هاوسەری پێشمەرگەیەكی شەهید: هیچ بەڵگەیەكی یاساییم نییە بۆ ئەوەی بتوانم میراتی منداڵەكانم وەر بگرمەوە

هاوسەری پێشمەرگەیەكی شەهید:  هیچ بەڵگەیەكی یاساییم نییە بۆ ئەوەی بتوانم میراتی منداڵەكانم وەر بگرمەوە
هەتا مەودای جیاوازییە رەگەزییەكان بەرینتر بێت، پتر ئافرەتان دەچەوسێندرێنەوە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی نەریتیدا كە زۆربەی ئافرەتان هێشتا بە مافەكانی خۆیان ئاشنا نین و توانای بەرگریكردن لە خۆیان نییە، هەر ئەوەش وایكردووە پیاوان بە ئاسانی مافەكانیان پێشێل بكەن. بەڵام ئەوەی زیاتر ئازاربەخشە ئەوەیە كە هاوسەری شەهیدێك غەدری لێبكرێت و فەریادڕەسێكی نەبێت. یەكێك لەو ئافرەتانە پەنا بۆ گۆڤاری گوڵان دەهێنێت و دەخوازێت لەم رێگەیەوە دەنگی بە حكومەت و داداگەكانی كوردستان بگات.

«من گلەییم لە حزب نییە، پارتی ئەوەی لە دەستی هاتووە، بۆمانی كردووە و دەیكات، بەڵام گلەییم لە ماڵی خەزوورم هەیە، چونكە بە هەموو شێوەیەك غەدریان لە خۆم و منداڵەكانم كردووە. ئەوان دوای چلەی هاوسەرەكەم لە ناوماڵی خۆم دەریان كردم و خۆم و منداڵەكانمیان خستە سەر جادە».
ئەوە دەستپێكی قسەكانی گەزیزەی تەمەن 31 ساڵ بوو. ئەو هاوسەری شەهیدێكی ئەم كوردستانەیە و دایكی چوار منداڵە و بە خەمبارییەكی زۆرەوە بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «هاوسەرەكەم پێشمەرگەی ئاسایش بوو، لە تەقینەوەكەی 19-11-2014 لە بەردەم پارێزگای هەولێر شەهید بوو. ئەو كات منداڵی چوارەمم تەنیا سێ مانگی تەمەن بوو. هاوسەرەكەم پێش شەهیدبوونی ئەوەی موڵكمان هەبوو، بە ناوی خوشك و براكانی كردبوو. زەوییەك و دوكانێكمان هەبوو، تاپۆكەی بە ناوی ماڵە خەزوورانم كرد و دەیگوت: من لە هیچ ئیمتیازاتی حكوومی سوودمەند نەبووم، با هیچم بە ناو نەبێت، بەڵكو بتوانم شوقە، یان عەردێك وەربگرم و دواتر خانوویەك دروست بكەم، بەڵام بەداخەوە خوای گەورە ئەو دەرفەتەی پێنەدا و بە دەستی تیرۆریستانی داعش و لە تەقینەوەكەی بەردەم پارێزگای هەولێر شەهید بوو. ماڵی خەزوورم هەر دە پازدە رۆژ دوای شەهیدبوونی هاوسەرەكەم زۆر بە خراپی لەگەڵ من مامەڵەیان دەكرد، تا وای لێهات لە پاش چلەی شەهیدبوونی لە رۆژی 10/2/2015 لە ناو ماڵی خۆم دەریان كردم و من و منداڵەكانمیان خستە سەر شەقام».
گەزیزە بە گۆشەیەكی لەچكەكەی فرمێسكەكانی دەسڕێتەوە و بە دەستێكیشی نەوازشی سەری منداڵەكانی دەكات كە لێی خڕ ببوونەوە. كاتێك ئەو پرسیارەمان ئاڕاستە كرد كە بۆچی سكاڵات تۆمار نەكردووە، بۆ ئەوەی مافی خۆت لە رێگەی یاساوە وەربگریتەوە، لە وەڵامدا وتی: «هیچ بەڵگەیەكی یاساییم نییە بۆ ئەوەی بتوانم میراتی منداڵەكانم وەربگرمەوە، ئەوەش وایكردووە ماڵی خەزوورم هیچ حیسابێك بۆ منداڵەكانم نەكەن. لەلایەكی دیكەوە خەسووم دایكی دوو شەهیدە و هەمووان رێزی دەگرن و كەس حەز ناكات ئازاری بدات، تەنانەت جەنابی پارێزگار و پیاوماقووڵان چوون و داوای حەقی منداڵەكانمیان كرد، بەڵام ئەوان ئینكاری دەكەن و دەڵێن ئەو موڵك و ماڵە هەمووی بەناو خۆمانە و ئێمەشیان لێ بێبەری كردووە.»
گەزیزە لە كۆتایی قسەكانیدا سوپاسی وەزیری پەروەردەی كوردستانی كرد بەوەی كە جێگەی دوو منداڵی لە قوتابخانەی شەهید فاخیر مێرگە سووری كردۆتەوە و وەك دوا قسەشی وتی: «پەنام بۆ گۆڤارەكەتان هێناوە تا دەنگم بگاتە سەرۆكایەتی حكومەت و دادگا و بتوانم لە رێگەی ئەو بەڕێزانەوە مافی ئەو جگەرگۆشانە وەربگرمەوە. تەنیا داواشم لە جەنابی سەرۆكی حكومەت ئەوەیە كە لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە ئاگای لە هاوسەرانی گەنجی شەهیدان بێت و هاوكارییان بكات، چونكە ئەم كۆمەڵگەیەی ئێمە هیچ رەحمیان پێ ناكات و ئەگەر پشتیوانێكیان نەبێت، تەنانەت ناتوانن منداڵەكانیان بەخێو بكەن، كە ئەمانەتی شەهیدانن».
تێبینی: ناوەكە خوازراوە و ناوی تەواو و ژمارەی مۆبایلی لە لای گوڵان پارێزراوە.
Top