لاوان خوازیارن حكومه‌ت بۆ سه‌رجه‌م ئاریشه‌كانیان پڕۆژه‌ی هه‌بێت
February 6, 2014
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
نەبوونی پڕۆگرامێكی بەهێز قەیرانێكی نامۆی درووست كردووه
توێژەری كۆمەڵایەتی سلێمان ڕەشید، سه‌رەتا باسی ئه‌وه ده‌كات كه پرۆسەی بەكۆمەڵایەتیبوون لە ژیانی تاكدا بەچەند قوناغێكدا دەڕوات، ئەوانیش بریتین لە: خێزان، (وه‌ك یەكەم وێستگەی ژیانی ئادەمیزاد) و دواتر قوتابخانە و پاشان شوێنی كار و پێشە، واتا هەر قۆناغێك كاریگەریی تایبەتی خۆی لەسەر دروستبوونی كەسایەتیی مرۆڤ هەیە، بەجۆرێك ناتوانین بڵێین ئەركی هەر یەكێك لەم قۆناغانە لەوەی دی كەمترە. هاوكات گوتی: یه‌كێك له فاكته گرنگه‌كانی دروستبوونی گه‌نجی به‌رهه‌مهێن پرۆگرامی خوێندنه و كاریگەرییەكی زۆری بۆ گه‌شه‌ی گه‌نج هەیە، به‌ڵام نەبوونی پڕۆگرامێكی بەهێز یەكێكە لەو گرفتانەی كە گەنجی كوردی ڕووبەڕووی قەیرانێكی نامۆ كردۆتەوە.
ده‌بێت لاوان ده‌نگی خۆیان هه‌بێت و
ده‌سه‌ڵاتیش گوێ له‌و ده‌نگه بگرێت
چنوور حەمەحوسێن بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە ئەنجومەنی سلێمانی، سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس دەڵێت: هەنگاوی سەرەكیی ئێمە بۆ پێشكەوتنی گەنجی كورد، ده‌بێت لەو خاڵەوە دەست پێبكات، كه پێویسته كار بۆ ئەوە بكەین گەنجی كورد هەست بەبوونی خۆی بكات و تواناكانی خۆی بناسێت و بزانێ چۆن گه‌شه‌ی بدات. ئه‌وه‌ش وای لێدەكات ئامانجەكانی خۆی بە هۆشیارییەوە دیاری بكات. جەختیشی لەوە كرده‌وه كە پێویستە تێڕوانینی كومەڵگەش بۆ گەنج، بە قەدەر تێگه‌یشتن له پێداویستییەكانی بێت.
چنوور حەمەحوسێن گەنج به فاكتێكی به‌رچاوی بەرەوپێش چوونی كۆمەڵگە ده‌زانێت و ده‌ڵێت: لاوان لەڕووی زانستی و فكرییەوە هه‌وڵی خۆپێگه‌یاندن ده‌ده‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش وه‌ك مەشخەڵی روونكردنەوە، بەگژ تاریكی و نه‌زانیدا ده‌چن و گیانی رەتكردنەوەی دۆخە ناهەمواره‌كانیان به‌هێزه.
ئه‌و كادیره‌ی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە ئەنجومەنی سلێمانی به پێویستی ده‌زانێت لاوان خاوه‌ن ده‌نگی خۆیان بن و لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتیش به جددی گوێ له‌و ده‌نگه بگرێت. گوتیشی: بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەیی لەهزری گەنج و لاوی ئەم وڵاتەدا پیرۆزیی خۆی لەدەست نەدات و گەشەبكات، دەبێت رێگه بدرێت، دەنگی جیاواز و ڕای جیاواز هەمیشە كاری خۆی بكات و، خەڵكی هۆشیار و ڕۆشنبیر بتوانن ئازادانه تەعبیر لەئیرادەو ڕای خویان بكەن.
ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ به‌شداریی گه‌نج له پرۆسه‌ی سیاسی و ئیداری و ئابووریدا ڕه‌خساوه
له‌لای خۆیه‌وه سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان (حەسەن شێخ عەلائەدین)، ئەوەی خستەڕوو كە ئەوان وەك یەكێتیی قوتابیانی كوردستان هەمیشە گرنگی بە توێژی قوتابی دەدەن و توێژی قوتابیش بەشێكی سەرەكییە لە توێژی گەنج، گوتیشی: ئەوەمان لەیاد نەچێت، گەنج داینەمۆی هێز و توانای بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگەیە، وەك دەشزانرێت زۆرترین رێژەی گەنجان لەچینی قوتابی پێكدێت. بۆیه یەكێتی قوتابیانی كوردستان هەمیشە خزمەتی چین و توێژەكانی قوتابیانی لە گشت ناوەندەكانی خوێندن كردووه‌و دەیكات، ئێمە وەك یەكێتیی قوتابیانی كوردستان كار لەسەر چەند پڕۆژەیەك دەكەین، یەكەمیان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە گەنجی بەتوانا لەڕووی زانیستیەوە پێ بگەیەنین و بتوانن كۆمەڵگەیەكی بەهێز و تۆكمە دروست بكەین كە گەنجی بەرهەمهێن دروست بكات، ئەویش بە گرنگیدان بە ناوەندەكانی خوێندن و بەهێزكردنی لایەنی مەعریفی و ئاستی زانستی قوتابیان و برەودان بەو توانایانەی كە قوتابیان لەڕووی زانستییەوە هەیانە.
حەسەن شێخ عەلائەدین له درێژه‌ی قسه‌كانیدا هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه له سیستەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو گەنجی كورد بەتەواوەتی فەرامۆش كرابوو، بۆیه پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆی سیاسی‌یان نه‌بووه، به‌ڵام له دوای ئازادبوونی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زرانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ به‌شداری گه‌نج له پرۆسه‌ی سیاسی و ئیداری و ئابووریدا ڕه‌خساوه. گوتیشی: یەكێتی قوتابیانی كوردستان هه‌میشه كاری بۆ دروستكردن و پێگەیاندنی گەنجی بەئەزموون كردووه و له ئێستاشدا پڕۆژه‌ی زۆری سیاسی و فكریمان هه‌یه بۆ ئەوەی گەنجان پێبگه‌ن و بتوانن ئەركی سیاسی و مەعریفی له‌ئه‌ستۆ بگرن.
حكومه‌ت ئه‌ركی سه‌رشانیه‌تی نائۆمێدی گه‌نج چاره‌سه‌ر بكات
كاروان عه‌لی گه‌نجێكی خاوه‌ن كۆمپانیایه و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له هه‌نده‌ران ژیاوه. ئه‌و ده‌ڵێت: پێشتر گه‌نج له كوردستان كێشه و گرفتی زۆری هه‌بوو، داهاتووی نادیار بوو. كار نه‌بوو. بۆیه به‌شێكی زۆریان ته‌نانه‌ت یارییان به ژیانی خۆیان كرد و به قاچاخ چوونه هه‌نده‌ران، به‌ڵام له ئێستادا چ له بواری خوێندن و چ له بواری كه‌رتی تایبه‌ت و حكوومی ده‌رفه‌تی زۆر بۆ گه‌نجان ڕه‌خساوه و گه‌نجیش خۆی ده‌بێت بۆ خۆی و بۆ وڵاته‌كه‌شی پلانی هه‌بێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا حكومه‌تی داهاتوو پێویسته زۆر پلان و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی بۆ گه‌نج هه‌بێت و ئه‌ركی سه‌ر شانیه‌تی نائۆمێدی و بێكاری گه‌نج چاره‌سه‌ر بكات.
بەشێكی زۆر لە گەنجان ئەندامی
پەرلەمانن و پڕۆژه‌یان بۆ گه‌نج هه‌یه
زانا عەبدولڕەحمان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە دەرخستنی تواناكانی گەنجان بۆ ئەوەی ئەو هێزە ببێتە توانایەك بۆ برەودان بە تواناكانی كۆمەڵگە و كۆسپه‌كانی به‌رده‌م ئه‌و ڕه‌وته، سه‌ره‌تا باسی ئه‌وه ده‌كات كە پێشتر له حكومەتی عێراقی دیكتاتۆر و داگیركه‌ری كوردستاندا هەرگیز حسابیان بۆ گەنجی كورد نەكردووە و گەنج بەشێویەكی گشتی لە سیستەمی عێراقی رابردوودا فەرامۆش كرابوو، ئەمەش هۆیەكی سەرەكی بووە بۆ ئەوەی گەنج هەست بە فەرامۆشكردن بكات، بێگومان بەهۆی ئەمەشەوە دیدێك دروستكراوه كه گوایه گەنجان توانای كاركردنیان نییە و ناتوانن لە بەڕێوەبردنی كایە جیاوازەكانی وڵات‌دا بەشدار بن.
ئەو پەرلەمانتارە میكانیزمی كاراكردنی گەنجان به هەنگاوێكی زۆر گرینگ هه‌ژمار ده‌كات و دەڵێت: بەداخەوە دیدێك دروستبووە كە گوایه بەڕێوەبردنی وڵات كارێكە تەنها ئەركی ئەو كەسانەیە كە تەمەنێكیان هەیە و ته‌نیا ئه‌وان توانای كاركردنیان هەیە، ئەمە گرفتی زۆری بۆ گه‌نج درووستكردووە، ئێستا ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین كە میكانیزمێك بۆ زیاتر كاراكردنی ڕۆڵێ گەنجان بدۆزینه‌وه و پێویسته هەوڵی ئەوە بدەین كه گەنج بێنە پێشەوەو له سیسته‌می سیاسی و ئابووری وڵات‌دا ڕۆڵێكی كارا بگێڕن، واته ده‌بێت بتوانین هانی گەنجان بدەین، كە ڕۆڵێكی كارا لە ئایندەی ژیانی كۆمەڵگەدا بگێڕن، خۆشبەختانە ئێستا هەندێك دەرگا بۆ هاندانی گەنجان كراوەتەوە و لەچەندین لاوە كار بۆ ئه‌وه دەكریت كە گەنجان بێنە پێشەوە لو له بواری سیاسی و ئیداری و ئابووری بەشداربن.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره زیاتر گوتی: هەندێك جاریش كەمتەرخەمییەكە بۆ خودی گەنج دەگەڕێتەوە، چونكە پێویستە بەكار و خۆماندووكردن و وەرگرتنی پسپۆڕی بێنه پێشه‌وه و ئه‌وه‌ش بزانن كه كوردستان وڵاتی گەنجانە و هەمیشە پێویستی بەوە هەیە كە زیاتر بێنە نێو كایەی سیاسی و زیاتر كار بۆ ئەوە بكەن كە گەنج پێگەی هەبێت. له ئێستادا ده‌رفەتێكی زۆر باش هەیە كە بەشێكی زۆر لە گەنجان ئەندامی پەرلەمانن و دەتوانن هاوكاری پێگەیاندنی گەنجان بكه‌ین، من بەش بەحاڵی خۆم گەشبینم و هیودارم لە ئایندەدا زیاتر هانی گەنجان بدرێت كە بێنە پێشەوە و ڕۆڵێكی كارایان لە بەڕێوەبردنی وڵات هه‌بێت. ئێمەش وەك گەنجانی پەرلەمانتار كار بۆ برەودان بە تواناكانی گەنجان و بەهێزكردنی ئاستی پێگەی زانیستیان دەكەین، هەوڵدەدەین بە پڕۆژەكانمان برەو بەتواناكانی گەنجی هەرێمی كوردستان بدەین .