نەخۆشخانەی لەدایكبوون لە ئاستی گەورەیی پایتەخت نییە
November 2, 2014
کۆمەڵایەتی
«من تا ئێستا چوار منداڵم بووە، دوو كوڕە گەورەكەم لە لای مامان بووە و كچێك و كوڕێكیشم لە نەخۆشخانە لەدایكبوون، بەڵام نەخۆشخانەی چی، لەو هەولێرە گەورە و گرانە تەنیا یەك نەخۆشخانە هەیە، بە سەدان هەزار كەس روویان لەم شارە كردووە، كەچی یەك نەخۆشخانەی لەدایكبوونی هەیە، بنكەكانی تەندروستیش شیاوی ئەوە نین ئافرەتێك بۆ منداڵبوونەكەی پەنای بۆ ببات». ئەوە قسەی نەرمین حەسەن بوو. ئەو ژنی ماڵەوەیە و وەك دایكێك بە نیگەرانییەكی زۆرەوە دەڵێت: «دایكایەتی شتێكی پیرۆزە و هەر ئەو دایكانەن كە نەوەی دواڕۆژ دروست دەكەن، منداڵبوونیش خۆ شتێكی هەروا ئاسان نییە، بریا پیاو بۆ یەك جاریش منداڵێكی دەبوو تا بزانێت چەند سەختە، حكومەتەكەشمان هەمووی هەر پیاون بۆیە گرنگیی بە تەندروستی دایكان نادەن، خۆ ئەگەر پیاوان منداڵیان ببووایە، دەسەڵات لە هەر شارێكدا دەیان نەخۆشخانەی لەدایكبوونی دروست دەكرد»
بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی لەدایكبوون لە هەولێر، لە مانگی رابردوو(9)ی ئەمساڵ 1551 كوڕ و 1325 كچ لەدایكبوون كە 1797 یان سروشتی و1079 یان بە نەشتەرگەری بووە. ئەوەش لە كاتێكدایە كە لە مانگی (9)ی ساڵی رابردوو 1507 منداڵبوون بە نەشتەرگەری و 844 منداڵبوونی سروشتی هەبووە.
د. هالە جەودەت جەواد جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون لە هەولێر، لە دەستپێكی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كرد كە رەوشی ئەمڕۆی كوردستان و هاتنی بە لێشاوی ئاوارەكان تا ئاستێكی زۆر ئەركیانی قورس كردووە، گوتیشی: «پێشتر رۆژانە 20 تا 30 حاڵەتی لەدایكبوون هەبوو، ئێستا بەرزبۆتەوە بۆ 50 تا 60 حاڵەتی لەدایكبوون، جگە لەوەی هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو ئاوارانە زۆر هەستیارە، ئەوان باری دەروونییان تەواو نییە و زوو هەڵدەچن و دەیكەن بە دەنگەدەنگ، هەروەها لە نەخۆشخانە تەنیا 20 تەختی منداڵبوون هەیە، ئەوەش وادەكات لەناو هۆڵی منداڵبوون نەخۆش لەسەر زەوی چاوەڕێ بكات».
د. هالە ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە دەڵێن كەرەستە و پێداویستیی نەخۆشخانە ئەهلییەكان لە هی نەخۆشخانە حكوومییەكان باشترە، هەمووی بە «پروپاگەندە و دوور لە راستی» ناوبرد. گوتیشی: «حكومەت باشترین مەواد بۆ نەخۆشخانە دەكڕێت، یاخود دەگوترێ حكومەت ئاگای لە تەندروستی دایك نییە، لەكاتێكدا ئافرەتانی وڵاتی ئێمە هەریەك چوار تا پێنج منداڵی دەبێت كە دێتە نەخۆشخانە ئەگەر نەشتەرگەریشی بۆ بكرێ نەشتەرگەریەكی نازداری بۆ دەكرێ و پازدە كەس سەرقاڵی دەبن، بێئەوەی یەك دیناری لێ وەربگیرێ، من وەك دكتۆرێك پێشنیار دەكەم كە حكومەت پارەی نەشتەرگەری وەربگرێت و چیتر بەخۆڕایی ئەنجامی نەدات». جەختی لەوەش كردەوە كە «هەندێ ئافرەت حەز لە رۆتینیات ناكات، یاخود نەخۆشخانەی حكوومی وەهمێكی بۆ دروست كردووە، بەهۆی ئەو كەموكورتییانەی كە هەیە، هەروەها باری دارایی باشە و دەچێت لە نەخۆشخانەی ئەهلی منداڵی دەبێت»، گوتیشی: «ئێمە لە زووەوە داوامان كردووە كە نەخۆشخانەی زیاتر لە هەولێر دروست بكرێت، هەرچەندە لەئێستادا نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە منداڵبوون لە ژێر دروستكردندایە، بەڵام پێویستمان بە رووبەری زیاتر و كادیری زیاتر و نەسریەی باشتر هەیە، لە راستیدا ژمارەی پەرستارەكانمان كەمن، لەهەر شفتێكدا تەنیا سێ پەرستار هەیە، بەهۆی قەیرانی دارایی و سیاسی ئەم دواییەی كوردستانیش تاوەكو ئێستا پێداویستییەكانی نەخۆشخانە بەتەواوی دابین نەكراوە».
د. رەسووڵ ئیبراهیم پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە بواری تەندروستی یەكێكە لە بابەتە هەرە گرنگەكانی كۆمەڵگە، ئەگەر لەشی مرۆڤ لە تەندروستیی پێویست بەهرەمەند نەبێت، ئیتر بنەمای ژیانی دەكەوێتە مەترسیەوە، هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لە بواری تەندروستییەوە تاكی مرۆڤ دوو بەشن: یەكەم: ئەوانەی كە مەترسیی تەندروستییان لە ئاستێكی چاوەڕوانكراودایە، دووەم: ئەوانەی كە لە مەترسیی تەندروستیدان، واتە پێویستە چاودێری پزیشكی چڕتر بكرێن، ئەم بەشە دایكی دووگیان و كۆرپەلە خۆی دەگرێت، ئەمە بەم مانایەیە كە ئەگەر تاك پێویست بێت بەپێی رێنماییەكانی تەندروستیی ساڵانە، یان هەر چەند ساڵ جارێك سەردانی پزیشك یان بنكەی تەندروستی بكات، دایكی دووگیان بە هۆی مەترسیداربوونی تێكچوونی باری تەندروستی خۆی و كۆرپەكەی پێویستە بە درێژایی دووگیانی و لە ماوەی شیردانی لە ژێر چاودێری پزیشكیدا بێت. بۆ ئەم چاودێرییە دوو شێوازی ئەمریكی و بەریتانی هەیە.
شێوازی ئەمریكی كە لەسەر بنەمایەكی چڕوپڕ دانراوە و لە وڵاتی ئێران ئەم شێوازە لە primary health care بەڕێوەدەچێت كە لە خانەی بهداشت، واتە مالی تەندروستیەوە دەست پێ دەكات، هەر دوو تا سێ گوند مالێكی تەندروستییان هەیە و چاودێری پوخت بو دایكی دووگیان فەراهەم دەكەن و، ئینجا ئەگەر خزمەتگوزاری زیاتری پێویست بێت لە بنكەكانی گەورەتر ئەنجام دەدرێت. گوتیشی: «حكومەتی هەرێم بایەخێكی بەرچاوی بە بنكەی تەندروستی داوە، بەڵام بەرهەمی باشی بەدەست نەهێناوە، هۆكاری سەرەكیشی بە بۆچوونی من دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی تەندروستی، باشە بزانین وەزارەتی تەندروستیی كوردستان تەنیا كاری تەندروستی دەكات، لە كاتێكدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان كار و باری پەروەردەییش لە ئەستۆی ئەم وەزارەتەیە. بێ شك ئەم بابەتە كاریگەری لە سەر باری پەروەردەیی و ئینجا خزمەتگوزاریی تەندروستی دەبێت، بۆیە ستانداردەكانی جیهانی لە بواری تەندروستی جێبەجێ ناكرێن، ئەوەش مەرج نییە بودجەیەكی زۆری پێویست بێت، چونكە پتر لایەنی پەروەردەیی دەور دەبینێ، واتە ئاستێكی زانستی پزیشكی بەرزی پێویستە تا زۆربەی كێشەكانی تەندروستی چارەسەر بكرێن، هەروەها ئەركی وەزارەتی تەندروستییە كە چاودێری پتەوتر بخاتە سەر نەخۆشخانەكان، تا سەرەڕای ئەو هەموو خزمەتگوزارییانە بە هۆی هەندێ هەڵەی نەشیاو بە خراپ ناویان نەبەن»
ئەو پزیشكە رەخنەی لە وەزارەتی تەندروستی گرت، بەوەی كە «مۆلەتی نۆرینگەی پزیشكی بە زیاتر لە دووهەزار یاریدەدەری پزیشك داوە، تا وەكو پزیشك كار بكەن»، گوتیشی: ئەمانەو زۆر بابەتی دیكە هەن كە كۆی ئەم بابەتانە دامێنی تەندروستیی وڵاتەكەمان لەكەدار دەكات، بۆیە لە كۆتاییدا دەڵێم سیستمی تەندروستیی كوردستان پێویستی بە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی هەیە، تا بتوانیت خۆی لە ستانداردەكانی جیهانی لە بواری پزیشكیدا نزیك بكاتەوە»
د. كەژاڵ حامید برایم پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان، لە دەستپێكی قسەكانیدا نەبوونی زیاتر لەیەك نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی بە «كارەساتیكی گەورە» هەژمار كرد و گوتی: «ئەوە كارەساتێكی دەستكردە و بێگومان حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار بە تەندروستیی دایك و منداڵ بەرپرسیارن لەو كارەساتە. چونكە شارێكی وەكو هەولێر كە پایتەختی كوردستانە و ئەمساڵیش بوو بە پایتەختی گەشتیاری، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەرانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و شنگال و ناوچەكانی بەر هێرشی داعشی تیرۆریست و خەڵكی رۆژئاوای كورستان پەنایان بۆ هێناوە، ئەوە پاڵەپەستویەكی زۆری خستۆتە سەر نەخۆشخانەكان، چونكە بە بێ ئەوەی پلانی بو دابندرێ، روویان داوە، لای ئیمەش نە پلان دانان هەیە، نە پارەش هەیە بۆ جێبەجێكردنی هەر پڕۆژەیەك كە پێویست بێ بۆ دابینكردنی تەندروستیی دایكان و منداڵان.
د. كەژاڵ زیادبوونی نەخۆشخانە تایبەتییەكان بە كارێكی ئەرێنی دەزانێت و رایوایە هەندێك باری قورسی لەسەر نەخۆشخانە حكوومییەكان كەم كردووەتەوە و نەخۆش تا رادەیەك دەتوانێ بە ئارەزووی خۆی بچیتە هەر نەخۆشخانەیەك كە خوی دیاری بكات. سەبارەت بە خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانە حكوومییەكانیش گوتی: «بەراورد بەو قەرەباڵغیەی كە هەیە، خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانە حكوومییەكان تا راددەیەك باشە، چارەسەری ئەو كێشەیەش زۆر ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر لە ئێستاوە پلانێكی باشی بۆ دابندرێ لەلایەن حكومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە، پاشان ئەگەر بودجە هەبێ بۆ جێبەجێكردنی و بە لایەنی كەم دوو نەخۆشخانەی دیكەی لەدایكبوون و منداڵان لە هەر دەروازەیەكی شاری هەولێر بكرێتەوە، هەندێك لەو قەرەباڵغی و كەموكوڕییانە كەم دەكاتەوە، لەهەمان كاتیش دەتواندرێ زیاتر بایەخ بە تەندروستی دایكان و منداڵان بدرێ».
لەلای خۆیەوە عارف روشدی شارەزا لە بواری تەندروستی و راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس بۆ گوڵان گوتی: «زۆر گرنگە كێشەی كەمیی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان لە هەموو روویەكەوە چارەسەر بكرێت، پێویستە لە هەر پارێزگەیەك نەخۆشخانەی زیاتر هەبێت، سەرەڕای ئەوەش نەك هەر نەخۆشخانەی منداڵبوون، بەڵكوو هەموو نەخۆشخانەكان بە ئامیری پێشكەتوو ی پزیشكی دەوڵەمەند بكرێت و پزیشكی پسپۆڕی زیاتریان بۆ دابین بكرێت، لە لایەكی دیكەوە پێویستە ساڵانە پزیشكەكان خولی راهێنان ببینن بۆ وەرگرتنی زانیاری نوێ، بێجگە لەمەش گرنگە سەنتەری هوشیاری و رێنماییكردنی دایكان دابمەزرێنن، بەتایبەت بۆ ئەو خانمانەی كە تازە چوونەتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە و بۆ یەكم جار ئەزموونی دایكایەتی تاقی دەكەنەوە»، گوتیشی: «دەبێ حكومەت و كەرتی تایبەتیش خەمی ئەوەیان هەبێت، منداڵانی ئەو دایكانەی فەرمانبەرن، یان خاوەن كارن، دایانگەی مۆدێرنیان بۆ دابین بكەن، جا ئەگەر بكرێت ئەوانەی حكومەت بێبەرامبەر بێت و ئەوانەی كەرتی تایبەتیش بە نرخێكی گونجاوبن، هەروەها پێویستە سیستمێكی چاودێریی تەندروستیی پێشكەوتوو بۆ دایكان و كۆرپەكانیان دابین بكرێت» .