ئافرەتانی كورد لە سنووری كێشە كۆمەڵایەتییەكاندا قەتیس نابن كاراكتەری سەرەكیی پرسی نەتەوەیین
August 7, 2014
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئافرەت نەوەیەكی بە هزری نەتەوەیی پەروەردەكردووە
سەرەتا سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان (د. ڤیان سلێمان)، سەبارەت بە كاراكردنی هزری نەتەوەیی لەلای ئافرەتی كورد، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەی سەلماندووە ئافرەتی كورد لەئێستا و لە ڕابردوودا نموونەی بەرخودان و قوربانیدان و فیداكاری بووە»، گوتیشی: ئافرەتی كورد وێڕای سەربەخۆنەبوون و چەوساوەیی لە ژێر رەحمەتی باوكسالاریدا، بە درێژایی مێژووی كورد خەمی سەرەكییان خەمی نەتەوەیی بووە، ئافرەتی كورد بەشێكی دانەبڕاو و هاوبەش بووە لە خەبات و پاراستنی خاك و نیشتمانەكەی، شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی كورد شاهیدی ئەو ڕاستییەن، مێژوو دەڵێ لەسەردەمی زەینەفون لەشكری ئافرەت بە شیر و مەتارەوە پارێزگارییان لەكوردستان كردووە، ئافرەتی كورد سەرەتا بیری لە ئازادی و سەربەخۆبوونی وڵاتەكەی كردۆتەوە، ئینجا بیری لە سەربەخۆیی خۆی كردۆتەوە، تەنانەت لەئێستاشدا ئافرەتان هاوشێوەی پیاوەكان ئامادەیی خۆیانیان بۆ پاراستنی وڵات دەربڕیوە و ئەوان ئامادەن لەهەموو هەلومەرجێكدا لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە داكۆكی لەخاكی كوردستان بكەن، بە حەقیقەت ئافرەت بزوێنەری شۆڕشەكانی كورد بوون، ئەگەر ئافرەتی كورد خۆشەویستیی وڵاتەكەی لەدڵدا ئەوەندە بەرز نەبووایە، هەرگیز كورد وەك ئەمڕۆكە نەدەبووە خاوەنی نەوەیەكی پەروەردەكراو بە هزری نەتەوەیی، خۆشبەختانە لەئێستادا ئافرەتانی كوردستان گروپێكیان بەناوی گروپی پاڵپشتی لەسەربەخۆیی كوردستان دروستكردووە، بۆئەوەی ئەو رۆڵەی لەسەر شانیەتی بەرامبەر بە نیشتمانەكەی بەزیادەوە جێبەجێی بكات.
ئافرەتان دەبێت لە خۆتەرخانكردن بۆ كێشە كۆمەڵاتییەكان دەربازیان بێت
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی سەربەخۆیی مافەكانی مرۆڤ (تاڤگە عومەر رەشید)، تێبینی ئەوە دەكات كە «لە كوردستان ئاڵۆزی و زۆربوونی كێشەكانی ئافرەتان و خەمخۆری خودی ئافرەتان بۆ كێشەكانیان وایكردووە كە بابەتەكانی دی بەلاوە بنێن و بیر و هزری ئافرەت لە چوارچێوەی چارەسەر بۆ كێشە كۆمەڵایەتییەكانی ئافرەتانەوە بمێنێتەوە»، هۆكاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ «گشتگیرنەكردنی كێشەی ئافرەت لە كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەكاندا» و گوتی: «ئەگەر بێتو جومگەكانی تری كۆمەڵگە وەكو پێویست بە تەنگ كێشەكانی ئافرەتەوە بێن، ئەوا ئافرەتان لەم خۆتەرخانكردنە بۆ كێشە كۆمەڵاتییەكان دەربازیان دەبێت و دەرەنجام تواناكانی ئافرەتان تەنها بۆ كێشەیەك، یان دۆزێكی تایبەت بەكار نایەت، بەڵكو ئەو كاتە ئەویش بە هەمان شێوەی پیاوان ڕۆڵی خۆی وەكو كاراكتەرێكی سەرەكی لە پرسە نەتەوەیی و سیاسییەكاندا دەبێت»، گوتیشی: «ئافرەتی كورد لە قۆناغ بە قۆناغی مێژووی خەباتی كورداندا بە شێوازی جیاجیا ڕۆڵی بەرچاوی بووە، بۆیە گرنگە لێرەدا دەرك بەوە بكرێت كە دەبێت لە سەروبەندی دیاریكردنی چارەنووسی گەلەكەمان و دروستبوونی دەوڵەت، ئافرەتان كاراكتەرێكی سەرەكی ئەم رووداوە مێژوویە بن، ئەمەش بێگومان بەوە دەكرێت كە دەبێت سەرجەم ئەو لایەنانەی كە پەیوەستن بە مافی دیاریكردنی چارەی خۆنووسین لە خەمی تەواوی كێشەكانی ئافرەتاندا بن و پەراوێزیان نەخەن، چونكە ئەوكات تەواوی پرسەكان بە بێ بەشداری نیوەیەكی گرنگی كۆمەڵگە تێپەڕدەبێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر درەنجامەكان دەبێت».
ئەو هۆكارانە كەم نین كە خەمی بێ وڵاتی لەبیر ئافرەت دەباتەوە
سەبارەت بە هەمان پرس تانیا جەمال چالاك لەبواری مافەكانی ئافرەت، دەڵێت: « ئەو هۆكارانە كەم نین، كە وایانكردووە هزری نەتەوەیی و خەمی بێ وڵاتی لەبیر ئافرەتی كورد بباتەوە، نە حزبەكان و نە حكومەت و نە ڕێكخراوەكانی مافی ئافرەتان هەنگاوی جددییان نەناوە بۆ باشكردنی بارودۆخی ئافرەتان، تەنانەت پیاوانی رۆشنبیر گفتار و كرداریان یەك نییە و هەنگاوێكی وایان نەناوە ببنە هۆكاری هەڵگیرسانی شۆڕشێكی كەلتووری و كۆمەڵایەتی، بۆیە دەبینین تا ئێستا ئافرەت نەیتوانیوە متمانەی بەخۆی هەبێت، هەتا ئەگەر لەپۆست و ناوەندی گرنگیشدا بن، ئەوەش ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە ئافرەتان هەست بە چەوسانەوە و بەشخوراوی و مەغدووری دەكەن، هۆكارەكەشی پەراوێزخستن و چەوسانەوەیە كە بە درێژایی مێژوو ئافرەت بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە و بە پێی دابونەریت و كەلتوور و ئایینەوە جیاوازی هەبووە، بەڵام تا ئێستاش ئەو ستەمكاری و چەوسانەوەیانەی ئافرەت بەردەوامی هەیە. واتە ئەو هەموو ستەم و چەوسانەوەیەی بەرامبەر بە ئافرەت دەكرێ، وایكردووە كەمتر بیر لە چارەنووسی سیاسیی خۆی و نەتەوەكەی بكاتەوە».
ئەوەی حیسابی بۆ نەكراوە سایكۆلۆژیی ئافرەت بووە
شوان محەممەدئەمین خۆشناو مامۆستا لەبەشی مێژوو لە كۆلیژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین، لە دەستپێكی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئافرەت لە كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەكاندا هەڵگری هەمان تایبەتمەندی و كەلتوور و دابونەریت و ئایینی ڕۆژهەڵاتین و بەشێوەیەكی گشتی، نەتەوەی كوردیش وەكو گەلێكی گەورەی بێ نیشتمانی رۆژهەڵاتی ناوین، بە هۆی زەبر و زەنگ و چەوسانەوە و ژێردەستەیی جۆرێك كاریگەری لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگەكە داناوە، ئافرەتیش وەكو هەر تاكێكی ئەو كۆمەڵە پشكی خۆی لە چەوسانەوە بەركەوتووە»، گوتیشی: «ئەوەی حیسابی بۆ نەكراوە سایكۆلۆژیی ئافرەت بووە، چونكە هەمیشە پیاو خاوەنی كایەی سیاسی و شۆڕشگێڕی بووە و خۆشی بەخاوەنی زانیوە، لە كاتێكدا ئافرەت یاخود ژنی كورد لەو بوارەدا لە پیاوان كەمتری نەكردووە، نموونەش زۆرن لەو بارەیەوە، لە تەواوی شۆڕش و راپەڕین و بەرخۆدانەكاندا ئافرەت داینەمۆی بەردەوامی پێدان بە وڵات و گەشە پێدانی بووە، چەندین گەریدە لەم بوارەدا ئاماژەیان بەو ڕۆڵە كردووە، پێموابێت ژنی كورد ئەوڕۆ بە هۆی ئەو كرانەوەیەی لە دونیادا هەیە، بەتایبەتیش بەكارهێنانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی ئینتەرنێت، زیاتر دەلاقەیەكی بە ڕووی ئافرەتدا كردووەتەوە بۆ ئەوەی وەكو خۆی گوزارشت لەهەستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی بكات و ئاسانتر بتوانێ ئامانجەكانی بپێكێ و بیروباوەڕ و بۆچوونەكانی بخاتەڕوو، ئەوەی لێرە مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە كە دەكرێت ئەو قاوغەش بشكێنێت و لەدەرەوەی چوارچێوەی ماڵ و دونیابینیەكەی خۆی لە داتاكەیدا تێكەڵ بە كۆمەڵ بێت و وزە و توانا زهنی و هزرییەكانی خۆی و نەتەوەكەی بخاتەگەڕ، جگە لەوەی ئەركی دەسەڵات و كۆمەڵگەشە ئەو زەمینەیان بۆ بڕەخسێنێ و لەو بوارانەی تێیدا كاران، كارئاسانییان بۆبكات».