مانەوە لە بازنەی جیاوازیی رەگەزیدازيانی بە گەشەكردنی كۆمەڵگە گەیاندووە
September 4, 2014
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
جیاوازیی ئافرەت و پیاو لە كۆمەڵگەی پێشكەوتنخوازدا زۆركەمترە
سەرەتا زانا تۆفیق بابان ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە تەوەری ئەم راپۆرتەی گوڵان، هێمای بۆ ئەوە كرد كە ئەو كۆمەڵگەیانەی كە رێگە لە بیركردنەوەی ئافرەتان دەگرن، هەمیشە گرفتی زۆریان دەبێت و ناتوانن پێش بكەون. گوتیشی: «ئافرەتان بەشێوەیەكی گشتی رۆڵێكی زۆر كاراو بەهێزیان لە كۆمەڵگە مۆدێڕنەكاندا هەیە، ئەمەش وایكردووە، جیاوازيی نێوان ئافرەت و پیاو لە كۆمەڵگەی پێشكەوتووخوازدا زۆر كەمتر بێت».
ئەو گەنجە سیاسەتمەدارە جەختی لەوە كردەوە كە رۆڵی ئافرەت لە نێو ئەو كۆمەڵگەیانەی كە بنەماكانی تیۆری دیموكراسی تێیدا جێگرە، لە گشت جومگەكانی كۆمەڵگە بەرجەستەیە، بەتایبەتی لە بوارەكانی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و دروستكردنی هۆشیاری تاكدا كە دەبێتە هۆی دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و دادپەروەر، كە تیایدا ئافرەت و پیاو وەكو دوو رەگەزی جیاواز و یەكسان رۆڵ دەبینن. گوتیشی: «بە بڕوای من هەر كۆمەڵگەیەك ئەگەر بیەوێت جورێك لە ئیستقرارێتی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كەلتووری بۆ نەوەی نوێ دروست بكات، دەبێت جیاوازییەكانی نێوان ئافرەت و پیاو لە گشت كایەكانی كۆمەڵدا بسڕێتەوە، تا بتوانێت بە هێزی هەر دوو رەگەز خۆشگوزەرانی بۆ گشت چێن و توێژەكانی كۆمەڵگە بخولقێنێت، ئەمەش یەكێكە لەسیستمەكانی پێشكەوتنی وڵاتان و هەمووان دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بۆچی زۆر وڵاتی جیهان پێشدەكەون و زۆریش پێشناكەون. بەداخەوە زۆر كۆمەڵگە هەیە، كە ئافرەت پشگوێ دەخەن و گرینگی بەتواناكانی نادەن، ئەو كۆمەڵگەیانە هەمیشە لە یەك ئاست ئەمێننەوە و ناتوانن برەو بە تواناكانی خۆیان بدەن».
پێویستە وەبەرهێنان لەتواناكانی ئافرەتان بكرێت
دواتر چالاكی رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی شادیە عەبدولوەهاب ئەوەی بۆ گۆڤاری گوڵان روونكردەوە كە پێویستە ئافرەتان خۆیان هەوڵبدەن بۆ ئەوەی لە گشت جومگەكانی كۆمەڵگەدا بەشدار بن و بە سەر گرفتەكاندا سەربكەون. گوتیشی: «زۆر پێویستە وەبەرهێنان لەتواناكانی ئافرەتان بكرێت و گرنگی بە وەبەرهێنانی تواناكانیان بدرێت، بێگومان ناكرێت بڵێین كەشوهەوا بۆ ئافرەتان زۆر لەبارە، بۆیە زۆر پێویستە ئافرەتان خۆیان هەوڵبدەن بۆ ئەوەی بگەنە پێگەیەكی گرینگی بڕیاردان، كە بەداخەوە ئافرەتان خۆیان لە هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان كەمتەرخەمن، ئەگەر ئافرەتان هەوڵی دەستەبەركردنی مافەكانیان نەدەن، پیاوان لە سەر سینی پێشكەشیان ناكەن».
پێشكەوتنی كۆمەڵگە بەندە بە گرنگیدان بە تواناكانی ئافرەتان
لەلای خۆیەوە پەلەمانتار حەیات مەجید، لە ئاخافتنێكیدا بۆ گوڵان، جەختی لەوە كردەوە كە پێشكەوتنی كۆمەڵگە بەندە بە گرنگیدان بە تواناكانی ئافرەتان و گوتی: «هەر كۆمەڵگەیەك ئافرەت پەراوێز بخات، هەرگیز ئەو كۆمەڵگەیە وەك پێویست ناتوانێت بۆ پێشەوە هەنگاو بنێت، ئەوەش سەلمێندراوە كە كۆمەڵگەیانەی ئافرەت پەراویز دەخەن و گوێی لێناگرن، بەرەوپێش چوون و گەشەكردنیان نادیارە، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت كە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەكە بە عێراقیشەوە، پرسی مافی مرۆڤ بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا گۆڕانكاری زۆری بە خۆیەوە بینیوە، واتە دۆخەكە لە جاران لەبارتر و كراوەترە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بابەتە، بەڵام ئەو هەنگاوانەی كە بمانكاتە كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو، زۆر سستن».
توێژەرەى كۆمەڵایەتی كەژاڵ سلێمان سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «كۆمەڵگە كاتێك دەگاتە مەنزڵگەی پێشكەوتن، كە پڕ بێت لە پاراستنی مافەكانی تاك و هەموو تاكەكان وەك یەك لە بڕیارداندا بەشداربن».
ئەو توێژەرە رایوایە كاتێك سیستەمی سیاسی وڵاتێك دیكتاتۆری بێت و رێگە بە هیچ مرۆڤێك نەدات، را و سەرنجێ هەبێت و ئازادییەكان پێشێل بكرێ، ئەو كۆمەڵگەیە بە هیچ پێشكەوتنێك ناگات، نموونەی بەوەش هێناوە كە لە «لە زۆر كۆمەڵگە تەنانەت رێگە بە پیاویش نادرێت ئازادی رادەربڕینی هەبێت، واتە لە سیستەمە شمولییە دیكتاتۆرییەكان كە گوێ لە مرۆڤ نەگیرا، ئەوا پیاو و ئافرەت هەردووكیان زەرەرمەند دەبن». گوتیشی: «مرۆڤ پێویستە خۆی هەوڵبدات بۆ ئەوەی كە تواناكانی خۆی بەدەربخات و بگاتە ئەنجامێكی زۆرباش، ئەوەتا لە كۆمەڵگە داخراوەكانیشدا كەسانێك هەن كە بە هەوڵی خۆیان گەورە دەبن و دەبنە داهێنەر و كاریگەرییان لەسەر چارەنووسی وڵاتەكەشیان دەبێت».
كۆمەڵگەی پیاوسالار یەك قاچی هەیە و هەر دوادەكەوێت
یاساناس و چالاكی بواری مافەكانی ئافرەت هێڤی جۆڵا، سەرەتا هێما بۆ پەندێكی پێشینیان دەكات و دەڵێت: «ئەو مرۆڤەی بە دوو قاچ دەڕوات، هەمیشە خێراترە لەو مرۆڤەی بە تەنها قاچێك دەڕوات، كۆمەڵگەی پیاوسالاریش یەك قاچی هەیە، بۆیە هەر دوادەكەوێت».
ئەو یاساناسە جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە كۆمەڵگە تازەپێگەیشتووەكان بەردەوام یەكێك لە پایە گرینگ و سەرەكییەكانی ژیان پشتگوێ خراوە و بە كەم سەیری را و بۆچوون و داهێنانەكانیان دەكرێت، گوتیشی: «ئافرەت لەم جۆرە كۆمەڵگەیەدا وەك ئامێرێك لە ئامێرەكانی ناو ژووری چێشتخانەی ماڵەكان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئەم جۆرە مامەڵەكردنەش كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر كەسایەتی ئافرەت، دەبێتە هۆی پووكانەوەو لە ناوچوونی بیركردنەوە و گەشەسەندنى، بێئاگان لەوەی پووكانەوەی هزری ئافرەت هۆكاری راستەوخۆی لەناوچوونی كۆمەڵگەیە و رووخانی یەكێك لە پایەكانی كۆمەڵگەیە و سەرەتایەكە بۆ زیادبوونی دواكەوتنەكانی هەر كۆمەڵگەیەك».
ئافرەتانی خاوەن پۆست دەتوانن لە سەر یاساكان و ئەدای حكومەتیش كاریگەرییان هەبێت
پەرلەمانتار حەیات مەجید رایوایە.لە كوردستان ئافرەتان توانیویانە بەراورد بە ساڵانی رابردوو هەنگاوی باش بنێن و تا رادەیەك كار لەسەر چەند پرسێكی گرینگ بكەن، گوتیشی:»كۆمەڵگە كاتێك دەبێـتە كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو كە لەسەر بنەماكانی دیموكراسییەت بڕوات و هەموو تاكەكان وەك یەك بتوانن راوسەرنجی خۆیان هەبێـت.
بە بڕوای شادیە عەبدولوەهاب گرنگە هەوڵبدرێت توێژی ئافرەتان لە هەموو روویەكەوە بەهێز بكرێن و تواناكانیان وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، بۆ ئەوەی وەك پێویست ببنە كۆڵەكەی پێشكەوتنی كۆمەڵگە. هەروەها یاساناس هێڤی جۆڵا رایوایە تەنیا بوونی ئافرەت لە پۆستەكاندا نیشانەی پێشكەوتنی وڵات نییە، بەڵكوو ئەوە گرنگە كە ئافرەتان تاچەند لەو پۆستانەدا توانای پێشخستنی كۆمەڵگەیان هەیە و گوتیشی: ئافرەتانی خاوەن پۆست دەبێت زیاتر هەوڵی سەلماندن و دەرخستنی «تواناكانی ئافرەت بدەن».
توێژەری كۆمەڵایەتی كەژاڵ سلێمان جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە هەندێك وڵاتی ناوچەكەدا هیچ ئافرەتێك لەپۆستە جیاوازەكاندا رۆڵیان نییە و هیچ دەرفەتێكیان پێنەدراوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئافرەتانی كورد زۆرترین پۆستی ئیدارییان لەژێر دەستدایە و لە پەرلەمانیش بوونیان هەیە و دەتوانن لە سەر یاساكان و ئەدای حكوومەتیش كاریگەرییان هەبێت.