كارەساتی ئاوارەبوون ولێكەوتە نەرێنیەكانی لە سەر منداڵان

كارەساتی ئاوارەبوون ولێكەوتە نەرێنیەكانی لە سەر منداڵان
لە سەروبەندی ئەو بارودۆخە سیاسییە نەخوازراوەی كە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، هەروەها سەرەڕای قەیرانە ئابوورییەكان و هاتنی بە لێشاوی پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، دەنگ و باسەكانی شەڕی دژی داعش بە هەموو هەواڵە دڵخۆشكەرەكانی پێشڕەوی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەشەوە، جۆریك لە گرفتی دەروونی لای هاووڵاتییان بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی دروست كردووە، بێگومان شەڕ و ئاژاوە سیاسییەكان كاریگەریی زۆر خراپیان لە سەر ژیانی تاك و كۆمەڵگە دەبێت، لەو بوارەشدا منداڵان پشكی شێریان بەردەكەوێ، چونكە گەورەكان بە حیماسەت و رۆحی نیشتمانپەروەرییەوە لە كارەساتەكە دەڕوانن و تا رادەیەك بەسەر كێشەكاندا زاڵ دەبن، بەڵام منداڵان ئەو هەست و هێزەیان نییە، بۆیە بەردەوام بە دەست ئازارە شاراوەكانی شەڕەوە دەناڵێنن و باری دەروونییان لە مەترسیدا دەبێت. پسپۆڕانی بواری دەروونیش جەخت لەوە دەكەنەوە كە هەواڵە گەرمەكانی رۆژ لە بارەی شەڕ و كوشتار و ئاوارەبوون، پانتاییەكی گەورەی لە هزری منداڵە چاوگەشەكاندا دروستكردووە، بۆیە بە پێویستی دەزانن رێكارگەلێكی بەپەلە و شیاو بۆ ئەو قەیرانە دەروونییەی منداڵان بدۆزنەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

پڕۆفیسۆر یوسف حەمەساڵح مستەفا، مامۆستای زانكۆ لە بەشی دەروونزانی لە كۆلێژی ئاداب - زانكۆی سەڵاحەدین، لە دەستپێكی قسەكانیدا بۆ گوڤاری گوڵان، هێما بۆ ئەوە دەكات كە شەڕ جگە لە زیانەكانی گیانی و ماددی، لە هەموو روویەكەوە ئاسەواری زۆر خراپی لە سەر باری دوروونی تاك هەیە، واتە هەموو تاكەكان بێبەش نابن لەو گرفتە دەروونییەی كە شەڕ و جەنگ بەرهەمی دەهێنێت، چونكە ئەو جەنگ و رەوشە نالەبارە سیاسییەی كە روودەكاتە ناوچەیەك، كۆمەڵێك كاریگەری لەسەر كەسایەتی و لایەنی دەروونی هەموو هاووڵاتییان بەجێدەهێڵێت، گوتیشی: «سەرجەم توێژینەوە دەروونییەكان كە لە وڵاتانی جیهاندا لە بارەی ئاكامەكانی شەڕ و كاریگەرییەكانی ئەنجامدراون، ئەوەیان خستۆتە بەرچاو كە كاریگەری دەروونی زۆر خراپی لەسەر كەسایەتی ئەو منداڵانە هەیە كە لە جەنگدا گەورە دەبن».
ئەو كەسایەتییە ئەكادیمییە، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا باسی ئەوەی كرد كە هەر قەیرانێكی سیاسی و ناجێگری لە رووی سیاسییەوە خۆی لە خۆیدا كۆمەڵە رەهەندێك بەجێدەهێڵێت كە كاریگەری لەسەر ژیانی تاكەكان دەبێت، شەڕ و ئاژاوە سیاسییەكانیش كاریگەریی زۆر خراپتر لە سەر ژیانی تاك و كۆمەڵگە بەجێدەهێڵن، بەتایبەتی منداڵەكان لەو بوارەدا پشكی شێریان بەردەكەوێ، چونكە ئەوان رەگەزێكی ناسكترن لە گەورەكان.
پڕۆفیسۆر یوسف حەمەساڵح، جەختی لەوە كردەوە كە ئەگەر منداڵ تەمەنی لەشەش ساڵ كەمتر بێت، ئەوا كەمتر بە هۆی دەنگ و باسەكانی شەڕەوە هەست بە ترس و دڵەڕاوكێ دەكات، بەڵام لە سەرووی شەش ساڵانەوە جەنگ و رووداوەكانی شەڕ زیاتر كاردانەوە لەلای منداڵ دروست دەكات و زیاتر هەست بەترس و دڵەڕاوكێی بەردەوام دەكات، كە دەبێتە هۆی ئەوەی كەسایەتییەكی ناجێگیری لێ بەرهەم بێت. بەتایبەتی منداڵانی ئاوارەی شەڕەكان زۆر زیاتر لە مەترسیدا دەبن. گوتیشی: «ئەگەر بمانەوێت كێشەكانیان كەم بكەینەوە، ئەوا پێویستە گرنگی بە ئاوارەكان بدرێت و شوێن و جێگەیان بۆ دابینبكرێت، بەڵام ئەگەر گوزەرانیان خراپ بێت، ئەوا هەرگیز كێشەكانیان چارەسەر نابێت و كاریگەری زیاتریشی لەسەر لایەنی دەروونی منداڵەكان دەبێت لە داهاتوودا .واتە هەر كەمتەرخەمییەك روو بدات، لەداهاتوودا بەكارەسات لەسەر كەسایەتی ئەو منداڵانە دەشكێتەوە». باسی ئەوەشی كرد كە هەرچەندە حكومەت و هاووڵاتیان زۆر بە گەرموگوڕییەوە هەوڵی ئەوە بدەن كە هاوكاری بگاتە دەستی پەنابەران و ئەو رێژە زۆرەی ئاوارە كە روویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، هێشتا جۆرە كەموكوڕییەك دروست دەبێت و زۆر بۆشایی دەروونی منداڵانی ئاوارە پڕ ناكرێتەوە، بەهۆی ئەوەشەوە لەسەر كەسایەتی داهاتوویان مەترسی دروست دەبێت. بەڵام چارەسەر ئەستەم نییە و ئەگەر گرنگییەكی باش بە منداڵانی ئاوارە بدرێت و هەموو خزمەتگوزارییەكیان بۆ دابین بكرێت و وەك منداڵانی دیكە لە خۆشییەكانی ژیان بەشدار بن، ئەوكات باری دەروونییان كەمتر لە مەترسیدا دەبێت و تا رادەیەك كێشەكانیان كەم دەبێتەوە».
پەرلەمانتار شوكریە شێخانی ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس، ئەوەی بۆ گوڵان روونكردەوە كە هەموو شەڕێك كاریگەری زۆر خراپ لەسەر ژیانی هەموو تاكی كۆمەڵگە بەجێدەهێڵێت، بەتایبەتی ئەوانەی كە بەناچاری ئاوارە دەبن و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێدەهێڵن و منداڵانیش زۆر زیاتر لەكاتی روودانی كارەساتی جەنگیدا تووشی گرفت و كێشەی دەروونی دەبنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە بە پێویستی دەزانێت گرینگی زیاتر بە لایەنی پەروەردەیی منداڵانی ئاوارە بدرێت، گوتیشی: «ئێمە وەك لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا چەندین بەرنامەمان داڕشتووە بۆ ئەوەی سەردانی وەزیری پەروەردە بكەین، بڕیاریشە لە كۆبوونەوەی لێژنەكەماندا بە وردی لەسەر ئەم پرسە بدوێین، چونكە پێویستە لەكاتی رووداو و كارەساتەكاندا بەرنامەمان بۆ منداڵان ئامادە بێت، لەبەرئەوەی روودانی كارەسات كاریگەرییەكی زۆر ترسناك لەسەر كەسایەتی منداڵ بەجێ دەهێڵێت، من بەرنامەیەكم ئامادەیە و بەنیازم لەگەڵ هاوكارەكانمدا وتوێژی لەسەر بكەین بۆ چارەسەكردنی ئەو كێشانە و بەنیازین لە زووترین كاتدا هەوڵی چارەسەری ئەم پرسە بدەین. چونكە زیاتر منداڵان لەكاتی روودانی جەنگدا رووبەڕووی قەیرانی ناجێگری دوروونی دەبنەوە و پێویستە حكومەت لە بەرامبەر ئەو گرفتانەی منداڵاندا خاوەن پلان و بەرنامە و كاری بەپەلە بێت».
سەعدیە سابیر چالاكی كۆمەڵی مەدەنی، سەرەتا ئەوەی خستەڕوو كە حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بە هاوبەشیی هەموو لایەنە جیاوازەكان بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان ئەركێكی زۆر قورسیان كەوتە سەرشان و كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان و دەرەوەی وڵاتیش لەو بوارەدا رۆڵی بەرچاویان گێڕا. گوتیشی: «كاتێك شەڕ روو لە ناوچەیەك دەكات، ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری ئەو دەڤەرانەی لێدەكەوێتەوە، بێگومان هەر كەسێكیش بە ناچاری كۆچ بكات، رووبەڕووی زۆر گرفتی دەروونی و ناجێگری باری تەندروستی دەبێتەوە، بەتایبەتی منداڵان بوونەوەرێكی پاك و بێگەردن و خۆڕاگری و توانای بەرگریشیان لە بەرامبەر كارەساتەكان كەمترە، بۆیە زیاتر رووبەڕووی قەیرانی ناجێگریی دەروونی دەبنەوە. بۆیە زۆر گرینگ و پێویستە و ئەركی سەرشانی هەموو تاكێكی كوردە لە هەر گۆشەیەكی دونیا بێت، هاوكاری خوشك و برای ئاوارەی خۆی بكات و لانیكەم لە مەینەتییەكانی منداڵانیان كەم بكاتەوە».
سەعدیە باسی لەوە كرد كە هەموو ئاڵوگـۆڕێكی سەربازی و قەیرانێكی سیاسی، كۆمەڵێك قوربانی هەیە و منداڵان پێشەنگی ئەو قوربانییانەن، گوتیشی: «بە درێژایی ئەو جەنگانەی كە روویان لە مرۆڤایەتی كردووە، هەمیشە منداڵان قوربانیی سەرەكیی شەڕەكان بوون، لەبەر ئەوە پێویستە هەموو لایەك هەوڵی ئەوە بدەین كە منداڵان لەم جەنگ و قەیرانە مەترسیدارەشدا نەبنە قوربانی و رێگری تەواو لەم مەترسییە بكەین، ئەویش بە گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری و چارەسەركردنی گرفتەكانیان و دەبێت هەوڵبدرێت قوتابیانی ئاوارە كەسیان لە خوێندن بێبەش نەبن.
سەعدیە سابیر بە ئەركی هەموو لایەكی دەزانێت گرینگی بە گشت بوارەكانی ژینگەی پەنابەرانی ئاوارە بدەن، گوتیشی: «پێویستە سەنتەری چارەسەری دەروونی و كۆمەڵایەتی لەنێو كەمپەكاندا بكرێتەوە، بەتایبەتی بۆ چارەسەری ئەو ئافرەت و منداڵانەی كە تووشی قەیرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی بوون و دەكرێت توێژەرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی رۆڵێكی كارا لەو بوارەدا ببینن. ئێمەش وەك یەكێتی قوتابیانی كوردستان هەمیشە هەوڵ دەدەین كە كێشەو گرفتەكان چارەسەر بكەین، لەو بوارەشدا ماندوونەناسانە كار دەكەین».
زینە مستەفا ئیسماعیل، ئارایشتگەی تایبەت بە ئافرەتانی هەیە و ئەویش یەكێكە لەو هەزاران هاووڵاتییەی كە بایەخێكی زۆر بە كۆمەككردنی ئاوارەكان دەدەن. وەك خۆی باسیكرد، وەك ئەركێكی نیشتمانی هەڵساوە بە هاوكاریكردنی ئاوارەكان و تەنانەت دەرگەی شوێنی كارەكەشی بە بێ بەرامبەر بۆ هەموو ئافرەتانی ئاوارە كراوەیە. ئەو بە حیماسەتەوە دەڵێت: «ئەركی هەموومانە هاوكاری زیاتری ئاوارەكان بكەین، چونكە ئەوان پێویستیان بە هاوكاری بەردەوام هەیە، بۆ ئەوەی گرفتەكانیان كەم بێتەوە». گوتیشی: «سەرجەم ئەو رووداوە نەخوازراوانەی كە رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە، گرفتی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بەتایبەتی كاریگەری زۆر ترسناك لەسەر كەسایەتی ئەو منداڵ و ئافرەتانە دروست دەكەن كە بە هۆی شەڕ، یان كارەساتێكی سرووشتی ئاوارە دەبن». زینە مستەفا لە كۆتایی قسەكانیدا جەختی لەوەكردەوە كە ئەركی سەرشانی هەمووانە هاوكاری ئاوارەكان بكەن و بەتایبەتی گرینگی بە منداڵانی ئاوارە بدەن، بۆ ئەوەی گرفتیان كەم بێتەوە، گوتیشی: «ئەگەر بەشێوەیەكی باش منداڵانی ئاوارە هاوكاری نەكرێن، ئەوا ئەگەری زۆرە تووشی زۆر قەیرانی دەروونی و گرفتی كۆمەڵایەتی ببن، واتە بە هاوكاریكردن و گەیاندنی یارمەتییەكان بەشێكی زۆری ئێش و ئازاری ئەو خێزانە ئاوارانە كەم دەبێتەوە و گرفتی دەروونی منداڵەكانیشیان چارەسەر دەبێت».
ڕۆژنامەنووس و شارەزا لەتوندوتیژی خیزانی هاوژین محێدین جەخت لەوە دەكاتەوە كە شەڕ كاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكان هەیە، دۆخی جەنگ و ئەو ماوەیەی دەیخایەنێت لەڕوانگەی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە زیانی گەورەی دەبێت بۆ دەروون و هەستی مرۆڤ.
گوتیشی» كاریگەری خراپی هەیە بۆ سەر هەموو تەمەنە جیاوازەكانی مرۆڤ، بەڵام لێكەوتەی زیاتر لەسەر منداڵان جێدەهێڵێت. بەشێكی كاریگەریەكان ئەوەیە منداڵ تا گەورە دەبێت پێویستی بە هاوكاریی دایك و باوك و ئەندامانی خێزان هەیە، بەڵام لە دۆخی شەڕدا دایك و باوك توشی كاردانەوە و هەڵچوونی زیاتر دەبن و منداڵیش بەهۆی بچووكی تەمەنیەوە و نائاگایی و تێنەگەیشتن لە ڕووداوەكانی دەوروبەری بەردەوامە لە خواست و داواكاریەكانی، ئەمەش وا دەكات گەورەكان نەتوانن خواستەكانی منداڵان بەدیبێنن و زۆر جار بەتوندوتیژیەوە وەڵامی منداڵەكە بدەنەوە.
ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەركی پەروەردە ئەوەیە مامۆستاكان شارەزای بواری دەروونی بن و كاریگەری ئەمجۆرە ڕووداوانە لەسەر منداڵان كەمبكەنەوە لەڕێگەی ئامۆژگاری دەروونی بۆ منداڵان، هەروەها پرۆگرامەكانی خوێندن بەشێوەیەك بێت هەستی نەتەوەیی منداڵان بەرزبكرێتەوە و خاك و نیشتیمانی كورددستانیان خۆش بوێت»، ئەوەشی خستەروو» پێویستە باوكان و دایكان هۆشیاربكرێنەوە كە نابێت منداڵان باجی شەڕ و كاولكاریەكان بدەن و خۆیان بەدوور بگرن لە هەڵچوون و لێدانی منداڵەكان. لەوەش گرنگتر ئەوەیە نابێت منداڵ وەكو گەورە بەدیار هەواڵەكانەوە دانیشێت و ئەو دیمەنە نەشیاوانەی شەڕ ببینێت، چونكە ئەم دیمەنانە ڕۆحیەتی شەڕانگێزی منداڵ زیاد دەكەن.
لایەنێكی گرنگ ئەوەیە دایكان و باوكان ترسیان لە هەڵگیرسان یان نزیكبوونەوەی ناوچەی شەڕكردنەكە لەلای منداڵەكە ئاشكرا نەكەن، چونكە ئەگەر ئەمە پەیڕەونەكەن منداڵەكە توشی فۆبیای شەڕ و ناجێگیری دەروونی دەبێت و لەبریتی زانیاری وەرگرتن وفێربوونی ئەو شتانەی نایانزانێت، بەردەوام هۆشی سەرقاڵ دەبێ بە نائارامیەكانی دەوروبەر.
Top