ئافرەتان هێمای ئاشتەوایین
November 20, 2014
کۆمەڵایەتی
دەكرێت باشترین شارستانییەتی لەسەر بنیات بنرێت
ئەزموونەكانی جیهان سەلماندوویەتی كە هیچ وڵاتێك بەبێ بەشداری ئافرەتان ناتوانێ خاوەن سیاسەتێكی راست و دروست بێت كە بە شێوەیەكی گونجاو كاربكات، بەو دەرئەنجامەش گەیشتوون كە ئافرەتان زیاتر دەتوانن رێگە لە شەڕ و توندوتیژی بگرن و تەنانەت بۆ پرۆسەكانی ئاشتەوایی لە دوای شەڕیش ئەگەرچی لە ئاستێكی دیاریكراویشدا بێت، پێویستییان بە بەشداریی كارای ئافرەتان دەبێت، بەڵام تا هەنووكە لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بایەخیان بەو هاوكێشانە نەداوەو لەڕووی عەمەلییەوە هەنگاوی ئەوتۆیان بۆ هەڵنەگرتووە.
پەراوێزخستنی ئافرەت و دەسەڵاتی پیاو
ئاگری شەڕەكانی بەردەوام كردووە
چالاكییەكانی ئافرەتان لە پێناوی ئاشتەواییدا مێژوویەكی دێرینیان هەیە، مارسی 1915 كاتێك شەڕی یەكەمی جیهانی بۆ چەند مانگێك بەردەوام بوو، ژنانی سۆسیالیست لە بەرلین كۆبوونەوە و (كلارا زتكین) بە دەنگی بەرز داوای خەباتی لە پێناوی ئاشتیدا كرد.
لە سەدەی 19ی زایینی رۆماننووسی بەناوبانگ (بێرتا ڤۆن ساتنێر) لە كتێبی «مەرگی چەك»دا - 1889 - بە توندی دژایەتی جەنگەكان دەكات. هەروەها (هەریت بیچەر ئێستۆ) نووسەری كتێبی «كۆخی مامە تۆم» لە دژایەتیكردنی رەگەزپەرستی و چەوسانەوەدا بەناوبانگە. هەروەها دەكرێ ئاماژە بە رۆڵی (ئەلئانور رۆزڤۆڵت) سەرۆكی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بكەین كە لە تەشكیلەی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ (كە لە 10ی سێپتەمبەری 1948 لە پاریس پەسەند كرا) جێدەستی دیارە. ئەو خاتوونە لە سەردەمی جۆن كنێدی (سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا)، سەرۆكی كۆمیسیۆنی پێگەی ژنان لە ئەمریكا بووە.
هەروەها ڤێرا بریتین V. Brittain لە رۆمانەكەیدا بە ناوی «وەسیەتنامەی گەنجی»، بە توندی شەڕی یەكەمی جیهانی دەخاتە ژێر پرسیار و ئیدانەی دەكات، ئەو خاتوونە هەموو ژیانی خۆی بۆ دژایەتیكردنی شەڕ و چەسپاندنی ئاشتی تەرخان كرد .
خانمی بێرتا ڤۆن ساتنێر لە ساڵی 1901 خەڵاتی ئاشتی نۆبل ی وەرگرت و هاتا ساڵی 1914 كە كۆچی دوایی كرد، سەرقاڵی ئامادەكارییەكانی سازادنی كۆنگرەی ئاشتی لە ڤیەنا بووە.
جین ئادامز ساڵی 1930 پێش وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نۆبل، لە راگەیەندراوێكیدا بۆ هەموو سەرۆك وڵاتانی جیهان، پێداگری ژنانی بۆ ئاشتەوایی دووپات كردەوە، یەكێك لە چالاكییە بەرچاوەكانیشی ئەوە بوو كە هەوڵی دا هەزار ئافرەت لە 12 وڵاتەوە لە (لاهای) كۆببنەوە، هەتا جارێكی دی بانگەشەی ئاشتەوایی بكەن.
ساڵی 1976 خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ بە دوو ئافرەتی ئیرلەندی (بێتی ویلیامز و مەرید كۆریگان) درا، كە ئەو دوو خانمە توانای ئەوەیان هەبوو، هەتا 30 هەزار ئافرەتی كاتۆلیك و پرۆتستان بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە بێننە سەرشەقام و داكۆكی لە ئاشتەوایی بكەن.
دایكە تریزا كە لە ساڵی 1979 خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی وەرگرت، پێش مردنی 370 ناوەندی بۆ وەرگرتنی هەژاران و خزمەتكردنیان دروستكرد.
ئالوا میردال، ساڵی 1982 خەڵاتی ئاشتی نۆبلی پێ بەخشرا. ئەو كەسایەتییە لە ساڵەكانی 1966 تا 1973 وەزیری داماڵینی دەوڵەت لە چەك بووە، ماوەیەكیش لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا سەرۆكی داماڵینی چەك بووە و هاریكاری زۆری وڵاتانی جیهانی سێهەمیشی كردووە.
لە ئافرەتانی دیكەی وەرگری خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ، دەكرێ ئاماژە بە (ئەمیلی گرین باڵچ)ـی ئەمریكی 1946، هەروەها (ئۆنگ سان سو كی) لە میانمار 1991، (ریگۆ بێرتا مانشۆ) لە گواتیمالا 1992، (جوودی ویلیامز) 1997،(د. شیرین عیبادی) لە ئێران2003، (وانگاری موتا مائاتا) لە كنیا 2004 و مەلالە یوسفزای لە پاكستان 2014 بكەین، كە مەلالەی پاكستانی تەنانەت سنووری تەمەنی یاساییشی تێپەڕاند.
هەتا زیاتر ئافرەتان باڵادەست بن
زیاتر ئاشتی سەقامگیر دەبێت
د. چنار سەعد وەك خانمە سیاسەتكارێكی كورد و ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دەستپێكی قسەكانیدا بۆ گوڵان، باسی ئەوەی كرد كە لە رووی بایۆلۆژییەوە لایەنی سۆزداری ئافرەت بەهێزترە لە پیاو، لەبەر ئەوەشە كە خەسڵەتی دایكایەتی و پەروەردەكردنی منداڵی پێ بەخشراوە. گوتیشی: «ئەگەر تەماشای مێژوو بكەین، دەبینین بە درێژای مێژوو ئەو كاتانەی كە ژن لە كاری بەڕێوەبردن و ئیدارییەوە دوور بووە، توندوتیژی و جەنگ و ماڵوێرانی باڵی بەسەر ژیاندا كێشاوە، واتا تا كاتێك ژن هیچ پێگەیەكی ئیداری نەبێت و لەدەسەڵاتی بڕیارەوە دووربێت، توندوتیژی و پەشێوی و شەڕ ماڵوێرانی بڵاو دەبێتەوە، بەڵام ئەوكاتەی كە پێگەی ژن دەركەوتەوە و ژن و پیاو بە شەراكەت كۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن، بەتایبەتی دوای دروستبوونی شەراكەتی راستەقینەی ژنان لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردندا لە دوای جەنگی یەكەم و دووەمی جیهان، جەنگ و توندوتیژییەكانی بەرەو كەمبوونەوە چوون».
د. چنار جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر ئافرەت لە ئیدارەكردنی وڵاتانی جیهاندا بەشداری پێ بكرێت، ئەوكاتە ئاشتیش سەقامێگردەبێت، ئەوەشی دووپات كردەوە كە «هەتا زیاتر ئافرەتان باڵادەست بن، ئاشتی زیاتر سەقامگیر دەبێت، چونكە هەمیشە ئافرەت وەك دایك بیر دەكاتەوە و نایەوێت رۆڵەكەی بكاتە قوربانی بۆیە دژی هەموو پەشێوی و نائارامییەكە و هەوڵی ئاشتەوایی دەدات». گوتیشی: «لە كوردستانیش ئافرەتان بەهەمان شێوەی جیهان دەتوانن ببنە هەڵگری مەشخەڵی ئاشتی و بە هاوبەشیی پیاوە ئاشتیخوازەكان داوای ئاشتی بكەن»، نموونەشی بە رووداوەكانی 17ی شوبات هێناوە كە دۆخێكی سیاسیی ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستان دروستكرد، هەر لەو بارەیەوە گوتی: «دوای رووداوەكانی 17ی شوبات، ئەوكات ئێمە بە هاوبەشیی ژنانی حزبە سیاسییەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن كەوتینە دروستكردنی جۆرە هاوبەشیەك بۆ ئەوەی شەڕ و نائارامی كەم بكەینەوە، بەسەردانی كردنمان بۆ لای هەموو لایەنەكانیش توانیمان تا رادەیەك كەشەكە ئارام بكەینەوە». گوتیشی: «ئێمە پڕۆگرامێكی تایبەتمان بۆ نزیككردنەوەی سەرجەم لایەنەكانی كوردستان ئامادە كردووە، بەتایبەتی لە ئێستادا كە شەڕی داعش لە ناوچەكە گرفتی زۆری بەرهەمهێناوە، هەستاین بە دروستكردنی رێككەوتنێك لەنێوان سەرجەم لایەن و پارتە سیاسییەكان و خەریكی داڕشتنی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنەین لە ژێر ناونیشانی (بەڵێننامەی نیشتمانی)، ئەم رێككەوتنە نەك لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەڵكوو لە نێوان هەموو حزبەكاندایە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە ئێمەی ئافرەت هەمیشە بە دوای ئەوەوەین ئاشتی سەقامگیر بێت و شەڕ و ئاشووب نەهێڵین و دژی دروستبوونەوەی توندوتیژی وگرژی لە هەموو شوێنێكی جیهاندا دەوەستین .
توێژەری كۆمەڵایەتی شادان وەستا ساڵح، سەبارەت بە هەمان پرس بۆ گوڵان دێتە ئاخافتن و دەڵێت: «بێگومان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ژنان هەمیشە بۆ دروستكردنی ئاشتەوایی لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی رۆڵ و پێگەی تایبەتیان هەبووە». ئەو توێژەرە رایوایە «ئافرەت بە رەچەڵەك حەز بە ئاشتی دەكات و دژی توندوتیژییە، چونكە ئافرەت خۆی لە خۆیدا كائینێكی ئاشتیخوازە و لە رووی هەست و سۆزیشەزە، زۆر لە پیاو بەسۆزترن، ئەمەش وایكردووە كە هەمیشە حەز بە ئاشتی بكەن و هەرگیز نەبنە پۆپی ململانێیەكان»، گوتیشی: «ئەگەر ئافرەتان بە باكگراوندێكی بەهێزەوە لە مەیدانی ململانێ سیاسییەكاندا رۆڵ ببینن، ئەوا بێگومان جێدەستیان بە شێوەیەكی كاریگەر لەسەر هەموو جومگەكانی ژیان دیار دەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە ئافرەتان بەدەر لە ئینتیما و لایەنگیری و بەرژەوەندپەرستی ئەو كارانە بكەن».
ئەو توێژەرە بە پێویستی دەزانێت ئافرەتان رۆڵی راستەقینەی خۆیان لە بواری گەشەكردنی ئاشتەوایی لە كۆمەڵگەدا بگێڕن، گوتیشی: «هەر چەندە بەدیهێنانی ئاشتەوایی لەسەرجەم جیهاندا یەكێكە لە كارە هەرە گرانەكان، بەتایبەتی لە ئێستادا، چونكە رۆڵ و پێگە جوانەكانی ئافرەتان فەرامۆش كراوە، بەڵام ئەگەر ئافرەتان بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی كار بكەن، بێگومان لە كارەكانیاندا سەركەوتوو دەبن، بەڵام بە مەرجێك لە گشت پڕۆسە سیاسی، ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان رۆل ببینن و وەك دیكۆر بەكاریان نەهێنن».
هەر لەو بارەیەوە رێناس عەلی سەعید، كادیری لقی (22) گەرمیان و چالاك كۆمەڵی مەدەنی، ئەوەی خستەڕوو كە «ئافرەت خۆی لە خۆیدا كائینێكی نەرم و نیانە و هەمیشە دەیەوێت بە شێوەیەكی هێمن و نەرم و نیان كار بكات و حەزی لە ئاشتی و دژی جەنگ و توندوتیژی بێت». گوتیشی: «ئافرەت هەمیشە حەز دەكات كۆمەڵگەیەك پەروەردە بكات، كە پڕ بێت لە ئاشتی و ئاوەدانی و دوور بێت لە توتدوتیژی و ئەمەش پێویستی بەوە هەیە، كە ئافرەت هەوڵی ئەوە بدات، زیاتر خۆی بە چەكی مەعریفی بەهێز بكات، بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە كائینێكی بەهێز و بەرگری لە ژیانی خۆی و كۆمەڵگە بكات، خووی دایكانەو ئاشتیخوازیی ئافرەت وادەكات بە رێگەیەكی مەعریفی هانی تاكی كۆمەڵگە بدات، بۆ ئەوەی ئاشتیخواز بن».
رێناس جەختی لەوە كردەوە كە «ئەگەر ئافرەتان هەوڵی ئەوە بدەن كە بگەنە پۆستە باڵاكان، ئەوكات دەتوانن لە رێگەی پۆستەكەیانەوە زیاتر گرنگی بە ئاشتی و سەقامگیری بدەن، گوتیشی: «لە هەموو جیهاندا ئەو ئەزموونە هەیە كە ژنە سیاسییەكان زیاتر هەوڵی چەسپاندنی ئاشتی دەدەن، لەبەر ئەوەی ئەوەندەی ئافرەت رۆحی لێبوردەیی تێدایە، باوەڕناكەم پیاو هەیبێت، لەبەر ئەوەی ئافرەت لە پێناوی دایكایەتی و خۆشەویستی بۆ رۆڵەكانی زۆر شت دەكاتە قوربانی. ئافرەتانی كوردستانیش هەمیشە پێشەنگی ئاشتی بوون و دەتوانن پرۆسەی ئاشتەوایی جێبەجێبكەن».