دروستكردنی سەنتەری جوانكاری وچارەسەری دەروونیی ئافرەتانی سووتاو لە مەینەتییەكانیان ڕزگار دەكات

دروستكردنی سەنتەری جوانكاری وچارەسەری دەروونیی ئافرەتانی سووتاو لە مەینەتییەكانیان ڕزگار دەكات
گەرچی خۆسووتاندن و سووتاندنی ئافرەتان و هەموو توندوتیژییەك دەچێتە خانەی تاوان و ئەو تاوانكارییانەش ژمارەیان كەم نییە، بەڵام پێویستە قوربانییانی ئەو كردەوانە هیوایان بۆ بگەڕێتەوە و جارێكی دی بتوانن بە ئاسانی تێكەڵ بە كۆمەڵگە ببنەوە، لە ئێستاشدا ئافرەتان بەهۆی (خۆسووتاندن و سووتاندنیان) ژمارەیەكی زۆریان ڕواڵەت و ڕووخساریان تووشی شێواوی بووە، ئەوەش وایكردووە زیاتر لەكۆمەڵگە بتۆرین، بۆیە پێشنیار دەكرێ بۆ دروستكردنی سەنتەری جوانكاری و چارەسەری دەروونی ئافرەتانی سووتاو كاری بەپەلە بكرێ، بۆ ئەوەی لە مەینەتییەكانیان ڕزگاریان بێت و جارێكی دی دەرفەتی ژیانی ئاساییان پێبدرێتەوە. كۆمەڵناسێكیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە ژمارەیەكی زۆری حاڵەتەكانی توندوتیژی بە هۆكاری جیاجیا تۆمار نەكراون، هەموو ئەو قوربانییانەش بەشێكی زۆریان لەژیان ماون و پێویستییان بە چارەسەری جوانكاری و دەروونی هەیه، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە وەك مرۆڤی ئاسایی تێكەڵ بە كۆمەڵگە ببنەوه، ئەوەش وەك یەكەم لایەنی بەرپرسیار دەخاتە ئەستۆی حكومەت و داوادەكات دەسەڵاتی جێبەجێكار لەو بوارەدا پڕۆژەی تایبەتی هەبێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی


دەبێت رێكخراوەكانی ئافرەتان ئەو فشارە لەسەر حكومەت دروست بكەن
پەرلەمانتار ئامینە زیكری دوو خولە ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، وەك خۆی باسیكرد، كاتێك لە سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بووە، یەكێك لەپێشنیارەكانی بۆ حكومەت، كردنەوەی سەنتەرێكی جوانكاری و دەروونی بۆ ئەو ئافرەتانە بووە، كە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و بەهۆی لێدان و ئەشكەنجە و خۆسووتانەوە، پێویستیان بە چارەسەر دەبێت، گوتیشی: «من بەشبەحاڵی خۆم بە پڕۆژەیەكی باش و پێویستی دەزانم كە حكومەت سەنتەری جوانكاری و دەروونی بۆ ئافرەتانی لێقەوماو دروست بكات، بەڵام دەبێت رێكخراوەكانی ئافرەتان ئەو فشارە لەسەر حكومەت دروست بكەن تاوەكو حكومەت ئەو پڕۆژەیە بنێرێتە پەرلەمان، دڵنیام هەركاتێك ئەو پڕۆژەیە بێتە پەرلەمان ئافرەتانی تێكڕای فراكسیۆنەكان ئیشی تێدا دەكەن بۆ ئەوەی بە زووترین كات پەسەند بكرێت، بەداخەوە لەخولی ڕابردووی پەرلەمان هیچ فراكسیۆن و لیژنەیەك ئەو باسەیان نەخستە خشتەی گفتوگۆكانی پەرلەمان، هۆكاری بەگەڕنەخستنی ئەو پڕۆژەیەش بۆ سەرقاڵی و زۆری پڕۆژەكان دەگەڕێنمەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا بوونی ئەو سەنتەرە زۆر زەروورە».
ئاسەواری سووتان پێویستی بە كۆمەڵێك نەشتەرگەریی جوانكاری هەیە
فلامینا وەحید بەرپرسی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەئافرەتان/ منارە، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەگوێرەی كاری رۆژانەم زۆر جار بینیومانە كە ئافرەتان بەشێوەیەكی گشتی كە توندوتیژییان دەرهەق دەكرێت، زیاتر ڕووبەڕووی زەڕبەی دەرەكی و شكستی جەستە و بەتایبەت دەموچاویان دەبنەوە، هەندێك حاڵەت هەبووە، ئافرەتەكە گوێچكەی كەڕ بووە، یان بەهۆی لێدان لووتی شكاوە و هەستی بۆنكردنی لەدەست داوە، ئەوە وێڕای زیانگەیاندن بەچاوەكان و شكانی دەست و قاچ، ئاسەواری سووتانیش هەر باس ناكرێت و چارەسەری بەئاسانی ناكرێت، كە ڕەنگە پێویستی بە كۆمەڵێك نەشتەرگەریی جوانكاری هەبێت، دیارە ئافرەتانی ئێمەش دەخلی ماددییان كەمە و ناتوانن ئەو نەشتەرگەرییانە لەسەر ئەركی خۆیان ئەنجام بدەن، بۆیە كردنەوەی ئەو سەنتەرە لەلایەن حكومەتەوە باشترین هاوكارییە بۆ ئەو ئافرەتانە و شانبەشانی چارەسەر دەروونی و ئارامكردنەوەیان لەمەڕ بارودۆخەكە كارێكی زۆر پێویست و ڕەوایە، لەوەش گرینگتر ئەوەیە كە بە هەموو لایەكەوە بە ڕێكخراوەكانی حكوومی و ناحكوومی و میدیاكانەوە هەوڵی ئەوە بدەین كە هۆكارەكانی توندوتیژی بنبڕ بكەین».
تەنیا كردنەوەی سەنتەر چارەسەر نییە
ئەمەل جەلال ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، سەرتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لەداڕشتنی بەرنامە و بەرجەستەكردنی پڕۆژەی پێویست بۆ رەوشی مافی مرۆڤ و داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژیەت بۆ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بەرپرسە، هەروەها بەرپرسیارە لە بەدواداچوون و هاوكاریكردنی دامەزراوەكان و بەدواداچوون بۆ پڕۆژەكان و چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی كە هەیە، گوتیشی: «گرفتی ئەو ئافرەتانەی كە لەڕێی توندوتیژییەوە باری دەروونی و رواڵەت و رووخساریان تێكدەچێت، تەنیا بە كردنەوەی سەنتەر چارەسەر ناكرێت، بەقەدەر ئەوەی كە دامەزراوەكانی هەرێم بەڕێوەبەرایەتی بەگژداچوونەوەی توندوتیژی بە نموونە هەروەها ئەو شەڵتەرانەی كە داڵدەی ئافرەتانی هەڕەشەلێكراو دەدەن، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری كۆمەڵایەتی، وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی ناوخۆ بە هاوكاری ئەنجومەنی خانمان، گرینگە پێداویستییەكانی چارەسەری ئەو تێچوونە ماددییانەی جوانكاری ئافرەتانی سووتاو فەراهەم بكەین، چونكە لەكوردستاندا بەدەیان سەنتەری جوانكاری هەیە، بەڵام نرخەكانیان خەیاڵییە و هیچ لێقەوماوێك ناتوانێ لەوێ چارەسەری خۆی بكات. بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی لەپێناو چارەسەركردنی لە ڕووی دەروونی، دارایی و یاسایی هاوكاری كەیسی لەم شێوەیە بكەن، ڕەنگە هەموو ئافرەتێك نەگەنە ئەو سەنتەرە، بەڵام ئەگەر ئەمە ببێتە بەشێك لە ئەركە سەرەكییەكانی دامەزراوەكان ئەوە كارئاسانی زۆر بۆ ئەو ئافرەتانە دەكات، كە پێویستییان بە چارەسەری جوانكاری هەیە».
ئەمەل ئەوەشی دووپات كردەوە كە «ئەو ئافرەتانە بوونەتە قوربانی توندوتیژی بەردەوام لەژێر باری دەروونی ناهەموار گوزەر دەكەن و بە ئاسانی ناتوانن جارێكی دی تێكەڵی كۆمەڵگە ببنەوە، بۆیە دەبێت حكومەت ئەو دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێت و هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ بكات».
ئەو ئافرەتانەی كە توندوتیژییان دەرهەق دەكرێ، پەنا بۆ ڕێكاری ناتەندروست دەبەن
گوڵاڵە پشدەری چالاكی مەدەنی و سەرۆكی ڕێكخراوی پەنا بۆ چارەسەری شێرپەنجەی مەمك، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە كاریگەرییە نەرێنییەكانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە چەند خاڵێكدا كۆدەكرێتەوە، لەوانە: كاریگەری جەستەیی لە كاتی لێدانی ئافرەت، كە شكانی ئێسك و دروستبوونی پەڵە و ئاوسان و گۆڕانی رەنگی پێستی لێدەكەوێتەوە، لە رووی دەروونیشەوە ئەو ئافرەتانەی كە توندوتیژییان دەرهەق دەكرێ، پەنا بۆ ڕێكاری ناتەندروست دەبەن، كە جگەرەكێشان دەتوانین بە نموونە وەربگرین، هەروەها دوور نییە پەنا بۆ كاری مەترسیدارتر ببەن، وەك خۆكوشتن لە ڕێگەی خۆسووتاندن و ڕێگەكانی دیكەوە، هەر كاتێكیش نەگەیشتن بە چارەسازێك، ئەوا تووشی نەخۆشیی خەمۆكی دەبن، وێڕای روودانی گۆڕانكاری لە هەست و رەفتاریاندا، وەك كەسێكی ترسنۆك و بێ ئیرادە كە توانای بڕیاردانیشی نامێنێ، سەرەڕای هەستكردنی بە زەلیلی و ژێردەستەیی پیاو، شانبەشانی یاخی بوون و رق و تۆڵەسەندنەوە، رەفتارێكی زۆر لەوانە مەترسیدارتری لێدەكەوێتەوە كە هەڕەشە لە نەوەی داهاتوومان دەكات و دەبێتە هۆكارێك بۆ گواستنەوەی رەفتاری توندوتیژی بۆ نەوەی نوێ، بۆ نموونە: ژن بۆ خۆخاڵی كردنەوە لە ڕق، لە منداڵەكەی دەدات، یان ئەو قسەی نەشیاوەی كە مێردەكەی پێی گوتووە، ئەو بە منداڵەكەی دەڵێتەوە، واتا رقی خۆی بە منداڵەكەی دەڕژێنێ، كە ئەوەش وادەكات، منداڵەكەش كاتێك گەورە دەبێت، رەفتاری توندوتیژی هەبێت.
پشدەری لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا دەڵێت: «كاتێ ئافرەت بەهۆی توندوتیژییەوە ڕوخسار و جەستەی عەیبدار دەبێ، خۆی لە چاوی خزم و ناسیاو و دەوروبەرەكەی دەشارێتەوە وێڕای خۆدوورخستنەوە لە كار و پیشەكەی، ئەوەش زیانی ماددی بە دوادا دێت، خۆ ئەگەر ژنی ماڵەوەش بێت، هەر كاریگەری دەبێ كاتێك توانا و تاقەتی خزمەتكردنی ماڵ و منداڵی نابێت، كاتێك ناتوانێ نان و خواردنێكی گەرم بۆ منداڵەكانی ئامادە بكات، دیسان زیانی زۆری بۆ خێزانەكەی دەبێت، سەرەنجامی توندوتیژی دابڕان و لێكترازانی خێزان و زیادبوونی رێژەی جیابوونەوەیە كە هەر هەموویان زۆریان بۆ شیرازەی خێزانی و كۆمەڵگەش هەیە».
پێشگری زۆر لە چارەسەر باشترە
چالاكی مافی مرۆڤ ڕێزان سابیر لە دەستپێكی قسەكانیدا بۆ گۆڤاری گوڵان، باسی ئەوە دەكات كە «پێشگری زۆر لە چارەسەر باشترەو پێویستە پێش ئەوەی بیر لەوە بكرێتەوە كە چۆن جوانكاری بۆ سووتاوێك بكەین، ڕێگری لە سووتانەكەی بكەین»، گوتیشی: «قوربانیانی توندوتیژی كەم نین و زیاتر لە چینی هەژاریشن كە پەنایان بۆ خۆسووتاندن بردووە، یان بە سیناریۆیەك سووتێندراون، بۆیە ئەوان شایانی هاوكارین و پێویستە حكومەت ئەوە بكاتە خەمی خۆی و بە كردنەوەی سەنتەری جوانكاری بێ بەرامبەر جوانییەكەیان بۆ بگەڕێنێتەوە«.
ساڵی ڕابردوو توندوتیژییەكان زیاتر لە ٥٠٠٠ حاڵەت بووە
توێژەری كۆمەڵایەتی ئالان لەشكری كە لە بواری مافەكانی ئافرەتان لە میدیاكانیش كاری بەرچاوی كردووە، باسی ئەوە دەكات كە ئاماری ساڵی ڕابردووی توندوتیژییەكان زیاتر لە ٥٠٠٠ حاڵەت بووە، گوتیشی: «ئەوە تەنیا ئاماری تۆمار كراوە، ژمارەیەكی زۆری حاڵەتەكانی توندوتیژی بە هۆكاری جیاجیا تۆمار نەكراون، هەموو ئەو قوربانییانەش بەشێكی زۆریان لە ژیان ماون و پێویستییان بە چارەسەری جوانكاری و دەروونی هەیە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە وەك مرۆڤی ئاسایی تێكەڵ بە بە كۆمەڵگە ببنەوه، ئەوەش وەك یەكەم لایەنی بەرپرسیار دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت و دەبێت لەو بوارەدا پڕۆژەی تایبەتی هەبێت».
Top