ئەجیندای پەرلەمان و حكومەت لە دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتدا
September 18, 2014
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
گەرچی بەراورد بە وڵاتانی ناوچەكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی زیاتری بە پرسی ئافرەت و مافەكانیان داوە، بەشێكی بەرچاویش لە پۆستەكانی حزبی و حكوومی بە ئافرەتان سپێردراون، لە زۆربەی كابینەكانی حكومەتیشدا وەزیری ئافرەت هەبووە، لەپۆستە باڵاكانی وەك راوێژكار و بەڕێوبەری گشتی و سەرۆكی دەستەكان و بگرە بەڕێوەبەری دامەزراوە حكومییەكانیش كەم تا زۆر پشكی خۆیان بەركەوتووە، بەڵام هەمیشە توێژی رۆشنبیران و چالاكانی مەدەنی تا هەنوكەش بە چاوی گومانەوە لە ئەجندای پەرلەمان و حكومەتی هەرێم بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتان دەڕوانن.
ئەوەتا ئاشتی عەزیز ساڵح، كە یەكێكە لە پەرلەمانتارە چالاكەكانی خولی پێشووی پەرلەمان، دەڵێت: «زۆر بەداخەوە یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی كۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە كە پرسی ژن زۆر بە لۆكالی ماوەتەوە و هیچ جۆرە گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەت نەیتوانیوە بۆ گۆڕانكاری لە مافەكانی ژنان و برەودان بە تواناكانیان هەنگاوی عەمەلی بنێت»
ئاشتی عەزیز جەخت لەوە دەكاتەوە كە «سیستەمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پرسی ژنی لە قاڵبداوەو تەنانەت كێشەی ژن زۆر بە داخراوی هێڵراوەتەوە، چونكە نە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و نە دەسەڵاتی یاسادانانیش نەیانتوانیوە كاری زۆر لەسەر پرسی ژنان بكەن». گوتیشی: «پەراوێزخستنی ژنان لەلایەن حكومەتەوە لەچەند خاڵێكدا دەردەكەوێـت، ئەویش ئەوەیە كە چەندین یاسای تایبەت بە پرسی ژنان هەبوو، لەوانە یاسای كابانی ماڵ و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و یاسای هاوكاری قەیرەكچان و چەندین یاسای تریش كە هەمووی ئەمانە پەراوێزخران و نەخرانە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات لە دوو لاوە كاركراوە بۆ پەراوێزخستنی ژنان، لە لایەكیان وەك پێویست یاساكان دەرنەكراوە كە خزمەت بە ژنان بكات و هەر ئەو یاسایانەش لەلایەن دەسەڵاتی تەشریعییەوە پەراوێز خراون، لە لایەكی دیكەوە هەندێكجار یاساكان لەلایەن پەرلەمانەوە دەكراوەو ئامادەكراوە، تەنانەت هەمواریش كراوە، بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە لایەنی پەیوەندیدارە فەرامۆشی كردووە».
ئاشتی رەخنە لە ئیرادەی سیاسەتوانانی كوردو حكومەتی هەرێم دەگرێت و دەڵێت: « پەرپرسانی سیاسی بە حزبی و حكوومییەوە زۆرجار وەهای نیشان دەدەن كە پرسی ژنیان بەرەو پێش بردووە و وەك ئەولەوییەتێكی گرنگ كاریان لەسەر كردووە، ئەوەش بە بەخشینی پۆستێكی حزبی، یان وەزارەتێك، یان بەرێوبەرایەتیەكی گشتی بە ئافرەت، كە خۆی لەخۆیدا هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕدرێت». گوتیشی: «ئەگەر حكومەت بیەوێت خۆی وەها نیشان بدات كە پرسی ژنانی بەرەو پێش بردووە، دەچێت ژنێك دەكاتە وەزیر، ئەمەش نابێتە هۆی گۆڕانی پارسەنگی بۆ تواناكانی ژنان و بەرەوپێش چوونی پرۆسەی ژنان، چونكە ئەو وەزیرە ژنە كار بۆ ئەجندای حزبێك دەكات، كە لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە پیاو كارنامەكەی بۆ دەستنیشان دەكات و هەر پیاویش دەبێتە رێپیشاندەری كارەكەی، ئیتر لەم حاڵەتەدا هەموو ئەو پرسانە تەجمید دەبن كە تایبەتن بە ژن و پیاوان دەبنە خاوەنی بڕیاری سەرەكی لە وڵاتدا و ژنانیش وەك پاشكۆی ئەوان دەردەكەون، ژنە سیاسییەكانیش ناتوانن ببنە لەمپەری بڕیارەكانی پیاوانی دەسەڵات و تەنیا ئەركیان جێبەجێكردن دەبێت».
لانە بەكر چالاكی بواری ئافرەتان و بەڕێوبەری یەكێك لە كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانە. ئەو رایوایە «لەهەرێمی كوردستاندا ژمارەیەكی بەرچاوی ئافرەتان لە پۆستی باڵادان و ئەگەر ئەمە بكرێتە پێوەر، دەبێت دان بەودا بنێین كە حكومەت گرنگی بە پرسی ژن داوە». هەر لەو بارەیەوە گوتی: «لە هەرێمی كوردستاندا حكومەت بەشێكی زۆر لە ئافرەتانی لە پۆستی باڵادا داناوە، بەڵام ئەوەی كە تێبینی دەكرێت، ئەوەیە كە ئەو ئافرەتانە وەك پێویست نەیانتوانیوە كار لەسەر پرسی ئافرەت بكەن و زیاتر ئەركی ئەوان لە چەند خاڵێكدا سنووردار بووە، ئەوەندەی كە من هەستم پێكردبێت، لە زۆربەی كار و چالاكییەكاندا بەشێكی زۆری ئافرەتانی خاوەن پۆست نەیانتوانیوە ئەركی خۆیان بگەیەننە ئەنجام، تەنیا چەند ئافرەتێك نەبێت، نموونەشمان ئەوەیە كە كاتێك هەرێمی كوردستان رووبەڕووی جەنگی تیرۆر بۆتەوە، كەم ئافرەتی خاوەن پۆست بە ئەركی خۆیان هەستان و تەنیا ئافرەتێك كە توانی زۆرترین و جوانترین نموونە لەكاری سەركەوتوو پێشكەش بكات، خاتوو ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری عێراق بوو» .
ئەو چالاكەی بواری مافەكانی ئافرەت پێشنیار دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زیاتر گرنیگدان بە تواناكانی ئافرەتان و پێشخستنیان پێویستە هەوڵبدات بۆ ئەوەی گرنگی بە پێگەیاندنی ئافرەتی بەتوانا بدات كە بتوانێت لە هەموو ئاستێكدا پۆست و بەرپرسیاریەتی وەر بگرێت». گوتیشی: «ئافرەتان چۆن داوا دەكەن لە پۆست و پلەدا هاوبەش بن، پێویستە لە ئەرك و فرمانیشدا بەشداربن و بتوانن بە كارامەیی و تواناكانیان پەیامێكی جوان بگەیەننە سەرووی خۆیان و هاووڵاتیانیش دڵنیا بكەنەوە».
لە لای خۆیەوە پەیمان عزەدین پارێزەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، سەرەتا ئەوەی بۆ گوڵان خستەڕوو كە «ئەگەر هەڵسەنگاندێكی ورد بۆ ئەرك و چالاكی ژنە وەزیر و بەرپرسەكان بكەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە لە رووی پیشەییەوە لە پیاوە هاوشانەكانیان سەركەوتووتر بوون .هەرچەندە لەكارنامەی هیچ كام لە دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستاندا پرسی ژن ئەولەوییەتی پێنەدراوە، ئەمەش وایكردووە كە ئەگەر بەرپرسی یەكەمی ئەو دامەزراوەیە ئافرەتیش بێت، نەتوانێت ببێتە مینەبەرێك بۆ گرنگیدان بەئافرەتان وەك پێویست خزمەت بەپرسی ژنان بكات، واتە زۆر لەو ژنانەی كە خاوەن پۆست بوون لە رووی پیشەییەوە لە پیاوەكان سەركەوتووتر بوون، بەڵام وەك ژنێك كە لە پۆستێكی باڵای حكومەتدا بووە، رەنگە نەیتوانیبێت خزمەت بە پرسی ژنان بكات. ئەمەش پەیوەندی بەتوانای ئەو ژنە، یان بە تێگەیشتنی ئەو ژنەوە نییە لە كارەكە، بەڵكو پەیوەندی راستەوخۆی بەوەوە هەیە كە لە كارنامەی كاری ئەو دامەزراوەیەی كە بەو ژنە سپێردراوە، تاچەند پرسی ژن لە ناو كارنامەكەدا هەبووە، چونكە ئەو ژنە وەزیر بێت یان بەڕێوبەری گشتی، یان سەرۆكی دەستەیەك، یان سەرۆكی هەر دامەرزاوەیەكی كۆمەڵایەتی یان خزمەتگوزاری بێت، ئەوا كارنامەیەكی بۆ دانراوە كە پێویستە جێبیەجێی بكات و ناتوانێت لەو پرۆپۆزەلە لابدات».
پەیمان عزەدین جەختی لەوە كردەوە كە «لە كوردستان ئەوە بۆ چەند كابینەیەك دەچێت ئەنجومەنێك بە ناوی ئەنجومەنی خانمان هەیە و بۆردێكی تایبەت بە ئافرەتانی هەیە، بەڵام لە رووی عەمەلییەوە پێویستە ئەم ئەنجومەنە بتوانێت خزمەتی زیاتر بە پرسی ژنان بكات و بۆ برەودان بە تواناكانی ژنان لە هەموو روویەكەوە ئەركی زۆر لە ئەستۆ بگرێ، هەروەها جەختی لەوەش كردەوە كە «ساڵانە پارەیەكی زۆر لەسەر بودجەی گشتی بۆ یادی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەرخان دەكرێت، بەڵام ئەو پارەیە بەهەدەر دەڕوات، چونكە ئەنجامی نەبووە، شتێكیش كە ئەنجامی نەبێت، ئەوا هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێت. لەكاتێكدا گەورەترین هەڕەشە لەسەر ژنی كورد مەسەلەی توندوتیژییە كە ساڵانە زۆرترین قوربانی لێدەكەوێتەوە».