وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی: بایەخی تەواو بە پرسی مافەکانی ئافرەتان دەدەین

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی: بایەخی تەواو بە پرسی مافەکانی ئافرەتان دەدەین
لە درێژەی چالاکیەکانی ١٦ رۆژی دژی توندو تیژی دژ بە ئافرەتان و کچان، مێزگردی تایبەت بە بواری کۆمەڵایەتی ئاوارەکان لە کوردستان، ئەمڕۆ یەک شەممە ٢١٤/١٢/٧ وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بەشداربوو لە خولی گفتوگۆکان لەبارەی ئافرەتی راگوێزراو و دابینکردنی بژێوی ژیان و یارمەتی دەروونی و کۆمەڵایەتی.

چالاکیەکان کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، پەخشان زەنگەنە سەرۆکی ئەنجومەنەکە لەسەرەتادا بەناوی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانەوە بەخێرھاتنێکی گەرمی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کردو خۆشحاڵی خۆیانی دەربری بە ئامادەبونیان و رایگەیاند کە وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بایەخی تەواوی بە پرسی مافەکانی ئافرەتی داوەو ھەر لەسەرتاوە ئامادەیی ھەبوەو ھاوکاری تەواویانی راگەیاندووە.

لای خۆشیەوە محەمەد ھاودیانی، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە وتەیەکیدا سوپاسی ئەنجومەنی کاروباری خانمان و رێکخراوی UNFPA کرد بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان و ووتی: ئەنجومەنی خانمان شوێنپەنجەی خۆیان دیارەو کاری جددیان کردوە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان.
وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی وتیشی: جوڵەو بزاڤی خانمان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانیان قۆناغی باشی بڕیوە و لەم قۆناغە ئەرکەکە بە خۆتان سپێردراوە ئێمەش وەک وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیرانیش پێویستە ھاودەست و ھەماھەنگی زیاترتان بین و یارمەتیدەرێکی سەرەکیتان بین.

محەمەد ھاودیانی ئاماژەی بەوەش کرد: رژێمە دیکتاتۆر و داگیرکەرەکان بەھەموو شێوەیەکی نامرۆڤانە ئافرەتانیان چەوساندەوە و ستەمیان لە ئافرەتانی کورد کرد، بەڵام ئەم قۆناغە وەڵامێکە بۆ ئەو رژێمە دیکتاتۆرانە کە ئیرادە و خۆراگری و بەھێزی ئافرەتانی کورد بۆ بەدەستھێنانی مافەکانیان سەرکەوتوترە لە ھەوڵە شکست خواردووەکانی ئەوان.
لەبارەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیشەوە ھاودیانی گوتی: وەزارەتەکەمان پشکی زۆری بەرکەوتووە لە داکۆکی و پاراستنی ئافرەتان و بەڵێنی ھەموو ھاوکاریەکی باش و چاک دەدەین و وەزارەتەکەمان دەرگای واڵا دەبێت بۆ خانمان، ئێمە پێویستیمان بە خەباتێکی ھەمەلایەنە دەبێت بۆ ئەوەی بە جیھانی نیشان بدەین کە گەلێکی خەباتکەرین .
ئاماژەی بە سەردانەکەی کرد بۆ وڵاتانی ئەوروپا کە وەک لێژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی کوردانی شنگال و پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی تر بوون و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا و دادگای باڵای تاوانەکان و بەرپرسی دۆسیەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارو وەزیرەکانی ئەو وڵاتانە بەرچاوروونی و ھەموو ئەو بەڵگانەیان پێداون کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە بەسەر ئافرەتانی ناوچەکانی دەشتی موسڵ و شنگال داھاتووە .
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: لە سەردانەکەماندا داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ھاوکار و ھەماھەنگ بن بۆ ئافرەتانی ئێمە چونکە لە ئێستادا دایکانی ئێمە جەرگ سوتاو دەبن و کورد لەبری ھەموو دونیا شەری داعش دەکات بۆیە پێویستە ئەوپەری ھاوکاریەکانیان بخەنە گەر.

دواتریش ئەوەی راگەیاند کە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لێژنەیەکی تایبەتی پێک ھێناوە بۆ بەھاناوەچوونی ئافرەتان و منداڵان و پەککەوتان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکانی نێو کەمپەکان لەرێگای ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە، ھەروەھا بەرێوبەرە گشتیەکانیش راسپێردراون بەوەی لەگەلڕ لێژنەکانی پارێزگاکان دەستبەکاربن بۆ بەھاناوەچوونی ئاوارەکان.


لە کۆتاییشدا جارێکیتر ھاوکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راگەیاند بۆ بەدەمەوەچوون و سەرکەوتن و بەدەستھێنانی تەواوی مافەکانی ئافرەتان.
Top