ئافرەتانی ماڵەوە داوای تێكەڵكردنیان بە ناوەندەكانی كار دەكەن

ئافرەتانی ماڵەوە داوای تێكەڵكردنیان بە ناوەندەكانی كار دەكەن
هەموو مرۆڤایەتی بەرهەمی كار و ماندووبوونی خۆی دەماشێتەوە و خەریكە دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەك تێپەڕ دەكەن و یەكسانیی رەگەزی لە زۆربەی وڵاتاندا جێی بایەخە، بەڵام لە سەرلەبەری وڵاتانی پێشكەوتووشدا شتێك بە ناوی مووچەی بەلاش بۆ هیچ رەگەزێك دیاری نەكراوە، كەچی بڕینەوەی مووچە بۆ ئافرەتی ماڵەوە، لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دروشمی زۆربەی كاندیدەكانی هەردوو پەرلەمانی كوردستان و عێراق بوو. بۆچی دەبێ چەمكی ئافرەتی ماڵەوە بوونی هەبێت؟ بۆچی لە بری بڕینەوەی مووچە بۆ كابانی ماڵ، هەوڵ نادرێ لە چوارچێوەی ماڵ دەربهێندرێن و تێكەڵ بە ناوەندەكانی كاركردن بكرێن؟ ئایا ئافرەتانی ماڵەوە خوازیارن مووچەی خۆڕاییان بدرێتێ و وەك خێرپێكردن هەژمار بكرێت؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

ئافرەت نابێت ساقەسەر بژی
«ئەگەر دەڵێن ئافرەت نیوەی كۆمەڵە و ئافرەت و پیاو یەكسانن، دەبێت ئەوە تەنیا دروشم نەبێت و ببێتە واقع، دەبێت ئافرەتیش وەك پیاو هەلی كاركردنی بۆ بڕەخسێ و لە خوێندن و ئیش و كار و لە دام و دەزگا حكوومی و ناحكوومییەكاندا بوونی هەبێت، نەك بە ساقەسەری ئەم و ئەو بژی». ئەوە قسەی رێزان سابیر بوو. ئەو فەرمانبەرە لە سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەدین و نیگەرانی خۆی لەوە دەردەبڕێت كە «زۆربەی پیاوانی كۆمەڵگەی ئێمە رێگرن لە بەردەم كاركردنی خوشك و هاوسەر و كچی خۆیان، هەمیشە ژن بە ئامرازێك بۆ منداڵ خستنەوە و نانكردن و چێشتلێنان و جل شووشتن دەزانن، پیاو دەیەوێ وەكو ئاغا ئەمر بكات و ژنەكەشی كارەكەر و خزمەتكاری ماڵ و میوان و منداڵ بێت». گوتیشی: «ئافرەت مرۆڤە و خاوەن ماف و ئەركە، بێگومان ئەم ئەرك و مافانە بەستراونەتەوە بە سروشتی دروستبوونیەوە، ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێ كە ئافرەت خاوەن توانا و لێهاتوویی نییە، بە پێچەوانەوە ئافرەت توانا و لێهاتوویی لە زۆر بواری ژیاندا هەیە كە پیاو نییەتی». سەبارەت بە بڕینەوەی مووچەش بۆ كابانی ماڵ گوتی: «من پێموایە ئافرەت نابێت ساقەسەر بژی، نە ساقەسەری كەسوكاری نە ساقەسەری حكومەت، لە بری ئەوە دەكرێ هەوڵی لێپرسینەوە لەگەڵ ستەمكار و رێزشكێنەری ئافرەت و لەكارخەری تواناكانی بدرێت، ئافرەت دەتوانێ بە توانا و دەستڕەنگینی خۆی ببێتە خاوەن داهاتی سەربەخۆ، نەك خێری پێ بكەن، بەگشتی تائێستا پرۆژەیەكی روون و ئاشكرا نییە سەبارەت بە رابوونی ئافرەت و پێگەیاندن و دەرهێنانی لە ماڵ، ئەوەش پێویستی بە تێكۆشانێكی سەختی هەمە لایەن هەیە».
ئافرەت لە ماڵەوە بەهرەكانی دەمرێ
پەرلەمانتار حەیات مەجید بڕیاردەری لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات كە بڕینەوەی مووچە بۆ كابانی ماڵ، پڕۆژەیەكی فراكسیۆنی گۆڕان بوو لە خولی رابردووش قسەی زۆریان لەسەر ئەو بابەتە كرد. ئەو پەرلەمانتارە رایوایە ئەو دروشمە (بڕینەوەی مووچە بۆ كابانی ماڵ) وەك كەرەستەیەك لە كاتی هەڵبژاردنەكان بەكار هاتووە، ژمارەیەكی زۆر ئافرەتی ماڵەوەش بەو پڕۆژەیە دڵخۆش بوون. گوتیشی: «من شەخسی خۆم و وەكو بڕیاردەری لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتیش لەگەڵ ئەو پڕۆژەیە نیم و پێم باشە ئافرەت بە كاربخرێت و بهێندرێتە دەرەوەی ماڵ، نەك لە ماڵەوە زیندانی بكرێت و بەهرەكانی بمرن، چونكە سەدان ئافرەتی دەستڕەنگین و خاوەن بەهرەمان بۆ نموونە لە رستن و چنین و دروومان و كاری دەستی هەیە، تەنانەت چەندین شوێن بۆ كردنی نان كراوەتەوە، لەم حاڵەتانەدا ئافرەتانی نەخوێندەوار و بێ بڕوانامەش دەتوانن لەو كارانە سوودمەند دەبن، لە كاتێكدا ئەو بڕە پارەیەی كە بڕیارە بۆ كابانی ماڵ وەكو مووچە ببڕێتەوە، پارەیەكی زۆر رەمزی و زۆر كەمە كە لەگەڵ پێداویستییەكانی ئەمڕۆی ئافرەتان بە هیچ شێوەیەك ناگونجێ، باشترین شت ئەوەیە كە هەلی كار بۆ ئافرەت فەراهەم بكرێت، بۆ ئەوەی هەم ئابوورییەكی سەربەخۆی هەبێت و هەم پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی بە تێكەڵ بوونی بە جیهانی كار بەهێز بێت، لەئێستاشدا ئەو پڕۆژەیە لە پەرلەمان قسەی لەسەر دەكرێ، بەڵام بەهۆی ئەو بارە ئابوورییەی كە كوردستانی گرتۆتەوە، پڕۆژەكانی پەیوەست بە پارە راگیراون، بەڵام دڵنیام دەخرێتە بواری گفتوگۆكردن».
ژیان عومەر چالاكی بواری مافەكانی ئافرەتە و پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمان بووە، ئەویش ئاماژە بەوە دەكات كە لە خولی پێشووی پەرلەمان، پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە هەبوو، بەڵام لەسەر جێبەجێكردنی كۆك نەبوون، سەبارەت بە هۆكارەكەشی گوتی: «هەموومان دەزانین پیاوی ئێمە چۆن بیردەكاتەوە، پێدانی مووچە بە ئافرەتی ماڵ رێگە بۆ پیاو خۆش دەكات، تاوەكو رێگەی كاركردن و چوونە دەرەوە لە هاوسەركەی بگرێت، كاتێك بزانێت هاوسەرەكەی ئەگەر لەماڵەوەش دابنیشێت، مووچەكەی مسۆگەر دەبێت، دەڵێ: ژنەكە لەماڵەوە دابنیشە و منداڵەكانت خزمەت بكە، چونكە مووچەكەت مسۆگەرە، هەروەها پیاوی ئێمە حەز دەكات لەماڵەوە چێشتی گەرم و نەرمی هەبێت، حەز ناكات هاوسەرەكەی لە دەرەوە كار بكات، لە روویەكی دیكەوە پێدانی مووچەی خۆڕایی وادەكات ئافرەت تەمبەڵ بێت و لەكۆمەڵگە و لە كەشی دەرەوەی ماڵ دوور بكەوێتەوە، تەنانەت وادەكات حكومەت بەچاوی بەزەیی سەیری ئافرەت بكات، ئێمە نامانەوێ حكومەت ئەو هەستەی هەبێت، چونكە ئافرەت زۆر لەوە بەتواناترە، ئافرەت وەزیرە، بەڕێوەبەری گشتییە، پەرلەمانتار و رۆژنامەنووسە، بەڵام بە بڕینەوەی مووچە بۆ كابانی ماڵ ئافرەت لە ژێر رەحمەتی باوك و برا و مێرد دەردەهێندرێت و دەخرێتە ژێر رەحمەتی حكومەت، ئەو هۆكارنە وایانكرد رێگە لەم پڕۆژەیە بگرین و نەخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە».
میدیاكار و توێژەری كۆمەڵایەتی هێمن ساڵح، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «كاركردنی ئافرەت یەكێكە لەو هۆكارە گرنگانەی كە ئافرەت سەربەخۆ دەكات، ئەوەش دەبێتە ئامرازێك بۆ گەیشتن بە مافەكانی، پێشتر روانینی پیاو بەرامبەر بە كاركردنی ئافرەت لە كۆمەڵگەی ئێمە روانینێكی خراپ بوو، چونكە پێیانوابوو سەربەخۆبوونی ئابووریی ئافرەت وادەكات لە پیاو هەڵگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا جێگەی دڵخۆشییە كە پیاوان روانینیان لە بەرامبەر بەوە باشتر بووە و دەرفەتی كارو چوونە دەرەوەی ئافرەت لە ماڵان بە باش دەزانن، ئەوەش پەیوەندی بە كرانەوەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی خۆمان بە رووی پێشكەوتنەكانی جیهان و كۆمەڵگەكانی دیكەوە هەیە، لەلایەكی دیكەش دابینكردنی داهات و ئابووریی خێزانی لەم سەردەمە سەخت بووە، زیادبوونی كەرەستەكانی ژیان و پێداویستیەكانیش وای كردووە پیاوان بە تەنها دەرەقەتی نەیەن، بۆیەش دەرفەتی كاركردن بە ژنان دەدەن و بە شتێكی ئاسایی و باشی دەبینن».
حكومەت بە پێدانی قەرز دەتوانێت كارئاسانییان بۆ بكات
ئەو كۆمەڵناسە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئافرەت هەرچەندە لە رووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت، هێندەش گەیشتن بە مافەكانی و نەچەوساندنەوەی لەلایەن پیاوانەوە باشترو زیاتر دەبێت، چونكە زۆربەی ئەو پیاوانەی كە ئافرەتەكانیان لەماڵەوەن، وای دەبینن كە تەنها ئەوان ماندوون و ئافرەتەكانیان لەسەر سكی تێر دانیشتوون، جگە لەوەش وای دەبینن كە ئافرەتەكان ئەگەر ئەوان نەبن، هیچ پەناگەیەكیان نابێت و لە برسا دەمرن، بەڵام هاتنە دەرەوەی ئافرەت لە چوارچێوەی ماڵ كۆتایی بەو بۆچوونە دەهێنێت و پیاوان ئەوە لێكدەدەنەوە كە ئەوانیش نەبن ئافرەتەكان دەژین و كێشەیان نابێت، ئەوەش هێندەی دیكە پیاوان ناچار بە پێدانی ماف و رێزگرتنیان دەكات».
هێمن بڕینەوەی مووچە بۆ كابانی ماڵ رەت دەكاتەوە و هاوكات دەڵێت: «بڕینەوەی مووچە بۆ كابانی ماڵ بە پارەیەكی رەمزی تەنیا كەسایەتی ئافرەت دەشكێنێت و لە بری ئەوە پێویستە تێكەڵ بە ناوەندەكانی كار بكرێن، هەروەها دەكرێ حكومەت بە پەروەردە و راهێنان و فێركاری لە پیشەیەك ئافرەتان بكاتە خاوەن ئەزموون و دواتر بە پێدانی قەرزی بچووك و گەورە كارئاسانییان بۆ بكات، كە تەنانەت ئافرەت خۆی خاوەن پڕۆژە و داهاتی باشتر و ئابوورییەكی سەربەخۆ بێت»،
دەوڵەت و كۆمەڵگە و میدیا و كۆمەڵگەی مەدەنی
دەبێت كاری جددی بۆ بكەن
هاوژین عومەر رۆژنامەنووس بەمجۆرە باس لە پرسەكە دەكات و دەڵێت: «رەخساندنی هەلی كار و پشكداریكردنی ژنان لە كایە جیاجیاكانی كۆمەڵگە بنەمای سەرەكی و مەبدەئی یەكسانییە، كۆمەڵگەی پێشكەوتوو و پێگەیشتوو ئەو كۆمەڵگەیە كە یەكسانی رەگەزیی تێدا بەرقەرارە، یەكێك لە پێوانەكانی كۆمەڵگەی تەندروست لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە رادەی بەشداریكردنی ژنانە لە كایەكانی ژیاندا.» گوتیشی: «بێگومان كە باس لە بەشداریكردن دەكەین، مەبەستمان پشكداری راستەقینە و راستگۆیانەیە، نەك بەشداریی سەر پێی و رواڵەتییانە، كە بەداخەوە بەشێكی زۆر لە دەسەڵاتە سیاسییەكانی رۆژهەڵات ئەم پرسەیان وەك رواڵەت وەرگرتووە و ئافرەتان وەك دیكۆر و جوانكردنی دەسەڵات لە كایە ئیداری و سیاسییەكان بەكاردێنن».
هاوژین هێما بۆ ئەوە دەكات كە فراوانكردنی زەمینەی كاركردنی ئافرەتان، لە كاری بازرگانی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئیداری، رێكخراوەیی و...تاد، دوو لایەن لەخۆدەگرێت، «یەكەمیان: تەشریعاتە دەستووری و یاساییەكانە، دووەمیان: بایەخی دەوڵەت و كارئاسانیكردنیەتی بۆ راكێشانی زۆرترین ژمارەی ژنان بۆ بازاڕی كار و ئیدارە و سیاسەت. لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە ئەركی دەوڵەت و كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیایە كار لەسەر گۆڕینی نەزڕەی دواكەوتووی كۆمەڵگە بكەن بەرامبەر كاركردنی ژنان، دەوڵەت بەهاماهەنگیكردن لەگەڵ میدیا و رێكخراوەكان دەتوانێ بەشێوەیەكی قۆناخدار كار بكاتە سەر رای گشتی بە ئامانجی گۆڕینی دیدو و ئاڕاستەكانی كۆمەڵگە بەرامبەر ئەم بابەتە. حكومەت لە كەرتی گشتیدا دەكرێ پلەی وەزیفی زیاتر بۆ ژنان تەرخان بكات، لە كەرتی تایبەتیشدا دەتوانێ بەهۆی هاندانی بزنسمان و كۆمپانیاكانەوە فەزایەكی فراوانی كاركردنیان بۆ بڕەخسێنێ، بۆ نموونە رێژەیەك بۆ ژمارەی كاركەرانی ئافرەت لە كۆمپانیا و پڕۆژە ئەهلییەكان دیاری بكات، گەر هەر كۆمپانیا و پرۆژەیەك توانی ئەو رێژەیەی ئافرەت لەلای خۆی بەكاربخات، حكومەت لە بەشێك لە باجەكانی خۆش بێت. بەكورتی فراوانكردنی پانتایی كاركردنی ئافرەتان پڕۆسەیەكی تێكهەڵكێش و قۆناخدارە، دەبێ دەوڵەت و كۆمەڵگە و میدیا و كۆمەڵگەی مەدەنی بەیەكەوە شانی بدەنە بەر و كاری جددی و بەردەوامی بۆ بكەن.
شەهلا عەلی كابانی ماڵە و ئەویش باسی ئەوە دەكات كە كە توانای ئافرەت لەوە زیاترە كە تەنیا كابانی ماڵ و بەخێوكەری منداڵ و چێشتلێنەر بێ، بگرە دەتوانێت بە هیممەتی خۆی خێزانێك ئیدارە بكات. گوتیشی: هەموو پیاوە گەورەكان دایك و هاوسەریان هەیە، هەر ژنیشە پشتیوانیانە، بەڵام ئێمە وەك كابان و ئافرەتی ماڵەوە ئەوەندە سەرگەرمی كاری ماڵەوە كراوین و لە ناو چوار دیواری ماڵ تووشی خەمۆكی بووین، دەرفەتمان نییە بیر لە شتی دیكە بكەینەوە، حەسوودی بەو ژنانە دەبەین كە خاوەن ئۆتۆمبێل و كار و داهاتی خۆیانن.
Top