داوای كاراتركردنی لیژنەی بەرگری لە مافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان ده كرێ

داوای كاراتركردنی لیژنەی بەرگری لە مافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان ده كرێ
گه‌رچی زۆرجار باسی ئه‌وه كراوه كه ئافرەتانی ئه‌ندام له لیژنەی بەرگری لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان، لە ڕووی گەڵاڵەكردنی یاساكان و ئامادەكردنی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئافره‌ت كاری به‌رچاویان كردووه، بەڵام ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌شیان ئاراسته ده‌كرێ كه گرینگییه‌كی ئه‌وتۆیان به بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی یاساكان نەداوه، هاوكات زۆربه‌ی چالاكان و داكۆكیكارانی بواری مافی ئافرەتان، لیژنەی بەرگری لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان، بە درێژایی خولەكانی رابردوو بە «لیژنەیەكی لاواز و كهمكردار» هەژمار دەكەن، تەنانەت لەخولی نوێی پەرلەماندا رێژەی بەشداری ئافرەت لە لیژنەكەدا كەمی كردووە، به‌شداربووانی ئه‌م راپۆرته‌ی گۆڤاری گوڵان له‌و باره‌یه‌وه ڕاوسه‌رنجی خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕوو، هاوكات به خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد و بابه‌تییانه پلاتفۆرمی لیژنەی بەرگری لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و چه‌ندین ڕێكاریش بۆ مسۆگه‌ركردنی زیاتری مافه‌كانی ئافره‌ت ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن.

ناكرێ كاری ڕابردووی لێژنه‌كه له به‌ر چاونه‌گرین
سەرەتا بێریڤان كەركووكی ڕاگەیاندكار و چالاكی بواری ئافرەتان، ئەوەی بۆ گوڵان خستەڕوو كە ئافره‌تانی ئه‌ندامی لیژنەی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان كاریگەری باشیان لە ئامادەكردن و گەڵاڵەكردنی یاساكان له به‌رژه‌وه‌ندیی ئافره‌تان هەبووەو ڕایوایه له‌و بواره‌دا جێدەستییان دیارە، به‌ڵام ئه‌و ڕهخنهیهشیان ئاراسته ده‌كات كه «ئافره‌تانی ئه‌ندامی لیژنەی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوونیان بۆ جێبەجێكردنی یاساكان نەكردووە»، ئەوەش به خاڵی لاوازی ئەو لیژنە تایبەتەی پەرلەمان هه‌ژمار ده‌كات.
بێریڤان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كە «چەندین ئافرەتی پەلەمانتار كه زۆربەیان ئەندامی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بوون، دەیانتوانی بە هاوكاری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بەدواداچوون بۆ یاساكان بكەن، لەم حاڵەتەشدا ئافرەتان زیاتر هەستیان بە گرنگی ئەو لیژنە پەرلەمانییە دەكرد، واتا ئەو لیژنە تایبەتەی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان لەڕووی گەڵالەكردن و ئامادەكردنی یاساوە سەركەوتوو بوون، بەڵام لەڕووی جێبەجێكردن و بەداواچوونەوە نەیانتوانیوە ڕۆڵی گرنگ بگێڕن». گوتیشی: «ئەركی لیژنەی پەرلەمانی به چەند قۆناغێك پۆڵین ده‌كرێ، له‌وانه: ئاماده‌كردن و گەڵاڵەكردن و ناساندن و هەمواركردنەوەی یاساكان و بەدواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنی، بەڵام وەك تێبینی دەكرێت، لێژنەی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە بە بەدواداچوونەوەكەدا سەركەوتوو بن».
بەدواداچوونی وردیان بۆ جێبەجیكردنی یاساكان نەكردووە
بێریڤان كەركووكی له درێژه‌ی ئاخافتنه‌كه‌یدا بۆ گوڵان، باسی ئه‌وه‌ی كرد كه لەبەرنامەیەكی تایبەتی خۆیدا ڕاپرسیەكی لەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ئه‌نجام داوه‌و گوتی: «ئەو یاسایە كۆمەڵێك بڕگەی تایبەتی هەیە كه پەیوەستە بە ژیانی خەڵكەوە، بەڵام ئەوەی كە زۆر گرنگە، ئه‌وه‌یه ئایا لیژنەی پەرلەمان تاچەند كاری بۆ چەسپاندنی ئەم یاسایە و بەدواداچوون و شیكردنەوەی چەمكەكانی كردووە، من پێموایە ئافرەتانی لیژنەكانی پەرلەمان و ڕێكخراوەكانی مه‌ده‌نیش كاریان لەسەر ئەو پرسە نەكردووە، كه یاسای توندوتیژی خێزانی به زۆربەی ئافرەتان بناسێنن، بۆ ئه‌وه‌ی شارەزابن و بازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ دەقی ئەم یاسایە بكەن، ته‌نانه‌ت ئه‌و پەرلەمانتارانه‌ی لیژنەی مافی ئافرەت كە پێشتریش چالاك و كادیری ڕێكخراوەكانی ئافرەتان بوون، بەدواداچوونی وردیان بۆ جێبەجیكردنی یاساكان نەكردووە».
لەماوەی مانگی ڕابردوو چەندین حاڵەتی توندوتیژی زۆر ترسناك ڕووی داوه
بێریڤان ڕایوایە: «نابێت تەنیا گلەیی لە لیژنەی مافی ئافرەت لە پەرلەمان بكرێـت، چونكه زۆربه‌ی ئه‌و ئافرەتانه‌ی كە لە پۆستەباڵاكانن به‌رامبه‌ر به ده‌سته‌به‌ریی مافی ئافره‌تان كەمتەرخەم بوون، بۆیه به‌رده‌وام مافه‌كانی ئافره‌ت پێشیڵ ده‌كرێ، ئه‌وه‌تا لەماوەی مانگی ڕابردوو چەندین حاڵەتی توندوتیژی زۆر ترسناك ڕووی داوه، كه بۆته هۆی ڕاچلەكاندنی كۆمەڵگە، كچێك به ته‌مه‌نی ١٤ ساڵی به‌شوو ده‌درێ، له ته‌مه‌نی ١٥ ساڵی به ده‌ستی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كوژرێ و له‌ت و په‌ت ده‌كرێ، ته‌رمی دووكچ لە ناو گۆمێكدا دەدۆزرێنهوه، دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەر چه‌ندین كچی منداڵ، كچێك لە شیرینی خەودا بەدەستی باوكی دەكوژرێت، ئەمانە هەمووی وەڵامن بۆ ئەو ئافرەتانەی كە دەڵێن شتمان بۆ ئافرەتان كردووە»، گوتیشی: «دەتوانم بڵێم هەموو ئافرەتان هەر لە پەرلهمانتارەكانهوە تادەگاتە ڕاویژكار و سەرجەم پۆستە باڵاكانی دیكه‌ی حكوومی و حزبی به‌رامبه‌ر به‌و تاوانانه كه ده‌رحه‌ق به ئافرەتان ده‌كرێ كەمتەرخەم بوون. هیودارم ئەمجارە كاری باش بكەن، ئەگەر نەشتوانن بیكەن، باچیتر پارەو بودجەی ئەم وڵاتە بۆ شتی تایبەتی خۆیان خەرج نەكەن».
ئایدۆلۆژیای سیاسی گرفتێكی گه‌وره‌ی بەردەم پێشكەوتنی كارەكانی لیژنەكه بووه
بۆهەمان پرس مایكی گۆڵانمان خستە بەردەم بەهار ڕەفیق فەتحوڵڵا، كه شارەزای بواری دەروونی و پسپۆڕی كۆمەڵایەتییهو ئه‌ویش هه‌مان ڕای بێریڤان كه‌ركووكی هه‌بوو. هاوكات هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه گه‌رچی بەدواداچوونی وردی لەسەر كارەكانی لیژنەكانی پەرلەمان نەكردووە، بەڵام هەستی به‌وه كردووه كه «لیژنه‌كانی په‌رله‌مان لەكارەكانیاندا نه‌ك ئه‌كتیڤ نه‌بوون، بگره به‌رامبه‌ر به مافه‌كانی ئافره‌ت زۆر لاواز و بێ توانا و كه‌مته‌رخه‌م بوون». گوتیشی: «بەشێكی زۆر لە ئافره‌تانی ئەندام له لێژنه‌كانی په‌رله‌مان وەك ئافرەت بیریان نەكردووه‌ته‌وه و زانیارییشیان لەسەر كێشەی ئافرەت نەبووە، نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌وه بوو هەندێكیان لەژێر پاساوی دینیدا پشتیوانی‌یان له فرەژنی دەكرد، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو كەسانە باوەڕیان بەپرسی ئافرەت نەبووە. هه‌روه‌ها زۆربه‌ی ئەو پیاوانەش كە لەو لیژنانەی په‌رله‌ماندا بوون، هیچ بڕوایەكیان بە پرسی ئافرەت و مافەكانیان و یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی نه‌بووه، ئیتر چۆن دەتوانن ڕۆڵێكی كارا وچالاك ببینن لە لیژنەیەكدا كە تایبەت بێت بەئافرەتان، چه‌ساندنی مافه‌كانی ئافره‌ت پێویستی به پڕەنسیپی یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی و باوەڕداربوون بە مافەكانی ئافرەت و نه‌هێشتنی جیاوازی ڕه‌گه‌زی هه‌یه».
به‌هار ڕه‌فیق له درێژه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه «بێ متانەیی بە توانای یەكتر و هەروەها جیاوازی لە بیر و بۆچوون و تەنانەت جیاوازیی ئایدۆلۆژیای سیاسی گرفتێكی گه‌وره‌ی بەردەم پێشكەوتنی كارەكانی لیژنەی مافی ئافره‌ت له په‌رله‌مانی كوردستان بووه«.
گوڵان بۆ شیكردنەوەی زیاتری بابەتەكە، پەیوەندی بە حەیات مەجید پەرلەمانتاری خولی چوارەمی كوردستان كرد، ئه‌و په‌رله‌مانتاره كه هاوكات بڕیاردەری لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەته گوتی: «ئێمە ناتوانین بڵێین: لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت لە خولەكانی پیشوودا كارا نەبووە، یان ئیشی نەكردووە، چونكه ئەو لیژنەیە چەندین چالاكی جۆراوجۆری هەبووە، ئه‌گه‌ر كه‌سانێك پێیانوابێت كە ئەو لیژنەیە كەمتەرخەم بووەو نەیتوانیوە وەك پێویست كاری خۆی بكات، هۆكاره‌كه‌ی زیاتر ئه‌وه‌یه كه كێشە كۆمەڵایەتییەكان زۆرن و ئەو توندوتیژییانەش كە دژی ئافرەتان بەكاردێن جۆراوجۆرن، ئەمەش وایكردووە كە بەشكێكی زۆر لە ئافرەتان گلەییان لەو لیژنەیە هەبێت».
ئەو پەرلەمانتارە جەخت لەوە دەكاتەوە «ناكرێت ئەوكارانەی كە ئەو لیژنەیە كردوویەتی، هەمووی لەیاد بكرێت، وەك زۆربەی خەڵكیش دەزانن، ئەو لیژنەیە كار و چالاكی زۆری ئەنجام داوە و گرنگی زۆریشی بە كێشەكانی ئافرەتان داوە». سه‌باره‌ت به لیژنه‌كه‌ی خۆشیان گوتی: «ئێمە پلانێكی تۆكمە و باشمان داناوە كە لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا ئیشی زۆر باش بكەین و بەرنامەی وردمان بۆ چارەسەری كێشەكان داناوە، ئەویش بەچەند هەنگاوێك، لەوانە: سەردانیكردنی شوێنە دوورەكان و چاودێریكردنی جێبەجێكردنی یاساكان و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ كەیسەكانی شڵتەر، ئەمانە هەمووی بەرنامەن كە ئێمە كارمان لەسەری كردووە، ئێمه نوێنەری هەموو كوردستانین و بەبەردەوامی سەردانی هەموو ناوچەكان دەكەین و سەردانیكردنی ئێمە بۆ هەموو ناوچەكان ئەرێكی زۆر گرنگە و من خۆم لەوەتی وەك پەرلەمانتار دەستنیشان كراوم، بە بەردەوامی سەردانی شوێنە دووورەكانم كردووە و چاودێری كێشەكانیانم كردووە. له ئێستاشدا توانیومانە ئەو لیژنەیە كاراتر و به خاوه‌ن به‌رنامه‌ی بكەین، من خۆم بەرنامەم داناوە كە سەردانی ئافرەتانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بكەین، چونكە ئەوان كەسانێكن كە شایەنی خزمەتكردنن، من لەو بڕوایەتدام لەچوار ساڵی داهاتوودا ئەنجامەكانی كارەكانی ئێمە دەبینرێن، ئه‌وكات هاوڵاتیان دەزانن كە ئێمە تا چەند گرنگیمان بە ئافرەتان داوە و توانیومانە ئەو لێژنەیە كاراتر بكەین» .
پەرلەمانتاران نەیانتوانیوە وەكو پێویست پەرلەمان كارا بكەن
له لای خۆیه‌وه عەلی مەحموود چالاكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس بۆ گوڵان گوتی: «پێموایە نەك لیژنەی داكۆكیكار لەمافی ئافرەت، بەڵكو تێكڕای لیژنە پەیوەندارەكان بە پرسی كۆمەڵایەتی نموونەی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی، لیژنەی مافی مرۆڤ نەیانتوانیوە بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و سنوورێك بۆ پێشێلكارییەكانی مافی ئافرەتان دابنێن، لەلایەكی دیكەوە مەرجە ئەو كەسانەی لەو لیژنە هەستیارانەدا دادەندرێن سەرەتا كەسانێك بن شارەزابن بە كاروباری لیژنەكە و لەهەمان كاتیش‌دا جورئەت و بڕوایان بەو پرسە هەبێت كە كاری بۆ دەكەن، به‌پێچه‌وانه‌وه ئەو كەسانە جگە لەپڕكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمان هیچ كاریگەرییەكی دیكەیان نابێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە نەتوانراوە هەر سێ دەسەڵاتی جێبەجێ كردن و تەشریعی و دادوەری بە گەڕ بخرێت، بە واتایەكی دیكە پەرلەمانتاران نەیانتوانیوە وەكو پێویست پەرلەمان كارا بكەن، چارەسەریش لەوەدا دەبینم كە كاری زیاتر بكرێ بۆ ئەوەی پەرلەمان لەو قۆناغەی ئێستادا دەربهێنرێت و هەوڵی بەهێزتركردنی بدرێت، هەروەها كادیرە بەهێزەكانی حزبەكان بنێردرێنە پەرلەمان و ئەندام بە پیاو و ئافرەتەوە لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی و بوێری دەستنیشان بكرێت، بۆئەوەی پارێزەری راستەقینەی خەڵك بن لە پەرلەمان و لەسەرووی هەموو ئەوانەشدا كەسانێك بن بڕوایان بە مافی یەكسانی و مافی هاوڵاتی بوون هەبێت».
Top