له رۆژی جیهانی ئافرەتانداخانمانی كوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ پێشمەرگە دووپات دەكەنەوە
March 25, 2015
کۆمەڵایەتی
د.سامان شاڵی له لێدوانێكدا بۆ گوڵان
گەرچی رۆژی 8ی مارس وەك رۆژی جیهانی ئافرەت، دەروازەیەكی گەورەی بە رووی دەستەبەركردنی مافەكانی رەگەزی مێدا كردەوە، ئافرەتانی زۆربەی وڵاتانیش (بە كوردستانیشەوە) ئەسپی خۆیان لە گۆڕەپانی نەهێشتنی جیاوازی رەگەزیدا تاو دا و بناغەی ریفۆرمێكی مێژووییان دانا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی لەم دۆخەدا كە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە سنوورێكی بەرفراواندا پەلاماری دەستكەوتەكانی كورد لە باشووری كوردستان دەدات، ئافرەتان سەرەڕای ئەوەی جیاكاریی نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی و رەگەزی و هەموو توندوتیژییەك رەتدەكەنەوە، هاوكات لە هەڵمەتی بەرگری و پاراستنی سنوورەكانی كوردستاندا بەشدارن و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی لە پێشمەرگە دەكەن. هەر لەو بارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان راو سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.
ئافرەتی كورد لە هەموو بوارێكدا تواناكانی لە پیاو كەمتر نەبووە
سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار جەمال مورتكە، لە ئاخافتنێكی تایبەتدا بۆ گوڵان، سەرەتا بە هۆی هاتنەوەی 8ی مارس و رۆژی جیهانی ئافرەتان، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی ئافرەتانی جیهان بەگشتی و ئافرەتانی كوردستان بەتایبەتی دەكات و هاوكات بە پێویستی دەزانێت رێكخراوەكانی ئافرەتان دوور لە بیری تەسكی حزبایەتی و ئایدیۆلۆژی هەوڵبدەن، هێزی خۆیان كۆبكەنەوە و بیكەنە بزووتنەوەیەكی كارا كە رۆڵی كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە هەبێت. ئاماژەی بەوەش كرد كە «كۆمەڵگە لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ پێكدێت و ئەو دوو رەگەزەش كە ئافرەت و پیاون تەواوكەری یەكترن، هەر كۆمەڵگەیەكیش گرنگی بە هەردوو رەگەز نەدات، ئەوا باڵانسی هێزی ئەو كۆمەڵگەیە هاوسەنگ نابێ، لەناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە رابردوو و لە ئێستاشدا تا رادەیەك ئافرەت مافی پێشێلكراوە، لەكاتێكدا ئافرەتانی كورد چ لە بواری دیراسات و خوێندن و راپەڕاندنی ئیش و كاری رۆژانەیاندا و چ لە ناو خەباتی نەتەوەییدا تواناكانیان لە پیاوان كەمتر نەبووە، ئافرەتان لە مێژووی خەباتی كوردایەتی جێ پەنجەیان دیارە و بە دەیان ئافرەتی قارەمان و خاوەن مێژوومان هەیە، ئافرەت لە ناو خێزانیشدا ئەركی پێگەیاندن و پەروەردەكردنی نەوەی داهاتووی لە ئەستۆ گرتووە، لە هەمان كاتدا بوێرانە هانی پیاو دەدات بۆ ئەوەی بڕژێتە گۆڕەپانی خەبات و پارێزگاری لە نەتەوە و نیشتمانەكەی بكات». گوتیشی: «لە واقعی ئەمڕۆماندا ئافرەتان رێژەی30%ی كورسییەكانی پەرلەمان پێكدەهێنن، من لە زووەوە داوامكردووە كە پێویستە ئەو رێژەیە زیاد بكرێت، چونكە ئەگەر لە تێكڕای ئەركەكان هەردوولا تەواوكەری یەكتر بین، ئەوا پێویستە لە پۆست و پلەكانیشدا ئەوەیان بۆ رەچاو بكرێت».
پەرلەمانتار جەمال مورتكە لە بەشێكی دیكە قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كرد كە ئەگەر ئافرەتان بە تەواوی بێنە ناو مەیدانی كار بۆ بەدەستهێنانی بژێوی رۆژانە، ئەوكات گرفتە خێزانییەكانیش كەمتر دەبن، سەبارەت بە رۆڵی ئافرەتانیش لە شەڕی داسەپاوی داعشییەكان بەرامبەر بە كوردستان گوتی: «هەرگیز ناكرێ رۆڵی ئافرەتی كورد لە قۆناغی ئێستادا بە هەند وەرنەگیرێ، كە دوژمنانی كورد رێكخراوی تیرۆریستی داعشیان بۆ لەناوبردنی كورد و نەهێشتنی ئاسەواری نەتەوەیی و نیشتمانیمان دروستكردووە، بە تەقدیرەوە دەبینم ئافرەتانی كوردستان لە بوارەكانی جەنگ، لە ئامادەكردنی پێداویستییەكانی رۆژانەی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ، لە هاندانی كوڕ و هاوسەر و براكانیان بۆ هەڵگرتنی چەكی پێشمەرگایەتی پێشەنگن»، گوتیشی: «لێرەوە داوا لە سەركردایەتی سیاسی دەكەم كە كاری جددیتر بكەن بۆ ئەوەی لە كۆمەڵگەكەماندا جیاوازی لە نێوان نێر و مێ نەكرێ و بایەخی زیاتر بە تواناكانی ئافرەت بدرێ و هەلی زیاتریان لە ناوەندەكانی كار پێ بدرێت، تەنانەت كچان و ئافرەتان لە بواری خوێندن و بە دەستهێنانی بڕوانامە لە رەگەزەكەی دیكە زیرەكترن، كەواتە پێویستە ئەو واقعە قبووڵ بكەین كە تاوەكو سوود لە تواناكانی ئافرەت وەرنەگرین، پێش ناكەوین و ناتوانین سەربەخۆیی بە دەستبێنین، ئەگەر بمانەوێ لە ژیانێكی سەردەمییانە بژین و خەونی پێشكەوتن و بە دەوڵەت بوونمان هەبێ، نابی نیوەكەی دیكەی كۆمەڵگەكەمان فەرامۆش بكەین و پێویستە هەلی زیاتر بۆ ئافرەتان بڕەخسێنین و لەناو خێزانەكانیشەوە دەست پێبكەین».
دایكانی كورد رۆڵەی وایان پەروەردە كردووە بتوانن وەحشەكانی داعش تێكبشكێنن
خوناو وەسمان تەها بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانی شەقڵاوە، لە دەستپێكی قسەكانیدا رۆژی جیهانی ئافرەتان لە خۆی و هەموو ئافرەتانی كوردستان پیرۆز دەكات و هاوكات بە ئەركی سەرەكیی حكومەت و رێكخراوە حكوومی و ناحكوومیەكانی دەزانێت كە كاری جددی بكەن بۆ دیاریكردنی میكانیزمێك كە چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی ئافرەتان دەستنیشان بكات و بەڕنامەرێژی بۆ بڵاوكردنەوەی وشیاری و ئاشناكردنی تاك بە مافەكانی ئافرەت بكەن.
خوناو یەكێكە لەو هەزاران ئافرەتە كوردەی كە بە ئەركی خۆیان دەزانن پشتیوانی پێشمەرگە بكەن، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ئەركی سەرشانی هەموو ئافرەتانی كوردە كە خزمەت بە گەل و میللەتەكەی خۆیان بكەن. ئافرەت و پیاو تەواوكەری یەكترن، وەك یەكیش دەبێت لە خزمەتكردن و پارێزگاریكردن لە خاك و نیشتمانیان بەشدار بن. بەتایبەتی لە ئێستادا كە دوژمنێكی دڕندە هەوڵی داگیركردنی وڵاتەكەمان دەدات، پێشمەرگە نیشتمانپەروەرەكانیش بە گیانی خۆیان پارێزگاری لە سنوورەكانمان دەكەن، هاوكاریكردنی پێشمەرگە ئەركی سەرەكیمانە». گوتیشی: «ئافرەتی كورد هەر لە دەستپێكی شۆڕشی ئەیلوول شان بە شانی برا پێشمەرگەكانی خزمەتی بە كوردستان كردووە، لە هەموو لایەنێكەوە ئافرەتی كورد رۆڵی گەورەی بووە، لە ئامادەكردنی خواردن بۆ پیشمەرگە لە خەباتی سەردەمی شاخ تا ئێستا، هەروەها ئەركی ماڵ و منداڵی خۆی لە ئەستۆ بووە و نەوەیەكی وڵاتپارێزی پەروەردە كردووە. ئەوە دایكانی كوردن كە رۆڵەی وایان پەروەردە كردووە، ئێستا هەیبەتی وەحشەكانی داعش تێكدەشكێنن».
ئەو مامۆستایە سەرەڕای قەیرانی ئابووری، هەوڵی داوە بە كارێكی خۆبەخشانە و بە یارمەتی ژمارەیەك لە هاوكارانی پشتیوانی برا پێشمەرگەكانیان بكەن و خواردەمەنییان بۆ بنێرن. هەر لەو بارەیەوە گوتی: «من وەك ئافرەتێكی كورد و وەك مامۆستایەك بیرم لەوە كردەوە چۆن بتوانین هاوكاری برا پێشمەرگەكانمان بكەین بۆ بەرگریكردن لە خاكی كوردستان دژی دۆژمنانی كورد و نەتەوەكەمان، جگە لە كاری مامۆستایەتی كە خزمەت بە منداڵی كورد بەگشتی و منداڵانی پێشمەرگە دەكەین، سەرەڕای هەموو باری نالەباری ئابووریی مامۆستا و كەمی مووچە و دواكەوتنی، بە یارمەتی ژمارەیەك لە هاوكارانم بیرمان لەوە كردەوە یارمەتی براپێشمەرگە كانمان بدەین بە دروستكردنی كەمێك شیرینی، هەرچەندە شتێكی ئەوتۆ نەبوو، بەڵام حەزمان كرد ئێمەش لەم هەڵمەتە پیرۆزەدا بەشدار بین و بە پێشمەرگەكان بڵێین كە ئێوە تەنیا نین، ئەگەر نەشتوانین بە هۆی ئەو ئەركانەی لە ئەستۆماندایە شان بە شانی ئێوە چەك هەڵبگرین، بەڵام بە دڵ لەگەڵ هەموو هەنگاوەكانتانداین. چونكە ئەوە پێشمەرگەیە كە بەرگری لە نامووس و گەل و نیشتمانەكەمان دەكات».
ئافرەتی سیاسی لە چوارچێوەیەكدا حەشار دراون
رۆژنامەنووس و چالاكی مافی مرۆڤ سۆنیا سدیق، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ئەمڕۆ ئافرەتی كورد، لە هەردوو رووی دەروونی و كۆمەڵایەتی بە سەر قۆناغێكی سەختدا تێدەپەڕێ. بێگومان بە هۆی جەنگی داعش، ژیانی هەموو هاوڵاتیان شڵەژاوە، و هاوكات كاریگەری نیگەتیڤی بە سەر لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتی هەموو كەسەكان كردووە. بەڵام ئەم كاریگەرییە، فشاری بۆ سەر ئافرەتان زیاترە، چونكە لە كاتی جەنگدا ژن هەڵدەستی بە ئەركی خۆی و پیاویش»، گوتیشی: «ئەگەر باسی رۆڵ و بەشداری ئافرەت بكەین لە بەرەكانی جەنگدا لە هەرێمی كوردستان، دوور لە دروشم و خۆهەڵكێشان؛ ئەوە بێگومان ئافرەتی ئێمە رۆڵێكی راستەوخۆ و بەرچاوی نەبووە، تەنها ئەوە نەبێت كە ئەركە پەروەردەیی و كۆمەڵایەتییەكانی زیاتر بوون بەراورد لەگەڵ جاران، بە هۆی دووركەوتنی پیاوان و نائامادەییان لە رۆتینی رۆژانە، چونكە بەداخەوە ئەمڕۆ پیاوانمان، ئەوەندەی ژیانی رۆژانەیان لە بەرەكانی جەنگدا بەسەردەبەن، چارەگێكی ئەوەندە ناتوانن لە نێو خێزانەكانیان بەسەر بەرن. كاتێك ئەڵێم ئافرەتی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی دیار و بەهێزی نییە، مەبەستم كەمكردنەوە نییە لە تواناكانی ئافرەت، بەڵام ئافرەتی كۆمەڵگەی ئێمە نەیتوانیوە، هاوتای ئافرەتانی كۆبانی بێت، راستە هەموویان كوردن، بەڵام ئەو دەرفەتەی رەخساوە بۆ ئافرەتانی رۆژهەڵات و باكوور، بۆ ئافرەتی كۆمەڵگەی ئێمە نەڕەخساوە. ئەم جیاوازییە لە رۆڵنواندنی ئافرەت، لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان هۆكاری زۆرە، لێرەدا ئاماژە بە گرنگترینیان دەكەم.
بێگومان هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ كەلتووری وڵاتانی داگیركەر، هۆكاری دووەم، دەگەڕێتەوە بۆ ئایدیۆلۆژیا، مەبەستم پارتە سیاسییەكانی ئەو بەشانەی دیكەی كوردستانە. ئەگەر باس لە كەلتوور بكەین، ئەوە بێگومان بەشەكەی هەرێمی كوردستان، لە هەر سێ بەشەكانی دیكە داخراوەترە، لە راستیدا ئەم باسە زۆر هەڵدەگرێ، هاوكات پێویستی بە توێژینەوەی مەیدانی و فراوان هەیە، بۆ ئەوەی هەموو رەهەندەكانی ئەم هۆكارەمان بۆ روون بێتەوە. بەڵام ئافرەتی كۆمەڵگەی ئێمە، راستە لە سەردەمی پێشمەرگایەتی، كاریان لەگەڵ پیاوان بووە و لەگەڵ ئەوان لە تێكۆشاندا بوون، بەڵام رێژەیان كەم بوو، دواتر ئافرەتی سیاسییان لە چوارچێوەیەكدا حەشار داوە، ئەویش لە یەكێتییەكان و رێكخراوەكانی ئافرەتان، یان ژنان، ئەمە كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لە دوورخستنەوەی ئافرەت لە كاری سیاسی و ئایدیۆلۆژی بەگشتی. ئەم راستییانە بوونە هۆكاری ئەوەی، ئافرەتانی هەرێمەكەمان، نەتوانن هەمان رۆڵە مەزنەكەی كیژانی كۆبانێ ببینن، بەڵام هەر كاتێك كۆمەڵگەی ئێمە، كەلتووری ئێمە، باوەڕی بە تواناكانی ئافرەت هێنا و دەرفەتی بۆ رەخساند بچێتە بەرەكانی جەنگ و شان بە شانی پیاوانی پێشمەرگە بەشداری لە بەرگریكردن لە وڵاتەكەی بكات، ئەوكات رۆڵی ئافرەتەكانمان تەنها لە بازنەی چێشتلێنان بۆ پێشمەرگەكان نامێنێتەوە، بەڵكو مونافسەی ئافرەتانی كۆبانێش دەكات. بەڵام واقیعی كۆمەڵایەتیمان نە ئەو متمانەیە بە ئافرت دەكات، نە ئەو بڕوایەی بە تواناكانی هەیە، ئیتر چۆن رۆڵێكی بەرچاوی لەم قۆناخەدا هەبێت؟»
ئافرەتانی كورد لە مێژووی میللەتەكەیان رۆڵی گرنگیان بووە
لە لای خۆیەوە كەسایەتی ئەكادیمی و سیاسی د. سامان شالی سەبارەت بە رۆڵی ئافرەتی كورد لە قۆناغە هەستیارەكاندا بەمجۆرە راو بۆچوونی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو: «رۆڵی خانمی كورد لە مێژووی میللەتەكەمان رۆڵێكی بە نرخ و گرنگ بووە بۆ پێشخستنی پرسە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتیەكان. لە 1597دا (شەرەفنامە) باسی سێ خانمی كوردی ناوداری كردوە: یەكەمیان، حەلیمە خانم كە حاكم بووە لە (پاش كالی) ناوچەی هەكاری. دووهەم: فاتمەخان بوو بە سەرۆكی ئێزیدییەكان و ناسراو بە (مەلیكە)، سێهەمیش (عادیلەخان)ی ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور، لە ناو(عەشرەتی جاف)دا رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە بووژاندنەوی ئابووری ناوچەكە. بویە ئەركی هەموومانە كە رێز لەم خەباتەی خانمان بگرین. بێگومان رۆڵی خانمان تەنها لە بەڕێوەبردنی خێزاندا نییە، بەڵكو ئەمڕۆ رۆڵێكی زۆر گەورەیان هەیە لە هەموو بوارەكانی ژیان، جا لە بواری سیاسەت و حكوومەتدا بێت، یان لە بواری كۆمەڵایەتی و چالاكی مەدەنی. گەرچی هەڵگرتنی چەك لەلایەن خانمانی كوردەوە تازە نییە لە خەباتی میللەتەكماندا، بەڵام خانمانی كورد مێژوویەكی نوێیان بۆ خۆیان نووسیوە، نەك هەر لە مێژووی میللەتی كورددا، بەڵكو لە مێژووی جیهانیشدا. لە شەڕی دژ بە داعش لە كۆبانێ و ناوچەكانی دیكەی كوردستان خانمانی كورد سەرنج و رێزی هەموو جیهانیان بولای خۆیان راكێشا لە شێوازی خەباتی چەكداری و رۆڵی كاریگەریان لە رزگاركردنی ناوچەكانی كوردستان لە ژێر دەستی تیرۆریستان و دوژمنانی میللەتی كورد. هەروەها هەندێك خانم چەكیان هەڵنەگرتووە، بەڵام كاری زۆر گرنگ دەكەن بۆ بەڕێوەبردنی دەزگاكانی حكومەت و رۆڵێكی باشیان بینیوە لە پەرلەمان و كۆمەڵی مەدەنی و میدیاكان، ئەوانەی دیكەش بەردەوام پاڵپشتی پێشمەرگە دەكەن. دەبێت ئەوە لەبیر نەكەین كە هاوسەرەكانیان لە جەنگن، ئەمان ئیدارەی خێزان دەكەن وەكو دایك و لە جێگەی باوكیش، لە لایەكی دیكەوە خانمان لەكۆمەڵگەی كوردەواریدا لە دێزەمانەوە تا ئێستاش شان بە شانی پیاوان لە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و دابینكردنی بژێوی خێزان دەوریان بینیوە، هەروەها جێپەنجەیان دیار بووە لە شیعر و تەمسیل و پەروەردەكردنی نەوەكانی نوێی خوێندكاران. بەڵام بەداخەوە بەپێی پێویست خانمان رۆڵی سەرەكییان لە ئاستی بڵندی حزبەكان و حكومەتدا پێنەدراوە. لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمدا تەنها یەك خانم وەزیرە، لە كاتێكدا كە ئەم رێژەیە ناگاتە 5%ی كابینەی وەزارەتەكان. ئەمە جێگەی پرسیار و ئاوڕلێدانەوەیە و پێویستە كار بكرێت بۆ زیادكردنی رێژەی بەشداریكردنی خانمان لە ئاستی دەستەڵات و بڕیاردا. لەوە دەچێت خانمی كوردستانی خۆیشی كەمتەرخەم بێ لە بەدەستهێنانی مافەكانی، چونكە پێداناگرێ لەسەر داواكارییە رەواكانی و یەك هەڵوێست نییە لەگەڵ خوشكەكانیدا، لە كۆتاییدا ماوە بڵێین: خانمان كانی ژیانن، پێویستە ژن بۆ ژیان و ژیان بۆ ژن بێت».
ئافرەتان درێغییان لە كۆمەككردنی پێشمەرگە نەكردووە
لە لای خۆیەوە حەیات مەجید ئەندامی لیژنەی پاراستنی مافی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوەی بۆ گوڵان كرد كە «ئافرەتی كورد لە دێرزەمانەوە و لە سەردەمی خەباتی شاخ و شار خەباتگێڕ و زەحمەتكێش بووە، وێڕای رۆڵی دایكایەتی و پەروەردەكرنی منداڵ ئافرەتان هاوسەنگەر و هاوكاری برا پێشمەرگەكان بوون، لە ئێستاشدا رۆڵی گرنگتر و هەستیارتریان بینیوە»، گوتیشی: «خۆشبەختانە ئافرەتی مامۆستا و بەڕێوەبەر و رۆژنامەنووس و وەزیر و پەرلەمانتارمان هەیە، ئەوەش بۆ هەوڵ و خەباتی خودی ئافرەتان دەگەڕێتەوە، كە توانیویانە ئەو كرانەوەیەی كە لە ئاستی دونیادا هەیە، بیقۆزنەوە و سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و بێنە مەیدانی خەبات و تێكۆشان لە پێناو یەكسانی لە ئەرك و مافدا و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەڵبگرن، چونكە سەربەخۆبوونی ئافرەت لە رووی ئابوورییەوە هۆكارێكە بۆ رزگاربوونی خودی ئافرەت لە چەوسانەوە و جیاكاری، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا كە كەوتووینەتە ناو جەنگێكی نەخوازراو دیسان رۆڵ و هەوڵەكانی ئافرەت مایەی شانازی هەموو گەلی كوردە، ئەمڕۆ ئەركی ئافرەتی كورد لە ئەركی دوێنێی زۆر قورسترە، ئافرەت وەكو پیاو چەكی شەرەفی هەڵگرتووە و بەرگری لە خاك و نیشتمان دەكات و چەندین ئافرەتیش لەم جەنگەدا شەهید بوون، ئەوانەش كە لە ماڵەوەن وێڕای سەرپەرشتیكردنی خێزان و پەروەردەكردنی منداڵ لە غیابی باوك و بەڕێوەبردنی دەزگاكانی دەوڵەت، درێغییان لە كۆمەككردنی پێشمەرگە نەكردووە، كۆمەڵ كۆمەڵ و دەستە دەستە كۆدەبنەوە و نان و خواردن بۆ پێشمەرگە ئامادە دەكەن».
خانەوادەی شەهیدان پێویستییان بە قەرەبووكردنەوەی مەعنەوی هەیە
ئاری رەفیق قوتابی ماستەر، رایوایە «لە ساڵڕۆژی 8ی مارس جێی خۆیەتی هەم رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی هەم دامەزراوە حكومییەكان چەند دەستپێشخەری بكەن: یەكەم: كاری جددی بكەن و هەوڵی زۆر بدەن بۆ دۆزینەوەی خانەوادەی یەك بە یەكی ئەو 1000 شەهیدەی كە لە شەڕی پاراستنی نیشتماندا ماڵئاواییان لێكردین، دواتر «خەڵاتی رێزلێنان» ببەخشنە یەك بە یەكی ئەو دایكانەی كە كوڕەكانیان لە شەڕی دژبە داعش پێشكەش بە خاك و نیشتمان كرد.
دووەم: بۆ قەرەبووكردنەوەی لایەنی مەعەنەوییان جێی خۆیەتی لەسەر رووپەڕی هەر رۆژنامەیەك و لەسەر دیواری هەر شوێنێك و لە یادكردنەوەی هەر شەهیدێكدا وێنەی منداڵ و دایكی شەهیدەكەش هەڵبواسرێ». گوتیشی: «ئەوە ئاست و فۆرمی پەروەردەی دایكانە وادەكا ئەو ژمارە زۆرە قارەمانە گیانی خۆیان ببەخشن لەپێناوی پاراستنی ئەوانی دیكەدا، ئەوە ئازایەتی دایكە كوڕێكی ئازا بەرهەمدەهێنێ و دواجار دەیبەخشێ بە نیشتمان، نابێ لە بیرمان بچێ كە لە پاش شەهیدبوونی هەر كوڕێكی ئەو نیشتمانە هیچ كەس ئەوەندەی دایكی لە ئاست ئازار و حەسرەتی لە دەستدانی كوڕەكەیدا ناتوێتەوە، چونكە «دایك» سێ جار دەبێتە قوربانی، جارێك 9 مانگ بە ئازارەوە كوڕێك هەڵدەگرێ دواتر بە ئازارەوە دەیهێنێتە دنیاوە و دواتریش بە ئازارەوە پەروەردەی دەكا، جاری دووەمیش ئەو كاتەی هەر بە ئازارەوە جەستەی سووری كوڕەكەی دەبینێ و دەیبەخشێ بە نیشتمان، جاری سێیەمیش هەر بە ئازارەوە لەگەڵ یادەوەرییەكانی دەژی و هەر بەو یادەوەرییانەشەوە دەمرێ».