ئافرەتان بۆ بەشداری لە شەڕی دژەتیرۆر خۆیان ناونووس دەكەن

ئافرەتان بۆ بەشداری لە شەڕی دژەتیرۆر خۆیان ناونووس دەكەن
بە داگیركردنی موسڵ لە لایەن چەكدارانی گرووپی تیرۆریستی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی كە بە(داعش) ناسراوان، سەركردایەتیی كورد هێزە جەنگاوەرەكانی پێشمەرگەی بۆ پاراستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە كە سەنگەرەكانی بەرگری قایم و مكۆمتر بكەن. بەڵام هێزەكانی داعش ئاڕاستەی هێرەشكانیان بەرەو پەلاماردانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان گۆڕی و تەنانەت هەوڵی پاكتاوكردنی كوردە ئێزیدییەكانیان دا، ئەوەش وایكرد سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیار بدات پێشمەرگە لە دۆخی بەرگری بێنەدەر و تیرۆریستانی چاوچنۆك لە سەر خاكی كوردان راماڵن. هاوكات لەگەڵ ئەو فەرمانە مێژووییەدا، پیاوان و ئافرەتانی كوردستان لە هەر رێگەیەكەوە كە بۆیان لوا بێ، چ بە خوێنبەخشین و چ بە پشتیوانی و گەیاندنی هاوكاری بە بەرەكانی شەڕ و داڵدەدانی ئاوارەكان و، چ بە ناونووسین و دەربڕینی ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان دووپات كردەوە، ورەی زیاتریان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەخشی، هەتا برووسكەئاسا رووبەڕووی هەر هێزێكی داگیركەر و پیلانگێڕ ببنەوە كە بیانەوێ ئاسایش و هێمنی و ئاوەدانی كوردستان تێكبدەن. لەو هەڵمەتانەشدا ئافرەتانی كورد شانبەشانی پیاوان بەردەوامن و جارێكی دی سەروەرییەكانی مێژووی رابردووی خۆیان و نەتەوەكەیان دووبارە دەكەنەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان (د. ڤیان سلێمان)، سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و رۆڵی ئافرەتان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داگیركاریدا، لە دەستپێكی ئاخافتنەكەیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «پێویستە هەموو تاكێكی كوردستانی بەبێ جیاوازیی رەگەز و تەمەن رۆڵی خۆی بگێڕێت، چونكە كوردستان وەك نیشتمانی دایك لەم دۆخە هەستیارەدا پێویستی پێمانە و زۆر گرنگە بەبێ گوێدانە جیاوازیی رەگەزی و ئایینی و تەمەن هەمووان پێكەوە بیپارێزین»، گوتیشی: «ئەركی پێشمەرگەی كوردستان زۆر پیرۆزە كە بەرگری لە خاك و نەتەوە و نیشتمان دەكەن، بەڵام ئەركی پیرۆزتر و ئەستەمتر لەسەرشانی ئافرەتانە كە دایكی منداڵی ئەو پێشمەرگانەن كە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن و بوونەتە بەرگریكاری نیشتمان، چونكە هەر دایكێك كە منداڵی پێشمەرگەیەك پەروەردە دەكات، ئەوەندەی پێشمەرگەیەك خەباتەكەی پیرۆزە .لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتی كورد لە رۆژانی تەنگانەدا تەنیا بە پەروەردەكردنی منداڵ خۆی گیرۆدە نەكردووە و هەردەم لە شێواز و جۆرەكانی خەباتدا رۆڵی بەرچاوی هەبووە».
بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە یەكێك لە پیرۆزرترین ئەركەكانە
د. ڤیان جەختی لەوە كردەوە كە لەم رۆژانەدا بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە یەكێك لە پیرۆزترین ئەركەكانی سەرشانی ئافرەتە و دەبێتە هاوكارێك بۆ ئەوەی پێشمەرگە باشتر بەرگری لە خاكی كوردستان بكات، هەروەها ئافرەتان هەریەكەیان بە جۆرێك و بە گوێرەی توانایان و لەئاستێك هەنگاوەكانی سەركەوتنی نیشتمانیان خێراتر كردووەو تەنانەت دەتوانن وەك پیاوانیش لە بەرەكانی جەنگ بەشداربن.
لەلای خۆیە د. چنار سەعد عەبدوڵلا ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا كە ئافرەتانی كورد بەشێكی سەرەكیی كۆمەڵگەی كوردستانن و ئەگەر زۆرینە نەبن، ئەوا كەمتر نین، بۆیە ئەوانیش وەك پیاوان دەبێت لە هەموو رەوشێكی ئەم نیشتمانەدا بەشدار بن. گوتیشی: «بە درێژایی شۆڕش و راپەرینەكان هەمیشە ئافرەتان لەگەڵ باوك و برا پێشمەرگەكانیاندا خەباتیان كردووە، زۆر ئافرەتیش چەكی شەرەف و تێكۆشانی لەشان كردووە و لە پێناوی خاكی كوردستاندا پێشمەرگایەتی كردووە». ئەوەشی خستەڕوو كە لە ئێستاشدا ئافرەتان دەتوانن بەچەندین رێگەی جیاواز و گرنگ بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن، نموونەشی بەوە هێناوە كە چەندین ئافرەت توانیویانە كەمپین پێكبهێنن بۆ ئەوەی هاوكاری و كۆمەك كۆبكەنەوە، ئەمە بێجگە لەوەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین ئافرەت روویان لە نەخۆشخانەكان كرد، هەتا وەك براكانیان ئەوانیش لە هەڵمەتەكانی خوێنبەخشیندا بەردەوام بن، ئەمە بێجگە لەوەی كە چەندین چالاكیی جۆربەجۆر لەكوردستان ئەنجام دراوە، هەزاران ئافرەت ناوی خۆیان وەك خۆبەخش تۆمار كردووە بۆ ئەوەی لەبەرەكانی جەنگ بەشداربن و لە خاكی پیرۆزی كوردستان بەرگری بكەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئافرەتانی كورد خاوەنی هەستی بەهێزی نەتەوایەتی و بیری نیشتمانین و دەتوانن شانبەشانی پیاوان چەكی شەرەف بكەنە شانیان وبەرگری لە خاكی كوردستان بكەن، وەك چۆن لە رابردوودا چەندین ئافرەتی پێشمەرگەمان هەبووە كە چەكی خەباتیان لەشان بووە و وەك پیاوان بەرگرییان لە خاكی پیرۆزی كوردستان كردووە».
داوامان كردووە ئافرەتانی خوازیار لە مەشقكردنی سەربازی بێبەش نەكەن
پەرلەمانتار ئامینە زكری، سەبارەت بە هەمان پرس رایوایە ئافرەتی كورد هەمیشە پێشەنگی تێكۆشان و قوربانیدان بووە و لە خەباتی شاخ و شار و سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردا رۆڵی هەبووە. ئەو پەرلەمانتارە دەستخۆشی لەو ئافرەتانە دەكات كە سەردانی بەرەكانی جەنگ دەكەن و بەشێوەی خۆبەخش لە سەنگەرەكانی پێشەوە یارمەتی و هاوكاریی برا پێشمەرگانیان دەكەن. گوتیشی: «ئافرەتی كورد هەمیشە رۆڵێكی كارای لە بەرگریكردن و خەبات و پاراستنی وڵاتەكەیدا هەبووە، لە ئێستاشدا دەتوانن هەریەكەیان لە بواری خۆیدا خزمەت بكات و بەرگری لە كوردستان بكات، واتە ئافرەت دەتوانێت هەم وەك پێشمەرگە بەرگری لە كوردستان بكات، هەم لە كاتی هاتنی رێژەیەكی زۆر لە ئاوارەكاندا كۆمەك و هاوكاری كۆبكەنەوە، یان هاوكاری ئەو ڕێژە زۆرەی ئاوارەبن لەكاتی هاتنیان بۆ شارەكان، هەم دەتوانن ببنە چاوێكی نەنووستوو بۆ چاودێری و پاراستنی لایەنی ئەمنی ئەوەش هیچی لە بەشداریكردن لە بەرەكانی شەڕ كەمتر نیییە.
ورەبەرزیی دایك و هاوسەری پێشمەرگە هەوێنی بەرگری نیشتمانییە
د. چنار سەعد لەكۆتایی ئاخافتنەكەیدا دا باسی ئەوەی كرد كە ئافرەتانی كورد چۆن لە رابردوودا هەڵگری مەشخەڵی خەبات و تێكۆشان بوون، ئەمڕۆش وەك پیاوان هەڵگری هەمان مەشخەڵن لە خەبات و بەرگری لە خاكی كوردستان و گوتی: «ورەبەرزی و نیشتمانپەروەری دایك و هاوسەری پێشمەرگەیەكی ئازا وادەكات، كە پێشمەرگە بەو پەڕی بەهێزییەوە بەرگری لە خاك و وڵاتەكەی بكات، هەر ئەوەشە بووەتە هەوێنی بەرگریی نیشتمانی بۆ گەلەكەمان و وڵاتەكەمان لە داگیركردنەوە دەپارێزێت».
ئەركەكانمان بەسەر گەڕەكاندا دابەش كردووە
چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی چیمەن رەشید، رایوایە «هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری دەتوانن رۆڵێكی كاریگەرییان لە بەرگریكردن لە خاكی كوردستان هەبێت. بێگومان ئەركی سەرشانی هەموو كوردستانییەكی دڵسۆزە بە ئافرەت و پیاو، بە منداڵ و بەساڵاچووانیشەوە كە هەستی كوردایەتی هەبێت و بەرگری لە خاكەكەیان بكەن. هەركەسێك هەستی نەتەوایەتی هەبێت و نیشتمانی خۆی خۆش بوێت، دەتوانێت لەو رۆژەدا كە وڵاتەكەی لە مەترسیدایە هەموو هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ بەرگریكردن و پاراستنی نیشتمانەكەی، ئەوەش بە تەنیا ئەركی ئەركی پێشمەرگە نییە كە تفەنگ بكاتە شانی و بەرگری لە خاكی كوردستان بكات، بەڵكو ئەركی هەموو تاكێكی كوردستانە وەك پێشمەرگەیەك وڵاتەكەی بپارێزێت، ئەوەشمان لەیاد نەچێت، ئەمڕۆ هەموو كەسێك دەتوانێت لە زۆر بواری جیاوازدا خزمەت بە گەل و وڵاتەكەی بكات، بەتایبەتی وەك دەزانین كە شارەكانی هەولێر و دهۆك نزیكن لە سنووری تیرۆریستان و لەبەر ئەوە ئەركی سەرشانمانە كە بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان بكەین و بەهەر دوو رەگەزەوە وەك پێشمەرگەیەك خزمەت بە وڵاتەكەمان بكەین»، گوتیشی: «كورد خاوەنی ملیۆنەها ئافرەتی بەتواناو بەجەرگە كە هەمیشە وەك پیاوان لە هەموو قۆناغەكانی شۆڕش و ڕاپەرینەكاندا خەباتیان كردووە، جا بە خەباتی چەكداری بێت، یان خەباتی نهێنی، ئێستاش ئافرەتان ئامادەن بۆ بەرگریكردن لە وڵات چەك هەڵگبرن».
باسی لەوەشكرد كە ئەوان وەك ئافرەتان دەتوانن بەچەند شێویەكی جیاواز خزمەت و هاوكاری هێزی پێشمەرگە و كەسوكاری پێشمەرگە و خێزانە ئاوارەكان بكەن. ئەوەش كە بەهاوكاریی رێكخراوەكان توانیویانە چەندین چالاكیی جیاواز لەم قۆناغەدا ئەنجام بدەن، هەر لەو بارەیەوە گوتی: «ئێمە توانیمان هەڵمەتێكی بەردەوام بۆ خوێنبەخشین رێكبخەین، توانیمان هانی هەموو ئافرەتان بدەین بۆ بەخشینی خوێن بۆ ئەو برا پێشمەرگانەی كە لە بەرەكانی جەنگدا بریندار بوون، ئەم هەڵمەتەی ئێمە دەرگا بەدەرگا بوو، واتە نەك تەنیا چالاكان و رۆشنبیران، بگرە هەموو ژنان بەگشت چین و توێژە جیاوازەكانەوە بەشدارییان تێدا كرد». باسی لەوەشكرد كە ئافرەتان توانیویانە لەم كاتەدا كە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی جەنگێكی دەروونی و سیاسی بۆتەوە، رۆڵێكی باشیان لە هاوكاریكردن و كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ ئاوارەكان و خەڵكانی سەرگەردان هەبێت. رێژەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان بە ئافرەتانی بەتەمەن و نەخوێندەواریشەوە لەم هەڵمەتەدا بەشدار بوون. گوتیشی: «ئێمە رۆژانە ئەركەكانمان بەسەر گەڕەكاندا دابەش كردووە و هەر گەڕەكەو كارێكی پێ سپێردراوە، بۆ نموونە لە گەڕەكێك خواردن ئامادە دەكرێت بۆ پێشمەرگە، لە شوێنێكی دیكە كۆمەك و كەلوپەل بۆ ئاوارەكان كۆدەكرێتەوە، هەروەها بە هاوكاریی رێكخراوەكانی مەدەنی هەستاوین بە ئەنجامدانی رووماڵێك بۆ خێزانە ئاوارەكان، بەتایبەتی لە ئەمڕۆدا كە سەدان خێزان لە شاری دهۆكن و لەناو خانوو، یان هەیكەلی ئەو بینایانە دەژین كە تەواو نەبووە، ئێمە لە هەر گەڕەكێك لێژنەیەكەمان لە ئافرەتان خۆبەخش پێكهیناوە بۆ رووماڵكردن و رووپێوكردنی ئەو خێزانانە و ئێستا سەرجەم ئەو خێزانانە هاوكارییان پێدەردێت».
زیاتر لە دوو هەزار ئافرەتی خۆبەخش ناوی خۆیان بۆ بەشداریی سەربازی تۆماركردووە
هەر لە درێژەی وەرگرتنی رای بەشداربووانی ئەم راپۆرتەدا، سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئافرەتانی كورد هەمیشە وەك باوك و براكانیان رەمزی خەبات و پێشمەرگایەتی بوون، گوتیشی: «بەدرێژای مێژووی شۆڕشەكانی گەلی كورد، چەندین ئافرەتی تێكۆشەر و پێشمەرگەمان هەبووە، لەوانە مارگرێت ئەو ئافرەتە ئەرمەنییە بوو كە چەكی تێكۆشانی كردبووە شانی و وەك براكانی لە شۆڕشی ئەیلوول بەشداری كرد، یان شەهید لەیلا قاسم كە نموونەیەكی دیكەی خەباتكاری كوردە و دوای ئەوانیش چەندان ئافرەتی دی لە خەباتی پێشمەرگایەتی دانەبڕاون، لەوانە: ناهیدە شێخ سەلام و زەكیە ئیسماعیل حەقی و چەندانی دی كە وەك پێشمەرگە خەباتی شاخیان كردووە». گوتیشی: «تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار ئافرەت وەك خۆبەخش ناوی خۆیان تۆماركردووە و ئامادەن وەك پێشمەرگە بچنە بەرەكانی جەنگ، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئافرەتی كورد دەیەوێت وەك براكەی لە سەنگەردا بەشداربێت دژ بە تیرۆر بجەنگێت، هەروەها لەو فۆرمانەی كە ئێمە بڵاومان كردەوە نزیكەی چوار هەزار ئافرەت ئامادەن لە هەڵمەتی خوێن بەخشیندا بەشداربن و دەیانەوێت خوێنەكەیان پێشكەش بە پێشمەرگە بكەن، هاوكات ئێمە وەك یەكێتی ئافرەتان هەڵمەتێكی بەرفراوانی ئامادەكردنی خواردنمان بۆ پێشمەرگە دەستپێكردووە، چونكە زۆر خواردن هەن كە بەتامن و ئافرەت دەتوانێت بۆ پێشمەرگە ئامادەی بكەن، ئەمەش هەنگاوێكی زۆر گرنگە كە هەر یەكەو لەجێی خۆیەوە كارێك بكات و دڵسۆزی و بەئەمەكی خۆی بۆ بەرگری لە خاك و نیشتمان بسەلمێنێت».
پەرلەمانتار ئامینە زكری لە دوابەشی قسەكانیدا ئەوەی دووپات كردەوە كە ئافرەتانی كورد توانیویانە لە خەباتی چەكداریدا رۆڵی باشیان هەبێت و لە هەموو شۆڕشەكاندا بەشداربوون و لەرابردوودا پێشمەرگایەتییان كردووە، ئەمڕۆش دەتوانن بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان بكەن .گوتیشی: «لەدوای ساڵی 2003 ئافرەتان توانییان لە پرۆسەی سەربازیدا ڕۆڵێكی باش بگێڕن و چەندین پۆستی سەربازیش وەربگرن، ئێستاش چەندان ئافرەت هەن كە ئەفسەرن و لە سنووری وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگەدا و چالاكیی بەرچاویان هەیە، ئێستاش ئەوەی من ئاگادار بم، لە شاری دهۆك چەندان ئافرەت داوایان كردووە كە لە خولی سەربازی بەشدار بن، ئێمەش داوامان لە فەرماندەیی دهۆك كردووە كە ئافرەتانی خوازیار لە مەشقكردنی سەربازی بێبەش نەكەن، ئێمەش هاوكاریی تــــــەواویان دەبین بۆ ئەوەی خولی بەكارهێنانی چەك بۆ ئافرەتان بكەنەوە بۆ ئەوەی لە سەنگەرەكاندا هاوكاری پیاوان بن، ئەوەش جێگەی شانازییە چەندان ئافرەت ئامادەن وەك پیاوان بچنە بەرەكانی جەنگ و نیشانەی ئەوەیە كە كورد خاوەنی هێزێكی تۆكمەیە لە ئافرەتان بۆ ئەوەی بەرگری لە خاكەكەی بكات. ئافرەت و پیاویش هیچ جیاوازییان نییە و هەریەكەیان دەتوانن بەرگری لە خاكی وڵات بكەن».
Top