ژنانی سووتاو ئاسۆیەك بۆ گەڕانەوەی جوانییان
November 2, 2014
کۆمەڵایەتی
راستییەكی حاشاهەڵنەگرە لای ئافرەت هەموو سەروەت و سامانی دنیا جوانییەكەیەتی، بە لەدەستدانی ئەو جوانییەش ئافرەت واهەستدەكات هەموو شتێكی لەدەستداوە، زۆرجار لەدەرەنجامی سووتان و خۆسووتاندن، لەش و رووخساری ئافرەت دەشێوێت، حاڵەتی واشمان هەبووە كە تەنانەت منداڵەكەی نەیناسیوەتەوە و ئامادە نەبووە بۆ چركەساتێكیش لە ئامێزی دایكانەی دایكی سووتاوی خۆیدا بحەوێتەوە.
بەر لەچەند مانگێك بەكاری رۆژنامەوانی سەردانی بەشی سووتانی نەخۆشخانەیهكی ههولێرمان كرد. زۆرینەی سووتاوەكانی ئەو نەخۆشخانەیە ئافرەت بوون، ئافرەتێكی گەنج رۆحسووكترینیان بوو. ئەو ئامادە بوو هۆكاری خۆسووتاندنەكەی ئاشكرا بكات، بەڵام نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ و بە ناوی خوازراوی (ترێ) بۆ گوڵان هاتەئاخافتن. سەرەتا باسی ئەوەی كرد كە روخساری بە تەواوی شێواوە و تەنانەت مەمكەكانیشی بەسینگیەوە هەڵقرچاون، بەو جۆرەی خۆی باسیكرد، بە جارێ مێیینەتی و جوانی خۆی لە دەست دابوو. گەرچی خوشكەكەی چەند جارێك دووپاتی كردەوە كە گوایە بە «پرێمز» سووتاوە، بەڵام لە دەرفەتێكدا كە خوشكەكەی چووە دەرێ و پەیوەندی تەلەفۆنی هەبوو، ترێ راشكاوانە و بێ پێچ و پەنا باسی لە هۆكاری سووتانەكەی كرد و گوتی: «كە باوكم مرد مامم ئەركی بەخێوكردن و پەروەردەكردنی ئێمەی گرتە ئەستۆی خۆی، دایكم ئافرەتێكی فەقیرحاڵ و نەخوێندەوار بوو، نەیتوانی بەباشی پەروەردەمان بكات و رۆلی دایكایەتی خۆی ببینێ، تا وامان لێهات لە راپەڕاندنی كاری رۆژانەمان سەربەخۆ بین و هەر یەكەمان لەلای خۆمانەوە وازمان لە خوێندن هێنا، كاتێ تەمەنم بوو بە (15) ساڵ لەگەل كوڕێكی دراوسێمان پەیوەندی خۆشەویستیم بەست، دوای چەند مانگێك بە هۆی نەفامی خۆم پەیوەندییەكەم ئاشكرا بوو، دوای ئاشكرابوونی ئەو پەیوەندییەشم هاتنە داوام، بەڵام مامم بە هیچ شێوەیەك رازی نەبوو، تەنیا لەبەر ئەوەی پەیوەندیم لە گەڵیدا هەبوو، پاشان مامم منی دا بە پیاوێك كە (18) سال لەخۆم گەورەتر بوو، ئەو پیاوە هیچ هەست و سۆزێكی خۆشەویستی لە دڵدا نەبووە و نییە، هەمیشە وەك ئاژەڵ رەفتاری لەگەڵ دەكردم، منیش دووگیان بووم و هەر تەحەمولم دەكرد، دەمگوت لەوانەیە دوای منداڵبوونم رەفتاری بگۆڕێت، پاشان بوومە خاوەنی كوڕێك، مێردەكەم دەیزانی پێشتر لەگەڵ كوڕی دراوسێكەمان پەیوەندیم هەبووە و ئەوەشی دەزانی كە هاتوونەتە خوازبێنیم، بۆیە بۆ ماوەی سێ ساڵ تەنانەت نەیدەهێشت موبایلێكم هەبێت، دواتر كە پێم سەلماند من خیانەتی لێناكەم، موبایلێكی بۆ كڕیم. دوای ئەو هەموو ماوەیە كوڕەكەی دراوسێمان هەر دڵ لای من بوو، منیش دەیان جار پێمگوت، تازە منداڵم هەیە و خیانەت لە مێردی خۆم ناكەم، بەڵام ئەو هەر بەردەوام بوو، زۆر پاڕایەوە تا ژمارە موبایلی خۆم پێدا، شەوێكیان كارەبا نەبوو نامەی بۆ ناردم، من رۆیشتم لامپایەك رۆشن بكەم، هەتا گەڕامەوە مێردەكەم نامەكەی خوێندبووەوە، منیش لە ترسی ئەو نەوتی لامپاكەم بەسەرسەری خۆمداكرد و گوتم من خیانەتم لە تۆ نەكردووە، گەر بڕوا نەكەی خۆم دەسووتێنم، ئەویش یەكسەر لەماڵ چووە دەر و گوتی: دەچم مامت و مەلا دەهێنم، تەڵاقت دەدەم، دواتر بە سووتاوی خۆم لە نەخۆشخانە بینییەوە مێردەكەشم هەڕەشەی ئەوەی لێكردووم كە نابێ راستی رووداوەكە بدركێنم، بۆیە لە راپۆرتەكەمدا گوتم بە پرێمز سووتاووم، ئێستاش زۆر پەشیمانم، مێردەكەشم زۆر پەشیمانە، چونكە دواتر هەموو نامەكانی من و ئەو كوڕەی خوێندبووەوە، بۆیە زانی من تەنانەت جنێوم بەو كوڕە داوە و هیچ خیانەتم لێی نەكردووە، بەڵام تازە دوای چی؟ دەموچاوم وا شێواوە، تەنانەت تاقانەكوڕەكەم كە جەرگی خۆمە لێم بۆتە دوژمن و بێزم لێدەكاتەوە، ئێستاش دوای ئەو مەرگەسات و ئازارەی بەسەرمدا هات، زۆر زۆر پەشیمانم و تەنیا لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە ئەوەندە جوانی روخسارم بۆ بگێڕێتەوە كە رۆڵەكەی خۆم لە باوەش بگرم و لێم نەترسێت».
دەرووناس سامان سیوەیلی، سەبارەت بە پەنابردنی ئافرەت بۆ خۆكوشتن و خۆسووتاندن، سەرەتا باسی ئەوەی كرد كە كاتێك كەسێك بە پرۆسەی خۆكوشتندا تێدەپەڕێت، ئەو كەسە خۆی لە خۆیدا قەیرانی دەروونی هەبووە و بارگران بووە بە فشارێكی دەروونی، بەتایبەتی ئەوەی كە خۆی دەسووتێنێ و دواتر لە مردن رزگاری دەبێت، دوای ئەوەی كە لەو قۆناغەدا تێدەپەڕێت، دەبێتە كەسێكی كەمئەندام و ئەگەرێكی زۆری هەیە تووشی گرفتی دیكەی دەروونی وەك نامۆبوون و گۆشەگیری و خەمۆكی ببێت، بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی كە خۆیان دەسووتێنن لە بنەڕەتدا كێشەیەكیان هەیە كە گرفتێكی دەروونییە، ئەو كەسەش دوای هەوڵی خۆسووتان تووشی بارێكی دەروونی دەبێت، هەمیشە هەست بەپەشیمانی دەكات. سیوەیلی زیاتر گوتی: «بێگومان شانبەشانی چارەسەری جوانكاری بۆ كەسی سووتاو پێویستە چارەسەری دەروونی بكرێت، چونكە ئەو كەسە خۆی لە خۆیدا گرفتی دەروونی هەبووە، لەبەر ئەوە پەنای پۆ خۆسووتان بردووە، ئەمە بێجگە لەوەی كە كەسی سووتاو پێویستی بەچارەسەری دەروونی زیاترە و پێویستی بە چارەسەری خیزانی هەیە، ئەگەر لە خێزانەكەیدا كێشەكی هەبێت». گوتیشی: «لە كوردستاندا تەنیا هەوڵی چارەسەری جوانكاری و تەندروستی دەدەن، بەڵام پێویستە شانبەشانی ئەو چارەسەرییە چارەسەری دەروونیش پێشكەش بكرێت، لەكاتێكدا ئەو كەسەی كە دەسووتێت، ئەگەر چارەسەری پزیشكی و جوانكارییەكە پێویستی بەشەش مانگ بێت، ئەوا چارەسەری دەروونی پێویستی بە دوو ئەوەندە كات هەیە».
پێویستە سەنتەری راوێژكاری دەروونی و خێزانی
لە شارەكان بكرێتەوە
بەهار رەفیق توێژەری دەروونی و بەرپرسی بنكەی لانە بۆ پاراستن و گەشەپێدانی منداڵان، لە دەستپێكی قسەكانیدا هیوای خواست دیاردەی خۆسووتاندنی ئافرەت لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا بنبڕ ببێت، جەختی لەوەش كردەوە كە «بە هەماهەنگیی دەزگا حكوومییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە رێگەی وشیاركردنەوەی تاكەكان پرۆسەی نەهێشتنی خۆكوژی سەركەوتووتر دەبێت». گوتیشی:«كاتێك ئافرەتێك لە رێگەی خۆسووتاندنەوە هەوڵی خۆكوشتن دەدات، بەڵام ژیانی لە دەست نادات، دواتر بە رووخسارێكی شێواو و دەروونێكی شڵەژاو و هیلاكەوە دێتەوە ناو كۆمەڵ، ئەوكات پێویستی بە هاوكاری دەروونی و ماددی دبیت تابتوانێ بۆ ژیانی ئاسایی بگەڕێتەوە، ئەوەش كارێكی گرانە بۆ ئەو كەسانەی كەمدەرامەتن، لەوكاتەدا پێویستیمان بە هاوكاری دەوروبەر و حكومەت و رێكخراوەكان دەبێ».
بەهار رەفیق ئەوەشی دووپات كردەوە كە سەنتەری جوانكاریی حكوومی لە هیچ وڵاتێكی دنیا بوونی نییە، تەنانەت بیمەی تەندروستی لە وڵاتانی دەرەوە شموولی جوانكاری ناكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێشنیاری كرد نەخۆشخانەی تایبەت بكرێتەوە بۆ چارەسەركردنی رووخسار و دەروونی ئاو ئافرەتانەی لە سووتان رزگاریان دەبێت و سندوقی یارمەتی و هاوكاری لە نەخۆشخانە و فەرمانگەكان بۆ ئەو كەسانە دابنرێ كە باری ئابوورییان لاوازە، بە پێویستیشی زانی سەنتەری راوێژكاری دەروونی و خێزانی لە شارەكان بكرێتەوەو لەلایەن توێژەرانەوە سەرپەرشتی ئەو كەیسانە بكرێت».
لە بەشی نەشتەرگەریی جوانكاری لە نەخۆشخانە لێزەرمان نییە
بەڵام د. جەلال حەمەساڵح پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانكاری، جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە هەردوو نەخۆشخانەی رزگاری و هەولێری فێركاری رۆژانە نەشتەرگەری جوانكاری بە خۆڕایێ ئەنجام دەدرێت، ئەویش لە رێگەی نۆرەگرتنەوە دەبێت، بەڵام زۆرجار نۆرەكان بەهۆی زۆری نەخۆش دوور دەبێت، لەهەندێك حاڵەتیشدا كەسەكە پێویستی بە چوار تا پێنج نەشتەرگەری هەیە، بەڵام ئەوەی نیگەرانی لای ئافرەت دروستكردووە، ئەوەیە كە لەم بەشەی نەخۆشخانە لێزەرمان نییە، زۆرجاریش دوامان كردووە، بەڵام تائێستا دابیننهكراوه، ئەوەش شتێكی زۆر ئاساییە و لە هەموو دنیادا جوانكاری بە پارە دەكرێت و لە نەخۆشخانە حكوومییەكاندا تەنیا چارەسەر ئەنجام دەدرێت، لەم كاتانەدا نەخۆش ناچارە پەنا بۆ سەنتەر و نەخۆشخانە ئەهلییەكان ببات، تەنانەت لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكاش لێزەر لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەكرێت».
پێدانی نیوهی خەرجییەكان
چارەسەرەكە ئاسانتر دەكات
زاهیر قادر خاوەنی سەنتەری جوانكاری، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئەوانەی سەردانی سەنتەرەكەیان دەكەن بۆ لابردنی پاشماوەی سووتان لەسەر روخساریان، زۆرترینیان «چینی هەژار و مامناوەند»ـن، گوتیشی: «ئافرەتە دەوڵەمەندەكان بۆ چارەسەری و جوانكاری روخساریان دەچنە دەرەوەی وڵات و كێشەیان نییە، بەڵام بۆ هەژارەكان بە باشی دەزانم پارێزەرانی مافی ئافرەت سەردانێكی مەیدانی تەواوی سەنتەر و نەخۆشخانەكانی تایبەت بە جوانكاری بكەن، تا ژمارەی ئەو ئافرەتانە بزانرێت و دواتر لەلایەن رێكخراوەكانی ژنانەوە بۆ پشتگیری قوربانییانی ئەو كارەساتە سەردانی هەمان ئەو سەنتەرانە بكرێت و بەمەبەستی چارەسەركردنیان جۆرێك رێككەوتنیان لەگەڵدا بكەن. هەروەها چارەسەر لەوەدا دەبینم كە حكومەت بە تەنسیق لەگەڵ چەند سەنتەرێكی جوانكاری كاری چارەسەركردن و گەڕاندنەوەی جوانی بۆ ئەو ئافرەتانە لەئەستۆ بگرێ، پێدانی لانیكەم 50%ی خەرجییەكان چارەسەرەكە ئاسانتر دەكات و بەم كارە ئینسانییە دەتوانرێ دەیان ئافرەت لە ناحەزبوونی روخسار و قەیرانی دەروونی رزگاربكەن».