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر، ئاشكرایدەكات كە ئافرەتان 20 هەزار و 170 مۆڵەتی شوفێری و پیاوان 406 هەزار و 938 مۆڵەتی لێخوڕینیان هەیە. وتیشی: «هیچ ئامارێكمان لەبەر دەستدا نییە كە خەتا و سەرپێچی خودی شوفێر نیشان بدات، كە لە كام رەگەز بووە، چونكە ئێمە هەڵسوكەوت لەسەر ژمارەی ئۆتۆمبێل دەكەین، نەك خودی شوفێر، بۆیە بەپێی یاسای هاتوچۆ هەر شوفێرێك سەرپێچی، یان خەتا بكات، ئێمە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكە دەگرین و لێپێچینەوە لەگەڵ شوفێرەكە دەكەین، بەڵام ئافرەتان لە كاتی شوفێریكردن لە ناو شار سەلامەتتر و لەسەرخۆترن و زیاتر پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆ دەبن، بەڵام لە مەودای دوور و لە دەرەوەی شار پیاوان باشتر شوفێری دەكەن و زیاتر موسەیتەڕن، بەپێی ئەزموونی خۆمان شوفێری ئافرەت لە ناو شار كێشەی نییە و سەرپێچیكردنیان زۆر دەگمەنە، بەڵام لە رێگەی دەرەوە بە تایبەت ئەو رێگایانەی كە تاك سایدن، ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی بە رووداوەكانی هاتوچۆ هەیە، ئەوەش مانای ئەوە نییە كە ئافرەتان ئەدای شوفێریان كەمترە، سەرەڕای هەموو ئەوانە ئافرەتان عەیبێكی گەورەیان هەیە و بەبێ مۆڵەت ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن، لەوەش خراپتر لە كاتی شوفێریكردن منداڵەكەی لە پێشەوەی ئۆتۆمبێل دادەنێت، ئەوانەش زۆر مەترسیدارن».
Top