هەرێمی كوردستان لە پاش نەمانی سەدام*

هەرێمی كوردستان  لە پاش نەمانی سەدام*
هێمن ئاكرەیی
سیاسەتی دەرەكی..ئاسایش و سەرچاوە سروشتییەكان
لە سەرتاسەری جیهاندا ئاسایش و سەرچاوە سروشتییەكان جێی بایەخن، لە هەرێمی كوردستانیش ئەو بایەخەی زیاترە، چونكە بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی بۆتەوە و سەرچاوە سروشتییەكانیشی بوونەتە مایەی ماڵوێرانیی كوردستان، بەڵام لە پاش نەمانی سەدام ئەم هەرێمە بە فۆرمێكی دامەزراوەییەوە ڕووی خۆی نیشان دا، ئەویش بەهۆی برەودانی بە ئاسایش و نەوت بۆ پەرەپێدانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان.
هەرێمەكان و چەمكی پارادیپلۆماسی
مەبەست لەم چەمكە برەودانە بە سیاسەتی دەرەوەی هەرێمەكان، بەتایبەت ئەو هەرێمە فیدڕاڵییانەی بە سەرچاوەكانی سروشتی دەوڵەمەندن، تەحەددین بۆ حكومەتە فیدڕاڵییەكان، چونكە بەكارهێنانی سامانی سروشتی بۆ پەرەپێدانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەرژەوەندی و ئامانجی دوورمەودا دەچەسپێنن. هەرێمی كوردستان بە پێی دەستووری عێراق وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی ناو عێراق كار و كۆشش بۆ وەدەستهێنانی شەرعیەتێكی نێودەوڵەتی دەكات، ئەویش بە پەرەپێدانی ئەزموونی دیموكراتیك و بونیادنانی ژێرخان و بەرەوپێشبردنی ئابووری ناوخۆیی و باشتركردنی دۆخی ئەمنی، كە ئەوانە فاكتەرن بۆ نیشاندانی ئەوەی كوردستان جیاوازە لە بەشەكانی تری عێراق، كەچی چەندین هۆكاری سیاسی بەربەستی بەردەم سەربەخۆبوونی كوردستانن.
لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان پارادیپلۆماسیەت پیادە دەكات، ئەمەش دەیخاتە سەر ڕێڕەوێكی دوور لەوەی ببێتە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری بەپێچەوانەی پرۆتۆدیپلۆماسییەوە كە وەك سیاسەتێكی دەرەكی لەلایەن حكومەتە ناوەندییەكانەوە پیادە دەكرێت بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی و سەروەرێتیی تەواو.
پێوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژگاری پاش سەدامەوە
پاش ڕووخانی دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكەی سەدام بە شێوەیەكی دراماتیكی، هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەر پێوەندییە دەرەكییەكانیدا هات، بناغەیەكی دەستووری و پێگەی فەرمیشی بۆ دروست بوو. بەپێی ماددەی 121ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دەتوانن خاوەنی نووسینگەی خۆیان بن لە باڵیۆزخانەكاندا بۆ بەدواداچوونی كاروباری كەلتووری و كۆمەڵایەتی و ئەركی دیپلۆماسییانە. پاش پەسەندكردنی دەستوورەكەش لە ساڵی 2005 حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانگەیەكی بۆ پێوەندییەكانی دەرەوە دامەزراند، بە پێی لێدوانی فەلاح مستەفا سەرۆكی ئەو فەرمانگەیە، وادیارە تا ئێستا 13 نووسینگەی نوێنەرایەتییان لە دەرەوە كردۆتەوە، كۆشش بەردەوامە بۆ كردنەوەی نووسینگەی زیاتریش، بیست و چوار وڵاتیش نووسینگەو كونسوڵخانەی خۆیان لە هەرێمی كوردستان كردۆتەوە، كە زیاتر لە نیوەیان گشتیین، ئەوانی دیكە نووسینگەی باڵیۆز و بەشی بازرگانی و كونسوڵگەری فەخریین.ئەمەش ئاماژەیەكی بەرچاوە بۆ بەرەوپێشچوونی پێوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان و سەردانە فەرمییەكانی بەرپرسانی باڵای هەرێمیش بۆ دەرەوە و پێشوازی لێكردنیان لەلایەن سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دەرەوەی خۆرئاوا و ئاسیاوی و بەشەكانی دیكەی جیهان هۆیەكی تری پێشكەوتنی پێوەندییە دەرەكییەكانن. بە نموونە سەرۆك مسعود بارزانی لە هەردوو سەردەمی ئیدارەكانی بۆش و ئۆباما لە كۆشكی سپی بە فەرمی پێشوازی لێكراوە، دواجار لە مانگی ئایاری 2015بۆ چوارەمین جار ئەو پێشوازییەی لێكرا.
ئاسایش لە هەرێمی كوردستان پاش سەردەمی سەدام
گەورەترین دەسكەوتێك هەرێمی كوردستان پاش ڕزگاركردنی عێراق لە 2003 بەدەستی هێنابێت، بریتی بووە لە ئارامی و سەقامگیری. بۆ نموونە لە پاش ساڵی 2003 تا ئێستا تەنیا10 تەقینەوە لە كوردستان ڕوویانداوە، بەراورد بە بەغدا و شارەكانی تری عێراق كە چەندین هەزار تەقینەوەیان تێدا ڕوویداوە. لە كاتێكدا هێزەكانی پێشمەرگە كە ژمارەیان 200هەزار پێشمەرگەیە بەرپرسیاربوون لە پاراستنی كوردستان و پاش 2003 شان بە شانی سوپای ئەمریكا دەجەنگان و قوربانییان بەخشی.
هەرێمی كوردستان وەك نەوایەكی ئارام
بەهۆی گرژی و توندوتیژییە بەردەوامەكانی بەشەكانی تری عێراقەوە، بە سەدان هەزار عەرەب و مەسیحی و پێكهاتەی تری عێراقی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و لە كوردستاندا گیرساونەتەوە. سەرەڕای ئەوەی هەرێم تووشی دژواری دارایی كراوە، كەچی لە داڵدەدان و پارێزگاری لێكردنیان درێغی نەكردووە. بەپێی دوا ئاماری ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەی پەنابەران لە ناو سێ پارێزگاكەی هەرێم ملیۆن و نیوێكی تێپەڕاندووە.
ڕۆڵی سەرچاوە سروشتییەكان
بەشوێندا گەڕان و دۆزینەوە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان پاش ڕووخانی سەدام كەوتەگەڕ،بەهۆی ئارامیی ڕەوشی ئەمنی و پیادەكردنی سیاسەتێكی لەبار، كۆمپانیا بیانییەكان كەوتنە كێبڕكێ بۆ ئەنجامدانی گرێبەست. یەكەمین جار لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2009 هەرێمی كوردستان نەوتی هەناردە كرد، كە بڕینی گرنگترین قۆناغی پشتبەخۆبەستن بوو لە مێژووی كوردستاندا، حكومەتی فیدڕاڵی كەوتە گێچەڵپێكردن، بەڵام هەرێم سەرسەختانە بەرگری لە مافەكانی خۆی كرد و گرێبەستەكانی لەگەڵ كۆمپانیا دەرەكییەكانی بواری نەوت واژۆ كرد. دواجار حكومەتی ناوەندی ناچاربوو ڕێكبكەوێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان تا لە بری 17%ی بودجەكەی نەوت ڕەوانە بكات، یەكەمین خاڵی سەركەوتنی ئەم پرسە ڕازیكردنی توركیا بوو لەسەر ئەوەی ڕێگە نەگرێت لەسەر هەناردەكردنی نەوت بە خاكی ئەو وڵاتەدا.
نەوتی هەرێمی كوردستان و پێوەندییە دەرەكییەكان
كۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت و پەیوەستبوونیان بە سیاسەتی دەرەكییەوە شتێكی ئاشكرایە و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت ڕۆڵێكی كارایان هەیە لە چالاكییەكانی پەیوەست بە پێوەندی دەرەكییەوە. لەم ڕووەوە بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم دەڵێت: «هاتنی بزنس و كۆمپانیاكانی بیانی بۆ هەرێم واتە كارلێكی زیاتر لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا، چونكە وڵاتەكانیان دوای كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانیان دەكەون، تەنانەت كۆمپانیای تریش شوێن كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت دەكەون». بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی زیاتر لە 2500 كۆمپانیای دەرەكی لە هەرێم تۆماركراون، هەندێك لەو كۆمپانییانە كاریگەرییان لەسەر بڕیاردەرانی وڵاتانی خۆیان هەیە.
پێوەندییە دووقۆڵیەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا
پەرەپێدانی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ناوچەكە كە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە قورساییان هەیە، هیچ بایەخێكی نابێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان دەروازەیەك بۆ گەیشتن بە جیهانی دەرەوە مسۆگەر نەكات. توركیا دەروازەیەكە بۆ گەیشتن بە جیهانی خۆرئاوا و دەرەوە، چەند ساڵێك پێش ئێستا ئەو وڵاتە نەك ئامادە نەبوو پێشوازی لە بارزانی بكات، بەڵكو بەربەستیشی دروست دەكرد بۆ پێوەندییەكانی هەرێم و خۆرئاوا، دواتر توركیا وەرچەرخانێكی كرد لە تێڕوانین و هەڵوێستەكانیدا بەرانبەر كوردستان و پێداچوونەوەیەكیان بە پێوەندییەكانی خۆیاندا كردەوە و بە فەرمی پێشوازییان لە سەرۆك بارزانی كرد و دواتر سەرۆك وەزیرانی توركیا لە ساڵی 2011 سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و ئاڵای كوردستان و ئاڵای توركیا لە پاڵ یەكتردا هەڵكران.
پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی ترەوە
پاش نەمانی سەدام هەرێمی كوردستان بەهۆی خستنەگەڕی سەرچاوەكانییەوە پێوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دامەزراند، مەحاڵی كردە ڕاستی و بناغەیەكی یاسایی لە دەستووری نوێی عێراقدا بۆ پێوەندییە دەرەكیەكان دانا.
ئاسایش
هەرێمی كوردستان دركی كرد بەوەی پێویستە هاووڵاتیانی خۆی لە بەرانبەر هێرشی تیرۆریستانێك بپارێزێ كە لە دەرەوەی سنوورەوە دێن، هاوكات سەلامەتیی گیانی بیانییەكانیشی پێ پارێزرا، ئەمەش بە دابینكردنی ئاسایش دەكرێت كە كونسوڵخانە و كۆمپانیا و وەبەرهێنەران ڕوو بكەنە هەرێمی كوردستان.
هەرێمی كوردستان وەك پەناگەیەك بۆ پێكهاتەكانی تر
پێشتر خەڵكی بەشەكانی تر بەرەو دەرەوەی سنوورەكانی عێراق هەڵدەهاتن، بەڵام ئێستا ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن تا سەر و ماڵیان پارێزراو بێت. سیاسەتی دەروازەی كراوە بۆ هەمووان بەتایبەتی بۆ مەسیحییەكان نموونەیەكی باشی بۆ هەرێمی كوردستان لە جیهانی دەرەوە دروست كرد و پێگەی هەرێمی بەهێزتر كرد. هاوكات هانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە دەرەكییەكانی دا بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی كوردستان كار بكەن.
سەرچاوە سروشتییەكان
سەركردایەتی هەرێمی كوردستان دركیان بەو راستییە كرد كە نەوت و غاز هۆكارێكە بۆ پەرەپێدانی هەرێم و بەدەستهێنانی پاڵپشتی لە بەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی لە داهاتوودا تووشی دەبێت. پاش نەمانی سەدام چاودێران باوەڕیان وابوو كە هەرێم رۆڵێكی ژیرانەی بینیوە لە ڕاكێشانی كۆمپانیا رۆژئاواییەكانی نەوت، بە تایبەت ئەو كۆمپانییانەی كە ڕایەڵەیەكی بەهێزیان هەیە لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی كۆشكی سپیدا، پێشوەختیش هەرێم دەیزانی كە بۆ دۆزینەوەو هەناردەكردنی نەوت و غاز پێویستە توركیاش بهێندرێتە نێو ئەو پرۆسەیەوە، چونكە ئەو وڵاتە دەتوانێت ببێتە رێڕەوێكی گرنگی نەوت و غاز.
كێشەی ئاسایشی وزە لە جیهان و رۆڵی كوردستان
نەوت و غاز بۆ وڵاتە پیشەسازییەكان گرنگی خۆی هەیە، لە ئایندەشدا خواست لەسەر وزە زیاتر دەبێت. پێشبینی دەكرێت ناهاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوو دروست، بێت بەتایبەت كاتێك بەكاربردنی نەوت لە ساڵی 2030 بۆ لە 50% بەرز دەبێتەوە. ئەوەش ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی لە دوو دەیەی داهاتوودا لە بواری وزەدا كێشەی زۆر دروست دەبێت رۆڵی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت لە پشتیوانی كوردستان بەتایبەتی (ئیكسۆن مۆبیل) توانیوێتی چەندین گرێبەستی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت بۆ كوردستان رابكێشێت. سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز مسعود بارزانی باسی لەوە كرد كە لە ڕێگەی ئەم كۆمپانییانەوە كورد باشتر دەپارێزرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەبەر ئەوەی خەڵكانی دەستڕۆیشتوو بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە كوردستان دەكەن، بە دەربڕینێكی تر ئەوان لە ڕێگەی بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە كوردستان دەپارێزن.
گەشەكردنی خێرای پیشەسازی نەوت و غاز
حاڵی حازر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت زیاتر روو لە كوردستان دەكەن، نەك ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی بەغدادان. ژمارەی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت لە 20 گرێبەستی ساڵی 2009 بۆ 50 گرێبەست لەساڵی 2012 بەرز بۆتەوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەو ژینگە لەبارە دەگەڕێتەوە كە هەرێم بەخۆیەوە بینیوە و توانیوێتی ئاسایش و سەقامگیری بهێنێتەدی و سیاسەتێكی حەكیمانە پیادە بكات و پێگەی هەرێم بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی. لەم ڕووەوە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: «دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان جێ بەنچەی هەبێت لەسەر نەخشەی جیهانی وزە و هیچ گومانیشی تێدا نییە كە كوردستان رۆڵی گرنگتری دەبێت لە داهاتوودا بۆ دەستەبەركردنی وزەی جیهانی».
* ئەمە پوختەی باسێكە كە لە كۆنگرەی نێودەوڵەتی (كوردستانی عێراق دووبارە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) پێشكەش كراوە.
Top