ئافرەتان كەمتر روو لە كەرتی تایبەت دەكەن لە كەرتی تایبەتدا ژمارەیان كەم و توانایان زۆرە
June 17, 2015
کۆمەڵایەتی
بێگومان داهات و ئابووریی تاك لە پێداویستییەكانی بەردەوامبوونی مرۆڤە، ئەگەر لە رابردوودا دابینكردنی باری دارایی و داهاتی خێزان زیاتر لە ئەستۆی رەگەزی نێرینەدا بووە، لە ئێستادا تەنانەت لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكانیشدا ئافرەتان بە رێژەی جیاواز خاوەن داهاتن و باری ئابووریی خێزان گەشە پێدەدەن.ماركس دەڵێت: «ئەوەی ئابووریی سەربەخۆی نەبێت، بیركردنەوەی سەربەخۆشی نابێت»، واتە كەسی خاوەن داهات دەتوانێت زیاتر خاوەن ئیرادەی خۆی بێت. بۆیە ئافرەتانیش هەوڵیان داوە لەو هاوكێشەیە بێبەش نەبن و لە هەرێمی كوردستانیش سەرەڕای بەربەست و كەموكورتییەكان بەرزبوونەوەیەكی بەرچاو لە رێژەی بەشداری ئافرەتان لە دابینكردنی بژێوی خێزان بەدی دەكرێت، تەنانەت ژمارەیەكیش لە ئافرەتان لە كەرتی تایبەتدا دەبیندرێن.
لانە عەبدولوەهاب بەڕێوبەری كۆمپانیای (Q80) بۆ بازرگانی گشتی سنووردارـە، ئەو خانمە كوردە هێشتا لە هەڕەتی تەمەنی لاویدایە و یەكێكە لە ئافرەتە سەركەوتووەكانی بواری كەرتی تایبەت و لە ماوەیەكی كەمدا توانیویەتی تواناكانی خۆی دەربخات و ئێستاش بەڕێوبەری كۆمپانیایەكە. لانە هێما بۆ ئەوە دەكات كە زۆر لە دەوڵەتەكان بۆ كەڵك وەرگرتن لەتواناو لێهاتوویی بەرفراوانی ئافرەتان، چەندین هەنگاوی گرنگیان ناوە و بە تایبەتی لە وڵاتانی پێشكەوتوودا بە جددی هەوڵی سڕینەوەی تەنگ و چەڵەمەكانی سەر رێگەی بەشداریی ئافرەتیان لە بوری ئابووری داوە. گوتیشی: «ئەو وڵاتانەی كە ئافرەتی سەرمایەداریان زۆرە، توانیویانە لە گشت بوارەكاندا وەبەرهێنانی زیاتر بكەن. واتە ئەگەر ژنان وەك پێویست گرنگی بە خۆیان بدەن و تواناكانیان برەو پێبدەن، دەتوانن كۆمەڵگەیەكی بە بەرهەمیش پێكبهێنن و رۆڵێكی كاراش لە گشت كایەكاندا بگێڕن، بەتایبەتی لە بواری ئابووری. ئەمەش وایكردووە لە كۆمەڵگەكانی ئەمریكای لاتینیدا زۆرترین رێژەی ژنان بێننە گۆڕەپانی كارەوە. هەروەها لە وڵاتانی فەنزویلا، بەڕازیل، ئەرجەنتین، ئیكوادۆر و كوبا كچان زیاتر لە كوڕان لە زانكۆكان دەخوێنن، سالانەش لە ئەزموونەكانی خوێندندا كچان بەشێوەیەكی گشتی سەركەوتووترن و ئیش و كارێكی باشتریش بەدەستەوە دەگرن».
لانە بە پێویستی دەزانێت حكومەتی هەرێم هەلی زیاتر بۆ ئافرەتان بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی لە بواری ئابووریدا گەشە بكەن، گوتیشی: «بەرپرسانی حكومەتی هەرێم پێویستە پێداچوونەوەیەك بە بەرنامەی خۆیاندا بكەن و هانی ئافرەتانی هەرێمی كوردستان بدەن بۆ ئەوەی ئەوانیش بێبەش نەبن لە دروستكردنی ئابووری كوردستان، چونكە نزیكەی (20 تا 30) ئافرەت خاوەن كۆمپانیای خۆیانن و كاری بازرگانی دەكەن، ئەو رێژەیەش بەراورد بكەین بەجیهانی دەرەوە زۆر كەمە و جیاوازییەكی زۆری هەیە، كەچی ئەو ئافرەتانەی كاری حكوومی دەكەن، رێژەیان گەلێك زۆرە، بەڵام بۆ ئەوەی ئاستی وەبەرهێنانی تواناكانی ئافرەتیش بەرزبكرێتەوە، پێویستە زیاتر گرنگی بە توانای ئەو ئافرەتانە بدرێت كە لە كەرتی تایبەت كار دەكەن».
لانە زیاتر بابەتەكە شیدەكاتەوە و دەڵێت: «بێگومان هەموومان دەزانین و بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە كە هەرێمی كوردستان لە سایەی دیموكراتیزەبوون و بەمەدەنی بوونی دام و دەزگاكانی ئەمڕۆ ژمارەیەكی بەرچاو لە ئافرەتان لە پۆستە باڵاكاندان، بەڵام ئەو ئافرەتانە نەیانتوانیوە هێندەی ئافرەتانی سەرمایەدار رۆڵێكی كارا لە فریاكەوتنی ئاوارەكانی جەنگی دژ بە تیرۆردا بگێڕن».
لە لای خۆیەوە سەرۆكی كۆمەڵەی كارسازی خانمان (تریسكە ئەسعەدی) ئەوەی بۆ گوڵان روونكردەوە كە ئەوان وەك كۆمەڵەكەیان چەندین هەنگاوی جددییان بۆ بەهێزكردنی توانا ئابوورییەكانی ئافرەتان هەڵگرتووە و چەندین خولیان بۆ ئەو خانمانە كردۆتەوە كە دەیانەوێت لە بوارەكانی كەرتە ئابوورییە سەربەخۆكاندا كار بكەن، گوتیشی «ئێمە بێجگە لەوەی كارمان بۆ بەهێزكردنی تواناكانی هەر دوو رەگەز كردووە بە هاوكاری لایەنی پەیوەندیدار كارمان لەسەر دروستكردنی هاوبەندییەك لەنێوان سیستەمی كەرتی تایبەت و دروستكردنی كەسی بەرهەمهێن كردووە، هاوكات ئێمە لەسەر دوو خاڵ كار دەكەین، یەكەمیان بەهێزكردنی توانا خودییەكانی تاكە كە بتوانێت ئەو كەسە سوود لەو توانایەی وەربگرێت كە هەیەتی، دووەمیان بریتیە لە دروستكردنی سیستەمێك كە كەسی بەرهەمهێن بتوانێت كارەكەی برەو پێ بدات و جۆرە كۆنتاكێكی لەگەڵ ئەو شوێنانەدا هەبێت كە كارەكەی ئەنجام دەدات، واتا بەستنەوەی هێزی كار بە بازاڕەوە، ئەمەش زیاتر بۆ ئەو ئافرەتانەی كە دەیانەوێت لە بازاڕدا كار بكەن» .
پارێزەری راوێژكار ژیان گەردی جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كارسازی خانمانە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئافرەت زۆرتر دەتوانێت لە بواری سەرمایەداریدا سەركەوتوو بێت، لەبەر ئەوەی «ئافرەت كەسێكە بە سروشتی خۆی زیاتر لە كارەكان ورد دەبێتەوە، لە كێشەو پێداویستی ماڵیش دەزانێت و بەمەش دەزانێت كۆمەڵگە چی پێویستە، یەكێكیش لە بڕگە سەرەكییەكانی كاری سەرمایەداری ئەوەیە كە بتوانی پێداویستییە سەرەكییەكانی كۆمەڵگە پڕ بكەیتەوە، كەواتە ئافرەت لە كاری سەرمایەدریدا زۆر سەركەوتوو دەبێت». گوتیشی: «سەركەوتنی ئافرەتان لە بواری سەرمایەداری پێویستی بە ماوەیەكی دیاریكراو هەیە، لەبەر ئەوەی هێشتا لەم بوارەدا رێژەی ئافرەتان زۆر كەمە و تواناكانیان بە تەواوەتی دەرنەكەوتووە». ئەوەشی خستەڕوو كە كۆمەڵەی كارسازی خانمان بە هاوكاری وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی بەرنامەیەكیان داناوە، ئەویش بەكردنەوەی خولێكی پانزە رۆژی بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت لە بواری كەرتی تایبەتدا كار بكەن».
جوان عەبدولعەزیز خاوەنی پڕۆژەی جوانكاری و لەشجوانی سایە، باس لەوە دەكات كە ئافرەتیش وەك پیاو دەتوانێت لە رووی ئابوورییەوە گرنگی بە پێشكەوتنی كۆمەڵگەكەی بدات. گوتیشی: «كۆمەڵگەی كوردەواری وەك زۆربەی كۆمەڵگەكانی رۆژهەڵاتی گیرۆدەی سیستەمێكە كە پیاو باڵادەستە تیادا، لەبەر ئەوە هەمیشە سەروەت و سامان لەدەست پیاوانە، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە نییە كە ئێمەی ئافرەتان هەوڵنەدەین، بەڵكوو پێویستە ئێمە هەوڵبدەین بۆ ئەوەی ببینە كەسێكی بەرهەمهێن و كۆمەڵگەش سوودمان لێ ببینێت، لە وڵاتی ئێمەدا زۆر ژن هەن بە میرات پارەیەكی زۆریان بۆ ماوەتەوە، یان خاوەنی داهاتێكی زۆر و مووچەیەكی باشن، بەڵام مێردەكانیان رێگرییان لێدەكەن، پەرە بە باری ئابووریی خۆیان بدەن، چونكە نەریتی پیاوسالاری هەرگیز رێگە بە ژن نادات كە بتوانێت ئابووریەكی سەربەخۆی هەبێت» .
جوان جەختی لەوەش كردەوە كە حكومەتی هەرێم و میدیای كوردی پێویستە رۆڵێكی كاراتر بگێڕن بۆ بتوانن هانی ئافرەتان بدەن پەرە بە باری ئابووریی خۆیان بدەن و تەنانەت تێكەڵ بە كاری بازرگانی و بەرهەمهێنان ببن».