ئافرەتان یاسایەك ڕەتناكەنەوەكە خۆیان لە پەسەندكردنیدا بەشدار ببن

ئافرەتان یاسایەك ڕەتناكەنەوەكە خۆیان لە پەسەندكردنیدا بەشدار ببن
داڕشتنی یاسا و جێبەجێكردنی لە هەر وڵاتێكدا بە پێوەری سەرەكیی پێشكەوتن و دواكەوتنەكانی ئەو وڵاتە هەژمار دەكرێت، بەڵام لە ئاستی دنیادا زیاتر پیاوان ئەو ئەركەیان لە سەر شان بووە و تا هەنووكەش بە دەگمەن ئافرەتان لە داڕشتنی یاسا و جێبەجێكردنیدا بەشدار دەكرێن، تەنانەت لە هەندێك وڵاتدا بەشداری ئافرەت لەو بوارانەدا هێڵی سوورە و كۆسپ و لەمپەری زۆر گەورەیان بۆ دروست دەكرێ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بەشداری ئافرەت لە رێكخراوەكانی حكوومی و ناحكوومی و تەنانەت لە پەرلەمان و حكومەتدا بە رێژەیەكی بەرچاوە و ئافرەتان تا رادەیەك لە داڕشتنی یاسا و جێبەجێكردنیدا بەشدارن و زیاتر مافەكانی خۆیانی تێدا مسۆگەر دەكەن، ئەوەش وا دەكات، نەك یاساكان رەتنەكەنەوە، بگرە هەوڵی چەسپاندنیشی بدەن. میشل مونتنی دەڵێت: «ئەگەر ئافرەتان یاساكانی ژیان رەتدەكەنەوە، كەموكوڕییەكە لەوانەوە نییە، چونكە ئەوە پیاوانن كە یاسا و رێساكانیان بەبێ ئامادەیی ئافرەتان داناوە». هەر لەو بارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی (گوڵان) راوبۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو.


گوڵان: كۆمەڵایەتی

پەرلەمانی كوردستان لەماوەی سێ خولی كاركردنیدا سێ یاسای لە بەرژەوەندی ئافرەتان هەمواركرد، (یاسای باری كەسی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و یاسای بەكارهێنانی مۆبایل)، چالاكانی بواری مافی مرۆڤیش بە لەبەرچاوگرتنی نەریت و كەلتووری كۆمەڵگە ئەو یاسایانە بە دەستپێكی هەنگاونان بەرەو كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن هەژمار دەكەن، هاوكات نیگەرانی خۆیان لەوە دەردەبڕن كە هێشتا وەكو پێویست ئەو یاسایانە جێبەجێ ناكرێن. ئەوەتا مافپەروەر كامەران محەممەد تەها دەڵێت: «ژن له یهكهم دهربڕینی دهنگی ناڕهزایی و رهتكردنهوهی نۆڕم و عاداته بهیاساكراوهكانی ژیان ههتا ئاخیری لهسهر حهقه، هیچ نهبێ ههموو شاهێدی ئهوهین كە نۆرم و عادهته باوەكان بهدهستی پیاو كراونهتە یاسا و دهستووری ژیان و بهبێ ئامادهیی ژن مۆری مرۆڤایهتیان لێدراوه، لەگەڵ ئەوەشدا ئهوه ژن نییه ناگونجێ لهگهڵ ئهو نۆرمانهدا، بەڵكوو ئهوه پیاوه نۆرمی نهگونجاوی داڕشتووە». هاوكات هێمای بۆ وتەیەكی میشل مونتنی كرد كە دەبێژێ: «ئهگهر ژنان یاساکانی ژیان رهت بکهنهوه، لهبهر ئهوه نییه کهموکورتییان ههیه، بهڵكو لهبهر ئهوهیه ئهو یاسا و رێسایانه دهستكردی پیاوانن و بهبێ ئامادهیی ژن دانراون».
مافپەروەر عیماد ئەحمەد له نووسینگهی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرهتانی كۆیه، سەبارەت بە هەمان پرس رایوایە «مافی یەکسانبوون لەبەرامبەر یاسادا، یان پارێزگاریکردنی یەکسان لەلایەن یاساوە وەک ئەوەی کە زۆر جار بەم شێوەیە دایدەڕێژن، بۆ ھەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دادپەروەر شتێکی بنچینەیی و سەرەکییە. جا دەوڵەمەند بێت، یان ھەژار، نەتەوەی زۆرینە بێت، یان کەمینەیەکی ئایینی، ھاوپەیمانێکی سیاسی دەوڵەت بێت، یان رکابەر بێت. ھەموو لەبەرامبەر یاسادا شایستەی پارێزگاریکردنی یەکسانن». گوتیشی: «دەوڵەتی دیموکراتی بە تەنیا ناتوانێت زامنی ئەوە بکات کە ژیان بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ ھەموو کەسێک دەکات، شارەزا لەبواری یاسای دەستووری جۆن پز فرانک نووسیویەتی: «لە ژێر ھیچ بارودۆخێکدا دەوڵەت نابێت ھیچ نایەکسانییەک بسەپێنێت و پێویستە لەگەڵ ھەموو خەڵکی خۆی بە یەکسانی مامەڵە بكات».
ئەو مافپەروەرە جەختی لەوە كردەوە كە «یاسا دوای ھەموو شتێک دەستکردی خودی خەڵکە نەوەک شتێک بێت بەسەریاندا سەپێندرابێت، بۆیە ھیچ کەس نابێت لە سەرووی یاسا بێت. لە وڵاتانی دیموکراسی ھاوڵاتیان ملکەچی یاسا دەبن، چونکە ئەوان دان بەوەدا دەنێن و دەزانن کە یاساكان لە بەرژەوەندی گشتین و ئەوان ملکەچی دەبن، واتە بە پێویستی دەزانن خۆیان گوێڕایەڵی یاساکان بن، ئەوەش ھەم خزمەت بە دیموکراسیەت دەكات و ھەم سەروەری یاساش دەپارێزێت». سەبارهت بە هەرێمی كوردستانیش گوتی: «پهرلهمانی كوردستان ههر له سهرهتای دروستبوونی تاكو ئێستا كۆمهڵێك یاسای له ههموو بوارهكان دهركردووه و ژمارەیەكیش لە یاساكانی ههموار كردۆتهوه، بهڵام بەداخهوه زۆر یاسا دهر دهكهن، كە زۆر جار كێشهكانی كۆمەڵگه زیاتر دەكات و چارهسهركردنی زۆر قورس دەبێت».
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی رووناك شێخ سدیق، رایوایە «لە هیچ بوارێكدا بایەخ بە بیر و رای ئافرەتان نادرێ»، نموونەشی بە خۆی هێناوەو گوتی: «من سەرپەرشتیاری پەروەردەییم، بەڵام زۆربەی جاران هەر كۆڕ و كۆبوونەوەیەك دەكرێ، ئافرەتەكان ئاگامان لێی نییە و پێمان ناوترێت، هاوكات بەدواداچوون ناكرێت بو ئەو كارانەی كە رۆژانە لە فەرمانگە و وەزارەتەكان و لە رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكاندا ئەنجام دەدرێت، ئەوە بە هەند وەرناگیرێ كە چەند ئافرەت و پیاو لە چالاكییەكاندا بەشدارییان كردووە، لەو هەموو وۆركشۆپ و سیمینارەدا كە ئەنجام دراون، بیر لەوە نەكراوەتەوە كە بۆچی رێژەی بەشداری ئافرەتان زۆر كەمە، واتە زۆربەی كێشەكان بۆ نەبوونی كەسی شیاو لە شوێنی شیاودا دەگەڕێتەوە، دەنا ئەگەر ئافرەتی كارامە و دڵسۆز كاربەدەست بێت، لانیكەم هاوڕەگەزەكانی خۆی فەرامۆش ناكات».
سۆزان عارف سەرۆكی رێكخراوی تواناسازی ئافرەتان سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەشێكی زۆر لە یاسا مرۆیی و سرووشتییەكان بەرهەمی عەقڵییەتی پیاوسالارین، لەبەر ئەوە زۆر ئەستەمە ئافرەت بتوانێت كار لەسەر مافەكانی بكات، گوتیشی: «بێگومان لەكاتی داڕشتنی یاسادا كۆمەڵێك رەهەندی تایبەتی هەیە كە دەكرێتە مەرج بۆ ئەوەی كە یاسای لەسەر دابڕێژرێت، یەكێك لەو مەرجانە عورف و نەریتە كۆمەڵایەتییەكانە كە هەمیشە لە دژی ئافرەتان بووە».
سەرۆكی رێكخراوی تواناسازی ئافرەتان باسی لەوەشكرد كە یاسا مرۆییەكان بەگشتی لەلایەن پیاوانە دانراون و هیچ حسابێك بۆ ئافرەت نەكراوە، واتە ئافرەتان لەكاتی دانان و هەمواركردنەوەی یاساكاندا پەراوێز خراون، ئەمەش گرفتێكی زۆر قووڵی لە ژیانی ئافرەتدا دروستكردووە. گوتیشی: «ئەگەر یاسایەك لەكاتی پەسەندكردن، یان هەمواركردنەوەیەدا لەلایەن كۆمەڵێك مافپەروەر و پارێزەری ئافرەتانەوە چاودێری كرابێت، ئەوكات لە بەرژەوەندی ئافرەتان دەبێت، گەرچی لە روویەكی ترەوە ئەو یاسایە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی لەلایەن كۆمەڵگەوە دژایەتی بكرێت و بەیاسایەكی نادروست و نەگونجاوی هەژمار بكەن».
دواتر یاساناس شەنگە محەممەد هێمای بۆ ئەوە كرد كە «یاسا و دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان لە وڵاتانی دواكەوتوودا دژی ئافرەتن و بەچاوێكی هاووڵاتیەتی پلە دوو تەماشای ئافرەت دەكەن»، گوتیشی: «یاسا و دابونەریتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی گشتی بەرامبەر بە ئافرتان زۆر دڵڕقە و هەرگیز رێگە بەئافرەت نادات تواناكانی خۆی بەدەربخات، ئەوەش وایكردووە لە یاسای زۆربەی وڵاتانی ناوچەكەدا ئافرەت فەرامۆش بكرێت».
توێژەری كۆمەڵایەتی حەسەن ساڵح، باسی ئەوە دەكات كە یاساكانی كۆمەڵگەی ئەوروپی و ئەمریكی، جیایە لەو یاسایەی كە لە كۆمەڵگەی ئاسیاییدا هەیە، نموونەشی بەوە هێناوە كە تەنانەت ئەو یاسایانەی كە لە كەنەدا پەیڕەو دەكرێت، زۆر دوورە لەو یاسایانەی كە لە فەنزوێلا، یان ئیكوادۆر، یان هەر وڵاتێكی ئەمریكای لاتین پەیڕەو كراوە، چونكە یاسا دەرهاوێشتەی كۆمەڵگەیە و یاساناسەكان ناتوانن زۆر لە نەریتە كۆمەڵایەتییەكان لابدەن، گوتیشی: «پێویستە بزانین هەرێمی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدوای وڵاتی تونس پلەی دووەمی لە هەمواركردنەوەی یاسا وەرگرتووە، ئەوەتا چەندین یاسای نوێ داڕێژراون كە لە بەرژەوەندی ئافرەتانن» .ئەوەشی خستەڕوو كە ئافرەت وەك پیاو نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە كە شوێنی پەسەندكردن و هەمواركردنەوەی یاساكانە و گوتیشی: «لەناو پەرلەمان چەندین یاسا هەمواركراونەتەوە كە لەبەرژەوەندی ئافرەتان بووە و نوێنەری ئافرەتان لە لیژنەكاندا بوونیان هەبووە، ئەمە بێجگە لەوەی كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئافرەت هەبووە پۆستی وەزیری هەبووە كە دەیتوانی رۆڵی باشی لە بەرژەوەندی ئافرەتاندا هەبێت».
Top