نابیناكانداوای خوێندنی باڵا دەكەن

نابیناكانداوای خوێندنی باڵا دەكەن
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچەند ساڵی رابردوودا كاری زۆری بۆ خزمەتكردن بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ئەنجامداوە، وەك زیادكردنی مووچە و دامەزراندنیان و هاوكاریكردنی سەرجەم خاوەن پێداویستی تایبەتەكان، بەڵام بایەخ نەدان بە سەنتەرەكانی پێگەیاندن بۆ نابیناكان، وایكردووە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو ئاواتەیان بەدی بێنن كە بتوانن ببنە خاوەن بڕوانامەی بەرز. گلەییشیان لەوە هەیە كە لە هەولێر وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان تەنیا قۆناغی بنەڕەتی بۆ خوێندنی نابیناكان هەیەو دواتر دەبێت بۆ درێژەدان بە خوێندن تێكەڵ بە قوتابیانی ئاسایی ببن، كە ئەوەش ئاریشەی زۆریان بۆ دروست دەكات. لەم راپۆرتەی (گوڵان)دا كێشە و گرفت و داوكارییەكانی گەنجانی نابینا دەخەینەڕوو.

خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان وەك چینێكی گرنگی كۆمەڵگە دەیانەوێت جێدەستیان دیار بێت و تەنانەت ببنە بەشێك لە پێگەیاندنی جومگە سەرەكییەكانی ژیان، بۆ ئەوەش خوازیارن قۆناغەكانی خوێندن تا ئاستی خوێندنی باڵا تەواو بكەن، بەتایبەتی نابینایان لە ئێستادا داواكارن ئاسانكارییان بۆ بكرێ، بۆ ئەوەی بە وەرگرتنی بڕوانامەی بەرز بتوانن زیاتر خزمەتی خۆیان و كۆمەڵگەكەیان بكەن.

گرنگە ئامادەییەكی تایبەت بە نابیناكان بكرێتەوە
محەمەد رەسووڵ گەنجێكی نابینایە و قوتابی زانكۆیە لە كۆلێژی ئاداب و وەك خۆی باسیكرد، بەهاوكاری چەند كەسێك لە هەوڵی كردنەوەی ئامادەیی نابینایاندایە. ئەو وەك خاوەنی بیرۆكەی كردنەوەی ئامادەیی نابینایان باسی ئەوە دەكات كە بەشێكی هەرە زۆری قوتابیانی نابینا دوای تەواوكردنی قۆناغی نۆیەمی بنەڕەتی واز لە خوێندن دەهێنن. لە بارەی هۆكارەكەشی گوتی: «ئێمەی نابینا رووبەڕووی زۆر گرفت و كێشەی جیاواز دەبینەوە، رەنگە سەرەكیتریان لەدوای چوونمان بۆ ناوچاوساغان لە قۆناغی ئامادەیی دەستپێبكات، چونكە زۆربەی قوتابیەكان لە قۆناغی ئامادەیی هەرزەكارن و نازانن مامەڵە لەگەڵ نابیناكاندا بكەن، گەنجێكی ئاسایی كە پەروەردەی كۆمەڵگەیەكی نەریتییە لە ئامادەیی چۆن دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ كەسێكی نابینا بكات كە دەبێتە هاوپۆلی؟ بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە ئامادەییەكی تایبەت بە نابیناكان بكرێتەوە».

نابینا تەنیا بە سیستەمی برایل دەتوانێت بخوێنێت
محەمەد جەختی لەوە كردەوە كە قوتابییە نابیناكان لە رووی وانەكانی خوێندنیشەوە تووشی چەندین گرفتێك دەبن، لەوانە: شارەزا نەبوونی مامۆستاكانی قوتابخانە ئاساییەكان سەبارەت بە باتەكانی نابینا، چونكە وەك دەزانین نابینا پێویستە بە سیستەمی برایل و ئەباكۆ و دەنگی هەیە بخوێنێت، لە قوتابخانە ئاساییەكاندا سیستەمی برایل و ئەباكۆ زۆر پەراوێز خراوە و كەس كاری لەسەر ناكات و هەر نییە، هیچ مامۆستایەكیش شارەزایی لەسەر ئەم سیستەمە نییە، هەروەها ناكرێت لە پۆلێك 25 قوتابی ئاسایی بە شێوازێك بخوێنن و تەنیا یەك قوتابی نابیناش بە شێوازی برایل بخوێنێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە بەدرێژی نۆ ساڵ قۆتابی نابینا بە برایل دەخوێنێت.
هاوار محەمەد یەكێكە لەو قوتابییە نابینایانەی كە بەهۆی نەبوونی ئامادەيی تایبەت بە نابینایان وازی لەخوێندن هێناوە، ئەو بە نیگەرانییەوە دەڵێت: «من ئارەزووم دەكرد، سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن تەواو بكەم، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامادەییەوە ناچار بووم واز لە خوێندن بهێنم».
هاوار هێما بۆ دەكات كە پەیمانگەی رووناكی بۆ نابینایان هەتا قۆناغی نۆی بنەڕەتی هەیە و دوای ئەم قۆناغە نابیناكان ناچار دەبن كە بچنە ئامادەییە ئاساییەكان، لەوێش لەبەرئەوەی سیستەمەكەی زۆر جیاوازە، وەك پێویست سوود لە وانەكان نابینن. جەختی لەوەش كردەوە كە «زۆر ئاستەمە نابینا بتوانێت لە ئامادەییە ئاساییەكاندا درێژە بە خوێندن بدات».
موئەیەد كەیفی و سۆران حەسەن، دوو نابینای دیكە بوون كە وەك سەدان نابینای هاوشێوەی خۆیان پێشنیاری كردنەوەی ئامادەیی تایبەت بە نابینایان دەكرد، ئەوان سوور بوون لە سەر ئەوەی كە «نابینایانیش دەتوانن بڕوانامەی بەرز لە ئاستی دكتۆرا بەدەست بێنن، بەڵام حكومەت ئاسانكاری بۆ نەكردوون». هەر لەو بارەیەوە سۆران گوتی: «حكومەت كار ناكات بۆ ئەوەی تاكی بەتوانای نابینا دروست بكات، كە سوودیان بۆ خۆیان و بۆ كۆمەڵگەش زیاتر بێت». بە پێویستیشی زانی هەر چی زووە سەنتەر و ئامادەیی تایبەت بە نابیناكان بكرێتەوە و گرنگی زیاتر بە نابینایان بدرێت بۆ ئەوەی تواناكانیان بەدەر بخەن.
دواتر گوڤاری (گوڵان) پرسیاری ئاراستەی سەرۆكی كۆمەڵەی كورتە باڵایانی كوردستان(دڵشاد قادر خۆشناو) كردو ئەویش لە دەستپێكی قسەكانیدا دەستخوشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو پڕۆژانەی كە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجامیان داوە، وەك زیادكردنی مووچە و دامەزراندن و ئاسانكاریكردن بۆ خوێندن و راهێنانیان. گوتیشی: «ئێمە پێمان باشە حكومەت نەخشە بۆ ئایندەی خاوەن پێداویستی تایبەت بكێشێت، بە كردنەوەی سەنتەری شیاندنی خاوەن پێداویستی تایبەت بەشێوەیەك كە ئەو سەنتەرانە بتوانێت كەسانی كارامە و بەتوانا دروست بكات، واتا ئەركی حكومەتە هەوڵی ئەوە بدات كە كەسی خاوەن پێداویستی تایبەت خۆی پشت بە خۆی ببەستێت، چونكە ئەگەر خاوەن پێداویستی تایبەت سەنتەری شیاندنی پێشكەوتووی هەبێت، ئەوا كەسی زۆر بەتوانای لێدەردەچێت و دەتوانێت خزمەت بە كۆمەڵگە بكات». هەروەها گوتی: (ئەو سەنتەرانەی كە ئێستا كاردەكەن لەسەر سیستەمی پەیمانگە دامەزراون و تەنیا گرنگی بە لایەنی فێركاری دەدەن، هەرچەندە لایەنی فێركاریش گرنگە بەڵام ئەوەی لەوە گرنگترە، ئەوەیە كە پێویستە ئەركی ئەم پەیمانگە و سەنتەرانە لەوە فراوانتر بێت كە تەنیا لایەنی فێركاری بگرێتە ئەستۆ، بەڵكو دەبێت گرنگی بە هەموو لایەنەكان بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت كەسێكی بەتوانا بەرهەم بێت، كە بتوانێت داهاتێكی سەربەخۆ بۆخۆی دابین بكات، بەڵام سیستەمی ئەم سەنتەر و پەیمانگەیانە زۆر تەقلیدین و پێویستە سەر لە نوێ گۆڕانكاری لە سیستەم و پڕۆگرامیاندا بكرێت، بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن سوودی لێ وەربگرن، هەروەها دەوامی ئەم پەیمانگەو سەنتەرانە زۆر كەمە و پێویستە كاتی دەوامكردنیان زیاتر بكرێت، چونكە مافی هەموو دایك و باوكێكی كەمئەندامە كە منداڵەكەی لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لە پەیمانگە، یان سەنتەرەكانی راهێنان دابنێت، بۆ ئەوەی بە باشی پەروەردە بكرێن، بەتایبەتی منداڵانی ئۆتیزم و بیركۆڵان و نابینایان، پێویستیان بەكاتی زۆرتر هەیە بۆ ئەوەی فێری بابەتە جۆربەجۆرەكان بكرێن، هەروەها ئەگەر منداڵی كەمئەندام لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لە پەیمانگە مایەوە، ئەوكات دایك و باوكیشی كەمێك ماندووبوونیان دەڕەوێتەوە».
مەیادە نەجاڕ هەڵگری بڕوانامەی ماجسترە لە بواری كارگێڕیی تەكنەلۆژی، ئەو رای وایە یەكێك لەسەرەكیترین هەنگاوەكانی بەهێزكردنی تاكەكەس خۆی لەوە دەبینێتەوە كە چۆن تاك لە كەسێكی بەكاربەرەوە بكرێتە كەسێكی بەرهەمهێن، گوتیشی: «من بەهۆی ئەو توێژینەوە و بەدواداچوونانەی كە لەسەر سیستەمی زانكۆ جیهانییەكان كردوومە، گەیشتوومەتە ئەو راستییە كە پێویستە كار لەسەر ئەوە بكرێت كەسی بەرهەمهێن دروست بكەین، ئەوەش لەدیوێكی تردا لەگەڵ ئەو خاڵەدا كۆكە كە بە كردنەوەی ئامادەیی نابینایان دەتوانین بەشێكی زۆر لە گەنجانی نابینا بنێرینە زانكۆ و پەیمانگەكان و بیانكەینە كەسی بەرهەمهێن و بەتوانا». ئەوەشی خستەڕوو كە پێگەیاندنی كەسێكی نابینا دەبێتە هۆی ئەوەی كە وەك مرۆڤی ئاسایی بتوانێت بەرهەمی هەبێت و بەوەش سوودی بۆ خۆی و كۆمەڵگەش زیاتر دەبێت.
Top