سنەوبەرێك لە خەڵتانی بیانووی نامووسپارێزیدا
August 14, 2014
کۆمەڵایەتی
باوكی ئافرەتە كوژراوەكە لە وتەكانی خۆیدا كە بۆ بنكەی پۆلیسی دركاندووە، ئەوەی تێدا ڕوونكردۆتەوە كە پێش ماوەیەك گەنجێكی كەمدەرامەتی بێكاری ناسیاویان، بە مەبەستی دۆزینەوەی كارو پارەپەیداكردن، هاتۆتە شارەكەیان و ئەمیش وەك كوڕی خۆی داڵدەی داوەو هێناویەتیە ماڵەوەو بە كاتیی تا كارو شوێنی حەوانەوە دەدۆزێتەوە لای خۆیان گلی داوەتەوە، تا شەوێكیان لە دەنگی تەق و توقی دەمانچە بە خەبەرهاتووە، كاتێك بەرەو پیری شوێنی تەقەكردنەكە ڕۆیشتووە، كچەكەی خۆی لە خەڵتانی خوێندا چاوپێكەوتووەو ئەمیش بە پەلە فڕاندوویەتی بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هەربە گەیشتنیان بۆ ئیمرجینسی و هەر لە گەراجی نەخۆشخانەكەدا ڕۆحی كچەكەی بەسەردەستی ئەمەوە دەرچووەو دوا هەناسەو گیانی سپاردووە، ئەمیش لای خۆیەوە لە بنكەی پۆلیس داوای دەسگیركردنی ئەو گەنجە دەكات كە ماڵەكەی لێ كاول كردووە..
دایكی ئافرەتە كوژراوەكەش لای خۆیەوە باسی ئەوەی كردووە كە دووساڵێك لەمەوبەر كیژەكەیان لە مێردە ناپاكەكەی جیابۆتەوەو بە یاساش كیژەكەیان لێ جوداكردۆتەوە، ئەو ماوە زۆرەی كە ئەم كیژەیان لە ماڵە باوانیان بووە ئەمان نەیانهێشتووە بە تەنیا بچێتە هیچ شوێنێك و هەمیشە لەژێر چاودێرییاندا بووە، چونكە كیژەكەیان وەك كەسایەتی و سرووشی بیركردنەوە هێندە شەرمنۆكە بووە، تەنانەت هەر لە منداڵیەوە هەر خۆی تەركی قوتابخانەشی كردووەو تەنیا بە خزمەتكردنی ماڵە باوانی خۆیەوە خەریك بووە..
بە پێی وتەی بكوژەكەی ئەم ئافرەتە كە دەكاتە برای كوژراو، ئەم تاوانكردنەی دەچێتە خانە دژوارەكەی پرسی شێوازێكی كوشتنەوە كە لە یاسادا ناوی كوشتن لەسەر شەرەفیان بە یەخەدا دابڕیوە، زۆربەی جاران لەو وڵاتانەدا كە بە پێی یاسا سزایان بۆ بكوژی ئەم شێوە تاوانە دانابێت، بە هیچ كلۆجێك پشت بە دادگەی فەرمی نابەسترێت و زۆربەی جارانیش كەسیش داوا لەسەر تۆمەتبار تۆمار ناكات، جاریش هەبووە بە پشتبەستن بە نووسینگە كۆمەڵایەتییەكانی كە حزبەكان دامەزرێنەری بوون، داواكەی دادگایان داخستبێت، كە دواتر هەر بە زیانی مافی قوربانیەكە شكاوەتەوە، هەر بۆیە لە كۆمەڵگە پیاوسالارەكاندا هەمیشە ژمارەی ژنانی لەسەر شەرەف كوژراو لە هەڵكشاندایە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ماوەیەكە تاوانبارە ژنكوژەكە هەر وەك هەر تاوانكارێكی مرۆڤكوژی تر مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت، ئەمەش لە پێناوی ئەوەدا تا هیچ تاوانێكی خوێنڕشتن بە ناوی شەرەفەوە سپی نەكرێتەوە..
واتا باوكی ئەم كوڕە بكوژەی كە خوشكەكەی خۆی داوەتە بەر گولە بە هیچ شێوەیەك ئەم باوكەی ناتوانێت مەسڵەت چێ بكات، كەواتە ئەو زەمانە گوزەشت كە هەر بابێك یان هەر برایەك یان هەر مێردێك لەسەر كوشتنی كیژەكەیان یان ژنەكەی سزایەكی كەم بدرێن، یان تەنیا بەوەندە بوەستێنرێن لە ناو خێڵدا بێ ئۆرت بكرێن، تەنانەت لە ناو خێڵەكاندا بابی وا هەبووە ئەوەشی لەگەڵ نەكراوەو لەم ڕووەوە شانازی بە تاوانی كوشتنی كیژەكەیەوە كردووە..
ئەم تاوانەش دەچێتە پاڵ هەموو ئەو تاوانانەی كە قوربانی تێیدا تەنیا ئافرەتەكە بووەو پیاوەكەش وەك بەرزەكی بانان قەلفڕی لێ كردووە، دەركێشانی ڕۆحی مرۆڤێك لە لایەن هەر كەس و بەهەر هەنجەت و بیانویەك بێت نە لای ئاسمان و نە لای یاساكانی سەر زەوی ڕێگەپێدراو نییە، لەبەرئەوە پێویستە یاسا ڕێوشوێنی خۆی وەربگرێت و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و پەروەردەو ڕۆشنبیریش زەمینەسازی بكەن بۆ هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە كە لە حاڵەتی وادا پەنا ببرێتە بەر یاسا و بە حیكمەتەوە هەڵسوكەوت بكرێت..