لە مانگی ڕەمەزاندا خانمان ئەركیان قورستر دەبێت و كێشە و ئاریشەی تایبەت بە خۆیان هەیە

لە مانگی ڕەمەزاندا خانمان ئەركیان قورستر دەبێت و كێشە و ئاریشەی تایبەت بە خۆیان هەیە
هەموو ساڵێك بە هاتنی مانگی ڕەمەزان، چەندین گۆڕانكاریی كاتی لە ژیانی تاكەكانی گشت كۆمەڵگەیەكی موسڵماننشین ڕوودەدەن، ئافرەتانیش وەك هەر تاكێكی ئەو كۆمەڵگەیانە لەو گۆڕانكارییانە بێبەش نین. لەو مانگەدا بەتایبەتی ئافرەتان ئەركی زیاتریان دەكەوێتە سەرشان، ئەندامانی خێزان حەزی جیاوازیان بۆ خورادەمەنی و شلەمەنی و خواردنەوەكان هەیە و ئەوەش ئەركی دایكان و كابانی ماڵەكە قورستر دەكات. هەروەها ژمارەیەكی زۆر لەو ئافرەتانەی كە بە درێژایی ساڵ تەنیا لەم مانگەدا لەچك لەسەر دەكەن، ڕووبەڕووی توانجی جۆراوجۆر دەبنەوە. ئەمانە و چەندین گرفتی دیكە هەن كە بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری (گوڵان) باسی دەكەن.

«من وەك هەر موسڵمانێك خواناسم و بە بەردەوامی نوێژەكانم كردووە، بەڵام سەرم داناپۆشم، تەنیا لە ڕەمەزان لەچك دەكەم، ئەوەش وایكردووە تیر و توانجی زۆرم تێدەگیرێت، هەندێك جار ئەوەندە بێزارم دەكات، كە حەز ناكەم لەماڵ بچمە دەرەوە». ئەوە قسەی دیلان عەزیز بوو. ئەو قوتابی پەیمانگەی تەكنیكییە و سەبارەت بە هەمان كێشەی خۆی لە مانگی ڕەمەزاندا دەڵێت: «خۆم پرسی مەلام كردووە و دەستخۆشی لێكردووم و پێی گوتووم: رۆژووەكەم وەك هەر موسڵمانێك دروستە و تەنیا دوعای بەردەوامی لەسەر لەچككردنی بۆ كردووم».
ئەمیرە عەباس كەیبانووی ماڵە و سەبارەت بە ئەركەكانی لە مانگی ڕەمەزاندا دەڵێت: «راستە دەوامم نییە، بەڵام نیوەشەو زوو لەخەو هەڵدەستم و پاشێو ئامادە دەكەم و دواتر ئەندامانی ماڵەكەم بۆ سەر ئیشوكارەكانیان بەڕێدەكەم، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی كە بەڕۆژووش نین هەست بە ماندوو بوون و شەونخوونی من ناكەن، هەر بڵێم ماندووم، مێردەكەم پێم دەڵێ: ماندوو بوونی چی، ئێستا لەهەموو كاتێك حەساوەتری، ئەوە نییە ژەمی نیوەڕۆت لەكۆڵ بووەتەوە، جگە لەوەش بۆ بەربانگ هەر یەكەو خواردنێكی تایبەت داوا دەكات، بۆ رازیكردنی دڵی هەموو ئەندامانی خێزانەكەم بوومەتە رۆبۆت و ئیسراحەتم لێبڕاوە».
توێژەری كۆمەڵایەتی هێرش سەعید، ئەوەی خستەڕوو كە مانگی ڕەمەزان كۆمەڵێك تایبەتمەندی ئایینی و كۆمەڵایەتی هەیە كە ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی هەموو تاكەكان هەیە، ئەمەش بێجگە لەوەی كە كاریگەرییەكانی ئەم مانگە كۆمەڵێك ڕەهەندی تایبەت بەخۆی هەیە. گوتیشی: «ئەركی ئافرەتان لەم مانگەدا زۆر قورسترە، چونكە ئەوان وەك پیاوان بەڕۆژووش دەبن و هاوكات دەبێت خزمەتی ماڵ و منداڵیشیان بكەن. لەم مانگەدا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان زۆرتر دەبن و خەڵكی زیاتر سەردانی یەكتری دەكەن، هەروەها ئافرەتانیش لە نوێژی تەراویح بەشداری دەكەن و لە كاتی نوێژدا یەكتری دەناسن و زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی كە پەیوەندی نوێ لە نێوان دوو خێزان دروست دەبێت».
هێرش باسی لەوەكرد كە ئافرەتان لەمانگی ڕەمەزاندا زیاتر گرنگی بە لەچك دەدەن و گۆڕانكاری لە مۆدیلاتی لەچكدا دەكەن، گوتیشی: «تەنانەت ئەو ژنانەی تەنها لە مانگی ڕەمەزاندا لەچك دەكەن، لەبەر مۆدیلاتی ئەو مانگە لەچك دەكڕن، ئەوانەشی هەر خۆیان لەچك دەكەن، لەو مانگەدا زیاتر گرنگی بە مۆدیلاتی لەچكەكانیان دەدەن، بەمەش لەڕووی ئابوورییەوە ئەركێك دەكەوێتە سەرشانیان. گوتیشی: «بێگومان ئەركی ئافرەتانی فەرمانبەر لەم مانگەدا زۆر قورستر دەبێت، چونكە ئەوان دەوامی دەزگاشیان هەیە و ئەركی ماڵەوەشیان لەسەر شانە، بۆیە پێویست بوو حكومەت لە ڕەمەزاندا پشوویەكی درێژتری بۆ فەرمانبەران دابنایە، نەك تەنیا كاتژمێرێك دەوام كەم بكاتەوە، چونكە یەك كاتژمێر هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت» .
شیلان ئیسماعیل خەریكی كڕینی پێداویستییەكانی خواردەمەنی بوو، ئەو فەرمانبەرە و یەكێكە لەو هەزاران كەسەی كە ڕایانوایە ئافرەتانی فەرمانبەر لە مانگی ڕەمەزاندا ئەركیان زۆر قورستر دەبێت، شیلان لەو بارەیەوە گوتی: «ئێمەی ئافرەتانی فەرمانبەر وەك پیاوان بەڕۆژوو دەبین و دەبێت دەوامی فەرمانگە بكەین و نیوەشەوان خواردنی پاشێو بۆ خێزانەكانمان ئامادە بكەین و بۆ ئامادەكردنی بەربانگیش لە ناو چێشتخانەی ماڵەوە بین، گەرچی بە هیلاك دەچین، بەڵام دڵمان بە پاداشتی خوای گەورە خۆشە».
شەهلا عەبدولكەریم، هاووڵاتییەكی دیكەیە كە لە بارەی مانگی ڕەمەزانەوە ڕا و سەرنجی خۆی دەردەبڕێت، ئەو لەچكی لەسەر نەكردووە و هاوكات نایشارێتەوە كە بەڕۆژووش نییە، لە بارەی هۆكارەكەشی گوتی: «بەهۆی ناجێگری باری تەندروستییەوە نابێت بەڕۆژوو بم، كە بەڕۆژووش نابم، ئەوا لەچك ناكەم، چونكە بە گونجاوی نازانم، من بەڕۆژوو نەبووم، ئیتر بۆچی لەچك بكەم؟ بەڵام وەك هەموو موسڵمانێك خواردن بۆ هەموو خێزانەكەم ئامادە دەكەم و پارشێویش هەڵدەستم خواردن دروست دەكەم و لەگەڵ ئەوان وەكو ڕۆژوووان نان دەخۆم، خێریش بۆ خەڵكی هەژاران دەبەم».
لە لای خۆیەوە توێژەری دەروونی نزار ناسیح، سەرەتا هێمای بۆ ئەوە كرد كە هەر بۆنەیەكی ئایینی، یان نەتەوەیی، خاوەنی كۆمەڵێك پرەنسیپ و تایبەتمەندییە، ڕەمەزانیش بەهەمان شێوە تایبەتمەندی خۆی هەیە. چونكە مانگی ڕەمەزان خاوەنی كۆمەڵێك نەریتی كۆمەڵایەتییە كە لە مانگەكانی دی جیای دەكاتەوە، ئافرەتانیش وەك چنێكی گرینگی كۆمەڵگە لەهەموو كەس زیاتر هەست بە نەریتەكانی ئەم مانگە دەكەن، بەتایبەتی ئەمڕۆ كە زۆرترین شوێنە گشتییەكان دەرگایان كراوەیە و لەو باوەڕەدام ئافرەتانی ئێستا زۆر بەختەوەرن، چونكە دەساڵ بەر لەئیستا هیچ شوێنێك نەبوو خیزانەكان ڕووی تێبكەن». ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە «دەرچوون لەشەوانی ڕەمەزان وەك نەریتێكی كۆمەڵایەتی لێهاتووە و كردنەوەی ئەو هەموو مۆڵ و سۆپەرماركێتانەش زیاتر هانی ئافرەتان دەدات كە شەوان لەگەڵ كەسوكاریان لەماڵ دەربچن».
ئەو توێژەرە پێیوابوو ئێستا ئەركی ئافرەتان كەمتر بۆتەوە، چونكە «پێشتر شەوانی ڕەمەزان خێزانەكان لە ماڵی یەكتر كۆدەبوونەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی كردنەوەی چەندین شوێنی كات بەسەربردنی خێزانی ئاسوودەیی زیاتر بۆ خیزانەكان فەراهەم بووە».
Top