ئافرەتان شانبەشانی پیاوان لە مەینەتییەكانی ژیانی لادێ بەشدارن

ئافرەتان شانبەشانی پیاوان لە مەینەتییەكانی ژیانی لادێ بەشدارن
گۆڤاری گوڵان لە كارێكی مەیدانیدا هەر جارەو ناوچەیەك و چەند گوندێكی هەرێمی كوردستان بەسەر دەكاتەوە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ڕووماڵی كێشە و گرفت و داواكارییەكانی خەڵكی ئەو دەڤەرانە بكات و لایەنی پەیوەندیدار و خوێنەرانی گوڵان بە ئاریشەكانی خەڵكی بەشمەینەت و بەرهەمەێنی گوندان بەگشتی و ئافرەتانی لادێ بەتایبەتی ئاشناتر بكات. لەم گەشتە مەیدانییەشدا دانیشتووانی چەند گوندی ناوچەی چۆمان و بناری هەڵگورد ژیانی خۆیانمان بۆ وێنا دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

شارۆچكەی چۆمان چەندین گوندی دەڤەری باڵەكایەتی و ناوچە شاخاوییەكانی لەسەرە و لە چوار ناحیەی (سمیلان، گەڵاڵە، حاجی ئۆمەران و قەسرێ) پێكهاتووە. بەپیێ زانیارییەكانی (JHIC) دانیشتووانی لە ساڵی 1990دا (25893) كەس بوون كە لە 49%ی نێر و 51%ی مێ بوون و رێژەی زیادبوونی دانیشتووانیشی بۆ هەرساڵێك 3،3%یە.
چۆمان ناوچەیەكی شاخاوی سەختی هەیە و (چیای حەساررۆست،چیای شێخ ناسر، چیای كارۆخ و چیای رەش) لە خۆی دەگرێت. ڕووباری شێخ بەنێو (چۆمان)دا گوزەر دەكات، كە یەكێكە لە چۆمە گەورەكان و دەڕژێتەوە زێی گەورە، ئاوی ئەو ناوچەیە 95% سازگارە و رادەی باران و بەفربارینی ساڵانە دەگاتە 25 سم .
چۆمان (169)كم لە هەولێرەوە دوورە، رێگەی سەرەكیی نێوان چۆمان و هەولێر بە رێگەی (هاملتون) ناسراوە و رێگایەكی مێژووییە كە لە پێش زاییندا سوپای داریۆشی ئیمپراتۆریەتی فارسی پێدا هاتۆتە دەشتی هەولێر و پاش شكستخواردنی لەبەردەم سوپای ئەسكەندەری گەورە لەشەڕی (گۆگامێلا)دا داریۆش بەو رێگەیەدا هەڵاتووە و خۆی دەرباز كردووە.
ناحیەی حاجی ئۆمەران كەوتۆتە سەر سنوور لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران و لە 16 گوند پێكدێت، چیای كۆدۆ، چیای گردمەندیل و چیای هەڵگورد لە خۆ دەگرێ، كە لوتكەی چیای هەڵگورد بەرزترین لوتكەی هەرێمی كوردستان و عێراقیشە.
بناری چیای هەڵگورد چەندین گوندی گەورەی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری هەنگەوانی لەخۆدەگرێت، ساڵانەش بەرهەمێكی زۆری ئەو گوندانە هاوردەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت. هەروەها ناوچەیەكی گونجاویشی بۆ هەنگەوانی و گەشتوگوزارو دروستكردنی بەنداوی بچووك، هەیە.
دەڤەری چۆمان بەگشتی هەردەم پەناگەو لانكەی شۆڕشەكانی كورد بووەو ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانەكەی لەڕیزی شۆڕشدا بوون و قوربانی شەهیدی زۆریشیان داوە. رژێمی بەعسی ڕووخاو لە خەڵكی ئەو ناوچەیە زۆر بە قین بووەو بەردەوام بۆردومانی كردوون. تەنانەت لەسەرەتای هەشتاكاندا دەستی كرد بە سووتاندنی رەزو باخ و كشتوكاڵ و لەوەڕگاكان و دانیشتووانەكەشی بۆ كۆمەڵگە زۆرەملێكان گواستەوە.
چیای هەڵگورد كە بەرزترین (لوتكە چیا)ی هەرێمی كوردستان و عێراقیشە هەردەم جێی بایەخی شاخەوانانی بیانی بووە. ئەو لوتكە چیایە بەهاوینیش بەفری لێدەمێنێت سرووشتێكی خەیاڵی بە ناوچەكە دەبەخشێت.
ستافێكی گۆڤاری گوڵان لە گەشتێكیدا بۆ دەڤەری چۆمان و باڵەكایەتی، سەرەتا سەردانی ئەنجومەنی ئافرەتانی (قەزای چۆمان)مان كرد، بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر لە سەر ڕەوشی ژیانی ئافرەتانی ئەو ناوچەیە بزانین.
ئەنجومەنی ئافرەتانی قەزای چۆمان لە هەشت ئەندام پێكهاتووەو (ئاوات ئەحمەد عەزیز) بەرپرسی ئەنجوومەنەكەیە و باسی ئەوەی كرد كە بە هاتنی وەرزی بەەار و هاوین، ئافرەتانی دەڤەری باڵەكایەتی زیاتر بە كاری مەڕ و ماڵات و كشتوكاڵەوە خەریك دەبن و شانبەشانی پیاوان كار دەكەن، بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بكەن.
ئاوات نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی، كە «بەهۆی ئێنتەرنێت و مۆبایلەوە كێشەی كۆمەڵایەتی لە ناوچەكە رێژەی بەرز بۆتەوە«. هەر لەو بارەیەوە گوتی: «بەداخەوە تەنانەت خیانەتكردنی هاوسەریش بەهۆی خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و فەیسبوك زۆر بووە، گەرچی ئافرەت بەشێوەیەكی گشی زۆر كەم ئینتەرنێت بەكار دەهێنێت، بەڵام زۆربەیان مۆبایلیان هەیە و زۆربەی كێشە كۆمەڵایەتییەكانیش هۆكاری سەرهەڵدانی خراپ بەكارەێنانی مۆبایل بووە». گوتیشی: «لە نێو چۆمان ئاستی رۆشنبیری زۆر باشترە، بەڵام لە دەوروبەری چۆمان تا ڕادەیەك ئاستی رۆشنبیری كەمە و كێشەی زیاتر ڕوو دەدات».
گوندی ناوەند چواردەوری بە چیا دەورە دراوە، سروشتێكی زۆر جوان و ئاوێكی سازگاری هەیە. لەو گوندەشدا وەك هەموو گوندەكانی دیكە ئافرەتان لە كاری ڕۆژانەدا پشكی شێریان بەردەكەوێت، ئافرەتێكی بەتەمەن كە خۆی بە مامز ناساند و وەك خۆی باسیكرد دایكی هەشت منداڵە، باسی ئەوە دەكات كە زیاتر لە ٣٠ ساڵە هاوسەرگیری كردووە و بۆ ماوەیەك لە هەولێر ژیاون، بەڵام لەدوای ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان ئەوانیش گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان. مامز دەڵێت: «سەرەتا كە هاتینەوە گوند، ژیان زۆر قورس بوو، ئەو كات چمان نەبوو، بەرەبەرە شینایی و ڕەزمان كرد، حەیوانمان بەخێوكرد، ئیتر هەموو شتێكمان دەكرد. ئێستاش كشتوكاڵ دەكەین و چێڵێك بەخێو دەكەین». لە بارەی كاری ڕۆژانەی خۆیشی گوتی: «دوای ئەوەی كە ئیشی ماڵەوەم كرد، دەچمە نێو شینایی هاوكاری پیاوەكەم و منداڵەكانم دەكەم، ئێوارانیش مانگا دەدۆشم و ماست دروست دەكەم».
مامز چەندین داواكاری خۆی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەكات و دەڵێت: «پێویستە موختار و ئەنجوومەن داوا لە حكومەت بكەن ئاسانكاری زیاتر بۆ خەڵكی گوندی بكات، عەرزیان پێبدات بۆ كشتوكاڵ و بەرهەمی شیناییەكان بپارێزێ و بەروبوومیان بكڕێتەوە». نموونەشی بەوە هێناوە كە «ئەمساڵ كلۆ گەلەك زۆر بووە و یەك قودی دەرمانیش بە ٢٥ هەزار دینارە، بایی ٢٥ وەرەقە (٢٥٠٠$) تەماتەمان كردووە، هەمووی كلۆ خواردیتی، گەر حكومەت هاوكاریمان نەكات، ناتوانین شینایی زۆر بكەین».
مامز لە دوای داواكاری و گلەییەكانی لە بواری ئابووری و كشتوكاڵ، وەڵامی پرسیارێكی دۆخی كۆمەڵایەتی ناوچەكە و بەتایبەتی چۆنیەتی بەشوودانی كچان دەداتەوە و دەڵێت: «ساڵانی زوو باو بوو كچ بەدڵی ماڵی باوكی بەمێرد دەدرا، بەڵام ئێستا ئەوە زۆر كەمتر بووە و پرس بە كچەكەش دەكرێ، بەڵام هێشتا زیاتر كچ بە منداڵی بەمێرد دەچێت». مامز جەختی لەوە كردەوە كە «لە گوندان نێوانی بووك و خەسوو زۆر لە شاران باشترە، چونكە پێكەوە و شانبەشانی یەك كار دەكەن، وەك شار نییە خەسوو خانم بێ و بووك كارەكەر».
ئیبراەیم عەبدولڕەحمان محەمەد كوڕی مامزە و ئەویش باسی ئەوە دەكات كە هەموو ڕۆژێك بە كاری شینایی و ئاژەڵداری سەرقاڵ دەبن، گوتیشی: «لە مەنتیقەی ئێمە زیاتر خەیار و تەماتە دەكەین و مەزرەعەی سێو و قۆخ و هەرمێ هەیە و زیاتریش شینایی دەكەین» .
ئیبراەیم لە بارەی داەاتی بەرهەمی خۆیان گوتی: «لەبەر ئەوەی زۆر شت لە ئیران و لە دەرەوە دێت، ئیشەكەی ئێمە قوڕی بەسەر بووە، حكومەتیش بە نرخێكی كەم بەرهەمی ئێمە وەردەگرێ، ئەوەش وادەكات زەرەر بكەین».
ئیبراەیم ئەوەی ڕەتكردەوە كە بە زۆرەملێ كچ بە شوو بدرێ، ئەوەشی خستەڕوو كە خوشكەكانی خۆی قوتابین و تەنانەت تا پشووی هاوینەی قوتابخانەكان داوای كاركردن و هاوكارییان لێناكەن، سەبارەت بە هاوسەرگیری زۆرەملێش گوتی: «ئێستا باوی ئەوە نەماوە كچ بە زۆر بە شوو بدەی، بەڵام خۆ بە هەر كەسێكیشی نادەی، هەر دەبێ پرسیارێك بكەی بزانی كوڕە شایانی ئەوەیە ببێتە خزمت».
ئیسماعیل عبدولڕەحمان قوتابییە لە پەیمانگەی تەكنیكی چۆمان و هاوكات پۆلیسی هاتۆچۆیە. ئەو هەموو توندوتیژییەك بەرامبەر بە ئافرەت ڕەتدەكاتەوە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئەگەر خوشكت خۆشەویستی هەبێت، ئایا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەی، گوتی: «كوو تەماشای كچی خەڵكی دەكەی، دەبێت ئاوەها تەعامول لەگەڵ خوشكی خۆشت بكەیت، مەسەلەیەك هەیە دەڵێـت: لەگەڵ عامی بچۆ شامێ، گوتیشی: «خۆشەویستی بە نییەتی هاوسەرگیری بۆ كوڕ و بۆ كچیش تاوان نییە، بەڵام بە بێ نییەتی هاوسەرگیری ئەوە لادانی ئەخلاقییە نەك خۆشەویستی».
عەبدولڕەحمان محەممەد خدر، دانیشتووی گوندی ناوەندە و وەك خۆی باسیكرد لەساڵی 1983 ژیانی هاوسەری پێكەێناوە و لە دوای ڕاپەڕینیشەوە گەڕاوەتەوە زێدی خۆی. سەبارەت بە هۆكاری ئەو دابڕانەشی لە زێدی خۆی گوتی: «كاتی خۆی لە ساڵی 1977 ئەم گوندەی ئێمە تەرحیل كرا، دوای ئەوە ئێمە چووینە چۆمان و ساڵی ١٩٧٩ چووینە هەولێر و تا ڕاپەڕینی ساڵی (1991) زۆربەی گەنجێتیم لەو شارە بەسەربردووە.
ئەو جووتیارە ڕایوایە «ژیانی گوند زۆر لە ژیانی شار جیاوازە و هەركام تام و چێژ و ئەرك و كێشەی خۆی هەیە، گوتیشی: «ژیانی گوند ئەركی زیاترە و دەبێ زەرعاتی بكەی و خەریكی شینایی بیت و حەیوانداری بكەیت، بە باخچە و باخەوە سەرقاڵ بیت، ئەوانە هەمووی كاری قورسن، كە ئەو كارانە لە شارەكان ناكرێن. خەڵكی شار، یان كاسبن لە بازاڕ، یان فەرمانبەرن و مووچەیان هەیە، بەڵام لە گوند دەبێت مووچەخۆری خۆت بیت».
عەبدولڕەحمان محەممەد، نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی كە «لە ئێستادا خەڵكی گوندەكان زیاتر حەز بە مووچەخۆری دەكەن و كەمتر خۆیان لە قەرەی جووتیاری و ئاژەڵداری دەدەن، هەر ئەوەش وایكردووە كشتوكاڵ زۆر لاواز بێت».
ئەو جووتیارە كە باوكی هەشت منداڵە و منداڵەكانی زۆربەیان كچن، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ەەموو گوندێك نەریتی عەشایەری هەیە و هەموو كەسێك دەبێت پێوەی پابەند بێت، بەتایبەتی ئافرەتان بۆ ئەوەی كێشەی گەورە دروست نەبێت»، گوتیی: «ئەگەر من باسی خۆم و گوندی ناوەند بكەم، ئەوە ئێمە لە گوندی ناوەند بەرامبەر بە ئافرەت زۆر باشین و ئافرەتیشمان زۆر ڕێزی خۆیان دەگرن، واتە ئەو گوندە جیایە و ئاستی سەقافی باشترە، لەهەموو گوندێكیش لەهەموو نەوعێك هەیە».
حەمەدەمین عوسمان عەبدوڵڵا لە كوێستانی گوندی ناوەند خەریكی كاری كشتوكاڵە. ئەو هەتا شەشەمی ئامادەیی خوێندووە، بەڵام وەك خۆی باسیكرد تەواوی نەكردووە. سەبارەت بە ژیانی خۆیشی دەڵێت: «ئێمە پێشتر حەیوانداریمان دەكرد، بەڵام ئەوە ماوەی نزیكەی دە ساڵە خەریكی باخداری و شینایین و زیاتریش بۆ ئەوەمانە بەرهەمەكەی بفرۆشین». ئەوەشی خستەڕوو كە هەندێك لە عەردەكانیان كە لەوەڕگەیە بە كرێ دەدەین بە ئاەژەڵداران و گوتی: «ساڵانە لە كرێی لەوەڕگە ١٥ تا ٢٥ وەرەقەمان پێدەگات»
ئەو خۆی و دایكی و برا و براژنەكەی لە كوێستان و لە ناو كەپرۆكەیدا بۆ حەوانەوە دانیشتبوون. سەبارەت بە ئەركی ئافرەتانیش لە گوند گوتی: «ئافرەتی گوند جگە لە كاری ماڵەوەی لە شینایی و كشتوكاڵ و ئاژەڵداریش هاوكاری پیاوان دەكەن و زۆر ماندوون».
مەریەم وەسمان دایكی حەمەدەمین و نۆ منداڵی دیكەیە، بەڵام لەو دە منداڵەی دوویان مردوون. ئەو پێشتر نزیكەی ١٠٠ سەر مەڕوماڵاتی هەبووەو ماوەیەكە وازی لەو ئاژەڵدارییە هێناوە، ئێستا لەگەڵ كوڕەكانی و سێ بووكی بە كشتوكاڵ سەرقاڵن. بەڵام نیگەرانی خۆیشی لەوە دەربڕی كە لە ناوچەكەیان مین زۆرە و گوتی: «ەێشتا عەردێكی زۆر ماوە لە مین پاك بكرێتەوە، زۆر جاریش مەڕوماڵات و تەنانەت زەلامیش بوونەتە قوربانی ئەو هەموو مینە، واتە ئەو مەنتیقەیە هەتا دەچێتە كوێستانێ و پشتی ئەو چیایە هەمووی مینە، گەرچی ڕستەڕستەیە، بەڵام پێویستە حكومەت پاكی بكاتەوە».
بەپێی ئامارەكانی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ماوەی 5 مانگدا 15 ئافرەت لە قەزای چۆمان ڕووبەڕووی توندوتیژی بۆتەوە، بەڵام ئەو دایكە جووتیارە بوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان لە گوندەكەیان ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت: «لەكن مە ئافرەت حورمەتی هەیە و لێرۆكانە توندوتیژی و شتی لەو جۆرە نییە، لەوانەیە لە شوێنی تر شتی وا هەبێ».
لە درێژەی سەفەرەكەدا سەردانی چەندین گوندی ناوچەی (جاجی ئومەران)مان كرد. هەر لە كوێستانەكانی دەوروبەری حاجی ئۆمەران ڕەشماڵێك سەرنجی ڕاكێشاین و سەردانمان كرد.
ئافرەتێكی بەساڵاچوومان بینی كە خۆی بە خانم خدر ناساند، ئەو دایكی حەوت منداڵە و وەك خۆی ئاماژەی پێدا پێشتر خەڵكی چوارقوڕنە بووە و ئێستا دانیشتووی حاجی ئۆمەرانە و بە وەرزی بەەار و هاوین ژیانی لە ژێر رەشماڵی كوێستاندا بەسەر دەبات. سەبارەت بە كاری خێزانەكەشی گوتی: «ئێمە كوولەكەی دەكەین و دەیفرۆشینەوە، حەیوانیشمان هەیە».
ئەو باسی ئەوەی كرد كە شوانیان بە كرێ نەگرتووە و خۆی، یان هاوسەرەكەی مەڕوماڵاتەكەیان بۆ لەوەڕگەكان دەبەن. گوتیشی: «ئەمن و ئەو پیرە مێردەی لێروكانە گەلەك ماندین، حكومەتیش هیچی بۆ نەكردووین، چەند ساڵ پێش ئێستا شتێكیان داینێ، بەڵام ئەوە دوو سێ ساڵە هیچیان بۆ نەكردووین»
خانم خۆزگە بە ژیانی ڕابردوو دەخوازێ و دەڵێت: «ژیانی ئەو عانە گەلەك خۆشتر بوو، فەقیر بە قومێك دۆ ئیدارەی دەكرد، ئێستا فەقیر و دەوڵەمەند وەك یەكی لێەاتییە و كەمتر كاری حەیوانداری و شینایی دەكەن».
باییز حەسەن هاوسەری (خانم)ـەو ساڵی 1946 لەدایكبووە، سەرەڕای تەمەنی زۆری بەرەەمێكی زۆری شینایی هەیە و هەناردەی بازاڕیشی دەكات. ئەو دەڵێت: «تەنیا حەسرەت بۆ كاتی گەنجیم دەخۆم، ئەوكات قووەتم زیاتر بوو، ئێستا پیر بوومە و بە زۆر ئیشەكانم جێبەجێ دەكەم».
بایز سەبارەت بە كێشەی ئافرەتان لەو دەڤەرەی خۆیان گوتی: «ەێشتا ژن بە ژنێ و بە زۆر بەشوودان ماوە، بەڵام لە چاو ساڵانی پێشتر زۆر كەمتر بووە».
ئەو جووتیارە جەختی لەوە كردەوە كە «كچانی گوند كاتی ئەوەیان نییە ئینتەرنێت و شتی وا بەكار بێنن، ئەگەر هەبێ تەنیا مۆبایلەكەیە ئەویش زۆر جار كێشەی دروست كردووە».
Top