ئافرەتان داوای بەشداری لەڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەدا دەكەن
August 14, 2014
کۆمەڵایەتی
بڕیارمان دا لە دۆخی بەرگری بێینەدەر و هەتا دوایین هەناسە شەڕی تیرۆریستان بكەین
دوابەدوای پەیامەكەی سەرۆك بارزانی، جگە لە هێرشە دوژمن شكێنەكانی هێزەكانی پێشمەرگە، خەڵكی سڤیلیش بە هەردوو ڕەگەزەوە ئامادەیی خۆیان بۆ شەڕی دژ بە تیرۆریستان دەربڕی و ژمارەیەكی زۆر لە جەماوەری كوردستان بە چەك و فیشەكی خۆیانەوە لە بەرەكانی شەڕدا ئامادەبوون. هەر لەو پەیوەندییەدا ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتانی كورد دووپاتیان كردەوە كە پێویستە حكومەتی هەرێم لەهێزی ئافرەت و پێكهێنانی لەشكری ئافرەتان بە مەبەستی بەرگریكردن لەخاكی وڵات و هاریكاریكردنی پێشمەرگەكان لەبەرەكانی جەنگ سوود وەربگرێ. بەتایبەت لەم دۆخە هەستیارەدا كە هەرێمی كوردستان لە دانانی بەردی بناغەی بە خاوەن دەوڵەتبوون نزیك دەبێتەوە، ئافرەتانیش بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە خۆیان بۆ شكاندنی كۆسپەكان تەیار دەكەن.
ئامادەین وەك لەشكری ئافرەتان
یارمەتی برا پێشمەرگەكانمان بدەین
سروە جەلال ئافرەتێكی تەمەن 46 ساڵەو دایكی دوو پێشمەرگەیە كە هەردووكیان لە بەرەكانی شەڕدان. ئەو بە حیماسەتەوە دەڵێت: «من دوو كوڕم پێشمەرگەن لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕدان، خۆم و باوكی منداڵان و كچەكانیشم ئامادەین لە پێناوی كوردستاندا چەك هەڵبگرین، بە گیان و ماڵ بەرگری لە خاكی خۆمان دەكەین و تەنیا چاوەڕوانی فەرمانی سەرۆك بارزانی دەكەین».
نازدار ڕەسوول عەلی، ئافرەتێكی فەرمانبەرە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «میللەتی كورد دوژمنی زۆرە و هەر ڕۆژەو بە رووخسارێك دەردەكەون، تا دوێنێ بەعس بوو، دواتر سوپای مالیكی هەڕەشەی ئەكرد و ئێستاش داعش دەیەوێ شەڕی كوردان بكات، بەڵام هەموو دنیا باش دەزانێ ئێمەی كورد بە درێژایی مێژوو ئافرەتمان شانبەشانی پیاوان لە خەبات و بەرگریدا بووە، ئێستاش ئامادەین وەك لەشكری ئافرەتان یارمەتی برا پێشمەرگەكانمان بدەین».
هێرۆ سەید كاكە كارگێڕی لیژنەی ناوچەی پێشەوا، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئێمەی كورد چەندین جار تووشی شەڕ و ناخۆشی و ئاشووب بووین، بەهۆی ئەوەی كە كەوتووینەتە ناوچەیەكەوە هەمووی بە دوژمن دەورە دراوە، ئەمەش وایكردووە هەمیشە ئافرەتی كورد شان بەشانی مێرد و برا و باوكی پێشمەرگە بێت».
ئەركی ئافرەتانە
مێژووی پڕسەروەریی خۆیان دووبارە بكەنەوە
هێرۆ كە كچی پێشمەرگەیەكی دێرینی شۆڕشی ئەیلوولە نموونە بە دایكی خۆی دەهێنێتەوە و دەڵێت: «لە تەواوی ئەو ساتانەدا كە باوكم پێشمەرگە بووە، دایكم هاوكار و پاڵپشتی بووە و وەك یەك خەباتكار بوون، زۆر ژنە پێشمەرگەشمان هەبووە كە شان بە شانی پیاوان خەباتی شاخیان كردووە». هێرۆ باس لەوەش دەكات كە «ئەمڕۆ كوردستان ڕووبەرووی زۆر قەیران بۆتەوەو ئەركی ئافرەتانە مێژووی پڕسەروەری خۆیان دووبارە بكەنەوە و لەگەڵ برایانی پێشمەرگە بەرگری لە خاك و وڵاتی خۆیان بكەن». گوتیشی: «ئافرەتی كورد چەمكی ئازایەتی چەسپاندووە و جگە لەوەی دایكە و منداڵەكانی لەسەر بنەمایەكی نیشتمانپەروەری پەروەردە كردووە، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەت بەگەل و نیشتمانی خۆیان بكەن، خۆیشی هەمیشە ئامادەی بەرەنگاری دوژمنان بووە».
پێشمەرگە بەرگری لە وڵاتەكەی دەكات، نەك حزبەكەی
هێرۆ داوا دەكات «بە پەلە فەوج و لەشكری پێشمەرگەی ئافرەت دروست بكرێ»، گوتیشی: «من وەك كچی پێشمەرگەیەكی دێرین هەر لە منداڵییەوە هەموو جۆرە چەكێكم ناسیوە و باوكم فێری بەكارهێنانی چەكی كردووم و ئامادەم لەپێناو سەربەرزیی گەل و نیشتمان بچمە بەرەكانی شەڕ».
هێرۆ ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئافرەت دەتوانێت لە چەندین ڕووڕووە وەك پێشمەرگە خەبات بكات، دەتوانێت لە بەرەكانی جەنگ بەشداربێت ، ئەگەر ئافرەتێكیش نەتوانێت چەك بەكاربهێنێت، بە ئامادەكردنی خواردن و دابینكردنی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ هێزی پێشمەرگە و بەپێی پسپۆڕی خۆی دەتوانێت خزمەت بەهێزی پێشمەرگە بكات. ئافرەتان دەتوانن لە هەڵمەتەكانی كردنەوەی بنكەكان بۆ بەخشینی خۆین و خوێنبەخشین بە پێشمەرگە بریندارەكان ڕۆڵی كاریگەریان هەبێت. هەروەها دەكرێ لە ئامادەكردنی خواردن و گەیاندنی فریاگوزاری سەرەتایی بە پێشمەرگە و پێشوازیكردن لەو پەنابەرانەی كە ڕوودەكەنە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە ئێستادا كە سەدان خێزانی ناوچەی شنگار ئاوارەی هەولێر بوون، ڕۆڵی زۆر ببینن».
هێرۆ سەید كاكە لە كۆتایی قسەكانیدا داوادەكات «جەماوەری كوردستان بە هەردوو ڕەگەزەوە بەرەنگاری ئەو پڕوپاگەندە ناڕەوایانە بكەن كە ڕۆژانە چەندین درۆ و بوختان بۆ شكستی هێزی پێشمەرگە دروست دەكەن و دەیانەوێ دووبەرەكی لە ناو پێشمەرگە دروست بكەن، چونكە لە ئەمڕۆدا پێشمەرگە بەرگری لە وڵاتەكەی دەكات، نەك تەنیا حزبەكەی».
پێویستە لەشكرێكی تایبەت بە ئافرەتان هەبێت
میدیاكار بێریڤان كەركووكی، باسی ئەوە دەكات كە ئافرتی كورد بەدرێژای سەرجەم شۆڕشەكانی كوردستان لە خەباتی پێشمەرگایەتیدا هاوبەش بوون و هەمیشە هەردوو ڕەگەز لە یەك سەنگەری ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركەراندا بە یەك نەفەس لەپێناوی ڕزگاری كوردستان بەهەموو جۆرێك خەباتیان كردووە و گیانیان بەخت كردووە، گوتیشی: «بێگومان ئافرەتان مافی خۆیانە وەك پیاوان بەرگری لە وڵات بكەن، لە ڕووی توانای سەربازیشەوە هیچ جیاوازییەك لە نێوان ئافرەت و پیاودا نییە و هەردووكیان دەتوانن وەك یەك دەست بدەنە چەك و لەیەك سەنگەردا شەڕی دوژمنان بكەن».,
بێریڤان باسی لەوەشكرد كە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا زۆر پێویستە هێزێكی تایبەت بە ئافرەتان هەبێت و گوتی: «چەندین ئافرەتمان هەیە لە ئاسایش و پۆلیس و پۆستە سەربازییەكاندا كاردەكەن و زۆر سەركەوتوو، لەم ڕەوشەی ئێستاشدا زۆر پێویستە لەشكرێكی تایبەت بە ئافرەتان هەبێت بۆ ئەوەی وەك پێشمەرگە بەرگری لە كوردستان بكەن، چونكە ئەو ڕەوشەی كە كوردستان بە درێژای مێژوو هەیبووە، وایكردووە هەمیشە لەلایەن دەوڵەتانی داگیركەرەوە هەوڵی سڕینەوەی بدرێ، بۆیە هەمیشە یەكێك لەو ناوچانە بووە كە شوێنی خەبات و شۆڕش و ڕاپەرین بووە. بەرگریكردن لە خاكی كوردستانیش بەڵام تەنیا پێنج سەد ئافرەت لەهەموو كوردستان خاوەنی مەشقی سەربازین، ئەم ڕێژەیەش زۆر كەمە و پێویستە بە ڕێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان هانی ئافرەتان بدەن بۆ ئەوەی پەیوەندی بە لەشكری كوردستانەوە بكەن، بۆ ئەوەی لەشكرێكی بەهێزی ئافرەتان و شان بەشانی براكانیان بەرگری لە كوردستان بكەن».
ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە كۆمەڵگە وشیاربكرێتەوە بەرامبەر بەو ئافرەتانەی كە لە پۆستە سەربازییەكاندان، ڕێزیان لێبگرێت و بە شێوەیەكی دروست و شیاو مامەڵەیەكیان لەگەڵ بكەن، بەداخەوە كۆمەڵگە هەمیشە مامەڵەیەكی نادروستی لەگەڵ ئەو ئافرەتانە كردووە كە لە پۆستە سەربازییەكاندان. ئێستا ئێمە چەندین ئافرەتمان هەیە لە نێو پۆستە سەربازییەكاندا كاردەكەن، هەمانە پلەی بەرزیشی هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئافرەتانە وەك پێویست لەلایەن كۆمەڵگەوە مامەڵەیەكی دروستیان لەگەڵ نەكراوە، ئەمەش وایكردووە كەمتر ئافرەتان ڕوو لە پۆستە سەربازیییەكان بكەن، گوتیشی: «هەركاتێك یەكەم بنكەی ناونووسینی خۆبەخشی ئافرەتان بۆ هێزی پێشمەرگە كرایەوە، من ئامادەم یەكەم كەس بم كە پەیوەندی بەو هێزەوە بكەم».
دەكرێ توانای ئافرەت وەبەربهێندرێ و
لە یەكەجیاكانی هێزی پێشمەرگەدا بخرێتەگەڕ
نووسەرو ڕۆژنامەنووس دڵشاد مستەفا وەسانی سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئەگەر سەیری لاپەڕەكانی مێژوو بكەین، دەبینین ئافرەت لە زۆر وێستگەی ژیانی كورددا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، تەنانەت ڕۆڵی رابەرایەتی كردنیشی هەبووە، لە شۆڕشەكانی كوردستانیشدا ئافرەت بەشدار بووە، دەتوانین ڕۆڵی ئافرەتی گوندەكانی كوردستان لە شۆڕشەكاندا وەك نموونەی بەشداریكردن و خۆڕاگری ببینین، جگە لەوە ئافرەتی كورد لە كاتی خۆڕاگری و ڕووبەڕووبونەوەدا، توانیویەتی هاوكاری پێشمەرگە بێت، دەكرێ ڕۆڵی ئافرەتی كورد، ڕۆڵێكی كارا بێت لە ڕۆژگاری ئێستاشدا. بەو پێیەی ئێستا ئافرەت لە زۆر بواری دیكەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەیەو توانیویەتی بگاتە سەركردایەتی حزبەكان و ئاستی وەزارەت و زۆر پلەو پۆستی دیكەش، دەكرێ لە بواری سەربازیشدا، سوودی لێوەربگیرێ، هێزی پێشمەرگە وەك جاران نەماوەو وەك سوپایەك دەبیندرێ، ئاساییە ئافرەت ڕۆڵی خۆی تیا ببینێ، بەو پێیەی لە تەشكیلات و پێكهاتەكانی سوپاییدا، پێكهاتەو یەكەی جیاواز هەن، دەكرێ توانای ئافرەت، وەبەربهێندرێ و لەو یەكە جیاجیانەی هێزی پێشمەرگەدا بخرێتەگەڕ، بەتایبەتیش ئیدارەدانی هێزی پێشمەرگە كارێكی بەرفراوان و گەورەیەو یەكێك لە لایەنە هەرە گرینگەكانی سەركەوتنی پێشمەرگەیە، بۆیە دەكرێ دوای مەشقكردن، بەسەر یەكەكاندا دابەش بكرێن، بەتایبەتیش لە بواری بەڕێوەبردندا».
كورد لە قۆناغی رزگاری
یەكجاری نزیك دەبێتەوە
هەر سەبارەت بە هەمان پرس میدیاكار رزگار كۆچەر، ڕایوایە «ئێستا هەموو گەلی كورد لە شەڕدایە و دەیان دوژمن دەوریان داوە كە كار بۆ سڕینەوەی ناسنەمەی كوردبوونمان دەكەن، بۆیە پێویستە نەك هەر تەنها پیاوان، بەڵكو ژنانیش لە هێزێكی چەكداری لە سوپای پێشمەرگەدا كۆبكرێنەوە، ئەو ئەزموونەش شتێكی تازە نییە، لەشۆڕشەكانی كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان ئافرت رۆڵی باشیان هەبووە لە بەرگریكردن و هێرشكردنە سەر دوژمن، كاتی ئەوە هاتووە كە میللەتی ئێمە لەوە بگات كە لە قۆناغی رزگاریی یەكجاری نزیك دەبێتەوە، بۆیە هەموو میللەت بە هەردوو ڕەگەزەوە دەبێت چەكدار بكرێن، بە پێویستیشی دەزانم ئەو هێزە دروست بكرێ تا خوشكانی ئێمەش بە ڕۆلی خۆیان هەڵسن و شان بە شانی پیاوان بەرگری لە خاك و وڵاتی خۆیان بكەن».