ڕه‌گه‌زسالاری له هاوكێشه‌ی (مرۆڤسالاری)دا جێی نابێته‌وه
April 3, 2014
کۆمەڵایەتی
ئەمەل جەلال محەممەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە له هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا هه‌نگاوه‌كان زیاتر به ئاراسته‌ی سیسته‌می مرۆڤسالارین و هه‌ر بزاڤێك له به‌رامبه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌دا شكست ده‌هێنێت، گوتیشی: سه‌رده‌می هۆشیاریی تاك لە كۆمەڵگە وابەستەیە بە فەلسەفەی حوكمڕانی وڵات و ئەو كۆمەڵگەیەی كە دەسەڵاتی حوكمڕانی بەڕێوەی دەبات.
سیستەمێكی پیاوانە له فەلسەفەی حوكمڕانی به یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی پابه‌ندنابێت
ئەمەل ڕایوایه «قبوڵنەكردنی ئافرەت لەلایەن كۆمەڵگەو بەشداری پێنەكردنی لەكایە سیاسییەكاندا مانای ئەوە ناگەیەنێ كە ئافرەت ناهۆشیارە، یاخود لەبەرامبەر مافە‌كانی بێدەنگە، بەڵام سیستەمی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستاندا سیستەمێكی نێرسالاری و نه‌ریتسالارییه و سیستەمێكی پیاوانەش بۆ فەلسەفەی حوكمڕانی به یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی پابه‌ند نابێت، بۆیه پێویسته هه‌وڵی جددی بدرێ بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی هەرێمی كوردستان به‌ره‌و مرۆڤسالاری هه‌نگاو بنێت و ئه‌و سیاسه‌ته‌ش بەرپرسیارە لە هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە «بۆ نه‌هێشتنی جیاوازی ڕه‌گه‌زی».
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان گوتیشی: «ئافرەتانی ئێمه گیرۆدەی سیستەم و یاسایەكن، كه هەتا ئێستا كۆت و بەندی كردوون و لەچوارچێوەی دیوارەكانی ماڵەوە قه‌تیسی كردوون، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا هه‌وڵ و چالاكی جددی هه‌بووه»، نموونه‌شی به‌وه هێناوه كه به هەوڵی ئافرەتانی هۆشیار له هه‌رێمی كوردستان یاسای توندوتیژی دەركرا و یاسای باری كەسی هەموار كرایەوە، ئەگەر پیاوان لەكۆمەڵگەی ئێمەدا هۆشیار بوونایە و بڕوایان به مافی مرۆڤ بووایه، دەبوو ئێستا كۆمەڵگەیەكی زۆر تەندروست و دوور لە توندوتیژیی خێزانی و دوور لەكوشتنی ئافرەتمان هەبووایە.
ئافره‌ت لەگەڵ خۆی و بەرامبەرەكەیدا هه‌رده‌م بوونەوەرێكی نەرم و هێمن بووە
یاساناس هێڤی جۆڵا، سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس ده‌ڵێت: ئافرەت هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە لەگەڵ خۆی و بەرامبەرەكەشیدا بوونەوەرێكی نەرم و هێمن بووە، هەر ئەمەش وایكردووە، كاتێك ئافرەت لە كۆمەڵگەدا ڕۆڵی بینیوه و له دەسەڵاتدا جێگه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه، ئەو كۆمەڵگەیە كەشێكی ئارامتری بە خۆیەوە بینیوه، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌تا ئافره‌ت زیاتر په‌راوێز خراوه، ئارامی و به‌خته‌وه‌ری و ئاسووده‌یی كۆمه‌ڵگه زیاتر كه‌وتۆته مه‌ترسییه‌وه.
ئه‌و یاساناسه هه‌وڵه‌كانی ده‌سته‌به‌ركردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ژنسالاری ڕه‌تده‌كاته‌وەو ده‌ڵێت: «به ڕای من ئافرەت و پیاو تەواوكەری یەكترین، سەقامگیری و بەرزبوونه‌ی ئاستی ئابووری و به‌رجه‌سته‌كردنی شارستانییه‌تی هەر كۆمەڵگەیەك پەیوەستە به هاوبەشی پێكردنی هەر دوو ڕەگەز و هۆشیاری و گۆڕینه‌وه‌ی بیر و بۆچوونی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز چارەسەری فراوانی لێ بەرهەمدێت، به‌ڵام بێ رێكخستن و دوورخستنەوە و وەلانانی لایەنێكیان دەبێتە هۆی لاسەنگ بوونی تای تەرازووی مافه‌كان»، گوتیشی: «بۆ ئەمڕۆی كۆمەڵگەی ئێمە بە تەنیا كاركردن بۆ چەسپاندنی مافی ئافرەت بەس نییە و ناكرێت چوارچێوەی كارەكان تەسك بكرێتەوە و تەنیا پەیوەست بكرێت بە ئافرەته‌وه، بەڵكو دەبێت ئاڕاستە بكرێت بە شێوەیەكی فراوان بۆ چەسپاندنی مافە‌كانی مرۆڤ بەگشتی، چونكە لە كۆتاییدا ئافرەتیش مرۆڤە و جیاكردنەوەی مافە‌كانی لە ڕەگەزی نێر خۆی بۆ خۆی پێشێلكاری مافه‌كانیه‌تی، لە كۆتاییشدا سەرجەم بۆچوونەكان كۆكن لەسەر ئەوەی ئافرەت و پیاو دوو پێكهاتەی سەرەكی كۆمەڵگەن و بوونی یەكسانی و هاوكاری لە نێوانیاندا و رێزگرتن لە مافە‌كانی یەكتر هۆكاری سەرەكییە بۆ بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی تۆكمە و سەركەوتوو».
یاسا و رێساكانی ژیان دەبێ له بنه‌مای مرۆڤسالارییەوە سەرچاوە بگرن
رۆژنامەنووس هۆشمەند چەكوانی، هه‌مان ڕای هه‌یه و ئه‌ویش ده‌ڵێت: «زۆرجار قسەمان لەسەر ئەوە كردووه كە مادام ئێمە مرۆڤین، ئیتر دەبێ ژیانیشمان مرۆڤسالارانە بونیاد بنرێت، تەنانەت یاسا و رێساكانی ژیانیش دەبێ له‌و بنه‌مایه سەرچاوە بگرن، دەنا هەرچییەك بۆ مافه‌كانی لایه‌نێك بكرێت، ئه‌وا لایه‌نی به‌رامبه‌ر بەشخوراو دەبێت».
میدیاكار و توێژەری كۆمەڵایەتی ڕێبین فەتاح، سه‌ره‌تا هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه «چەمكگەلێكی وەك پیاوسالاری و ژنسالاری ناكرێ سادە بكرێنه‌وه، لەبەرئەوەی لەلایەك ئەو پرسانە لە هەر كۆمەڵگه‌یەكدا كۆمەڵێك فۆڕم و پێدراویان هەیە، لەلایەكی دی لە هەر قۆناغێكدا دەشێت پرسەكە فۆڕمێكی دی وەربگرێت. بۆ نموونە ئەگەر قسە لەسەر چەمكێكی وەك پیاوسالاری بكەین، وەك شێوەیەك لە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی كە تیایدا پیاوان دەسەڵاتیان بەسەر ژنانەوە هەیە، ئەو شێوە كۆمەڵایەتییە دەشێت لە هەر قۆناغێكی كۆمەڵایەتیدا فۆرمێكی جیاواز وەربگرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا ئێمە هەڵسوكەوت لەگەڵ یەك مانای دیاریكراودا دەكەین. زۆرێك لە توێژەران لە قسەكردن لەسەر بابەتی پیاوسالاری لەبری قسەكردن لە سەر كرۆكی بابەتەكە، خۆیان بە فۆڕمەكانی پیاوسالارییەوە گرێ دەدەن، بەو شێوەیە ئەوان ناتوانن لە پیاوسالاری تێبگەن، وەك ئەوەی هەیە، بەڵكو بیركردنەوەی خۆیان بە فۆرمێكەوە دەبەستنەوە، كە لەوانەیە ئەو فۆرمە كۆتایی بێت، بەڵام پیاوسالاری لە فۆرمێكی تردا دەتوانێت خۆی دووبارە بكاتەوە. لەڕاستیدا قسەكردن لەسەر پرسی پیاوسالاری و ژنسالاری پتر وابەستەیە بە پێدراوەكانی پیاوان و ژنان بەگوێرەی كه‌لتوورە جیاجیاكانی كۆمەڵگه‌ی مرۆیی، بەو شێوەیە پێدراوەكانیش بەپێی كۆمەڵگه‌كان و قۆناغەكانی گەشەی كۆمەڵگه جیاوازییان هەیە. ئەگەر قسە لەسەر پێدراوەكانی ژنان و پیاوان بكرێت، من پێموایه كێشەكە لە هەندێك پرسی وەك یەكسانی و نەبوونی جیاوازی لە نێوان ژنان و پیاواندا نییە، بەو مانایەی كە بزووتنەوەكانی فێمێنیزمی - ئەگەر ئەو ناوبردنە شیاو بێت - بانگەشەی بۆ دەكەن، ئەوان تا ڕادەیەكی زۆر خۆیان بە فۆڕم دەبەستنەوە، نەك كرۆكی بابەتەكە، ئەوە وادەكات ئەنجامێكی ئەوەندە ئەرێنیمان دەست نەكەوێت، پرسەكە پەیوەندی بە پێدراوەكانی كه‌لتورییەوە نییە و نابێت لەو چوارچێوەیەدا قسەی تێدا بكرێت، بەڵكو كرۆكی بابەتەكە خۆی لە مەسەلەكانی یەكسانی لە ئاستە مرۆییەكەیدا دەبینێتەوە، بە مانای ئەوەی دەبێت وەك مرۆڤ هەڵسوكەوت لەگەڵ تاكەكان بكرێت، لە دەرەوەی جیاوازییەكانی ڕەگەزیی نێرینە و مێینە، چونكە جیاوازییەكانی لانیكەم جەستەیی لە نێوان هەردوو ڕەگەزەكەدا دەشێت جۆرێك لە جیاوازی لە ئاستی پێدراوەكانی كه‌لتووری دروست بكات، بەڵام ئەوە هیچ لە مرۆڤبوونی مێینە كەم ناكاتەوە، هەروەك زیادەیەكیش ناخاتە سەر مرۆڤبوونی نێرینە، ئەوە تێگەیشتنێكی مرۆییانە بۆ ڕەگەزەكان و لەسەرووی جیاوازییەكانی ڕەگەزییەوە دەوەستێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت یەكسانی لە ئاستی تواناكان و پێدراوەكاندا دروست بكەین، بە دڵنیاییەوە شتێكی ئەوتۆمان دەستگیر نابێت، مەبەست لە هەموو ئەوە، ئەوەیە كە دەبێت ژنان و پیاوان لە ئاستێكی مرۆیی‌دا یەكسان بن.
مرۆڤسالاری كرۆكیی به‌خته‌وه‌ری و ئاسووده‌یی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه
دارا محه‌ممه‌د چالاكی مه‌ده‌نییه و ئه‌ویش له ده‌ستپێكی قسه‌كانیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه «هیچ كێشەیەك بێ ماندووبوون و تێكۆشانی بەردەوام چارەسەر ناكرێ و پێویستە بۆ ئاگاداركردنەوەی تاك و كومەڵگە بەرامبەر بە پێگەی ئافرەت هەوڵی بەردەواممان هەبێت، گوتیشی: ویست و ئامانجەكانی ئافره‌تان لە پێكهێنانی بزووتنەوەی ئافره‌تان بە درێژایی خەبات لە قۆناغەكانی یەكەمیدا بریتیبوون لە مافی دەنگدان و مافی یەكسانی لە وەرگرتنی میرات و مافی كاركردن و سەربەخۆیی ئابووری، هەروەها هاوتاكردنی مووچەی ژن و پیاو لەسەر كار، كە دەرفەتی كاریان یەكسان و مووچەشیان یەكسان بێت، به‌ڵام له ئێستادا چه‌سپاندنی سیسته‌می مرۆڤسالاری و نه‌هێشتنی جیاكاری ڕه‌گه‌زی كرۆكی به‌خته‌وه‌ری و ئاسووده‌یی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه، له هه‌ڕیمی كوردستانیش كەسە چالاك و كاراكانی بواری مەدەنی و گروپە یەكسانیخوازەكان لەسەر كێشەكانی ئافره‌تان لێدوانی جددی و چالاكی جۆراوجۆریان هەیە، به‌ڵام پێویسته هێنانەدی مافە‌كانی ئافره‌تان له كلێشه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌رنه‌چێت و به هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌وه له دژی جیاوازیی ڕه‌گه‌زی خه‌بات بكه‌ن».