ژینگه‌ی سیاسیی چالاك بۆ په‌ره‌پیدان و كاراكردنی توانای خانمان
February 20, 2014
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئەركی حكومه‌ته به‌بێ جیاوازی ڕه‌گه‌زی
هەلومەرجی گەشەكردنی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی دابین بكات
«مادام ئافرەت بە نیوەی كۆمەڵ ئەژمار دەكرێت، لە زۆر ڕوانگەوە ئەركی هاوبه‌شی هەیە و پێویسته شانبەشانی ڕەگەزی نێر لە گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا بۆ دامەزراندنی بناغەیەكی پتەو لە هەر قۆناغێكدا بەشدار بێت. بێگومان بەشداری ئافرەت لەم دوو بوارەدا كاریگەری ئەرێنی دەخاتەسەر چۆنیەتی دروستبوون و كەسایەتی نەوەی نوێ، به‌ڵام لە قۆناغی یەكەمدا ئەوە ئافرەت خۆیەتی كە خۆی دروستدەكات و هەگبەی ئەزموون و هۆشیاری زانستی خۆی بەگشتی و له بواری كۆمەڵایەتی و تەندروستی بەتایبەتی سوودمەند دەكات و، ئەزموونە وەرگراوەكهی كارادەكات و هه‌وڵی گواستنەوەی بەسوودی بۆ نەوەی نوێ ده‌دات». ئه‌وه ده‌ستپێكی قسه‌كانی گوڵاڵە پشدەری بوو. ئه‌و پەرستار و چالاكی مەدەنییه و ساڵانێكه له بورای ته‌ندروستی و مافی مرۆڤدا چالاكانه كارده‌كات. جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه «نەوەی نوێ نەمامەكانی گەلن و پڕۆسەی تواناسازی ئەوان بە شێوەیەكی تەندروست لە بناغەوە كە خێزانە دەستپێدەكات، له خێزانیشدا دایك ڕۆڵی سه‌ره‌كی له په‌روه‌رده‌ی منداڵدا هه‌یه، چونكە ته‌نانه‌ت لە باوكیش نزیكترە لە منداڵەكەی، بۆیه زۆر پێویسته حكومه‌ت و سه‌رجه‌م ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بایه‌خی زۆر جددی به پهروەردەی منداڵ و وشیاری خێزانی به‌گشتی و به‌شداری ئافره‌ت به‌تایبه‌تی له جومگه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بده‌ن».
ئه‌و چالاكه‌ی بواری مافی مرۆڤ پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه «ئەركی حكومه‌ت و په‌رله‌مان ئەوەیە به‌بێ جیاوازی ڕه‌گه‌زی هەلومەرجی گەشەكردن دابین بكات، واته هەر لە ساواییەوە چاودێری دایكی دووگیان، كوتان (واكسیناسیۆن)، هۆشیاری چۆنیەتی بەخێوكردنی منداڵ، چاودێری هەبوونی سەرجەم پێداویستییەكانی جەستەیی و دەروونی دایك و منداڵه‌كه‌ی بە شێوەیەكی گشتی بكات و پێداویستی سەرەتاییەكان بۆ دابین بكات». گوتیشی: «ئەگەر سیستەمی پەروەردە و تەندروستی بەوێكڕایی و بە شێوەی دروستی خۆی بەڕێوەبچن، ئەوە بەدڵنیاییه‌وه ڕێژەی كۆچكردنی منداڵانیش دەدابەزێت. ئەم سیستەمانەش جگه له‌وه‌ی بە هاوكاری خودی ئافرەت جێبهجێدەكرێت، پڕۆژه و یاسای تایبه‌تی په‌رله‌مانی و حكوومی پێویسته، چونكە ئەوە سیاسەتە كە یاسا دادەنێت و دەستنیشانی دەكات كە دانیشتووانی ئەم وڵاتە چۆن بژین و ئەرك و مافەكانیان بە چ شێوەیەك بێت. ئەگەر ئافرەت خۆی ڕۆڵی هەبێت لەم پڕۆسەیەدا، بێگومان دەتوانێت بە ئەزموون و زانستی خۆی لە دروستكردنی نەوەیەكی هۆشیار بۆ كۆمەڵگە كارا و بەسوود بێت و داهاتوویەكی بەختەوەر و گەش بۆ خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی مسۆگه‌ر بكات».
حزبەكان بڕوایان به یه‌كسانی نێر و مێ نییه
نووسه‌ر و چالاكی مه‌ده‌نی گۆنا سەعید، ڕای جیاوازی هه‌یه و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه «ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌ڕێگەی حزبەكانهوه دەچنە نێو پەرلەمان و حكومه‌ت لەسەر ڕەوشی پێشكەوتنی ژنان كاریگه‌رییان نابێت، چونكه ئه‌وان هه‌ڵگری به‌رنامه‌ی حزب و نه‌ریتی نێرسالار نین، گوتیشی: «مەسەلەكەش بە بڕوای من هۆی ئەوە نییە كە خۆیان كەسانی باش نەبن، بەڵكو هۆی ئەوەیە كە ژنانی حزبی بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای حزب و سیاسەتێكی دیاریكراو دەچنە په‌رله‌مان و حكومه‌ت، حزبەكانیش بڕوایان به نه‌هێشتنی جیاوازیی ڕه‌گه‌زی نییه، تا به‌رنامه‌ی بۆ دابنێن».
حكومه‌ت و په‌رله‌مان داتا و ئاماری
بۆ ئافره‌تانی گوند و شارۆچكه‌كان نییه
نووسه‌ر و چاودێری سیاسی نەبەز جۆڵا، له ده‌ستپێكی قسه‌كانیدا هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه «لە هه‌رێمی كوردستاندا زۆرینەی ئەو ڕۆڵ و پۆستانەی بە ئافرەت دراون، تەنها رووكەشە و بۆ جوانكارییە»، هه‌روه‌ها ده‌ڵێـت: «لە ناو حزبەكاندا رێژه‌یه‌كی به‌رچاو ئافرەت هه‌یه و ته‌نانه‌ت لە سەركردایەتیش هەن، بەڵام لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی‌دا به‌شداریان له دروستكردنی بڕیاردا پێناكرێت، لە ئاستی وەزارەتەكانیش ئەو پۆستانەی ئافره‌تان هەیانە زیاتر خزمەتگوزارییە و پۆستی سیادییان نییە».
نه‌به‌ز جۆڵا به توندی ڕه‌خنه له‌م دیارده‌یه ده‌گرێت و ده‌ڵێت: «پاڵپشتی گرنگ و جددی بۆ هاتنە پێشەوەی ئافرەتان له كاری سیاسی‌دا نییه، ته‌نانه‌ت ئافرەتان لە هەر پلەو پۆستێكدا بن، زۆر جار لەلایەن پیاوانەوە (تحرش)یان پێدەكرێ، بەڵام بێدەنگ دەبن و بەنهێنی دەیهێڵنەوە، بۆیە تائێستا وەك دیاردەیەك بە روونی دەر نەكەوتووە».
به بڕوای ئه‌و چاودێره «كۆمەڵێك دەزگا هەن، بە ناوی شەڵتەرەكان كه ئەركی ئەم دەزگایانە چارەسەركردنی كێشەی ئافرەتانە، بەڵام لەناو كۆمەڵگەدا وەك دەزگایەكی باش تەماشا ناكرێن، حكومەتیش تاكو ئێستا نەیتوانیوە پیرۆزیی ئه‌ركی ئه‌و دهزگهیانه بخاتەڕوو، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و ئافرەتانەی روو دەكەنە شەڵتەرەكان، مەرج نییە كێشەی شەرەفیان هه‌بێت، بەڵكو زۆر كێشە هەیە كە هەڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پیاو، كه‌چی ئافره‌ته‌كه باجه‌كه‌ی ده‌دات، هەروەها كاركردن لەسەر مافی ئافرەت و وشیاركردنەوەی كۆمەڵگه زیاتر لە شار‌و شارۆچكەكاندا گرنكی پێدەدرێت و نەگەیشتووەتە گوند و شارەدێكان و دەسەڵات ئاگای لە داتاكانی ئەو ناوچانە نییە، گوتیشی: «لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ئافرەت لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە پاڵەپەستۆیەكی زۆری لەسەرە، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی توانای په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروستی منداڵی خۆی وه‌ك نه‌وه‌ی به‌توانای دواڕۆژ نه‌بێت، هەروەها ئافرەتانی پاشماوەی قوربانیانی ئەنفال كارێكی ئەوتۆیان بۆ نەكراوە، ئەوەی كراوە، كاری ماددی بووە، لەڕووی مەعنەوییەوە كار نەكراوە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگە، زۆربەی ئەو كارانەش بە پارە ناكرێت، بەڵكو دەبێت پسپۆری شارەزا كار لەسەر دروستكردنەوەی كەسایەتییان بكات، یان زۆر جار قسەدەكرێت لەسەر هێنانە پێشەوەی لاوان بۆ نێو كایەی سیاسی و دەسەڵات، بەڵام زیاتر گرنگی بەلاوانی ڕەگەزی نێر دەدرێت، وه‌ك بڵێی لاوبوون شموولی ڕه‌گه‌زی مێ ناكات، ئه‌مانه وایكردووه ئافرەتان هەمیشە خزمەت بە ئامانجەكانی ڕەگەزی نێر بكەن و خۆیان په‌راوێز بخه‌ن، هەمیشە لە پشت هەر پیاوێكی سەركەوتوو ئافرەتێكی ئازا و ژیر هەبووە، بەڵام به‌ده‌گمه‌ن لە پشت ئافرەتێكی سەركەوتوو پیاوێك هەبووە» .
میدیاكار و چالاكی مه‌ده‌نی تانیا جەمال، سه‌ره‌تا باسی ئه‌وه ده‌كات كه یەكێك لە پەیوەندییه بەهێز و پیرۆزەكان كە تا ئێستا بایه‌خی خۆی لەدەست نەداوە، په‌یوه‌ندی نێوان دایك و منداڵه، منداڵیش به ره‌چاوكردنی په‌روه‌رده‌ی دروست و زانستی له بناغه‌ی ژیانیه‌وه گه‌شه ده‌كات كه دایك له‌و بواره‌دا ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت، بۆیه به هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز و له هه‌ر پله و پایه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا بن، پێویسته بەشێكی توانا‌و كارەكان بۆ باشتركردنی رەوشی منداڵان تەرخان بكەن، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی به‌توانامان هه‌بێت و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان له دواكه‌وتن رزگاری بێت».
تانیا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه پێویستە گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ كاراكردنی ئافره‌تان هه‌موار بكرێت، تاوه‌كو بتوانێت له گشت جومگه‌كانی ژیان شانبه‌شانی پیاوان هه‌م كار بكات و هه‌م خاوه‌ن بڕیار بێت
نابێت ڕۆڵی سەرۆكی حكومه‌ت و هه‌وڵه‌كانی بۆ
هێنانە پێشەوەی ئافرەتان له‌به‌رچاو نه‌گرین
كارزان نالی بەڕێوبەری قوتابخانەی (بەردەنازی بنەڕەتی تێكەڵاو)ـه لە حاجی ئۆمەران، ئه‌و ڕایوایه «زیادبوونی ڕێژه‌ی ئافرەتان لە نێو دامودەزگه و ڕێكخراوە پیشەییەكان نیشانه‌ی گۆڕانكاری ئه‌رێنی و به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵگه‌یه». نموونه‌ش به‌وه ده‌هێنێته‌وه كه گه‌ر ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان له‌گه‌ڵ ئێستا بەراورد بكه‌ین، ده‌بینین گۆڕانكاری زۆر ڕوویداوه، تا ده ساڵی ڕابردووش ئافرەتان زۆربه‌یان له‌و دیو دیواری ماڵه‌كان و له ناو خانووه‌كاندا خۆیان گیرۆده كردبوو، بگرە سەردانی بازاڕ و كاروباری ڕۆژانەشیان وەك ئافرەتانی ئێستا نه‌بوو، به‌ڵام بەهۆی كرانەوەی كۆمەڵگەی كوردی و تێكەڵبوونی به كەلتووری وڵاتانی خاوه‌ن ئابووری، بەتایبەت ئەوروپا و وڵاتانی ئیقلیمی و گەڕانەوەی كوردانی تاراوگە و هۆكارەكانی میدیا و ڕاگەیاندن بە سەتەلایت و لۆكاڵەوە، دامەزراندن و به‌شداری ئافرەتان لە دەزگاكانی میری و كه‌رتی تایبه‌تیش زۆر زیاتر بووه».
كارزان له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: «ده‌ستنیشانكردنی 30% بۆ ئافره‌تان وەك مەرجێك بۆ پاڵێوراوی لایه‌نه‌كان له هه‌ڵبژاردن هه‌نگاوێكی گه‌وره بوو كه ده‌بێته هۆی ئەوەی ئافرەتان هەم لەڕووی سایكۆلۆژی و هەم لەڕووی پەروەردەیی دووربینیی زیاتریان بۆ ئاسۆی نەوه‌كانی دواڕۆژ هه‌بێت»، ئه‌وه‌شی به «گۆڕانێك و وەرچەرخانێكی مێژوویی لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان» هه‌ژمار كرد، گوتیشی: «پێویسته بیرمان نەچێت گرنكیدانی سەرۆكی حكومه‌ت به پرسی ئافره‌ت و هه‌وڵدانی بۆ هێنانەپێشەوەی ئافرەتان لە كۆمەڵگە نابێت له‌به‌رچاو نه‌گرین».