پەروەردەی دروست كەسایەتی بەهێز بۆ منداڵ دروست دەكات

پەروەردەی دروست كەسایەتی بەهێز بۆ منداڵ دروست دەكات
شیلان محەمەد چالاكی بواری مافی ئافرەتانە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «منداڵ لە دوای هاتنە دنیاوە بوونەوەرێكی بایۆلۆژی و بێدەسەڵات و لاوازە و وەك لاپەڕەیەكی سپی وایە كە هێشتا هیچی لەسەر نەنووسرابێ، هەر بۆیە پشت بە كەسانی دەوروبەری دەبەستێ، یەكەم كەسیش كە بتوانێت ئەو منداڵە لە لایەنی جەستەیی و تایبەتمەندییە دەروونییەكان پێ بگەیەنێت دایكە. منداڵ بە هۆی سروشتی دروستبوونیەوە هەر لەیەكەم ساڵی تەمەنیەوە تا گەورە دەبێت پێویستی بە پەروەردە و گرینگی پێدان و چۆنیەتی مامەڵەكردنی دروست و زانستی هەیە. هەر وەكوو زۆرێكیش لە لێكۆڵەرەوان باسی دەكەن منداڵ تا تەمەنی پێنج ساڵی هەر جۆرێك پەروەردەی بكەی، وا دەردەچێت. وێڕای چۆنیەتی مامەڵەی خێزانی، ژینگەی دەوروبەر و كۆمەڵگە كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر رەفتار و گەشە و كەسایەتی منداڵ. هەموو جۆرە هەڵسوكەوت و رەفتارێكی منداڵ دەرئەنجامی ئەو پەروەردە و ژینگە تایبەتەیە كە تێیدا گەورە بووە». گوتیشی: « ئەو تایبەتمەندییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ كە خانەوادە تا رێژەیەكی ناپێویست منداڵ دەلاوێننەوە و گرینگی، یان سۆزێكی نەرێنی و زیادەی پێ دەدەن. دەرئەنجامەكهی منداڵەكە لە داهاتوودا كەسێكی گۆشەگیر دەبێ و ناتوانێت پشت بە خۆی ببەستێ و توانای بەرەنگاربوونەوەی رووداو و پێشهاتەكانی كەم دەبێت و هەمیشە چاوەڕوانی دەوروبەریەتی ئەرك و كارەكانی بۆ جێبەجێ بكەن و لە تەنگەژەكان رزگای بكەن. خانەوادەش وەك خوویێك بە پێویستی دەزانن هەمیشە چاویان لەسەر منداڵەكانیان بێت .
هەروەها ژینگەی كۆمەڵایەتی نەخشێكی زۆری هەیە لەسەر منداڵ و شێوازی یاریكردن و هەڵس و كەوت و چۆنیەتی مامەڵەكردن كاریگەرییان لەسەری دەبێ. یاریكردن چالاكییەكە كە منداڵ بە مەبەستی چێژ و خۆشی وەرگرتن دەیكات، كە دواجار زۆر وانەی گرینگ لەو یارییانە فێر دەبێت. یاریكردن كاریگەریەكی زۆری لەسەر گەشەكردنی لایەنی كۆمەڵایەتی و جەستەیی و زرینگی منداڵ هەیە و منداڵ لە رێگەی یاری حەز و ئارەزووە كپكراوەكانی تێردەكات و لەو دنیا خەیاڵییەی بۆ خۆی دروستی دەكات».
د. رێدار محەمەد ئەمین پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان، گەشەسەندنی سایكۆلۆژی پەروەردەیی تەمەنی منداڵ بەم سێ قوناغە دەستنیشان دەكات. قۆناغی بنیاتنان و لاساییكردنەوە(حەفت ساڵی یەكەم). فۆناغی دەرچوون لە ماڵ و ئاشنابوون بە دەوروبەر (لە حەفت ساڵ تا 14 ساڵ). قۆناغی سەربەخۆیی و لاساری (لە 14 ساڵ تا 21 ساڵ).
ئەو دەروونناسە رایوایە لە قۆناغی یەكەمدا منداڵ دەكرێت پڕۆگرام بكرێت، واتە ئەوەی دەتەوێت فێری بكەیت، بەئاسانی فێری دەبێت، (كاتێك لەسەرخوان دەڵێیت: بەناوی خودا، ئەویش هەمان شت دەڵێتەوە)، هەروەها زۆربەی جووڵەكانی لە نائاگاییەوەیە، حەزی لە لاساییكردنەوەیە، بۆیە لە رەفتارەكانی تۆ فێری شت دەبێت، منداڵ زەینی (التركیز)ی بەهێزە، بە ئەستەم شت لەیاد دەكات. (هەموومان زۆربەی یادگارییەكانی منداڵیمان لە یادە، هەروەك ئەوەی دوێنێ روویانداوە)، دەكرێت منداڵ لەم قۆناغەدا فێری جنێو، توندوتیژی، رق و چەندین رەفتاری نێگەتیڤ بێت، هەروەها دەكرێت فێری رێز، هێمنی، ئارامگرتن، خۆشەویستی، گیانی هاوكاری و چەندین رەفتاری پۆزەتیڤ بێت. لە قۆناغی دووەم كە دەرچوونە لە ماڵ و چوونە بۆ قوتابخانە: لەم قۆناغەدا منداڵ لە قوتابخانە ئەو رەفتارانە پڕاكتیزە دەكات، كەوا لە ماڵ فێریان بووە، ئەگەر لەماڵدا فێری رەفتاری باش بووبێت، لە قوتابخانە ئەنجامیان دەدات، بەپێچەوانەوەش، هەروەها دەبێت. دەبێت ئاگاداری ئەوە بین ئەگەر لە قۆناغی پێشتر منداڵەكە باش پەروەردە نەكرابێت، ئەوا لەم قۆناغەدا بەدوای ئەم شتانە دەگەڕێت كە پێشتر لێیان بێبەش بووە، ئەگەر لە ماڵەوە وەك پێویست خۆشەویستیی پێنەدرابێت، ئەوا لە قوتابخانە بەدوایدا دەگەڕێت، زۆرجار كێشە لەوە سەر هەڵدەدات كە دابونەریتی ماڵ و قوتابخانە دژیەك دەبن، یان ئەوەی لەماڵ فێری بووە لە قوتابخانە لە دەستی دەدات. لە قۆناغی سێیەمدا كە سەربەخۆیی و لاسارییە، هاوڕێ جێگەی دایك و باب دەگرێتەوە، بۆیە پێویستە منداڵەكەت وەبەر بهێنیت، نەك بۆی بەرهەم بهێنیت! بەڵام لە راستیدا دەرەنجامی قۆناغەكانی پێشترن و دایك و باب پێیانوایە ئەم رەفتارەی منداڵەكەیان دەیكات، كاردانەوەی سروشتی، یان تەنانەت ناسروشتی قوناغی هەرزەكارین.
توێژەری كۆمەڵایەتی لەتیف حوسێن، سەبارەت بە هەمان باس بەمجۆرە را و سەرنجەكانی دەخاتەڕوو: «لە كۆمەڵگەی ئێمەدا سەرەڕای گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكان و كرانەوەی وڵات و خەڵكی ئێمە بە رووی دەرەوەدا، هێشتا كۆمەڵێك كێشە و گرفت و كەلتووری كۆمەڵایەتی بەسەر بیركردنەوەماندا زاڵە، كە ماوەیەكی زۆرتری دەوێت تا ئەو كەلتوورە بە تەواوی كاڵ ببێتەوەو چیتر نەبێتە هۆی هەڵاوێردن و جیاوازیكردن لەنێوان كچ و كوڕدا كە تا ئێستاش هەستی پێدەكرێت. سەڕای بوونی جیاوازییە فسیۆلۆژیی و جەستەییەكانی نێوان رەگەزی نێر و مێ كە سروشت پێی بەخشیون، نابێت لە رووی مرۆڤبوون و مافی ژیان و هەڵبژاردنی هاوڕێ و یاریی و هەموو بوارەكانی ژیان جیاوازی رەگەزی بكرێت، ئەگەرچی كۆمەڵێك سیفات و جیاوازی لە رووی دەروونی و سۆزدارییەوە بە سروشت جیاوازی لەنێوان نێر و مێدا دروست دەكات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە ئەگەر خێزانێك كچیان بوو، نێگەران بن و كوڕیشیان بوو ئاهەنگ بگێڕن، هەرچەندە ئەمە تا رادەیەك كەمبۆتەوە لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا، بەڵام ناكرێت هێشتا نكۆڵی لە بوونی ئەم بیركردنەوە هەڵەیە بكەین لەناو زۆر خێزانی كوردیدا، هەروەها بەكارهێنانی چەندین دەستەواژە و جیاوازیكردن هێڵێكی خراپی لە نێوان كوڕ و كچدا كێشاوە و بۆتە هۆكاری سەرەكی بۆ دروستبوونی چەندین كێشە و گرفتی دەروونی و كۆمەڵایەتی بۆ كچان و ژنانی ئەم كۆمەڵگەیەی ئێمە، بەداخەوە هەر ئەم پەروەردە و دەستەواژانەیە بەردەوام توندوتیژی و جیاوازی تەواوی لە نێوان ژن و پیاودا لەم كۆمەڵگەیە دروستكردووە. چیتر نەتوانین بە منداڵی خۆمان و بە بیری منداڵییەوە هاوڕێ و یارییەكانمان هەڵبژێرین، ئەوە كۆمەڵگە و خێزان بوون هاوڕێكان و تەنانەت یاری و جلوبەرگەكانیشمانی بۆ دیاری دەكردین، هەر ئەوەبوو پێیان دەوتین تۆ كچیت نابێت لەناو كوڕان دابنیشی و ببیە كوڕانی و كوڕیش نابێت ببێتە كچانی و ژنانی، هەر لەو تەمەنەوە كەمەوە بەداخەوە ئەم هێڵە لەنێوان هەردوو رەگەزدا كێشراوە، ئارەزووی منداڵی كچیش بۆ لەبەركردنی جلو بەرگی كوڕانە هۆكارەكەی ئەوەیە تا ئەو منداڵە كە كچە بێبەش و مەحرووم نەبێت لە هەست و سۆزی منداڵی بۆ یاری و بۆ هاوڕێكانی ئەو یارییانەی كە بۆ كوڕ دانرابوون، بۆیە ئەم منداڵە كچە بەناچاری بۆ ئەوەی ئەو یارییە بكات كە دڵخوازی خۆیەتی بیكات.
دەروونناس یوسف عوسمان، باسی ئەوە دەكات كە رۆژانە تووشی ئەو حاڵەتانە دەبینەوە و رستەیەكی خراپ بەر گوێچكەی منداڵەكان دەخەین، بەبێ ئەوەی بزانین كە كاریگەری خراپی دەرونییان لەسەر دروست دەكات. ئەو قسانەش بەمجۆرە خاڵبەندی دەكات:
1- تۆ زۆر گێلی. بە زۆر گوتنی ئەم قسەسە منداڵەكەت باوەڕ دەكات و لەوانەیە هەر بە راستی گێل دەربچێت، بۆیە دەكرێت بڵێی: (ئەو كارە گێلانەیە كە كردووتە).
2- تۆ نەبوای ژیانم باشتر دەبوو، منداڵ تاوانێكی نییە لەسەر ئەوەی هاتۆتەدنیا یان بەخێوكردنی ماندووی كردووە.
3- تۆ درۆزنی، یان دزی، زۆر جار منداڵ شتێك دەكات و پاشان ئینكاری دەكات، نابێت كاردانەوەت لە كردەوەكەی ئەو خراپتر بێت، دەبێت رێگەی راستی نیشان بدەی .
4- هەمیشە گوێ لە گەورە رابگرە
زۆر وتنەوەی ئەو رستەیە لەوانەیە ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی منداڵەكەت لە داهاتوو ببێتە قوربانی گەورەیەك و فێڵەكانی.
5- تۆ كچی و ئەو كوڕە، ئەو رستەیە لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ و شەرع ناگونجێت و وادەكات كچێكی زۆر بێهێزی لێ بەرهەم دێت.
Top