خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان داواكارن ئاوڕی جددییان لێبدرێته‌وه
February 6, 2014
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سەنتەرهكانی پێگەیاندنی خاوەن پێداویستی ئه‌ركی خۆیان جێبەجێ نەكردووە
خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، ئەو چینە گرنگەی كۆمەڵگەن كە بەهۆی زگماكه‌وه، یان بەهەر ڕووداوێكی سرووشتی و مرۆیی بەشێكی جەستەیان لەدەستداوە، ئه‌وان له پرۆسه‌ی ژیان دانه‌بڕاون و زۆربه‌شیان خێزانیان هه‌یه و بۆ دابینكردنی بژیوی ڕۆژانه‌ی خۆیان به‌په‌رۆشن. به‌ڵام به هۆی تایبه‌تمه‌ندیی جه‌سته‌ییه‌وه كۆمه‌ڵێك گرفت و به‌ربه‌ست ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه. یەكێك لە گەورەترین گرفتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان نەبوون، یان كه‌می ژماره‌ی سەنتەر و پەیمانگه‌ی تایبەتمەندە كە بتوانێت، بەشێوەیەك خزمەت بە پێشكەوتنی تواناكانیان بكات. زۆربه‌یان گله‌ییان له‌وه هه‌یه كه حكومەتی هەرێم وەك پێویست كاری بۆ پێشخستنی بوارەكانی خوێندنی ئەوان نەكردووە، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه ئەو سەنتەر و پەیمانگهیانەی كە ئەركیان پێگەیاندنی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بۆتە شوێنێك بۆ دامەزراندنی كەسە ئاساییەكان و ئه‌وان پشتگوێ خراون.
سەنتەرهكانی تایبەت بە خاوەن پێداویستیی تایبەت تەقلیدین و كار بەیاسای ساڵانی هەشتاكان دەكەن
محەمەد ڕەسووڵ قوتابی بەشی كۆمەڵناسییە لە كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەلاحەدین و وه‌ك كه‌سێكی خاوەن پێداویستی تایبه‌ت چاوەڕوانی ئەوە دەكات كە كابینەی نوێی حكومه‌ت بەشێوەیەكی ئەكادیمی و زانستییانە لە گرفتەكانی خاوەن پێداویستییه تایبەتییهكان بكۆڵێتەوە. هاوكات ده‌ڵێت: هەتا ئێستا بەشێوەیەكی دروست باس لە گرفتەكانی خاوەن پێداویستیی تایبەت نەكراوە، گرفتی ئێمە چەند جۆرێكە و سەرەكیترین جۆریان لەوەدایە كە حكومەت بیری لەكێشە بنەڕەتییەكانی ئێمە نەكردۆتەوە، بۆ نموونە ژمارەیەكی زۆر لە خاوەن پێداویستییه تایبەته‌كان كەسانی زیرەك و بەهرەمەندن و ئەگەر برەو بەتواناكانیان بدرێت، نەك پێویستیان بەهاوكاری ماددی نا‌بێـت، بەڵكو دەبنە كەسانی بەرهەمهێن و دەتوانن سوودێكی باشیان بۆ كۆمەڵگە و خیزانەكانی خۆیان هەبێت، بەڵام بەداخەوە سوودیان لە تواناكانیان وەرنەگرتووه. هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی سەنتەر و پەیمانگه‌ی تایبەتمەند و شیاو بۆ ڕاهێنانی پسپۆڕی دەگەڕێتەوە.
بە بڕوای ئەو گەنجە نابینایە، چەند سەنتەرێكی تایبەت بە خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن، بەڵام «ئەو سەنتەرانە زۆر تەقلیدین و كار بەیاسای ساڵانی هەشتاكان دەكەن، خوێندنی ئەم سەنتەرانە ئەوەندە ئاساییە بەشێكی زۆر لە خاوەن پێداویستییه تایبەته‌كان سوودی لێ وەرناگرن، هه‌روه‌ها بەرنامەیەكی ئه‌وتۆی فێركردنیان بۆ پێگەیاندنی قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت نییه، سەرەكیترین گرفتیش لە قۆناغی ئامادەیی دەستپێده‌كات، چونكە نازانن چۆن مامەڵەمان لەگەڵدا بكەن، بەهۆی ئەوەشەوە توانای پێگه‌یاندنیان نییه». گوتیشی: پێویسته ئەو سەنتەرانە گرنگیی زیاتریان پێبدرێت و، بۆ پێشوازیكردن لە خاوەن پێداویستی تایبەت بە درێژای ساڵ دەرگه‌یان لەسەر پشت بێت.
محەمەد باسی لەوەش كرد كە كێشەیەكی زۆر گەورەی خاوەن پێداویستیی تایبەت ئەوەیە به پاره‌یه‌كی كه‌م و مووچه‌یه‌كی ره‌مزی سووكایه‌تییان پێده‌كرێت، كەچی هاوینان هیچ سه‌نته‌ر و شوێنێك نییە رووی تێبكه‌ن. له ئێستاشدا ئەم سەنتەرانە رۆژانە تەنیا چوار كاتژمێر دەرگه‌یان كراوەیە، بۆیه پێویستە حكومەتی هه‌رێم له كابینه‌ی نوێ‌دا سیستەمێك دابنێت كە كەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت بەدرێژی رۆژ لە دەوەری ماڵ بێت و لە سەنتەرهكانی راهێنان په‌روه‌رده بكرێت. به‌وه‌ش هه‌م خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كه زیاتر تواناكانی گه‌شه ده‌كات، هه‌م خێزانه‌كه‌شی زیاتر ئاسووده‌یی ده‌بینێت.
به سیسته‌می نوێ و زانستی كه‌سانی به‌توانا و به‌رهه‌مهێن دروست ده‌كرێن
زێرەڤان بورهان مونیر مامۆستایەكی نابینایە و ئه‌ویش دەڵێت: ئەگەر سیستەمێكی گونجاو بۆ پێگەیاندن و خوێندنی خاوەن پێداویستییه تایبەته‌كان هەبێت، ئەوا بەشێكی زۆریان كە هەتا ئەمڕۆ سوود لە تواناكانیان وەرنەگیراوە، دەبنە كەسێكی زۆر سەركەوتوو، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو سیستەمەی كە پەیمانگه و سەنتەرەكانی پێگەیاندنی خاوەن پێداوییستیی تایبەت كاری پێدەكەن، سیستەمێكی زۆر كۆنەوەو هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، لەكاتێكدا پێویستە سیستەمی كاركردنی ئەم شوێنانە لەسەر بنەمای پێداویستییەكانی رۆژانەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بێت. واته به سیسته‌می نوێ و زانستی كه‌سانی به‌توانا و به‌رهه‌مهێن دروست ده‌كرێن.
حكومه‌ت چه‌ندین هه‌نگاوی باشی هه‌ڵگرتووه
له‌لای خۆیه‌وه دڵشاد قادر خۆشناو سەرۆكی كۆمەڵەی كورتە باڵایانی كوردستان، سه‌ره‌تا باسی ئه‌وه ده‌كات كه حكومه‌ت چه‌ندین هه‌نگاوی باشی بۆ خزمه‌تكردن به خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان هه‌ڵگرتووه و گوتیشی: ئێمە دەستخۆشی لە كارەكانی حكومەت دەكەین بۆ ئەو پڕۆژانەی كە بۆ خاوەن پێداویستییه تایبەتان ئەنجامی داوه، به‌ڵام كێشەی خاوەن پێداویستیی تایبەت زۆر لەوە زیاترە كە هەتا ئێستا باس كراوە. پێویستە زیاتر بیر لە ئایندەی ئه‌م توێژه‌ی كۆمه‌ڵگه بكرێتەوە، نەك تەنیا باسی ئەمڕۆ بكرێت، ئێمە پێمان باشە حكومەت پلانی بۆ ئایندەی خاوەن پێداویستیی تایبەت هەبێت، بە كردنەوەی سەنتەری شیاندن و به سوود وه‌رگرتن له مامۆستایانی پسپۆڕ و لێهاتوو داهاتوویان دروستبكات، چونكە ئەگەر خاوەن پێداویستی تایبەت سەنتەری شیاندنی پێشكەوتووی هەبێت، ئەوا كەسی زۆر بەتوانای لێدەردەچێت و دەتوانێت خزمەت بەكۆمەڵگە بكات، بۆیه ئەركی حكومەتە هەوڵی ئەوە بدات، كە كەسی خاوەن پێداویستی تایبەت بتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت.
ئه‌و مامۆستایه ڕه‌خنه له سیسته‌می مووچه‌ی كه‌ئه‌ندامان ده‌گرێت و ده‌ڵێت:
به‌داخه‌وه ئەوەی هەتا ئێستا كاری لەسەر كراوە، تەنیا لەوەدا كورت بۆتەوە كە حكومەت مووچەی بۆ ئێمە دابین كردووە، گه‌رچی ئەمە كارێكی زۆر باشە، بەڵام دەكرێت هەوڵبدرێت كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت تواناكانیان پێشبكەوێت و بكرێنە كەسی بەرهەمهێن و تواناكاینان زیاد بكرێت، ئەویش بەوەی كە هەوڵی ئەوە بدرێت، پەیمانگه و سەنتەرەكان لەسەر بنەمایەكی پێشكەوتوو بۆ پێشخستنی تواناكانی خاوەن پێداویستی تایبەت كاربكەن و ئەو سەنتەرانە سەرجەم بوارەكان بگرێتەوە، نەك تەنیا گرنگی بەیەك لایەن بده‌ن. چونكە ئەو سەنتەرانەی كە ئێستا كاردەكەن و لەسەر سیستەمی پەیمانگه بۆ ئەوەی بتوانرێت كەسێكی بەتوانا بەرهەم بێت كەبتوانێت خۆی داهاتێكی سەربەخۆ بۆ خۆی دروست بكات.
جەختی لەوەش كردەوە كە بەهۆی بوونی سیستەمێكی دیاریكراو له پەیمانگه‌كان بەشێكی زۆر لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە خوێندن بێبەشبوون، پێویستە ئەم سیستەمانە لەسەر بنەمایەك دابڕێژرێت كە هەموو كەسێكی خاوەن پێداویستی تایبەت سوودی لێوەر بگرێت.
سەرۆكی كۆمەڵەی كورته‌باڵایان ئه‌وشی دووپات كرده‌وه كه هەتا ئێستا نەتوانراوە گرفتی خاوەن پێداویستی تایبەت چارەسەر بكرێت، چونكە بە شێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو كار بۆ پێشخستنی تواناكانیان نەكراوە، گوتیشی: وەك دەبینین دەوامی ئەم پەیمانگه و سەنتەرانە زۆر كەمە و پێویستە كاتی دەوامكردنیان ئەوەندە بێت كە بتوانرێت سوودی لێوه‌ربگرن.
سامی محەمەد ئەمین بەڕێوبەری كارگێڕیی كۆمەڵەی كورتەباڵایان، سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس ده‌ڵێت: پێویستە حكومەت ئەركی سەرشانی دایك و باوكی خاوەن پێداویستییه تایبەته‌كان كەم بكاتەوە، واتا ئەگەر منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەبەیانیەوە هەتا ئێوارە لە پەیمانگه مایەوە، جگه له‌وه‌ی زیاتر تواناكانی گه‌شه ده‌كات، ئەوكات دایك و باوكیشی كەمێك ماندووبوونیان دەڕەوێتەوە و ئه‌ركی سه‌ر شانیان كه‌متر ده‌بێت.
ته‌نیا له هه‌ولێر نزیكه‌ی 33 هەزار
خاوەنی پێداویستیی تایبەت هه‌ن
دواتر بۆ زیاتر تێگەیشتن لە گرفتەكانی خاوەن پێداویستییه تایبەته‌كان و هەنگاوەكانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشه‌كانیان، مایكی (گوڵان)مان خستەبەردەم د. ڕۆزە عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی چاودێریی كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی هەولێر و سه‌ره‌تا باسی ئه‌وه‌ی كرد كه ئێستا تەنها لە هەولێر نزیكەی 33 هەزار خاوەنی پێداویستیی تایبەت هه‌ن كە ئەگەر فەرمانبەر بێت مانگانه بڕی 100 هه‌زار دینار و ئه‌گه‌ر فەرمانبەریش نه‌بێت بڕی 150 هه‌زار دیناری مانگانەی پێدەدرێت. گوتیشی: ئێمە وۆركشۆپێكی فراوانمان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان سازكرد، كە تێیدا یاداشتێكمان بڵاوكردەوەو داوامانكرد بەپێی رێژەی پێداویستییەكانی جەستەیان مووچە بە كەسانی خاوەنی پێداویستیی تایبەت بدرێت، هەروەها داوای باشتركردنی كاری لیژنەی تەندروستی تایبەت و دامەزراندنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانمان لەهەردوو كەرتی گشتی و تایبەت كرد، ئەمە بێجگە لەوەی كە زۆر لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان پێویستییان بە چاودێریی تەندروستی و ناردنە دەرەوەی وڵاته بۆ چارەسەركردن، بەڵام تا ئێستا ئەو هاوكارییە نەبووە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، لەگەڵ ئەوەشدا لەهەوڵداین و لەئایندەدا كاری زیاتری لەسەر دەكەین.
گرنگی بەبواری پسپۆڕی نەدراوە
د. ڕۆزە ئەوەشی خستەڕوو كە خەمی هەرە گەورەیان بەرفراوانكردنی ئەركی سەنتەرەكانی ئۆتیزم و نابینایان و بیركۆڵانە، بەڵام نەبوونی كادیری پسپۆڕ هۆیەكی سەرەكی چارەسەرنەبوونی گرفتی ئەو جێگهیانە بووه. گوتیشی: بێگومان ئۆتیزم تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونكە بابەتێكی ئەوەندە سانا نییە هەموو كەسێك بتوانێت كاری لەسەر بكات، سەنتەری ئۆتیزم یەكێكە لەهەرە گرنگترین سەنتەرەكانی سنووری بەڕێوبەرایەتییەكەمان، ئێمە لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی كە ئەو سەنتەرانە بەهێز بكەین و كارمەندی پسپۆڕ و كەسانی شارەزای لەو شوێنانە دابمەزرێنین، چونكە به هۆی نەبوونی خەڵكی پسپۆڕ گەوەرهترین گرفتمان هەیە، هەمان گرفت لەسەرجەم سەنتەرەكانی تری خاوەن پێداویستییه تایبەته‌كان دووبارە دەبێتەوە، به‌داخه‌وه لەساڵانی رابردووش گرنگی بەبواری پسپۆڕی نەدراوە، ئەمەش بۆتە گرفتێكی گەورەی بەردەم پێشكەوتنی سیستەمی خوێندن و پێگەیاندنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان .
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی هەولێر جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه دابینكردنی ئایندە بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ده‌بێت خه‌می سه‌ره‌كی بێت و گوتیشی: ئێمە رێژەیەكی زۆر قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەتمان هەیە، ئەوان پێویستیان بەوە هەیە كە هەتا قۆناغی ئامادەیی تەواو دەكەن، لەناو پەیمانگهكانی ئێمە بن، من خۆم كار بۆ ئەوە دەكەم و بەڵێن دەدەم كە سیستەمی خوێندنی خاوەن پێداویستی تایبەت بەرەوپێش ببەم، كە لەماوەی كاركردنماندا بتوانین بەشێكی زۆر لەو گرفتانە چارەسەربكەین كە هەتا ئێستا نەكراوە.