ئایانا پرێسلی ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانانی بۆستن:بایەخ بە كچان بدەن و گوێ لە خواست و هیواكانیان بگرن

ئایانا پرێسلی ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانانی بۆستن:بایەخ بە كچان بدەن و گوێ لە خواست و هیواكانیان بگرن
كچانی شەكەت و تێكشكاو.. خانمی تێكشكاویان
لێ دەردەچێت

خاتوو ئایانا پرێسلی ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانانی حكومەتی شاری بۆستنی پایتەختی ویلایەتی ماساتشۆتسدی ئەمریكییە،ئەم خانمە رەش پێستە یەكێك بوو لەو خامانەی بۆ پەنێڵی (چۆن خانمان دەبنە سیاسەتمەدار) بانگهێشت كرابوو،كە لە 7ی ئۆكتۆبەری2013 و بە ئامادەبوونی سەدان كەس لە هۆڵی چۆن هانكۆك لە كۆلیژی سمنس لە شاری بۆستن بەڕێوەچوو، پەنێڵەكە تەرخان كرابوو بۆ یادكردنەوەی ئەو وتارە مێژووییەی خاتوو ئەنجیلینا گرمكی،كە لە ساڵی 1838داو لە بەردەم پەرلەمانی ماساتشۆتس وەك نوێنەری 25 هەزار ئافرەتی ئەو ویلایەتە خوێندییەوە و تێیدا داوای كردبوو كە مافی دەنگدان بە ئافرەت بدرێت. ئەمەش دەقی ئەو وتەیەیە كە خاتوو ئایانا پرێسلی لە پەنێڵەكە پێشكەشی كرد.

((ئەمڕۆ لێرەدا هەموومان یادی وتارە مێژووییەكەی (ئەنجیلینا گرمكی)ی خوشكی رابەرمان دەكەینەوە، كاتێ بوێرانە لە ساڵی 1838و لەبەردەم دادگای گشتی وەستا و گوتی:(من وەكو هاووڵاتییەك لەبەردەمتان وەستاوم)، ئێمە كە لێرەدا كۆبووینەتەوە رێز لەو هەڵوێستە مێژووییەی خاتوو ئەنجیلینا گرمكی دەگرین، ئەو بەر لە 175 ساڵ چەندین داواكاری بۆ خانمان بە بڕوا بەخۆبوون و چاو نەترسانە خستەڕوو، ئەوەتا ئەمڕۆ سوپاس بۆ خوا بەری رەنجی ئەو هەڵوێستە دەچنینەوە.
من وەك خانمێكی رەش پێست هەموومانیش وەك ئافرەت بۆ رێزگرتن لە كارو رەفتارەكانی ئەو خانمە لێرەدا كۆبووینەتەوەو دووپاتی دەكەمەوە كە ئەنجیلینا گرمكی بە هەنگاوێك دەستی پێكرد، بەڵام ئەم پرۆسەیە بەو رۆژەوە تاكو ئەمڕۆ هەر بەردەوامە، پرۆسەكەی ئەو خانمە لە دوو ئاستدا دەستی پێكرد، یەكەمیان كە تایبەت بوو بە خۆی كە دواتر بووە ناوبانگێك بۆ خودی ئەنجیلینا گرمكی، چونكە ئەو خانمێكی چالاكوان و فیمینیست،هاوكات دژی كۆیلایەتی بوو، دووەمیشیان لەسەر ئاستی وڵاتمان بوو، چونكە بووە فاكتەرێكی هاندەر بۆ هەنگاوهەڵێنانی بەردەوام لە پرسی ئافرەتدا و بەم شێوەیەی ئێستا بەڕێوەچوو.
لەم یادەدا زۆر گرنگە ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بكەم ئەویش ئەوەیە كە ئەنجیلینا گرمكی بەر لەوەی خانم بووبێت كچ بووە، بۆیە زۆر گرنكە پێش ئەوەی بیر بكەینەوە كە چۆن خانمان دەبنە سیاسەتمەدار بێین و بە تێروتەسەلی قۆناخی ژیانی كچانمان دیراسە بكەین و بە تەواوی شارەزای ئەو قۆناخە راگوزارییە بین كە كچ تێیدا پەروەردە دەبێت و دوا جار دەبێت بە خانم. ئەوانە هەر ئەو كچانەن كە رۆژانە بەرچاوم دەكەون و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەم، ئەوان رێگەیان لێگیراوە و بواری ئەوەیان پێ نادەن پێشكەون و بەهێزبن، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەو جیهانەی ئەو كچانە تێیدا دەژین،بەرامبەرەكانیان وەك مرۆڤ سەیریان ناكەن و مامەڵەشیان لەگەڵدا ناكەن، بۆیە لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە كە زۆر گرنگە گوێ لە كچان بگرن و بە هیواو داخوازییەكانیان ئاشنابن.
چەندین نموونەی زیندوو دەربارەی كچان دەخەمەڕوو: كچێكی تەمەن 18 ساڵان قوتابیی زانكۆیە و پڕ بەدڵ خوازیاری ئەوەیە خۆی بۆ سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت، بەڵام لە باتی ئەوە دەیكەن بە سكرتێرە! كچە قوتابییەكی دیكە كە تەمەنی 17 ساڵانە جورئەت بە خۆی نادات و ناوێرێت لەناو پۆلدا دەست بەرزبكاتەوە! ئەوەتا كچێكی دیكەش كە تەمەنی 15 ساڵانە بە هیچ شێوەیەك چ لە ناو قوتابخانەكەی چ لەناو كۆمەڵگەكەشیدا هەست بە ئارامی و حەوانەوەو دڵنیایی ناكات! یەكێكی دی كە تەمەنی 14 ساڵانە لە یەكەم پەیوەندیی خۆشەویستی تووشی شكست بووە! دوا نموونەش كچێكی 12 ساڵانە ئەوەندە بێ متمانە كراوە، تەنانەت لەخۆی ڕانابینێت وانەی بیركاری یان زانستەكان شرۆڤە بكات.
لە ناو كۆمەڵگەكەماندا كاتێ كچان بەم شێوەیە بە شەكەتی و تێكشكاوی پەروەردە دەبن هەمیشە خانمی تێكشكاویان لێ دەردەچێت، من رۆژانە هەوڵدەدەم و كۆشش دەكەم لە پێناو نەهێشتنی كێشەو گرفتی كچان لە رووی كەمدەرامەتی و توندوتیژی كە فاكتەری دەستپێشخەرن لە زیاتر قووڵكردنەوەی تێكشكانی كچانمان، كێشەی هەرە گەورەش لەوەدایە كە خودی كچان تا ئێستا نازانن تا چەند كاریگەریان هەیەو هێزو پێگەیان چەندە، سەبارەت بەم خاڵە من دەمەوێ ئەوە بڵێم كە لەمەدا چەندین ساڵ شارەزاییم هەیەو توانیم لەبەر چەند هۆكارێك بە تەواوی پارێزگاری لە دەسەڵاتەكانم بكەم،هەر لەم روانگەیشەوە رێگام بۆ خانمانی دیكەش خۆش كرد و یارمەتیم دان تاكو توانای ئەوەیان هەبێت كەی و چۆن بڕیار بدەن و كاروباریان بەڕێوە ببەن،من كاتێ پێگەیشتم و گەیشتمە تەمەنێكی دیارو گونجاو،رابردووی خۆم هێنایەوە بەرچاو، ئەو رۆژە سەختانەم دەهاتەوە یاد كە تا چەند باكگراونێكی نالەبارە سەختم هەبووە،لەبەر ئەوە بڕیارم دا بە هیچ شێوەیەك نەبمەوە بە دیل و بارمتەی سەردەمی رابردووم،هەر بۆیە توانیم بە تەواوی كۆنترۆڵی هەموو هێز و تواناكانم بكەم و ئازاد بم، هەر لەم رووەوە تەكانێكی بەرچاوم بە خۆم دا و خۆم لە پێگەیەكی جێگیر قایم كرد تاكو لەشكرێكی گەورەی كچان و خانمان لە مەینەتی و ئەشكەنجەو چەوسانەوەی هاوشێوە ئازاد بكەم،رەنگە پێتان خۆش بێت ئەوەتان بۆ باس بكەم كە چۆن بووم بە سیاسەتمەدار، بۆیە بەر لە هەموو شتێك باسی دایكم دەكەم كە تا چەند كاریگەریی بۆ سەر رەوتی ژیانم هەبوو و بووە مایەی سرووشم و وەك چالاكوانێك كاری دەكرد،ئەو مرۆڤە بەرزە بە شێوەیەك ژیانی خۆی بۆ من تەرخان كرد تاكو چی دیكە نكوڵی لە دەنگم نەكرێت و مافەكانم پێشێل و زەوت نەكرێن،هەر ئەو لاكردنەوەی دایكم بوو كە دواجار بووە بناغەیەكی بەتین و هانی دام پێداگریی لە سەر كاركردنم لە بواری سیاسەتدا بكەم و لەسەریشی بەردەوام بم، دەمەوێ ئاماژە بە خاڵێكی دیكە بدەم ئەویش مكوڕیی و سووربوونم بوو لەسەر خۆ كاندیدكردنم لە كۆلیژ بۆ پۆستی سەرۆكایەتی،چونكە پاشخان و زەمینەیەكی پتەوی پێش وەختەی سیاسیم هەبوو،ئەوەشتان بۆ باس دەكەم كە خەڵاتێكی نایابم لە كۆنگریسمان جۆزیف پی كەنەدی- دووەم لەگەڵ جۆن كێری- ی سیناتۆری ئەمریكی وەرگرت،من لێرەدا حەزدەكەم پێتان ڕابگەیەنم كە دووجار مێژووم تۆماركردووە، خەڵكی ئەم شارە مەزنە متمانەیان پێ بەخشیم و ئەو شەرەف و بەرپرسیارێتییەیان پێ رەوا بینیم كە نوێنەرایەتییان بكەم، دەتوانم ئاماژە بەو راستییە بدەم،كاتێ (شێرلی چیزم) كە وەك یەكەم خانمی رەش پێست بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار كاندید بكرێت، پرسیاریان لێی كرد،چۆن خەڵكی یادت بكەنەوە؟ لە وەڵامدا گوتی: نامەوێ بەو شێوەیە یاد بكرێمەوە، تەنیا وەك خانمێكی رەش پێست كە بە بوێرییەوە توانی گوزارشت لە ناخی خۆی بكات،بۆیە خوشكانم،ئەمە رووبەڕووبوونەوەی ئێمەیەو ئەركی سەر شانمانە، پێویستە زیاتر جەخت بكەینەوە لەوەی كە هەموو كچانمان هەست بە تواناو بەهێزیی خۆیان بكەن و گوزارشت لە ناخ و دەروونی خۆیان بكەن،چونكە بەم شێوەیەو لەوكاتەدا دەتوانن ببن بە سیاسەتمەدار.
Top