خولەكانی راهێنان تاچەند ئافرەتانی رۆژنامەنووسی هانداوە كار بۆ نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی بكەن؟

خولەكانی راهێنان تاچەند ئافرەتانی رۆژنامەنووسی هانداوە كار بۆ نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی بكەن؟
بەپێی چەند لێكۆڵینەوەو توێژینەوەیەكی بیانی دەركەوتووە، رۆژنامەنووسانی كورد توانا و بەهرەیان زۆرەو بەكارامەیی كێشەكان دەخەنە بەر باس، چەندین خولی راهێنانی رۆژنامەوانیش لەلایەن بیانییەكانەوە لە هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، بەڵام ئافرەتانی رۆژنامەنووس تاچەند سوودیان لەو خولانە بینیوەو خولەكانی راهێنان تا چەند خزمەتی بە بواری دەستەبەركردنی مافی ئافرەتان كردووە؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتە وەڵامی ئەو پرسیارەی گوڵان دەدەنەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

پێویستە بەربەستەكان نەهێڵدرێن
ڕۆژنامەنووس ئەمەل باجەلان سكرتێری لقی خانەقینی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، رایوایە بەشێوەیەكی گشتی هەموو ئەو خولانەی كە تایبەتن بە رۆژنامەنووسی ئافرەت «شتی دووبارەن و پێویستە لەو ڕووەوە هەوڵی جددیتر هەبێت، چونكە «ئافرەتی رۆژنامەنووس ئەوەندەی پێویستی بە پاڵپشتییەكی جددی هەیە لە بواری ئیشكردندا ئەوەندە پێویستی بە خول و موحازەرات نییە»، گوتیشی: «ئافرەتان بەگشتی و ئافرەتی ڕۆژنامەنووس بەتایبەتی پێویستیان بەوەیە ئەو بەربەستانە نەهێڵدرێن كە دەبنە رێگر لەبەردەم خواست و داخوازییەكانیان و ئیرادەی ئیسپاتكردنی وجوودی خۆیان لە هەمووبوارەكان بە رۆژنامەنووسیشەوە، بۆیە دەبێت كۆمەڵگە هەلی زۆرتریان پێبدات.
خول و وۆركشۆپەكانی راهێنان گرنگ و پێویستن
هاوژین عومەر ماستەر لە ئەدەب و رۆژنامەگەری، هێما بۆ ئەوە دەكات كە خول و وۆركشۆپەكان گەر بەشێوەیەكی زانستی و رێكوپێك بۆ هەر چین و توێژ و رەگەزێك رێكبخرێن، سوودی زۆری دەبێت، نەخاسمە گەر هاتوو بۆ پەرەپێدانی توانا پیشەییەكانی میدیاكاران و تایبەتتر میدیاكارە ژنەكان بێ، سازدانی ئەم جۆرە خول و وۆركشۆپانە یەكجار گرنگ و پێویستن بۆ رۆژنامەنووسانی كورد. گوتیشی «بەبڕوای من بواری میدیا لە هەر بوارێكی تر زیاتر پێویستی بە خولی راهێنان و پەرەپێدانە، چونكە زۆرینەی رۆژنامەنووسانی كوردستان وەك حەز و ئارەزوو، یان لە دنیای ئەدەبەوە هاتوونەتە نێو دنیای رۆژنامەگەری و زانیارییەكی ئەوتۆیان دەربارەی وردەكارییەكانی كاری میدیایی و ژانرە رۆژنامەوانییەكانی وەك هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەدواداچوون و دیمانە و نووسینی رۆژنامەوانی بە شێوە زانستییەكەی نییە، یان بێئاگان لە تەكنیكە نوێیەكانی نووسین و دیزاین و شێوازی پێشكەشكردنی بەرنامەو...تاد. لەلایەكی دیكەوە واباشە وۆركشۆپەكان كار لەسەر پەرەپێدانی ئاستی هۆشیاری پیشەیی رۆژنامەنووسان بكەن، بەتایبەت لەو مەسەلانەی پەیوەندیدارن بە ماف و ئەركەكانی میدیاكار كە وابەستەی راستەخۆی بە مەسەلەی ئەخلاقییاتی كاری میدیایی و یاساكانی راگەیاندنەوە هەیە». هاوژین سەرباری بە گرنگ زانینی ئەو خولانە، پرسیاری ئالیەتی بەڕێوەچوونیان دەكات و دەڵێت: «كێن ئەوانەی موحازەرە و بابەتەكان پێشكەش دەكەن؟ ئایا رادەی تەفاعول و تێكەڵبوونی رۆژنامەنووسانی بەشدار چۆنە؟ وەڵامی دروستی ئەو سێ پرسیارە لەلایەن رێكخەر و بەشداربووانی وۆركشۆپ و خولەكان گەرەنتی سوودبەخشین و پێگەیاندنی كادیری رۆژنامەنووسی پڕۆفێشناڵن، ئەگەرنا ناوی بێناوەڕۆكن و دەچنە خانەی سازدانی خول لە پێناو خول نەك سوودبەخشین و پەرەپێدانی توانا پیشەییەكان».
لێكۆڵینەوەیەك ئاستی رۆژنامەنووسانی كورد بەرز دەنرخێنێ
راگەیاندنكار چیا عەبدوڵڵا، سەبارەت بە تەوەری راپۆرتەكە سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكی كە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە، دەركەوتووە كە رۆژنامەنووسانی كورد رێژەی زیرەكییان لە ئاستێكی بەرزدایە لەكاتی باسكردن و وێناكردنی كێشەكان و خستنەڕووی تێكڕای لایەنەكان، بەڵام جەختی لەوەش كردەوە كە «چارەسەر لە كارەكاندا بەدی نەكراوە و چارەسەر لەبیركردنەوەكاندا نەبۆتە بەشێك لە ئایدیا»، گوتیشی: «كاتێك بەشداری لە خولەكان دەكەین بە كۆمەڵێ رۆژنامەنووسی جیاواز و كۆمەڵێ بیروبۆچوونی جیاواز ئاشنا دەبین، تاوەكو ئێمەی رۆژنامەنووس بتوانین چۆن كار لەسەر چارەسەرییەكان بكەین و ببینە ئەو تروسكاییەی خۆشبەختی بۆ خێزانەكان بگەڕێنینەوە، ئەوكاتە كۆمەڵگەكەمان لە خوە نەخوازراوەكان دووردەكەوێتەوە و بەرەو ئەو چەمكانە دەچێت كە بەختەوەری بۆ كۆمەڵگە دەهێنێت. بەشداریكردنیشم لە خول و وۆرك شۆپەكان بۆ من مایەی سوودبینین بووە، كە هەوڵ بۆ باشتركردنی رەوتی رۆژنامەگەری دەدەن، راگەیاندنیش ئاستێكی بەرزی لە هەموو جیهان بەدەستهێناوە لەسەر هەموو ئەو كەسانەی كە بینەر و بیسەر و خوێنەرە».
پێویستە هاندان و پێگەیاندنی ئافرەتی رۆژنامەنووس گرنگی زیاتری پێبدرێ
رۆژنامەنووس و شاعیری گەنج لانە ئامانج، دەڵێت: «بەوپێیەی من رۆژنامەنووسێكی ئەكادیمی نیم واتا دەرچووی بەشەكانی راگەیاندن نیم و تەنیا حەز و ئارەزوو منی هێناوەتە ناو ئەو بوارە، شارەزاییم لە بوای كاری رۆژنامەوانی بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ لە ئاستی پێویستدا نییە، بۆیە كردنەوەی خول و راهێنان و وۆركشۆپ بۆ رۆژنامەنووسان و بەتایبەتی ئافرەتی راگەیاندنكار كارێكی یەكجار پێویستە، بە مەرجێ ئەو خولانە ببنە سەرچاوەی پێدانی زانیاری سوودبەخش بەشێوە زانستییەكەی نەك شێوە تەقلیدییەكەی، كە بەداخەوە بەشێك لەو خول و وۆركشۆپانەی لەكوردستان بەڕێوەدەچن لەچوارچێوەیەكی بەرتەسك دەخولێنەوە و هەوڵنادەن ئەتەكێتی كاری رۆژنامەگەری بەشێوە تازەگەرییەكەی بە رۆژنامەوان و راگەیاندنكاران ئاشنابكەن». لانە بە پێویستی دەزانێت بەتایبەتی هاندان و پێگەیاندنی ئافرەتی رۆژنامەنووس گرنگی زیاتری پێبدرێت. گوتیشی: «ماوەیەك پێش ئێستا لە خولێكی سێ رۆژە بەشداریم كرد، بەڵام بەشداریكردنەكەم نەبووە هۆی زیادكردنی زانیاریم لەسەر وردەكارییەكانی ئەو بوارە، تەنیا كات كوشتن و دەرچوون بوو لە بابەتی سەرەكی خولەكە، بۆیە پێویستە كەسانی بەئەزموون و شارەزا لە بواری رۆژنامەگەری ئەو خولانە بگێڕن».
Top