باسكی ئافرەتان ژیانی كۆچەران زەنگین دەكات
May 18, 2014
کۆمەڵایەتی
كوردستان جگە لە جوانیی سروشت و خاكی بەپیتی، جوگرافیاكەی واهەڵكەوتووە، هەموو پارچەكانی كوێستان و گەرمیانی هەیە، ئەوەش وایكردووە، جگە لە قەرەجەكانی بێ نیشتمان، بەشێك لە ئاژەڵدارانی خەڵكی كوردستانیش گەرمێن و كوێستان بكەن و بەو هۆیەوە ژمارەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتییان بەهاتنی وەرزی بەهار گوندەكانی خۆیان جێدەهێڵن و بە مەڕوماڵاتەوە ڕوو لە لەوەڕگەكانی چیا و كوێستانەكان دەكەن. گۆڤاری گوڵان لە كارێكی مەیدانیدا سەردانی چەندین خێزانی كۆچەری لە دەڤەری قەڵادزێ كرد، تاوەكو لە نزیكەوە لە ئاریشەكانیان بزانین و بۆ لایەنی پەیوەندیدار و خوێنەرانی گۆڤارەكەمانی بخەینەڕوو.
گوڵان كۆمەڵایەتی- دەڤەری پشدەر
سپێدەیەكی زوو لە هەولێری پایتەختەوە بەرەو بناری كۆێستانەكانی دەڤەری قەڵادزێ كەوتینەڕێ، لە درێژەی ئەو سەفەرەدا كە لە پێدەشتەكانەوە بەرەو هەورازەكانی شاخ و چیای كۆێستان دەستی پێكرد، گەلێك جوانی سرۆشتی وڵاتەكەمان بەرچاو كەوت و بە گەیشتن بە یەكەم كانیاوی تەنیشت ڕەشماڵەكانی كۆچەران هەندێك حەواینەوە و دواتر سەری قسەمان لەگەڵ ئافرەتێكی بەساڵاچوو كردەوە، ئەوە خۆی بە مریەم بابەكر ناساندو نەیدەزانی تەمەنی چەندە، بەڵام وەك خۆی باسیكرد (٧٠ساڵێك) دەبوو. ئەو خاتوونە دایكی سێ كوڕ و دوو كچە و بەو تەمەنەیشەوە هێشتا بە وزەیەكی زۆرەوە سەرقاڵی كاری ڕۆژانەی بوو. بە بزیەیەكی نەرمیشەوە گوتی: «وەڵاهی نزیكەی چل ساڵیك كاری تووتنم كردووە و بەوە منداڵەكانم بەخێوكردووە، پاشان گەورە بوون، مەڕم بۆ پەیداكردوون، لەلادێش ژیان زۆر زەحمەت بووە، حكومەتیش هیچی بۆ مان نەكردووە، ئەوە لە كۆشكەڵەیەكین و لەخانووی داراندا دەژین، لەگەڵ ئەو بووكەم و شوانی كوڕم مەڕو ماڵاتمان هێناوەتە ئەم شاخە، هەموو ساڵێك لەپاش نەورۆزێ دێینە ئێرە و سێ مانگی بەهارێ لێرە دەبین، دوایی پەرێز دەكەین و دەچینەوە».
زەینەب حوسێن شێخە، بووكی مریەمە و ئەویش لەگەڵ خەسووی و هاوسەرەكەی بە باڕەباڕی مەڕان ئاشنایە و دەزانێت دابینكردنی بژیوی خێزانەكەی بە ئاژەڵدارییەوە بەندە، بۆیە ماندوونەناسانە ڕۆژانە شانبەشانی هاوسەرەكەی كار دەكات و هیچ گلەییەكیشی نییە. ئەو بە ڕاشكاوی دەڵێت: «خوای گەورە بەشی هەموو مرۆڤێكی دیاری كردووە و دەبێت بەوە ڕازی بین، بۆیە ئافرەتی گوندان وەك پیاوان كار دەكەن و جگە لەوەش شیو دەكەن و منداڵ بەخێو دەكەن و میوانان بەڕێدەكەن.
هێمای بۆ ئەوەش كرد كە شەش منداڵی هەیە، بەڵام ئەوان قوتابین و ناتوانن هاوكارییان بكەن.
ساڵانی كۆن مەشكە هەبوو كە ماستەكەیان پێ دەژاند و كەرە و دۆیان لێ دروست دەكرد، بەڵام زەینەب دەڵێت: «ئێستا مەشكەی پێستی حەیوان نەمایەو بۆتە مەشكەی كارەبا، ئەوی ئێستا ئاسان و خاوێنتریشە».
ئیسماعیل عەبدوڵڵا خەڵكی گوندی (كۆشكەڵە)یە. ئەویش بە زاراوایەكی سادە و ساكار دەڵێـت: «عومرم ٤٣ ساڵە و لەوەتی فامم كردۆتەوە هەر خەریكی مەڕداریم، مەرداری زۆر زەحمەتە، زستانان سێ مانگ خەریكی ئەو ئاژەڵە دەبین و مەسرەفێكی زۆری دەكەین، لە بەهاریش دێینە كوێستان و هەتا مانگی شەش كە لەوەڕ خەڵاس دەبێ دەڕۆینەوە گوندی، دیسان لە مانگی ١٠ دێینەوە ئەم ناوچانە و لەوەڕ دەكڕینەوە».
ئەو ئاژەڵدارە باسی ئەوەی كرد كە لەوەڕگەكان بە كرێ دەگرن و ئەوەش فشاری زۆریان بۆ دروستدەكات. سەبارەت بە كاری مەڕداری خۆیشی گوتی: «من خەریكی ئەو مەڕانە دەبم، دەزرییان لێدەدەم، ساڵی یەك جار دەیانبڕینەوە و خۆرییەكەی خڕدەكەینەوە، ئەگەر بازاڕی هەبێت، دەیفرۆشین، ئەگەر بازاڕی نەبێت دەیبەنە ماڵەوە، لەسەر دادەنیشن، ئیتر گوزەرانمان ئەوەایە، ساڵ بەساڵ حەیوانە زیادەكە دەفرۆشین، و مەسرەفی لێدەكەین».
سەبارەت بە هاوكارییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵیش گوتی: «من نزیكەی ٢٥٠ سەر حەیوانم هەیە، تەن و نیوێك عەلەفم دەدەنێ، بەشی پێنج رۆژان دەكات، ئەوەی ئەوانیش بە پارەیە، هەرچەندە نرخەكەی هەزارنترە، بەڵام زۆر كهمە، هەروەها ئەوەتا بەیتەرە هەیە، بەڵام هیچ دەرمانیان نییە، سەردانیان دەكەین، دەرمانەكەمان بۆ دەنووسن و دەچین لەبازاڕ دەیكڕێن».
ئەو پیاوە مەڕدارە سەرەڕای هەموو مەینەتەكانی كارەكەی، دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: «من زۆر قەناعەتم بەم ژیانەی خۆم هەیە، پشدەر چەندی پارە تێدایە، من هێندەی هەمووی دڵم بەو حەیوانەی خۆم خۆشە».
ئیسماعیل ساڵی 1985 بە (ژن بە ژنێ) هاوسەرگیری كردووەو هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ئەوكات ئەگەر كەسێكت نەبوایە، كەس ژنی نەدەدایتێ، من مامێكم ماڵێكی دەناسی، ئەوە بوو من خۆشكێكی خۆمم دا بەوان، ئەوانیش خوشكێكی خۆیان دا بەمن و شتكە پێكهات. هەتا ئێستاش ژن بە ژنی هەر ماوە.
ئیسماعیلی مەڕدار گەرچی خۆی ژن بە ژنی كردووە، بەڵام وەك باسیكرد ئێستا ئامادە نییە بۆ كوڕەكەی ژن بە ژن بكات و دەڵێت: «ژن بە ژنی هەندێك جار بە دڵی لایەك نییە، منیش ئامادە نیم كچی خۆم بە زۆر بە مێرد بدەم». سەبارەت بە ژنە بە ژنێی خۆیشی گوتی: «هیچ پەشیمان نیم و لەگەڵ ژنەكەم كەسمان زەرەرمان نەكردووە، لەخوا بەزیاد بێت هەردوولامان باشین» .
هاوسەرەكەی ئیسماعیلیش ههمان بڕوای ههبوو، گوتیشی: «گەرچی من خۆم زۆر مورتاحم و براژنیشم زۆر باشەو هەردوولامان هیچ كێشهمان نییە، بەڵام ئامادە نیم بۆ منداڵی خۆم ژن بە ژنێ بكەم و ناتوانم كچەكەم بە زۆر بە شوو بدەم». ئەوەشی ڕەتكردەوە كە لە نێو مەڕداران بەرامبەر بە ئافرەت توندوتیژی بكرێ و گوتی: « توندوتیژی و شتی وا لای ئێمە نییە، ئێمە بە ژن و پیاو وەك یەك كاردەكەین و ڕێزی یەكتری دەگرین».
ئیسماعیل لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا باوەڕت بەوە هەیە كە ژن وەك پیاو كار بكات؟ گوتی: «بەڵێ، ئەگەر من بچم بۆ هەر ئیشێك لەگەڵم دێـت، ئەگەر پێشی نەكرێت، دێت و شان بەشانی من دەڕوات، ئەوە بۆ من وەك پشت و هێزە». ژنی مەڕداران گەلەك ماندووە، ئەوان حەیوان دەدۆشن، خاوێنی دەكەنەوە، خوری دەڕێسن، ماست و پەنیر دروست دەكەن و پیاوان دەیفرۆشن».
دایكی ئیسماعیل ئەوەش ناشارێتەوە كە تا هەنووكە كچانی خۆیان خەتەنە دەكەن، ئەوە دەڵێت: «خەتەنەكردنی كچان ئەوە شتێكە هەر هەبووە و دەشبێت هەر هەشبێـت، چونكە ئەگەر خەتەنە نەكرابی حەرامە شتی دەستی بخۆی».
لهوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا هیچ ڕێكخراوێك نەهاتووه لەو بارەیەوە قسەیان بۆ بكات، گوتی: «ئەوكات دەەاتن، پێش چەند ساڵێك ڕێكخراوەكان دەهاتنە ئێرە دەیانگوت كچان خەتەنە مەكەن، خراپە و زیانی بۆی هەیە، بەڵام ئێمە باوەڕیان پێناكەین، شەرع و سوننەت لامان لە هەموو شت گرنگترە، لە دین ئەوە هەیە و سوننەتێك دانراوە كه موسڵمان و كافر لەیەك جیادەكاتەوە، دەبێت كوڕەكەشمان لەو ڕێكچكەیە بڕوات، لەبەر ئەوەی باب و باپیرانمان ئەوەیان كردووە».
دوای ئەو باسانە سەردانی ئەو شوێنەمان كرد كە ئیسماعیلی مەڕدار خوری مەڕەكانی لێدەكردەوە، سەبارەت بە چۆنیەتی بڕینەوەی مەڕانیش گوتی: «خۆی ساڵێ یەكجار لە بەهار واته لە (10/5) مەڕەكان دەبڕینەوە، سەرەتا مەڕەكە لە زەوی دەدەین و لاقانی دەبەستین و دواتر دەست بەبڕینی دەكەین، بەڵام ئەگەر لە زەردەی دابێت، زۆر باشترە، چونكە مەڕەكە چەور دەبێت، ئەوە بۆ مەڕەكە خۆشترە و ئازاری كەمتر دەبێت،، هەروەها ئەو ڕۆژە نابێت ئەو حەیوانە تێر بێت، ئەگەر تێر بێت، ریخۆڵەی دەئاوسێ و لەوانەیە(برینگ)ـەكە لە زگی بدرێ و برینداری بكات، گەر برسی بێت زگی دەنیشێت و برینگەكە لێی نادات» .
ئیسماعیل باسی ئەوەشی كرد كە دایكی و هاوسەرەكەی خوریی مەڕەكان خاوێن دەكەنەوە و دەیشۆن و دواتر خۆی دەیفرۆشێ، ئەوەشی خستەڕوو كە زۆربەی خورییەكان بۆ ئێران دەبرێت و لەوێ دەیكەنە پشتی و هەندێكیشی تەنانەت بۆ جلوبەرگ بەكار دەهێنن.
هەر لە درێژەی ئەو سەفەرەدا چاومان بە شوانێك كەوت، گۆچانێكی گەورەی بەدەستەوە بوو، ناوی(ئەحمەد حەمەد عەبدوڵڵا) لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە بەچەند كاری شوانی دەكەی؟ گوتی: «جا چەندەت بێت، هەر ئەوەندەیە كه خاوەن مەڕان دەیدات». دواتر باسی ئەوەی كرد كە ههموو ڕۆژێك ئەو مەڕوماڵاتە دەباتە لەوەڕگەكان و ئێواران دەیانهێنێتهوە.
گەرچی شوان و شمشاڵ لە كۆنەوە نێوانیان خۆش بووە، بەڵام ئەو شوانە جەختی لەوە كردەوە كە نازانێت شمشاڵ بژەنێ، گوتیشی: «من بەس جگەرە دەخۆم و رادیۆ و مۆبایلم پێیە». باسی ئەوەشی كرد كە زۆر جار مەڕی شوانی دیكەی دۆزیوەتەوە، هەواڵی پێداون و دواتر بردوویانەتەوە. ئەو شوانە ئەزموونێكی زۆری لەكارەكەی هەبوو، بە ئاسانی دەیزانی چ كاتێك مەڕەكان تینوویان دەبێت، هەر لەو بارەیەوە گوتی: «كاتێ گەرما داهات و مهڕەكان مۆڵیان خوارد لەبن دارەكان و خۆیان گردۆكە كرد، ئەوە دەزانم كە تینوویانە، مەڕەكە سەری لەبەر دەنێت، ئەوە تینوویەتی». جەختی لەوەش كردەوە كە مەڕەكان دەنگی شوانەكەیان دەناسنەوە .
هەر لە دەڤەری پشدەر و لە درێژەی ئەو سەردانە مەیدانییەدا لە نزیك چەند ڕەشماڵێك، خێزانێكی كۆچەری دیكەمان بینی، زۆر بە گەرمی پێشوازییان كردین، ئافرەتی گەورەی خێزانە باسی ئەوەی كرد كە ئەوە نزیكەی بیستوویەك ساڵە هاوسەرگیری كردووە و هەشت منداڵی هەیە، كە دوو كوڕ و شەش كچن. سەبارەت بە كاری مەڕداری خۆیان گوتی: «لەوەتی پشدەر ئاوەدان بوویتەوە ئێمە خەریكی مەڕدارین، ژیانیش لەوە ناخۆشتر نابێت، ئاو زۆر كەمە و لەوەڕەگەش وەك پێویست نییە، زۆر جار دەبێت حەیوان بفرۆشین بیدەین بە كا و جۆ، بۆ لەوەڕی مەڕان شوێنیان بەكرێ دەگرین، هیچمان بۆ نامێنێتەوە».
باسی ئەوەشی كرد كە «زۆر جار گورگان بە شەو پەلاماری مەڕان دەدەن، بەڵام كلاشینكۆف و تاپڕمان هەیە و دووریان دهخەینەوە».
سەبارەت بە كاری ڕۆژانەشیان گوتی: «ئافرەتان لە گوند و چیای هەموو هاوكارییهكی پیاوانی خۆیان دەكەن، كە مەڕ هاتەوە، دهیدۆشن، شوێنیان خاوێن دەكەنەوە، نان دەكەین، شیو دەكەین، نانی لەئاوی وەردەدەین، ماست و پەنیری دەكەین و تەنانەت شیناییش دەكەین».
گوتیشی: «ماست و پەنیری زیادە دەفرۆشین و دەیدەنە خزم و ناسیاوان و دەشیكەینە خێر و بە خەڵكی فەقیری دەدەین، گوناحمان دەگاتێ ئەگەر خێر نەكەین، واتە چمان پینابێت، چونكە كەمی دەفرۆشین» .
حاجی عەوڵا، سەرپەرشتی خێزانەكەیە وەك باسیكرد لە ساڵانی پەنجاكان لەدایكبووە، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو مەڕدارییە لە باپیرە گەورەی بۆی ماوەتەوە و تا ئێستا لێی بەردەوامە. بەڵام ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە «مەڕداری كاسبیەكەی زۆر سەخت و ناخۆشە». گوتیشی: «ئەو مەڕدارییە هیچ خێری نەمایە، چونكە دەبێ لەوەڕگە بە نرخی گران بەكرێ بگرین، حەقدەستی شوان ملیۆنێك دینارە، شەوانیش وەكو حەرەسێك لە دیار مەڕەكانین، دەبێ نەنووین لەبەر ئەوەی گورگ دێت، ماندووبوونی گەلەك زۆرە».
گوتیشی: «راستە لە گوندان حكومەت خزمەتی ئیمەی كردووە، بەڵام ئێمە زۆر زیاتر خزمەتی پیشمەرگەمان كردووە، بۆیە پێویستە حكومەت زەویمان بداتێ، ئاسانكاریمان بۆ بكات، بۆ ئەوەی كشتوكاڵ باش بكەین، ئەوە باشترە لەو مەڕدارییە كە جگە لە ماندووبوونی زۆر، چ خێرێكی نەمایە».
حاجی عەوڵا لە درێژەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە «ئێستا ژنخوازی گەورە بە بچووك نەماوە، خۆم گوێم لێبوو مەلا دەیگوت ئەگەر كیژت بە منداڵی مارەكرد، ئەوە وەك ئەوەیە كە زیندەبەچاڵی بكەیت، بۆیە ئێستا مارەبڕێنی سەر لانكە و گەورە بە بچووك نەماوە».
ئەوەشی خستەڕوو كە «لە كاتی كۆچەری كەمتر هاوسەرگیری دەكرێ و ئەوەشی بووكی بهێنێ، خێوەتێكی بە جیا بۆ هەڵدەدات، وهك جاران نهماوه هەمووی لەبن خێوەتێك بژین».
ئەو مەڕدارە لە كۆتای قسەكانیدا باسی ئەوەی كرد كە هەندێك لە مەڕداران هەنگیش ڕادەگرن، گوتیشی: «زۆر جار مەڕداران لەقەندیل، سینگینە، پشت كانی جەنگێ و بوارێ و زۆر شوێنی دی هەنگی دادەنێن و دواتر دەیبڕنەوە و هەنگوینەكەی دەفرۆشنەوە.
زۆر سوپاسی لێژنەی ناوچەی رانییە و قەڵادزێ دەكەین كە هاوكارییان كردین.