گرنگه‌ رێژه‌ی به‌شداریی ئافره‌تان له‌ كابینه‌ی نوێ به‌رز بێت

گرنگه‌ رێژه‌ی به‌شداریی ئافره‌تان له‌ كابینه‌ی نوێ به‌رز بێت
به‌شداریی زیاتری خانمان
سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تدارى و ئابوورى به‌هێز ده‌كات

یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌‌تی په‌رله‌مانان له‌ ‌ساڵی2000 ڕاپرسییه‌كی ‌له‌باره‌رى 187 خانمی سیاستمه‌دار له ‌65 ده‌وڵه‌تدا كرد و 80%ی به‌شداربووانی ئه‌و ڕاپرسییه‌ ڕايانوابوو كه‌ زیادكردنی نوێنه‌رایه‌تی ئافره‌ت و به‌شداريكردنيان له‌ سياسه‌ت، حكومه‌تی نوێ ده‌كاته‌وه‌ و‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنى له‌سه‌ر خۆشگوزه‌رانی و به‌هێزبوونى ئابووريی وڵات ده‌بێت. زۆربه‌ى وڵاتانى پێشكه‌وتووى جيهانيش بەشداریكردنی ئافرەتان له‌ سياسه‌ت و حوكمڕانى به‌ یەكێك لە پێوەرەكانی پێشكەوتنی ئابووری و خۆشگوزه‌رانیی وڵاته‌كه‌يان هه‌ژمار ده‌كه‌ن، له‌و بواره‌شددا ئه‌زموونى زۆرى تاقيكراوه‌يان هه‌يه‌، به‌ڵام ئايا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌م هاوكێشه‌يه‌ تاقيكراوه‌ته‌وه؟‌ ئايا ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕان و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان پشتیان بەتواناكانی خانمان به‌ستووه و له‌ ناوه‌نده‌كانى بڕياردان جێگه‌يان بۆ كردوو‌نه‌ته‌وه‌؟ خودى خانمان له‌و بواره‌دا چ هه‌نگاوێكيان هه‌ڵگرتووه‌ و كۆسپه‌كانى به‌رده‌ميان چين؟ به‌شداربووانى ئه‌م ڕاپۆرته‌ى گۆڤارى گوڵان وه‌ڵامى ئه‌و پرسيارانه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

خانمان زياتر لە گرفتەكانی ئابووری تێدەگه‌ن
ئابووریناس كاروان جەلال، بەشداریكردنی ئافرەتان له‌ سياسه‌ت و حوكمڕانى وڵاتدا به‌ هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى بۆ پێشكەوتنی ئابووری و خۆشگوزه‌رانى هه‌ژمار ده‌كات و ده‌ڵێـت: «زۆر له‌ وڵاتانى جیهان توانیویانە بە بەشداری پێكردنی ئافرەتان لە پۆستە جیاوازەكاندا لە ڕووی ئابوورییەوە هەنگاوی باش بنێن و سەركەوتووبن، بەتایبەتی بەشێكی زۆر لەو وڵاتانە پشتیان بە تواناكانی ئافرەتان بەست، بۆ ئەوەی لایەنی ئابووری فراژوو بكەنەوە».
ئەو ئابووریناسە ڕايوايه‌ خانمان زياتر لە گرفتەكانی ئابووری تێدەگه‌ن، چونكە ئافره‌ت لە ڕووی پێكهاتەییەوە سەرپەرشتیاری ئابووری خێزانەو ئابووریی خێزان رێكدەخات لەبەر ئەوە زیاتر دەتوانێـت لەكێشەكان تێبگات، گوتيشى: «بەدرێژایی ساڵانی هەشتاكانی سه‌ده‌ى رابردوو لە زۆر وڵاتی جیهاندا كار بۆ ئەوە كراوە كە ئافرەت لەو پۆستانە كاربكات كه ‌دەبێـتە هۆی پێشكەوتنی كەرتەكانی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان، لەبەر ئەوەی ئافرەتان زیاتر لەكێشەكان تێدەگەن و دەزانن كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانە بكەن، بەتایبەتی له‌ ئەمڕۆدا كه‌ جیهان ڕووبەڕووی قەیرانێكی نامۆی ئابووری بووه‌ته‌وه‌ و ئافره‌تانيش ده‌توانن به‌شێكى زۆرى ئه‌و بۆشاييه‌ ئابوورييانه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌‌».
كاروان جەلال جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئافرەتان كاتێك دەتوانن برەو بەتوانا ئابووری و داراییەكانی وڵات بده‌ن، كه‌ پۆستەكانیان لە هاووڵاتیانەوە نزیك بێت و لەڕێگەی ئەو پۆستەی كە بەڕێوەی دەبه‌ن گرنگی بە پێشخستنی توانا مرۆییەكان بده‌ن، بەتایبەتی ئەگەر پۆستەكەيان ناوەندی بێت، زیاتر له‌ خه‌ڵك نزيك ده‌بن و دەتوانن زياتر خزمه‌ت بكه‌ن. هه‌روه‌ها بەشداریی ئافرەتان لەپرۆسەی سیاسی پەیوەستە بەوەی كە تاچەند دەتوانێت لەپۆستەدا ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەبێت. هه‌روه‌ها دەڵێت: «لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین ئافرەت لەپۆستە باڵاكانی هەردوو لایەنی ئیداری و حزبی به‌شدارن، بەڵام گرنگ ئه‌وه‌يە ڕۆڵێكی كارايان هه‌بێت، بۆ نموونە ئەگەر تەماشا بكەین ده‌بينين بەشداریی ئافرەتان لە پۆستە باڵاكانی ئیداری و حزبیدا لە هەرێمی كوردستان ڕەنگە دوو سێ هێندەی بەشداریی ئافرەتان بێت لە وڵاتێكی وەك جەزائیر، به‌ڵام لەڕووی پراكتكییەوە ئەو رێژەی كەمەی ئافرەتانى جەزائیر لەپۆستەكاندا توانیویانە زۆرترین ڕۆڵ ببینن.
گرنگه‌ له‌ كابینه‌ی داهاتوو
وەزارەتێكی تایبەت بە خانمانى هەبێت
كۆمەڵناس شادان ئەمین ڕايوايه‌ «هەتا ئەمڕۆ ئافرەت لەڕووی كۆمەڵایەتیيەوە نەیتوانیوە دیوار و كۆت و بەندەكان ببڕێت، بۆيه‌ كه‌متر هه‌وڵى سەربەخۆبوونی پێگەى كۆمەڵایەتی و ئابوورى خۆى داوە، گوناهەكەشی بۆ ئافرەتان ناگەڕێتەوە، بەڵكوو ئه‌وه‌ ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى حكومەت كه‌ پلانى توكمه‌ى له‌و بواره‌دا هه‌بێت». گوتيشى: «زۆر بەداخەوە حكومه‌ت له‌و بواره‌دا كه‌مته‌رخه‌مى زۆرى كردووه‌، بۆ نموونه‌ ده‌توانين باسى ئه‌وه‌ بكه‌ين كه‌ كەمترین ڕێژەی ئافرەتان سوودیان لە پڕۆژه‌ى قه‌رزى بچووك بینوه‌، ئەمەش نیشانەی نەبوونی پڕۆگرامێكی تۆكمەيه‌».
شادان پێشنيار ده‌كات: كابینه‌ی داهاتوو وەزارەتێكی تایبەت بە خانمانى هەبێت و دەڵێت: «بە بڕوای من سەركەوتوويی كارنامەی حكومەت لەوەدایە كە وەزارەتێكى تايبه‌تى بۆ سەرپەرشتی و چاودێری ئەو پڕۆژانە هەبێت كە تایبەتن بەئافرەتان، چونكه‌ لەكابینەی پێنجەمدا وەزارەتی تایبەت بە ژنان هەبوو، ئەم وەزارەتە توانی زۆر شتی گرنگ بكات و چاودێری زۆربەی ئەو شتانە بكات كە تایبەتن بە ئافرەتان، بۆيه‌ هیوادارم ئافرەتان لە كابینەی هه‌شته‌مى حكومه‌تدا پێداگری لەسەر دووبارە دروستكردنەوەی ئەم وەزارەتە بكەن».
ئه‌و كۆمەڵناسه‌ له‌ درێژه‌ى قسه‌كانيدا باسى ئه‌وه‌ى كرد كه‌ نابێت تەنیا له‌به‌ر ڕاگرتنی باڵانسی ره‌گه‌زی له‌ كابينه‌ى نوێى حكومه‌تدا ڕێژەیەكی زۆرى پۆسته‌كان بە ئافرەت بدرێت و پێويسته‌ پێوه‌ره‌كه‌ توانا و پسپۆڕى بێت، واته‌ زۆر گرنگە كۆمەڵێك پڕەنسیپ هەبێت بۆ ئەوەی ئافرەتی بەتوانا دەستنیشان بكرێ و دواتر پۆستى پێبدرێ، ئه‌وه‌ش ڕوويێكی جوانی ئافرەت پیشانی كۆمەڵگە ده‌دات.
بەشداریی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی
زه‌رووره‌تێكى هه‌ميشه‌ييه
مه‌یادە محه‌ممه‌د ئه‌لنه‌جاڕ چالاكوانی بواری ئافرەتان و پسپۆڕی یاسا، سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان پرس هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ بەشداریی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی زه‌رووره‌تێكى هه‌ميشه‌ييه‌ و پێویستيشی بە كۆمەڵێك پڕەنسیپ هەیە، گوتيشى: «لە زۆربه‌ى فەرهەنگە زانستی و كەلتوورییەكان گوێمان لەو دەستەواژە بووه‌ كە ئافرەت نیوەی كۆمەڵگه‌یە، به‌ڵام لە كۆمەڵگە نه‌ريتسالار و نێرسالار هەمیشە ئافرەتان مافيان پێشێل كراوه‌ و قسەی سەرەتا و كۆتایی هەر بۆ پیاوان بووە بۆيه‌ ده‌بينين لە زۆربەی كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیيەكاندا ئافرەتان لە پۆستە باڵاكان پەڕاوێز خراون، ئەم پەراوێزخستنەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە كه‌ بە بڕوای ئێمە پێويسته‌ زۆر به‌ جددى كاری لەسەر بكرێت، چونكه‌ ئافرەت ته‌نيا چێشتلێنەرێكی چاك و بەرگدروويه‌كى دەستڕەنگین و هاوسه‌ر و دايكێكى دڵسۆز نييه‌، ئه‌و تێڕوانينه‌ وايكردووه‌ ‌ژمارەی ئەو ئافرەتانەی پلە و پۆستی باڵایان لە حكومه‌تدا هەیە، ناگاتە ژمارەی پەنجەكانی هەردوو دەست، بەڕاستی ئەمە كارەساتە، چونكه‌ سەرەڕای زیادبوونی بەردەوامی ڕێژەی خوێندەواری بە هەر دوو ڕەگەزەوە، كەچی پیاوه‌ خاوەن بڕوانامەكان دەبنە سیاسەتمەدارێكی بەناوبانگ و ئەندامی سەركردایەتیی حزب و زۆربه‌ى پلە و پۆستی گرنگ و باڵاى حزبى و حكوومى قۆرخده‌كه‌ن، بەڵام ئافرەتە خاوەن بڕوانامەكان و پسپۆڕه‌كانيش رێژەیەكی زۆریان دەبنه‌ دەستڕەنگین و ئافرەتی ماڵ و فەرمانبەرێكی سادە، ئەوانەی زۆر چالاكن دەبنە چالاكوانی كۆمەڵگه‌ی مەدەنی، هەر ئەمەشە وايكردووه‌ كەمترین رێژەی ئافرەتی سیاسەتمەدارمان هەبێت و به‌ ده‌گمه‌ن ئافره‌تێك ده‌گاته‌ پۆستە باڵاكان».
له‌ هه‌رێمى كوردستان
گۆڕانكاریى ئه‌رێنى ده‌بینرێت
شادیە عەبدولوەهاب چالاكی مەدەنييه‌و ئه‌ويش سه‌ره‌تا په‌راوێزخستنى ئافره‌تان له‌ گه‌يشتن به‌ پۆسته‌ باڵاكانى حكوومى به‌ «كاره‌سات» هه‌ژمار ده‌كات و هاوكات ده‌ڵێت: «لەم قۆناغەدا زۆر پێویستە كار بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان بكرێت، چونكە پێگەیاندنی ئافرەتى كارامه‌ سەرەكیترین هەنگاوی پێويسته‌ بۆ بەرەوپێشچوونی سیستەمی وڵاتدارى، ئافرەتانيش نابێت لە هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی مافه‌كانى خۆيان كەمتەرخەمى بكه‌ن، به‌داخه‌وه‌ بەشێكی زۆر لە ئافرەتان خۆیان كار بۆ ئەوە ناكەن كە پێبگەن و له‌ ئاستى وه‌رگرتنى پۆستى باڵادا ده‌ركه‌ون».
شاديه‌ ئه‌وه‌ش دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ «له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ندێك گۆڕانكارى ئه‌رێنى كراون و له‌ ئێستادا ئافرەتان چەندین پۆست و پلەيان وه‌رگرتووه‌، كە پێشتر تەنیا لەسەر پیاوان حساب كرابوو، بۆ نموونه‌ له‌ ئێستادا ئەفسەری پله‌ به‌رزى ئافره‌تمان هه‌يه‌، به‌ڵام شەرمنی و نەبوونی كەسایەتیی بەهێز وادەكات ئافرەت نەتوانێت مافەكانی دەستبكەوێت، مافيش هەتا هەوڵی بۆ نەدڕێ، دەست ناكەوێت».
پێويسته‌ سوود لەتواناكانی ئافرەتان وەربگیرێت
له‌ لاى خۆيه‌وه‌ پەرلەمانتار حەیات مەجید، له‌ ده‌ستپێكى قسه‌كانيدا هیواى خواست لە كابینەى نوێى حكومه‌تدا ڕێژەی ئافرەت زیاد بكرێت، گوتيشى: «ئافره‌تى لێهاتوو و به‌توانامان ژماره‌يان كه‌م نييه‌ و پێویستە له‌ به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا به‌شدار بكرێن، ‌دەستنیشانكردنی ئافرەتانيش بۆ پۆستى باڵا پێويسته‌ لەسەر بنەمای چۆنایەتی بێت، نەك چەندایەتی، واته‌ گرنگ توانا و شاره‌زاييه‌ و گومانيش له‌وه‌دا نييه‌ كه‌ ئافره‌تانى پسپۆڕ هيچيان له‌ پياوانى شاره‌زا و پسپۆڕ كه‌متر نييه‌». گوتيشى: «هه‌تا زياتر هەستی بڕوا بەخۆبوون لە ناو ئافرەتان په‌ره‌ بستێنێ، زياتر ده‌توانن له‌ ناوه‌نده‌كانى بڕيارى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تيدا ده‌ركه‌ون، حكومه‌تيش پێويسته‌ سوود لەتواناكانی ئافرەتان وەربگرێت، ئه‌زموونى ئه‌وه‌شمان هه‌يه‌ كه‌ ئافره‌تان له‌ زۆر پۆستى بەڕێوەبەری و بریكاری و ڕاوێژكارى سه‌ركه‌وتوو بوون».
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە گرنگە لەكاتی دەستنیشانكردنی پۆستەكاندا هیچ ناوچەیەك لەبیر نەكرێ، گوتيشى: «پێویستە ئافرەتانی هیچ ناوچەیەك لە پۆستەكان بێبەشنەكرێن، ئەمەش بۆ ناوچەگەری نیيە، به‌ڵكو ڕاگرتنی باڵانسە بۆ خزمه‌تكردن به‌ دۆزى ئافره‌تان له‌ هه‌موو ناوچەكاندا، ئه‌وه‌ش يه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانى پارتی دیموكراتی كوردستانه‌».
Top