كەمئەندامانی دەرەوەی حزبەكان خۆیان بە “مەغدوور” دەزانن
May 21, 2015
کۆمەڵایەتی
«سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین كە هەموو كەمئەندامێك كەسێكی حزبی نییە، جیاوازیی ئەدای كۆمەڵەكانی كەمئەندامانیش وایكردووە بەرژەوەندی كەمئەندامان بەگشتی و ناحزبییەكان بەتایبەتی پەراوێز بخرێت، بێگومان هەتا ئەو رێكخراوانە یەكنەگرنەوە، كێشەكان چارەسەر نابێت، تاكە رێگە لەوەدایە كە بتوانرێت چەترێكی هاوبەش بۆ هەموو رێكخراوەكانی كەمئەندامان دروست بكرێت». ئەوە قسەی محەمەد رەسووڵ بوو. ئەو وەك گەنجێكی نابینا گلەیی لە كۆمەڵەكانی تایبەت بە كەمئەندامان هەیە و دەڵێت: «بێگومان ئامانجی هەموو كۆمەڵەكان یەك شتە، بەڵام نازانین بۆچی دابەشبوون، ئەوەتا لە سلێمانی كۆمەڵەیەك و لە هەولێر كۆمەڵەیەكی دی هەیە، لە كەركووكیش دوو كۆمەڵە هەیە، كە هەر یەكەیان سەر بە حزبێكن، ئەمە وایكردووە جیاكاری بكرێت، بەڵام ئەگەر كۆمەڵەكان یەكبگرنەوە، بێگومان باشتر دەتوانن خزمەت بكەن، چونكە هیچ جیاوازییەك لە ئەدای كاركردنی كۆمەڵەكاندا نامێنێت و باشتر دەتوانن مامەڵە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا بكەن» .
محەمەد داواشی كرد زیاتر گرنگی بە رۆڵی گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت و بە شێوەیەكی كاراتر بهێندرێنە پێشەوە بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتر بە خۆیان و كۆمەڵگەكەیان بكەن، گوتیشی: «ئێمەی گەنجان زۆر حەزمان لەكاركردنەو دەتوانین زیاتر خزمەت بە كەمئەندامان بكەین، بیر و فكری نوێمان لایە و هیوادارم كۆمەڵەكان بواری زیاترمان بۆ بڕەخسێنن».
كەمئەندامانی دەرەوەی حزبەكان زەرەرمەندی یەكەمن
فەرەیدون بێوار سەرۆكی رێكخراوی هوما بۆ تووشبووانی ئۆتیزم لە كوردستان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «كە حزبی بوون عەیب و عار نییە بۆ كەسەكان، بەڵام ناكرێ بە ناوی چین و توێژێكی وەك كەمئەندامان كاری حزبی و سیاسی بكرێت، ئەوەشی دووپات كردەوە كە «بەحزبیكردن بۆتە هۆی ئەوەی داخوازییەكانی كەمئەندامان پشتگوێ بخرێت و زیاتر كارە حزبییەكان گرنگی پێبدرێت». بێوار زیاتر گوتی: «دابەشبوونە حزبییەكانی رێكخراوەكانی كەمئەندامان وایكردووە كە سست و ناچالاك بن و لە هەندێك بابەتدا هەڵوێستیان نەبێت و بێدەنگ بن، بەوەش نابنە نوێنەری راستەقینەی كەمئەندامان»، نموونەشی بەوە هێناوە كە «بە دەیان كۆمەڵەی وێكچوو هەیە و دەبووا لە ساڵی 2010ـەوە سەرجەم ئەو كۆمەڵە و رێكخراوانەی تایبەتن بە كەمئەندامان لە سلێمانی و هەولێر بوونیان هەیە، یەكبگرنەوەو ببنە یەك رێكخراو، بەڵام تائێستا یەكیان نەگرتۆتەوە، ئەم سست بوونە دوو لایەنەیە، لایەنێكی دەگەڕێتەوە بۆ خودی رێكخراوو و كۆمەڵەكان كە چالاك و ئەكتیڤ نین و خۆیان خاوەن هەڵوێست و بڕیار و پرۆژە نین».
رێكخراوەكانی سەر بە حزبەكانیش كاریان بۆ كەمئەندامان كردووە
سەرۆكی رێكخراوی هوما بۆ تووشبووانی ئۆتیزم لە كوردستان رایوایە: «هەموو ئەو كۆمەڵە و رێكخراوانەی سەر بە حزبن، كار و چالاكییان بۆ كەمئەندامان ئەنجام داوەو خزمەتیان كردووە، بەڵام دەتوانرا باشتر كار بكەن و زیاتر فشار دروست بكەن بۆ ئەوەی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان زیاتر گوێ لە كەمئەندامان بگرن و ژیان و گوزەرانیان باشتر بكەن و ژیانێكی مرۆیی و ئاساییان بۆ دابین بكەن.»
لە لای خۆیەوە سەرۆكی كۆمەڵەی كورتەباڵایانی كوردستان (دڵشاد قادر خۆشناو)، ئەوەی بۆ گوڵان خستەڕوو كە «جیاكارییەك لە كۆمەڵەی كەمئەندامان هەیە، بەڵام هۆكارەكەی دەگەڕیتەوە بۆ ئەو چەند ساڵەی كە ناكۆكی لەنێوان لایەنەكان هەبوو، كە ئەو كات تەواوی رێكخراوەكان هەریەكەیان بەجیا كاری خۆیان دەكرد، ئەمەش كێشەیەك نییە تەنیا رێكخراوەكانی كەمئەندامانی گرتبێتەوە، بەڵكوو هەموو رێكخراوەكان و سەندیكاكانی گرتۆتەوە». هێمای بۆ ئەوەش كرد كە تائێستا هەوڵی یەكگرتنەوەی رێكخراوەكان بەردەوامە و ئیرادەیەكیش هەیە بۆ یەكدەنگكردنی هەموو كەمئەندامانی كوردستان، هۆكاری یەكنەگرتنەوەی ئەو رێكخراوانەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە «لەسەر سیستەمی سەرۆكایەتی رێكخراو پێكنەهاتوون، گوتیشی: «لە خاڵە چارەنوسسازەكاندا جۆرە هاوبەشییەك لە نێوان رێكخراوەكاندا هەبووە و هەموو رێكخراوەكان بۆ دەستەبەری مافەكان كاریان كردووە، رێكخراوەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و كەركووكیش كاری هاوبەشیان ئەنجام داوە».
دڵشاد زیاتر گوتی: «هەموو لایەك هەوڵی ئەوەمان داوە كە پێكەوە كاربكەین بۆ ئەوەی سەركەوتوو بین و جیاوازی لە نێوان رێكخراوەكاندا نەبێت، پشت بەخوا لە هەوڵی ئەوەدا دەبین لە نزیكترین كاتدا ئەنجامێكی باشمان هەبێت:.
عومەر كەریم محەمەد لێپرسراوی گشتی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان، سەبارت بە هەمان پرس بۆ گوڵان گوتی: «بوونی ژمارەیەك كۆمەڵەی جیاوازی تایبەت بە كەمئەندامان بۆ چۆنێتی كەمئەندامان دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە پێداویستییەكانی كورتەباڵایەك جیاوازە لەگەڵ كەسێك كە كەمئەندامە و بەشێكی جەستەی لەدەستداوە، بۆیە چەندین رێكخراوی كەمئەندامان هەن كە هەریەكەیان بە جۆرێك كاردەكەن و سیستەمێكیان هەیە، بەڵام لە روویەكی دیكەوە چۆن پەرتەوازەیی بەرۆكی هەموو جومگەكانی لە هەرێمی كوردستان بە ئیدارە و رێكخراوەكانەوە گرتووە، ئاوەهاش بەرۆكی رێكخروەكانی كەمئەندامانی گرتۆتەوە، ئەمەش شتێكی حاشا هەڵنەگرە». گوتیشی: «گەر ئێمە تەماشا بكەین، دەبینین لە شاری سلێمانی یەكێتی كەمئەندامان هەیە و كۆمەڵەی رۆژ هەیە، لەشاری هەولێر كۆمەڵەی ژین هەیە، من خۆم كاری هەریەكەیان بە بەرزی دەنرخێنم، ناكرێ بڵێین خزمەتیان نەكردووە، بەڵام پەرتەوازەیی رێكخراوەكان وایكردووە بەشێكی كێشەكان درەنگتر چارەسەر بێت، هەرچەندە ئێمە وەك رێكخراوەكانی كەمئەندامان ئەگەر نەبینە یەك كۆمەڵەش، ئەوا دەتوانین لەژێر چەتری یەك گرووپدا كاربكەین كە پێی دەگوترێت فیدراسیۆنی كەمئەندامانی كوردستان، یان گرووپی كۆدەنگی، چونكە هەموومان یەك ئامانجمان هەیە و داخوازی كەمئەندامێك لە زاخۆ لەگەڵ كەمئەندامێك لە خانەقین یەك شتە، واتە ئەگەر من لە سلێمانی كێشەی سەركەوتنی پلیكانم هەبێت، كەمئەندامێك لە دهۆكیش هەمان كێشەی هەیە».
عومەر كەریم هیوای خواست رێكخراوەكانیان یەكبگرنەوە و لەژێر یەك چەتردا كاربكەن، گوتیشی: «هەوڵێك هەیە بۆ یەكڕیزی و كۆمەڵێك دەستكەوتی باش بەرهەم هاتووە و توانیومانە رۆڵی باش بگێڕێن، لەداهاتووشدا لەو باوەڕەدام كە دەكرێت چەترێكی هاوبەش دروست بكرێت، وەك ئەوەی لەسەر ئاستی عێراق (تەجەموعی معەوقینی عێراقی هەیە، كە هەموومان ئەندامین لەو رێكخراوەدا، پێشنیار كراوە لە كوردستانیش هەمان كۆڕبەند دروست بكرێت و هیوادارم لە نزیكترین كاتدا ئەو ئەنجامەمان هەبێت».