ماتماتیكی دڵگەش و لۆژیكی ئۆتیزم لە ماڵێكدا

ماتماتیكی دڵگەش و لۆژیكی ئۆتیزم لە ماڵێكدا
دڵگەش مامۆستای ماتماتیكە، منداڵێكی ئۆتیزمی هەیە، ساڵی جارێك دڵگەش مۆڵەتی بەخێوكەری پێدەدرێت تا لە ماڵەوە خەریكی ڕاهێنانەوەو مەشقپێدانی منداڵەكەی بێت، گەرچی لە شارێكدا كە سەنتەری هاوچەرخی شیاندنەوە بوونی نەبێت، ئەم مۆڵەتپێدانەی دایكانی مناڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، تا ڕادەیەك بڕیارێكی دروستە، هەر كەس دابێتی، لە كڕۆكی هەستی مرۆڤایەتیەوە دراوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، خۆ دڵگەش لە ناو چواردیواری ماڵەوە بە نەخۆشێكەوە زیندانیكراوە، لە پێناوی ڕاهێنانەوەی منداڵەكەیدا قوربانی بە ئەرك و كاری پیشەیی و كۆمەڵایەتی خۆی دەدات، دەسبەرداری بازاڕكردن و گەڕان و چێژەكانی مێینەیی خۆی بووە، گەرچی منداڵەكەی دڵگەش نە ئەركی قوتابخانەو نە مامۆستای تایبەت و نە لاپتۆپ و ئایپاد كڕین و نە پارەی پێویستی بۆ چوونە گەشت و سەیران و گەڕانی بە ناو كافتریای شەوانە و مەلەوانگەی داخراو و ئەم چێژوەرگرتنە گەنجانەییانەی تری هیچ نییە، بەڵام ڕۆژانە بە بەرچاوی دایك و باوكیەوە وەك تۆپەڵێك گۆشت و ئێسك گەورە دەبێت و وەك درەختێكی زڕی بێ بەرهەم، بێ كارو بێ ئەنجام لە ژیاندا دەڕسكێت، ڕۆژانە هیچ نوێبوونەوەیەك لە ناو ماڵی دڵگەش بەدیناكرێت، شتێك نییە بە ناوی نەمرێتی چەكەرەی دابێت؛ شتێك نییە بە ناوی داهێنان بۆ دەوروبەرو جیهان پشكوتبێت، لە ڕێی مەشقپێدانی كەسێكی كەمژیرەوە بۆ كەسی مەشقپێدەر چركەكانی تەمەنی هەردووكیان خێرا دەبنەوە، كاتێ مێردەكەی دڵگەش خانووەكەی پڕی لە ڕووناكایی ئەلیكتریكی دەكرد، دڵگەش بە خۆی دەوت ڕووناكایی ناو ماڵ لە ژمارەی بلاجكتۆرو گڵۆپەكانیدا نییە، هێندەی لەوەدایە بەهای ئەندامانی خێزان چەند ڕۆشنكەرەوەن بۆ دەوروبەریان بەو كارو چالاكیانەی لە ژیاندا ئەنجامی دەدەن، بەڵام ماڵێك كە خاوەن پێداویستیەكی تایبەتی وەك ئۆتیزمێكی تێدا بێت، شیرازەی هاوسەنگێتی لە نێوان ئامڕازو مەبەستەكانی بەختەوەری لێ تێكدەچێت، هەموو ماڵەكەی دڵگەش پڕ گوڵ و ئینجانەش بكرێت، ناگاتە نیو چارەگی بۆنی ئەو عەترەی كە منداڵەكەی لە كاتی ڕۆیشتنی بۆ ناو برادەرەكانیی لە بن باخەڵی خۆی بدات، خۆ ئیتر ئۆتیزم برادەریشی نییە، هەمیشە وا دیار دەكەوێت كە نەبوونی هاوسەنگێتی لە نێوان ئامڕازو مەبەستەكانە كە مرۆڤێكی ئاسایی لە ئامێرێك جیا دەكاتەوە، منداڵە ئۆتیزمەكەی دڵگەش ئەو ئامێرەیە كە ڕۆژانە پێویستی بە گریسكردن و هاوشێوە سووڕانەوەو خولانەوەی بۆربرینگە دەقبەستوو كڵێشەبەندەكانە، منداڵەكانی تریشی خستۆتە ناو سووڕانەوەی خۆیەوەو ئەوانیشی دابڕاندووە لە كەسوكارو برادەرانی و ئامانجە بە سوودەكانی تری دنیای دەوربەریان، هەمیشە ئەو پەندانە دەبیستین ئەگەر مرۆڤێك ددانێكی یان ئەندامێكی لەشی بیەشێت هەموو ئەندامانی تری لەشی بۆی بە ئازار دەبن، منداڵی ئۆتیزمیش لە ناو خێزاندا هاوشێوەیە، بە گریانەكانی هەموو خوشك و براكانی دەتاسێنێ، بە پەركەم گرتنەكانی، كەف لە ڕۆحی دایكی دێتە دەرەوە، بە جووڵانەوە ئامێریەكانی دەست و پێی باوكی لە كاردەوەستێن، لە كۆمەڵگەیەكی بەركاری مەسرەفچی بێ بەرهەمدا، هەموو كەسێك بە تێركردنی ئارەزووە خۆشگوزەرانیەكانی خۆیەوە خەریكە، كەس نایەوێت ماڵی دڵگەشەكان بەسەر بكاتەوە، لە كۆمەڵگەیەكی وادا ئەگەر ماڵی دڵگەش بە منداڵە ئۆتیزمەكەشیەوە بسووتێت؛ ماڵی هەموو گەڕەك ناسووتێت، كەواتە كامەیە ئەو بەرژەوەندییەی كۆمەڵگا كە پەیوەست بێ بە بەرژەوەندییەكانی تاكەكانەوە، كوا دروشمەكانی خۆشگوزەرانی تاكەكان بەندن بە ئاسوودەیی كۆمەڵگەوە؟!
دڵگەش ئەم درۆ گەورانەی ناو كۆمەڵگەی لە هەمووان باشتر ئەزموون كردووە، ئازاری خۆی تەنیا بۆ ئەندامانی ماڵی خۆیەتی و بەس، تەمەنی منداڵە ئۆتیزمەكەی دڵگەش گەیشتۆتە شازدە ساڵ و بە درێژایی ساتەوەختانی گەورەبوونی، بەم شێوەیە حكومەت نەیتوانیوە تاقە سەنتەرێكی هاوچەرخ بۆ شیاندنەوەی مناڵی دڵگەشەكان بكاتەوە، تا هەم ڕۆژانە بۆ چەند كاتژمێرێك لە ماڵە بە قفڵ داخراوەكان مناڵەكەی دەربهێنن و هەم دایكی خاوەن پێداویستە تایبەتەكانیش بڕۆنەوە بۆ سەركاری خۆیان و ساڵی جارێك بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بیست و شەش فەرمانگەو سەدو دوازدە واژۆ بەسەر مامەڵەی مۆڵەت بە موچەی تەواوەوەی پێ بە منەتەوە نەدرێتەوە بە چاویاندا، هەرگیز قسەی بەڕێوبەری مۆڵەتی وەزارەتەكەی لەبیرناچێتەوە كە پێی وت(مەمنونی حكومەت بن بە موچەوە مۆڵەت وەردەگرن)، ئەمیش لە شوێنی خۆیدا پێی وتەوە (مەمنونی حكومەتێكم كە ڕۆژانە هەندێ باری شانم بە ڕاهێنانەوەی چەند كاژێرێكی منداڵەكەم سوك بكات و منیش سەربەرزانە لەو كاتانەدا ماتماتیك بە مناڵەكانی ئێوە بڵێمەوە) بەو شێوەیە مانەوەی ژیان سوودبەخشە كە ببێتە ئامانج بۆ دڵگەشەكان و ببێتە بەخشش بۆ ئەو مامۆستایانەی كە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە و بێ منەتانە چەند كاژێرێك بچنە سەر كارو ئەركی خۆیان و كەسیش منەتی مۆڵەتیان لەسەر نەكات، هەرگیز ئەمە كەمكردنەوە نییە لە بەهای مانەوەی مرۆڤێك بۆ ژیان، بەجێهێشتنی دڵگەش بە تاقی تەنیا لەگەڵ منداڵە ئۆتیزمەكەیدا ئازادی تاك و ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی لە ژیاندا لاسەنگ دەكات، ئەو مۆڵەتپێدانە ساڵانەیەی دڵگەش و دەستەخوشكانی كە وەریدەگرن دەستخستنە بینەقاقایانە، خنكاندیانە لە ناو چواردیواری ماڵ و دابەستەكردنیانە لەبەردەم ئامێرێكی مرۆڤانەدا، زەوت كردنی ئازادی تاكە كەسییانە بۆ خاتری ئەركێك كە بێ بەرهەمە بۆ كۆمەڵگە، لە كاتێكدا ئەركی كۆمەڵگەو حكومەتە هاوكاری یەكتر بن بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی تاكەكان، ئازاری دڵگەش تەنیا بۆ بینینی منداڵە ئۆتیزمەكەی نییە كە جاریش هەبووە جێی گاڵتەو لاقرتێی منداڵانی تری دەوربەری بووە، بەڵكو ئازارەكەی ئەو لە دەستدانی بڕواو متمانەیەیە بە كەسانی تر كە وەك ئەوەی ناتوانن هاریكاری منداڵێكی ئۆتیزم بن، ناشتوانن منداڵەكانی خۆیان پەروەردە بكەن لەسەر ئەوەی پێشكەوتنی كۆمەڵگە بە واتای چاوی خۆیان بكەنە بینایی بۆ نابینایەك و گوێی خۆیان بكەنە بیستن بۆ نابیستایەك و زمانی خۆیان بكەنە قسە بۆ لاڵێك و باڵای بەژنزراڤی خۆیان بكەنە بەرزێتی دەروونی كورتە باڵایەك و مێشكی خۆیان بكەنە ئاوەزو خەیاڵ و بیر بۆ منداڵێكی ئۆتیزم، ئەو كاتە ئەو پەندە ڕاست دەردەچێت كە دەڵێت ئەندامێكی لەشت بسووتێ هەموو ئەندامانی تری لەشت شەونخونی بۆ دەكێشێت، بۆدڵگەش ئەم پەندە بێ بنەماو ناڕاستە، پوچە، چونكە دڵگەشەكان بۆ گێڕانەوەی هیوا پێویستیان بە دەرفەتە، بە منداڵێكی ئۆتیزمەوە گیریان خواردووەو هەموو كۆمەڵگەش نیشانەی پرسیاریان بۆ خستونەتە سەر دەرگای حەوشەی ماڵەكەیان.
Top