لە رۆژی جیهانی منداڵاندا رێوڕەسمێكی تایبەت بۆ منداڵی شەهیدانی سەنتەری شاری هەولێر ساز دەكرێت

لە رۆژی جیهانی منداڵاندا رێوڕەسمێكی تایبەت بۆ منداڵی شەهیدانی سەنتەری شاری هەولێر  ساز دەكرێت
گوڵان – كۆمەڵایەتی
لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی 1/6/2015 و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان و بەرپرسی لق و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان و پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی پارتی و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە پاركی شانەدەری هەولێر بە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵانەوە رێوڕەسمێكی تایبەت بۆ منداڵی شەهیدانی سەنتەری شاری هەولێر ساز كرد و تێیدا بەرپرسی لقی دوو پیرۆزبایی لە هەموو منداڵانی شەهیدان كرد جەختی لە سەر لە بایەخدان بە خزمەتی زیاتر و پاراستنی مافەكانی منداڵان و دابینكردنی پێداویستی و پێگەیاندیان بە شێوەیەكی زانستی و تەندروست كردەوە.
عەلی حوسێن بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ئاخافتنیكی تایبەتدا بۆ گوڵان وتی: "سەرفرازین كە هاوكات لەگەڵ رۆژێكی جیهانی منداڵان، لەگەڵ منداڵانە سەربەرزەكانی شەهیدانی رێگەی بەرگری لە خاك و نیشتمان ئەو یادە بكەینەوە، بە تایبەتی منداڵانی شاری هەولێر، بەرنامە یجۆراوجۆری دیكەمان هەبوو، بەڵام ئەم بەرنامەیە تایبەت بوو بە منداڵ و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، بە حوكمی ئەوەی ئێمە لقی دووین و تەركیزمان لەسەر سنووری چالاكییەكانی خۆمان كرد، خۆشبەختانە كۆمەڵێ دۆست و هەڤاڵی دڵسۆزی خۆمان هاوكارمان بوون لە ئامادەكردنی ئەو دیارییانە، هەروەها كۆمەڵێ پزیشك و پارێزەر و ئەندازیار كە لێرە ئامادە بوون، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بە خۆبەخش ئیشوكاری خانەوادەی شەهیدان رابپەڕێنن و خزمەتیان بكەن، سەرفرازین كە ئەمڕۆ لە خزمەت ئەو خێزانە سەربەرزانەداین بەبێ جیاوازی، روون و ئاشكرایە ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بەدەستهاتوون بە دەست و بازووی برایان یپێشمەرگە و خۆڕاگری ئەو میلەتە بووە، خوێنی ئەو شەهیدە سەربەرزانە بووە هەوێنی بەرقەراربوونی ئەمن و ئاسایش، پێویستە هەموومان لە ئاست بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان وەفادار بێت، لە كاتێكدا حكومەتی هەرێم بۆ خزمەتكردن یخانەوادە یسەربەرزی شەهیدان كۆمەڵێ بەرنامەی هەیە، لە بەرنامەی ئەو یادكردنەوەیەدا دڵسۆزێكی خۆمان كە ئەویش كوڕە شەهیدە ئامادەیی ئەوەی دەربڕی بۆ ماوەی یەك ساڵ تاوەكو خانوو و شوقەیان بۆ دابین دەكرێ، كرێی ئەو خێزانانە دابین بكات كە كرێچین.


رێڤین سەید یاسین تەمەن 13 ساڵانە و ماوەی چوار مانگە باوكی بە دەستی تیرۆرستانی داعش شەهید بووە و هیوای خواست كە منداڵانی شەهید لە بیر نەكرێن، گوتیشی: یاد كردنەوەی ئەم رۆژە بەبێ بوونی باوكم هیچ خۆشییەكی نییە.

تاكۆ سۆفی تەمەنی هەشت ساڵە و لە پۆلی دوو دەخوێنێت، تاكۆ دوو برا و خوشكێكی لەخۆی بچووكتریشی هەیە، باوكی ئاسایش بووە و لە تەقینەوەكەی بەردەم پارێزگای هەولێر شەهید بووە، ئەو گوتی ئەو جەژنە لە خۆم و هەموو منداڵان پیرۆز دەكەم، شانازییە بۆ من و خوشك و براكانم كە باوكم شەهیدی پاراستنی ئاسایشی كوردستان بوو.

رەوەز محەمەد تەمەن 5 ساڵە و خوشك و برایەكی لەخۆی بچووكتریشی هەیە، باوكی لە مەلا عەبدوڵڵا 30/ 1 شەهید بووە، رەوەز لە دنیای منداڵی خۆیدا لەگەڵ منداڵانی پاركەكە نوقمی یاریكردن بوو.
كوردستان حەسەن هاوسەری شەهید كاوە كە لە تەقینەوەكەی بەردەم پارێزگا شەهید بوو، بە هەڵەداوان هاتە لای پەیامنێرەكەی گوڵان و گوتی: من دایكی هەشت كچ و تاقە كوڕێكم كە تەمەنی 12 ساڵە و دڵیشی كونە، وەزعی دارایمان زۆر خر اپە و كرێچیم و مانگی 400 هەزار كرێ خانوو دەدەم، داواكارم لە حكومەت كەسوكاری شەهیدان فەرامۆش نەكات چونكە دوای نەمانی پیاوەكەم ئێستا حكومەت و حزب كەسوكاری منداڵەكانمن.
Top