منداڵانی كوردستان لە رۆژی جیهانی خۆیاندا باسی ئازارەكانیان دەكەن
June 1, 2015
کۆمەڵایەتی
«بابم هەموو جاران من و خوشكە بچووكەكەمی بۆ راین مۆڵ و سمایلاند و هەموو پاركەكان دەبرد، رەسمی جوان جوانی دەگرتین، بابم ئێمەی زۆر خۆش دەویست، بەڵام ئەو پێشمەرگە بوو، لە شەڕی داعش شەهید بوو. بۆیە منیش بەبێ بابم نامەوێ جەژن بكەم و ناچمە ئاهەنگی منداڵانیش، حەزم لێیە هەموو داعشەكان بمرن، با بابی كەسی دیكە نەكوژن.» ئەوە قسەی سۆرین محەمەدی تەمەن 12 ساڵ بوو. ئەو منداڵە چاوگەشە كچی شەهیدێكی شەڕی داسەپاوی داعشە كە لە میحوەری مەخموور شەهید بووە.
رۆژانە لە ترافیكلایتی شارەكان پۆلێك منداڵ دەبیندرێن كە شتومەك دەفرۆشن. یەكێك لەو منداڵانە دەڵێت: «باوكم بەتەنیا ناتوانێ بژێوی خێزانەكەمان دابین بكات، بۆیە هەموومان كاردەكەین، من لەسەر شەقام بنێشت دەفرۆشم و خۆشكەكەم لە سوپەرماركێتك كار دەكات و باوكیشم عەرەبانەی پێیە». سامی حەسەنی تەمەن 11 ساڵ باسی خەونەكانی دەكات و هیوا دەخوازێت لە بری كاركردن لە سەر شەقامەكان، لە قوتابخانە بووایە.
ستارە ئیسماعیل تەمەنی نۆ ساڵە و كچێكی شەبەكی ئاوارەیە كە خێزانەكەی لە ترسی دڕندەییەكانی چەكدارانی داعش پەنایان بۆ كوردستان هێناوە و لە كەمپی بەحركەی هەولێر نیشتەجێ كراون. ئەو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە دەڵێت: «من لەگەڵ كچە هاوڕێكانم دەچوومە قوتابخانە و ئێوارانیش لە كۆڵان یاریمان دەكرد، بەڵام ئێستا هیچ هاوڕێیەكم نییە و كەسیش یاریم لەگەڵ ناكات، زۆرجار گریاوم بۆ ئەوەی دایك و باوكم یاریم لەگەڵدا بكەن، كەچی بەسەرمدا هاوار دەكەن و دەڵێن تاقەتی یاری كردنمان نییە». ستارە بەوە دڵخۆشە كە رۆژێ دادێ بۆ زێدی خۆی بگەڕێتەوە و بە هاوڕێكانی شاد ببێتەوە.
گەرچی زۆرێك لە منداڵانی كوردستان لە سایەی غیرەت و قوربانیدانەكانی پێشمەرگە لە ماڵی خۆیان و لە تەنیشت دایك و باوكیان لە كوردستانی ئازاد دەژین، بەڵام هەزاران منداڵی ئاوارەش لە ناو كەمپەكانی ئاوارەی شەڕدان و لە دۆخێكی زۆر دژواردا دەژین.
كەژاڵ هۆرمزیار بەڕێوەبەری ئاوارە و پەنابەران لە دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لە ئاخافتنێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە بارودۆخی مندڵان لە ناو كەمپەكان «زۆر خراپە»، هاوكات دەڵێت: «بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی تایبەت بە منداڵان و نەبوونی كەشێكی تەندروست و باش لە نێو خێزانە ئاوارەكان، دەیان كێشەی كۆمەڵایەتی لە نێو كەمپەكان بەدی دەكرێن. زۆجار منداڵان تووشی ئەشكەنجەدان و توندوتیژی دەبنەوە، نموونەی بەرچاویان بەشوودانی پێشوەختەی كچانە كە لە تەمەنی 11 تا 13 ساڵان بەرامبەر بە پارەیەكی كەم بە مێرد دەدرێن، بەكارهێنانی منداڵانە بۆ سواڵكردن لە شەقام و شۆستەكان و كاركردنیان لە شوێنی مەترسیدار، بەڵام لە ناو كەمپەكانیش زۆر ناوەند و رێكخراو هەن كە بەدواداچوون بۆ كێشە و گرفتەكان دەكەن و هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن».
رۆژنامەنووس فەرمان سادق، رایوایە «رێكخراوەكانی منداڵان نەیانتوانیوە لە ئاست داخوازییە هەنووكەییەكان و پێداویستییەكانی منداڵان بن»، نموونەشی بەوە هێناوە كە «ئەو هەموو كەناڵەی تەلەفزیۆن هەیە، بەڵام نەیانتوانیوە بە هەموویان بەرنامەیەك پێشكەش بكەن، كە خزمەت بە منداڵان بكات و لە رەوشی پەروەردەكردن و وەبەرهێنانیان كاریگەری هەبێت»، گوتیشی: «تەنانەت رێكخراوەكان بوونەتە بار بەسەر خودی منداڵانەوە و بە هۆی ئەو ئاوارانەی روویان لە هەرێم كردووە و بە ناوی منداڵانی ئەوانەوە دەچنە لای بەرپرسانی ئەم وڵاتە، كەچی جگە لەداواكاری خۆیان نەیانتوانیوە داواكاری منداڵان بگەیەننە جێ .
فەرمان جەختی لەوەش كردەوە كە «هەموو ساڵێك لە ساڵیادی رۆژی جیهانی منداڵان، مەراسیمێك رێك دەخەن، كە هیچ لە باری گوزەران و خواستی منداڵان ناگۆڕێت»، گوتیشی: «باسكردنی مافی منداڵان لە هۆتێلە چوار و پێنج ئەستێرەكان هیچ لە رەوشەكە ناگۆڕێت و دەبێت رێكخراوەكانی بواری منداڵان پلانی ستراتیژییان هەبێت و گەڕەك بە گەڕەك و كۆڵان بە كۆڵانی شار و لادێكان بكەن، بزانن بە گوێرەی ئەو ناوچانە خواستی منداڵان چییە، تا بیگەیەننە لای بەرپرسانی حكوومی تا هەوڵی باشكردنی گوزەرانی منداڵان بدرێت، بەڵام ئەو رێكخراوانە تەنانەت نەیانتوانی رێگری لە كەناڵە لۆكاڵییەكان بكەن، ئەو هەموو درامای لە دیمەنی تراژیدی و شەڕ پەخش دەكەن، كە كاریگەرییان لەسەر منداڵان لە داعش كەمتر نەبووە، بێگومان كاتێ ئەو رێكخراوانە پلان و ستراتیژێكی روونیان نییە، ناتوانن لێكدانەوەی دروستیش بۆ كاریگەرییەكانی شەڕی داعش و بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان و وێنەكان بكەن»
مافپەروەر و چالاكی كۆمەڵی مەدەنی عیماد ئەحمەد، لە دەستپێكی قسەكانیدا باسی ئەوە دەكات كە دایكان و باوكان بەرپرسی یەكەمن لە پەروەردەكردنی منداڵان و ئەگەر لەو بوارەدا هوشیار نەبن، ئاكامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە، گوتیشی: «ئەو شەڕ و ئاژاوەی كە وڵاتی ئێمە تووشی بووە، لە رووی دەروونییەوە كاریگەرییەكی نەرێنی لە سەر منداڵان داناوە و تێكشكاون. كۆمەڵێك منداڵ ئاوارەن و ژمارەیەكی زۆریان باوكیان لە شەڕدا شەهید بووە و بێ سەرپەرشت ماونەتەوە و زۆرێكیشیان بە هۆی گەرما و سەرما و برسێتی گیانیان لە دەست داوە، جگە لەوانەش زۆرن ئەو منداڵانەی بە هۆی نەبوونی داهاتی خێزانەوە كاری قورسیان پێ دەكرێت، كە ئەوەش پێچەوانەی دەقە یاساییەكانە سەبارەت بە پاراستنی مافەكانی منداڵ. رێكخراوەكانی تایبەت بە مافەكانی منداڵیش شتێكی ئەوتۆیان بۆ خزمەتكردنی منداڵان نەكردووە و تەنها لە رۆژی جیهانی منداڵان بیریان دەكەوێتەوە و بە دروشم و قسەی رەونەقدار یادەكە دەكەنەوە و هیچی بە كردار جێبەجێ ناكرێت.»
توێژەری دەروونی پاوان ئیبراهیم ئەحمەد، رایوایە كێشەی باری ئەمنی و شەڕ و كوشتار و دۆخی خراپی ئابووری و دواكەتنی مووچە كێشەی زۆری بۆ خێزانەكان و بەتایبەتی بۆ منداڵان دروست كردووە، بە جۆرێك كە تەنانەت بیر و هۆشی منداڵی سەرقاڵ كردووە، چونكە زۆرجار منداڵ داوای كڕینی یاری، یان سەفەر و سەیران دەكات، كەچی دایك و باوكی پێی دەڵێن: پارەمان نییە و مووچەمان وەرنەگرتووە. جگە لەوەش هەندێ جار منداڵ ناچار دەكرێت كار بكات، ئەوانەش هۆكارێكن بۆ ئەوەی بە ئاسانی تووشی گرفتی دەروونی ببێت و هەست بە بێبەهایی خۆی بكات، بۆیە پێویستە خێزان و حكومەت و هەموو رێكخراوەكانی بواری منداڵان بایەخێكی زۆر بە منداڵ و جۆری پەروەردەكردنی بدەن».