ئافرەتێك كە منداڵی نابێت، بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە

ئافرەتێك كە منداڵی نابێت، بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە
لەوانەیە نەزۆكی و دایكبوون دوو چەمكی زۆر لەیەكدی جیا بن، بەڵام دایكایەتی و نەزۆكی نەك هەر جیا نین، بگرە بە جاران بینراوە كە ئافرەتێكی نەزۆك زۆر بەرپرسیارانە دایكایەتی كردووە و، زۆریش سەركەوتوو بووە لەپەروەردەكردنی چەندین منداڵدا كە هیچیان لە منداڵدانی ئەودا دروست نەبوون، ئەوەش مشتێكە لە خەروارێك و یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی كائینێكە بە ناوی ئافرەت كەپڕە لە سۆز، ویژدان، ئەوینداری، میهرەبانی و فیداكاری كە هەردەم هەوێنی خۆشەویستی و بەردەوامبوونی ژیان بووە. ئافرەتێكی نەزۆك كە ساڵانێكە بە ویستی خۆی دایكایەتی بۆ منداڵەكانی خوشكەكەی كردووە، پەردە لەسەر ژیانی رابردووی هەڵدەداتەوە و نهێنییەكانی ژیانی بۆگوڵان دەخاتەڕوو، تەنیا داواكاریشی ئەوەیە كارێكی بۆ بدۆزرێتەوە و لە كرێچێتی رزگاری بكەن.

گوڵچین ناوی خوازراوی ئافرەتێكی تەمەن 46 ساڵ و خوێندەوارە كە ناونیشان و شوێنی ژیان و تەنانەت ژمارەی مۆبایلی لە لای گوڵان پارێزراوە. گوڵچین و خوشكە بچووكەكەی هاوسەری دوو برابوون، وەك خۆی باسیدەكات، لەپاش كۆڕەوەكە و ئاوارەبوونیان و گەڕانەوەیان لە ئێران، هاوسەری خوشكەكەی كۆچی دوایی كردووە و چوار منداڵی لە شوێن خۆی بەجێ هێشتووە. ئەو كات خوشكەكەی تەنیا 24 ساڵی تەمەن بووە، سەرەڕای ئەوەی دایكی چوار منداڵیش بووە، بەڵام بە هۆی جوانییەكەی چەندین خوازبێنی هەبووە، گوڵچین و هاوسەرەكەشی هیچ منداڵێكیان نەبووە، خۆی گوتەنی «ئۆجاخ كوێر» بوون، بۆیە لەگەڵ هاوسەرەكەی بڕیار دەدەن پەروەردەكردنی ئەو چوار منداڵە بگرنە ئەستۆ، بەوەش رازی دەبن، خوشكەكەی شوو بكاتەوە. بەڵام هەر زوو هاوسەرەكەی خۆیشی بە هۆی نەخۆشی كۆچی دوایی دەكات. ئەو بڕیارە قورسە بۆپەروەردەكردنی منداڵەكانی خوشكی لە دوای شووكردنەوەی دایكی منداڵەكان و لە دەستدانی هاوسەر و هاوبەشی ژیانی، گوڵچین تووشی قەدەرێكی پڕچەرمەسەری و بەرپرسیاریەتییەكی گران دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی دایكایەتییەكەی بە فیداكارییەكی زۆرەوە جێبەجێ دەكات. ئەو بەسەرهاتە پڕ ئازارە لەسەر زاری خودی گوڵچین دەخەینەڕوو:
«ئێمە بەچەند پشت دانیشتووی قەڵاتی هەولێر بووین، لە بەرەبابی خۆم، سێ خوشك و دوو برا بووین، تەنیا دوو خوشك ماینەوە،برایەكم چووە هەندەران و بۆ ساڵانێك هیچ هەواڵێكمان لێی نەبوو، برای گەورەشمان ماڵی جیا بوو، خوشكیشم جوانەمەرگ بوو، دواتر من لەپۆلی شەشی سەرەتایی وازم لە خوێندن هێنا، قەدەر وابوو من و خوشكەكەم شوو بە دوو برا بكەین، خوشكەكەم هەموو ساڵێك منداڵێكی دەبوو، خوای گەورەش منی لە منداڵ بێبەش كرد و ئۆجاخمان كوێر بوو، لەگەڵ پیاوەكەم زۆرمان دكتۆر و شێخ و مەلایان كرد، سوودی نەبوو، كۆڕەوەكەی بەسەردا هات و ئاوارەی ئێران بووین، دوای راپەڕین گەڕاینەوە، دوو سێ ساڵی پێنەچوو هاوسەری خوشكەكەم كۆچی دوایی كرد و چوار منداڵی لە شوێن خۆی بەجێ هێشت. وەزعەكەش نەبوونی بوو، بێكاری و برسیەتییەكی زۆر هەبوو، خوشكەكەشم دەرەقەتی خەرجی چوار منداڵ نەدەهات، ئەو هێشتا زۆر گەنج و جوان بوو، تەمەنی 24 ساڵ نەدەبوو، بۆیە سەرەڕای ئەوەی دایكی چوار منداڵ بوو، بەردەوام خوازبێنی دەهات، ناچار رێككەوتین لەگەڵ پیاوەكەم و بەوە رازی بووین خوشكم شوو بكاتەوە، منیش ببم بە دایكی منداڵەكان،
هەرگیز لەو بڕیارەم پەشیمان نیم كە شووم نەكردەوە و جوانی خۆم لە پێناوی بەخێوكردنی منداڵەكان قوربانی كرد، منداڵەكان بەرامبەر بە من زۆر بە ئەمەكن و تا ئێستاش ئەوان زیاتر من بە دایكی خۆیان دەزانن و زیاتر سەردانی من دەكەن، هەر ئەوەش هەموو ماندووبوونەكانم لە بیر دەباتەوە.
كێشەكانی من لەو كاتەوە زیاتر بوون كە پاڵپشت و پیاوی ماڵەكەم بەجێی هێشتم، ئەو هەمیشە دڵی دەدامەوە، باوكێكی باشیش بوو بۆ منداڵەكان، بەڵام لەپڕ تووشی جەڵتەی دڵ بوو، هەر كەگەیاندمانە نەخۆشخانە كۆچی دوایی كرد. ئەو كۆچە ناوەختە من و منداڵەكانیشی ماڵوێران كرد، جگە لەوەی لە سۆزی ئەو بێبەش بووین، هیچ داهاتێكیشمان نەما، چونكە ئەو فەرمانبەر نەبوو، هیچ مووچەیەكمان نەبوو، تەنانەت خانەنشینی، خوشكیشم هەر دەیتوانی بە مێردو منداڵەكانی خۆی رابگات، ئیتر دەبوا كار بكەم و بژیوی منداڵەكان دابین بكەم، زۆرم كاری ماڵانم كرد، تا دواتر بە هەزار مەینەتی توانیم ببمە فەرمانبەر و كاری ئیداری بكەم، ئەوە تا رادەیەك هیوای بۆگەڕاندینەوە، بەو مووچە كەمە، مەمرە و مەژی ژیانمان بەڕێوە دەچوو، بەڵام بەو ئاخرانە لە فەرمانگەكەم زۆر ململانێیان دەكردم، تەنانەت لە سەر دەوام زۆر غەدرم لێدەكرا، لە هەموو هاوكارەكانم زیاتر دەوامیان پێدەكردم، رێی هاتوچۆشم زۆر دوور بوو، موچەكەم نیوەی بە خەرجی هاتوچۆ دەچوو، ناچار خۆم خانەنشین كرد، كچەكانیش گەورە بوون و بە مێردم دان، تەنیا كوڕێكم لە لا ماوە، كە ئەویش هەرچی لێی پاڕامەوە بە قسەی نەكردم و وازی لە خوێندن هێنا.
دوای دابڕانێكی زۆر لە خوشكەكەم، ئەخیری ئەویش لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانی هاتنە هەولێر و عەردێكیان كڕی و خانوویەكی 100 مەتری دووقاتیان دروستكرد، داوایان كرد من و كوڕەكەشم بچینە لای ئەوان، هێندەیان گوت واز لە كرێچێتی بێنن، وەرن لە قاتی سەرەوە دانیشن، رازی بووین، بۆیە سەرجەم ناوماڵەكەم هەرزان فرۆش كرد و چووینە ماڵی ئەوان، بەڵام كوڕەكەمان سەرەتای گەنجێتییەتی و تازە چووەتە ناو تەمەنی 18 ساڵ، لەگەڵ منداڵەكانی زڕبابی نەدەگونجا، ناچار بڕیارمان دا جارێكی دی بڕۆینە خانووی كرێ و سەرلە نوێ ناوماڵ دابنێینەوە، هەموو شتیشم بە قیست هێناوە و مووچەكەشم هەر بەشی كرێ خانوو دەكات، ناچار ماتۆڕێكی عەرەبانەم بۆ كوڕكەم كڕیوە تا كاری پێبكات و خۆیشم بە دوای كاردا دەگەڕم».
گوڵچین زۆر لە نهێنییەكانی ژیانی بۆ گۆڤاری گوڵان خستەڕوو، لە كۆتایی قسەكانیشیدا جەختی لەوە كردەوە كە ئافرەتی كورد هەمیشە هێمای فیداكاری و قوربانیدان بووەو لەپێناوی پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵەكانی ئامادە بووە هەر جۆرە سەختییەك قبووڵ بكات، بۆ ئەوەی ژیانێكی تەندروستیان هەبێت.
Top