كچێك داهاتووی ژیانی لە ئینتەرنێتدا ون دەكات و خۆی بە قوربانیی دەستی خوشەویستیی مەجازی دەزانێت

كچێك داهاتووی ژیانی لە ئینتەرنێتدا ون دەكات و خۆی بە قوربانیی دەستی خوشەویستیی مەجازی دەزانێت
ئەگەرچی گەشەی تەكنەلۆژی بەتایبەتی لە بواری گەیاندن و بەرفراوانبوونی ئامێرە ئەلكترۆنییەكانی پەیوەندیگرتن، زۆر كارئاسانی بۆ كۆمەڵگەی جیهانی كردووە، بەڵام زۆر جاریش وەك بەردێك بۆ شكاندنی ئاوێنەی كەسایەتیی تاك بەكارهاتووە، بەتایبەتی لە وڵاتانی دواكەوتوو، یان گەشەنەكردوودا تەنانەت بووەتە هۆكاری ئەوەی ئافرەت بۆ بەردەم فیشەكی چەك و پەتی خنكان و ئاگری سووتاندنی پەلكێش بكرێ. كچێكیش كە پێیوایە داهاتووی ژیانی خۆی لە ئینتەرنێتدا ون كردووە، بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

«ئەوەندەی بیرەوەرییەكانی منداڵیم لە بیر ماوە و لە رۆژێكەوە فامم كردۆتەوە، بەردەوام شاهیدی شەڕی دایك و باوكم بووم. لە ماڵی ئێمەدا یەك رۆژی ئاساییمان نەبوو. منیش تاكە منداڵ و تاكە كچی ماڵەوە بووم. باوكم ئەوەی داهاتی هەبوو، ئێمەی لێ بێبەش دەكرد و پێشكەشی ژنانی سۆزانی و عەرەبی هاوردەی كەركووك دەكرد. تەنانەت یەك دوو جار دایكم لە ناو ماڵی خۆمان باوكم و ئافرەتی دیكەی لە ژووری نووستن بینیبوو. ئیتر ماڵی ئێمە ماڵ نەبوو. دۆزەخێك بوو لە شەڕ و دەنگ بەرزكردنەوە و لێدان و سووكایەتی كردن، دایكیشم فەرمانبەر بوو، داهاتی خۆی هەبوو، بەڵام هەر دەیویست من بێ باوك، یان بێ دایك نەبم. بۆیە زۆری تەحەمول كرد. بەڵام تەنیا شەش ساڵ بەرگەی گرت. كار گەیشتە مەحكەمە و تەڵاقی وەرگرت و دواتر دایكم خۆی نەقل كرد و بە ماڵەوە بارمان كرد بۆ هەولێر. باوكیشم وەك بڵێی هەر كچی نییە و منداڵ. منداڵی ئەو نییە، وەها رۆیشت، هەتا ئێستاش ئاوڕێكی لێ نەداینەوە. گەرچی دایكم زۆر فیداكاری بۆ من كردووە، لەو ماوەیەدا دەیتوانی شوو بكاتەوە، داواكاریشی زۆر بوو، بەڵام نەیكرد، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جار لە ناو خەڵك و خزمان دەیگوت: خۆشیم لە ژیان نەدی، هەتا لەو مێردە نەگبەتە رزگارم بوو، هەناوم كون بوو، دواتریش هەموو جوانی خۆم كردە قوربانی كچەكەم.. ئەو قسانەی دایكم زۆر ئازاری دەدام. بۆیە هەر زوو بیرم لەوە كردەوە كە ئەگەر كوڕێكی باشم دەست بكەوێت و وەك باوكم شەڕانگێز و توندوتیژ نەبێت، شوو بكەم. بۆیە لە تەمەنی 17 ساڵان كەوتمە داوی خۆشەویستی. ئەویش لە رێگەی ئینتەرنێت و بە فەیسبووك. تا وای لێهات، بە ئاسانی یەكترمان دەدی و سۆزمان بە یەكتر دەدا».
(یوسرا)ی تەمەن 21 ساڵ لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ گۆڤاری گوڵان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو یەكێكە لەو سەدان كچەی كە خۆی گوتەنی بە هۆی دونیای مەجازی لە هێڵی ئینتەرنێتی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەوتوونەتە داوی خۆشەویستییەكی خەوشدار، كە دواتر تەنیا پاشگەزبوونەوە و پەشیمانی لێكەوتۆتەوە. ئەو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە بەمجۆرە درێژەی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی دا: «ئەو كات فەیسبووك تازە لای خۆمان ببوو بە شتێكی باو، هەموو كەسیش هەوڵی دەدا پەیجی تایبەتی خۆی هەبێت. بەڵام زۆر كەس رەگەزی خۆیان دەگۆڕی. هەبوو، كچ بوو، خۆی كردبوو بە كوڕ، بەڵام زیاتر كوڕان خۆیان دەكردە كچ و بە وێنەی كچێكەوە فەیسبووكیان بۆ خۆیان دادەنا و دۆستایەتییان لەگەڵ كچان كرد و زانیاری و ژمارە مۆبایلیان وەردەگرت و دواتر بە رێگەی جیاواز دەهاتنە پێشەوە و خۆیان لە كچان نزیك دەكردەوە. من لەگەڵ كوڕێك بە ناوی شاهۆ ئاشنا بووم. كە ئێستا تەخەڕوجی كردووە و دوای چوار ساڵ پەیوەندی و فریوكاری لەگەڵ كچێكی خزمی خۆی هاوسەرگیری كردووە. ئەو درۆزنە، دەیان كچی لەخشتە بردووە. بە هۆی ئەوەی ماڵی باوكی زۆر دەوڵەمەندن، خانووی سەربەخۆ و ئۆتۆمبێڵی خۆی هەبوو، من تا ئەو دواییانە نەمزانی كە ئەو زیاتر لە 20 هاوڕێی كچی هەبووە و بە هەمووشیانی رابواردووە. زمان لووسی وەك خۆی نییە. كەم كچ هەیە بتوانێت خۆڕاگر بێت بەرامبەر بە قسەكانی. وای لە من كردبوو، ئەگەر یەك رۆژ دەنگیم نەبیستبایە، شەوەكەشی خەوم نەبوو. ئەو كات شاهۆ و شوان كە دوو بران، هەر دووكیان قوتابی زانكۆ بوون، بە هۆی منەوە (سارا)ی دراوسێشمان دواتر بوو بە هاوڕێی شوان. بەڵام ئەوان پەیوەندییەكەیان بەردەوام بوو. هاوسەرگیرییان كردووە و زۆریش لە یەكتر رازین و خۆیان بە بەختەوەر دەزانن. كەچی شوان تا ئێستاش بە هۆی سارای هاوڕێمەوە ئاگادارم هەر چاو لەدەرە و هەر رۆژەو لەگەڵ كەسێك دەیبینن، بۆیە بەردەوام لەگەڵ هاوسەرەكەی شەڕیەتی. چەندین جاریش داوای پەیوەندی و بەخشینی كردەوە، بەڵام من هەموو جار موبایلم لە سەر داخست. خۆ ئەگەر سەیری ئەو و باوكی خۆم بكەم، دەبێت بێز لە هەر چی پیاوە بكەمەوە. بەڵام كەسانی وەك شوانی برای شاهۆ، جێی دڵخۆشین بۆ ئەوەی بڵێین: پیاوان هەموویان خراپ و درۆزن و فریوكار نین. گەرچی من هاتوچۆی ماڵی سارای دەستەخۆشكم ناكەم، بەڵام هەمیشە هیوای بەختەوەری و خۆشی و سەربەرزییان بۆ دەخوازم. ئەم قسانەشم بۆیە بۆ گۆڤارەكەتان كرد، بۆ ئەوەی كچان بەسەرهاتی من بكەنە پەند، ئەوەتا زۆر كەس بەو پەیوەندییەی ئێمەیان زانیوە، تەنانەت لە زانكۆش بوومەتە كەسێكی گۆشەگیر و هاوڕێیەتی تەنانەت كچانیش ناكەم. لە كۆتاییدا داوا لە هەموو كچان دەكەم، ئاگایان لە خۆیان بێت و بە ئاسانی نەكەونە داوی خۆشەویستییەكی بێ نرخ و نەشیاو كە هیچ ئاكامێكی جگە لە حەسرەت خواردن و پەشیمان بوونەوە نییە.»
Top