د.سوهەیلا وەحدەتی بەنا چالاكوانی مافەكانی ئافرەت و منداڵان بۆ گوڵان:دەبێت جیهان پەیامی توندتری لە دژی تیرۆریستان و رزگاركردنی كچانی ئێزدی لە دەستی داعش هەبێت
November 6, 2014
کۆمەڵایەتی
د.سوهەیلا وەحدەتی بەنا، یەكێكە لەو چالاكانەی بواری مافی مرۆڤ كە نەك هەر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهان كەسایەتییەكی ناسراوە. ئەو خانمە تۆێژەر و نووسەر و رۆژنامەنووس و چالاكە لە بواری مافەكانی مرۆڤ و بەتایبەتی كاری توێژینەوە و داكۆكیكردن لەسەر مافەكانی ژنان و منداڵانی ئێران دەكات و بە دەیان وتار و توێژینەوەی لەبارەی كوشتنی ژنان و پێشلكاری مافەكانی ژنی لەلایەن دەوڵەتەوە نووسیوە. ئەو كەسایەتییە ئەكادیمییە چەندین جار لە رێگەی گوڵانەوە لەگەڵ پرسی ژنی كورد ئاشنا كراوە و خۆیشی حەز دەكات لەسەر پرسی ژنانی كورد كار بكات، بەڵام وەك خۆی باسیكرد، كاركردن لەسەر پرسی ژنانی كورد و كۆمەڵگەی كوردستان، پێویستی بە داتا و زانیاری هەیە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەو خاتوونە زۆر بابەتییان كار لە سەر پرسی ئافرەتان دەكات. ئەمجارە دوای پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمساڵ بە كیژۆڵەیەكی تەمەن 17 ساڵی پاكستانی بەناوی (مەلالە یوسفزای) و ئەندازیارێكی هێندی بە ناوی (كایلاش ساتیارتی) چالاكوانی بواری مافەكانی منداڵ، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی د.سوهەیلا كرد و بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستە روو.
* ئەمساڵ خەڵاتی ئاشتی درا بە كچێكی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی مەلالە یوسفزای، كە لەلایەن چەكدارانی تاڵیبانەوە تەقەی لێكرا، بە بیانووی ئەوەی سوور بوو لەسەر خوێندن كە لە لایەن چەكدارانی تاڵیبانەوە خوێندنی كچان قەدەغە كرابوو، ئایا وەك خانمێكی چالاكوان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان چۆن سەیری پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ دەكەی، بە تایبەتی كە پێشتر هەرگیز ئەم خەڵاتە بە كەسێكی خوار تەمەنی 18 ساڵ نەدراوە؟
- گرنگە پەرە بە ئاسایش و گەشەپێدان لە نێویاندا پەروەردە و مافەكانی مرۆڤ بۆ هەموو تاكەكان بدەین. ئەو سێ لایەنە (ئاسایش و گەشەپێدان و پەروەردە) زۆر لە نزیكەوە پێكەوەگرێدراون. لەو كاتەوە ناكۆكی لە نێوان مرۆڤەكاندا سەری هەڵداوە، مافەكانی مرۆڤ بە شێوەیەكی مەترسیدار پێشێل دەكرێن و ئافرەتان و منداڵانیش زۆرترین ئێش و ئازاریان پێدەگات. هەروەها پەروەردە فەرامۆش دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە، پەروەردە و مافەكانی مرۆڤ پێویستن بۆ درێژەدان بە ئاشتی. مەلالە یوسفزای مایەی رەمزییەتێكی بەهێزە لە دژوەستانەوەی لە بەرامبەر ئوسولییەت و داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ و بە تایبەتی كچان لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەردە و ئاسایشدا. لە راستیدا گوللەنان بە سەری مەلالەوە كارێكی زۆر مەترسیدار و دژی ئاسایش و پەروەردە و گەشەپێدان و مافەكانی مرۆڤ بوو. ئەم توندوتیژییە هەڕەشەیە بۆ سەر سەلامەتی كچان و هەوڵێكە بۆ ساردكردنەوەیان بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندن نەدەن. ئەمەش بەدڵنیاییەوە پێشێلكردنێكی راستەوخۆی بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ دژ بە كیژۆڵەیەك بوو كە دەیویست خوێندن تەواو بكات، لە هەمان كاتدا هەڕەشە بوو بۆ سەر هەزاران كچی وەك ئەو. لەبەر ئەوە بەخشینی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ بە مەلالە جەختكردنەوەیە لەسەر ئاسایش و پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی، هەروەها دەرخستنی گرنگی مافەكانی مرۆڤە بۆ كچان و داكۆكیكردنەوەیە لەسەر مافی كچان لە خوێندندا. كچان لە جیهانی ئێستادا رووبەڕووی چەندین گرفت و كێشەی دژوار دەبنەوە، لەوانە: توندوتیژی، نەخوێندەواری، بە زۆر بە شوودان، رفاندنیان لەلایەن داعش و بوكۆ حەرام و ...هتد. كەواتە توانا بەخشینەوە بە كچان و پاراستنی مافەكانیان بۆ خوێندن زۆر گرنگە. لە هەمان كاتدا، دەتوانین پرسیاری ئەوە بكەین كە بۆچی باس لە ئاسایشی منداڵانی فەلەستینی و مافیان بۆ خوێندن و مافەكانی مرۆڤ كە پەیوەستن بە ئەوانیشەوە ناكرێت؟ یان بۆچی نەبیلە رەحمان، كچە پاكستانییەكی دیكە كە هات بۆ كۆنگرێسی ئەمریكا بۆ ئەوەی باسی ئەوە بكات كە چۆن داپیری بەهۆی هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمریكاوە كوژراوە، بۆچی ئەویش بەشدار نەبوو لە خەڵاتەكەی مەلالەدا؟ ئەوە راستییە كە ئوسولییەت لە هەڵكشاندایە و مەترسییە بۆ سەر ناوچەكە و هەموو جیهان و دەبێت هەمومان بەرەنگاری ببینەوە. هەروەها، هەموو ئەوانەی شەڕی لەگەڵدا دەكەن، دەبێت هەوڵەكانیان تەقدیر بكرێت و لە هەمان كاتدا پاداشت بكرێنەوە. پرسی جیاوازی رەگەزی، مافەكانی كچان و پەروەردە زۆر گرنگن و تەنها لە كەشێكی ئاشتی و ئاسایشدا دەستەبەر دەكرێن. هەرچۆنێك بێت، من باوەڕم وایە ئاسایش لە هەموویان بنەڕەتیترە، لە سەرووی هەموو شتێكەوە، گرتنەبەری كردەوەی راستەوخۆ بە ئاراستەی هێنانەئارای ئاشتی دەبێت دانی پێدابنرێت و تەقدیر بكرێت. پێدانی خەڵاتی ئاشتی بەوان بە مانای ئەوە دێت كە هیچ كارێكی جددی بۆ هێنانەدی ئاشتی و ئاسایش نەكراوە ؟
* دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە سەرۆك ئۆباما لەگەڵ خێزان و كچەكانیدا پێشوازییان لە مەلالە كرد، ئەویش پێی راگەیاند ئەگەر وڵاتەكەی منتان خۆشدەوێت ئەوا لە بری بۆمب كتێب و لە بری سەرباز قەڵەممان بۆ بنێرن، ئەمە چ پەیامێك بە سەرۆك ئۆباما و بە جیهان دەدات ؟
ئەوەی مایەی بایەخپێدانە، ئەوەیە ئۆباماش خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە، بەڵام بەداخەوە، تۆماری ئەو لە لیبیا و سووریا زۆر جیاوازتر بوو لەوەی چاوەڕوانی لێ دەكرا. ئێستا پەیامی مەلالە یوسفزای بۆ ئۆباما هەندێك لەلایەن راگەیاندنەكانەوە رووماڵ كرا، بەڵام تا چەند ئەمە دەبێتە كردەوە؟ ئایا پەیامی ئەو بەهێزترە لە پەیامی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە ئۆباما؟ چاوەڕوان دەكرا ئۆباما هەوڵی جددی بدات بە ئاراستەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە ئۆباما لە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەكیی وڵاتەكەیەوە كاریگەرییەكی وای نەبوو، بۆیە گومان دەكرێ لەوەی پەیامی مەلالە یوسفزای كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبێت
* دەبینین مەلالە لەگەڵ كایلاش ساتیارتی هیندیدا خەڵاتەكەیان بردەوە، كە ئەمەی دواییان لە بواری پاراستنی منداڵاندا بۆ چەندین ساڵ كەسێكی چالاك بووە، واتە درا بە دوو كەس كە لە بواری پەروەردەكردنی ئافرەتان و پاراستنی منداڵاندا كاریان كردووە، ئایا ئەم دوو بوارە ئایندەی ئاشتی لە جیهاندا دیاری دەكەن؟
- پەروەردەكردنی كچان و ئافرەتان بەشێكی گرنگی گەشەپێدانە. هەروەها، بەرگریكردن لە مافەكانی ئافرەتان پرسێكی زۆر گرنگە. هەرچۆنێك بێت، پەروەردە و مافەكانی مرۆڤ پێكەوە گرێدراون لەگەڵ ئاشتی و ئاسایشدا. لەبەر ئەوەی پەروەردە و مافەكانی مرۆڤ دەبنە هۆی درێژەدان بە ئاسایش. گرنگە دەرك بەو راستییە بكەین كە لە كاتی شەڕدا پەروەردە و مافەكانی مرۆڤ ماناكانیان لەدەست دەدەن و بە ئاسانی لە ناو دەچێت، كاتێك ئاشتی لە ئارادا نابێت. لەبەر ئەوە، دەستەبەركردنی ئاسایش زۆر گرنگە بۆ پاراستنی پەروەردە و مافەكانی مرۆڤ. دووبارە، ئەمانە هەوڵی بە نرخن، بەڵام ئەنجامدانی كاری راستەوخۆ بۆ هێنانەدی ئاشتی و ئاسایش كاری بە پەلەیان پێویستە. من ئومێدەوارم كە لە ئایندەدا خەڵكانێك هەبن كۆششی سەخت بكەن بۆ ئاشتی و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ببەنەوە بۆ ئەو كارانەی راستەوخۆ لە پێناوی ئاشتیدا ئەنجامیان داوە.
* ئەم خەڵاتەی درا بەو دوو چالاكە، پەیامێك بوو بۆ تیرۆریستان بەگشتی و تاڵیبان بەتایبەتی بەوەی كە دەكرێت لە رێی زانست و مەعریفەوە ریشەی تیرۆریستان هەڵكێشرێت؟
- من دڵنیانیم لەوەی كە بە راستی پەیامێك بووبێت بۆ تیرۆریستانی وەك تاڵیبان و داعش. ئایا بە راستی تیرۆریستان بەلایانەوە گرنگە خەڵاتێك لەلایەن رۆژئاواوە بدرێت؟ پێموایە ئەمە پەیامێك بوو بۆ رای گشتی بۆ ئیدانەكردنی تیرۆریستان و پشتیوانیكردنی داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ، ئەگەرچی جیهان پێویستی بەوەیە پەیامی بەهێزتر ببینێت لە پەیوەندی بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمەوە، وەك رزگاركردنی كچان لە دەستی بۆكۆ حەرام و ئافرەتانی ئێزدی لە دەستی داعش و هاوكاریكردنی خەڵكی كۆبانێ. بە هەمان شێوە، تیرۆریزمی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە دژی منداڵانی فەلەستینیش دەبێت لەلایەن رۆژئاواوە ئیدانە بكرێت. بەهۆی ئەم پەیامە جێگیرانەوە رۆژئاوا دەتوانێت قەناعەت بە رای گشتی بێنێت كە ئیرادەی ریشەكێشكردنی تیرۆریزمی هەیە.
* پێشتر مەلالە چەندین خەڵاتی دیكەی وەرگرتووە، ئێستاش نازناوی هاووڵاتی شەرەفی پێدراوە لەلایەن كەنەداوە، كە پێشتر ئەمە بە دەلایلاما و نێلسۆن ماندێلا دراوە، چۆن لەم بڕیارەی كەنەدا دەڕوانێت؟
من دڵنیام كە هاووڵاتی شەرەف تەنها ئاماژەیەكی رێزگرتنە، بە مانای ئەوە نایەت كە داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ لە پاكستان، یان هیندستان لە ئێستادا دەتوانن دەست لەو كارە هەڵبگرن كە ئێستا سەرقاڵی ئەنجامدانین و بچن لە كەنەدا بژین. رەنگە ئەم ئاماژەیە پتر پڕ مانابێت ئەگەر كەنەدا كارئاسانی زیاتر بۆ ئەوە كەسانە بكات كە پێویستیی زۆریان بە مافی پەنابەرێتی لەم شێوەیە هەیە، وەك ئاوارەكانی سووریا. حكومەتی كەنەدا دەتوانێت پتر لە ئاست ئاوارەكانی سووریادا بەخشندە بێت. من ئومێد دەكەم حكومەتی كەنەدا ئاماژە بەوە بدات كە رێز لە مافەكانی مرۆڤ دەگرێت بە كردنەوەی باوەشی بۆ ژمارەیەكی زیاتری ئاوارەكان لە ناوچەكانی شەڕدا.