داوا ده‌كرێ حكومه‌تی نـوێ ته‌لیسمی عه‌قڵییه‌تی پیاوسالارانە بشكێنێت

داوا ده‌كرێ حكومه‌تی نـوێ ته‌لیسمی عه‌قڵییه‌تی پیاوسالارانە بشكێنێت
گه‌رچی تا هه‌نووكه‌ كۆسپه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تێنه‌په‌ڕێندراون، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێ،‌ سه‌ركردایه‌تیی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌و دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ له‌به‌رچاو بگرن و له‌ ده‌وری پلاتفۆرمێكی هاوبه‌ش كۆ ببنه‌وه‌ و كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت رابگه‌یه‌نن، چالاكانی مه‌ده‌نی و ئافره‌تانی كوردستانیش ده‌خوازن له‌ كابینه‌ی نوێدا ئافره‌تان جێگه‌ و پێگه‌ی تایبه‌تیان پێ بدرێ و حكومه‌تی نوێ وه‌ك كابینه‌كانی پێشوو له‌ شێوه‌ و ناوه‌ڕۆكدا كارامه‌ییه‌كانی ئافره‌تان پشتگوێ نه‌خات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی
له‌سه‌ر و به‌ندی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كۆمه‌ڵێك پرسیار بۆ چالاكانی مه‌ده‌نی و ئافره‌تانی كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌، له‌وانه:‌ ئایا كارنامەو ناوەڕۆكی بەرنامەكانی كابینەی هەشتەم دەتوانێت خزمەت بە دۆزی ئافرەتان بكات و مافەسیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكانیان دەستەبه‌ر بكات؟ ئایا گرنگی به‌وه‌ ده‌درێ كه‌ ده‌ركه‌وتنی ئافره‌تان له‌ پله‌ باڵاكانی كابینه‌ی نوێدا، ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ ده‌گۆڕێت كه‌ تا هه‌نووكه‌ حكومه‌ته‌كانی هه‌رێم به‌ گیرۆده‌بوونی به‌ عه‌قڵییه‌تی پیاو‌سالار تۆمه‌تبار ده‌كرێت؟
پێویسته‌ لەڕووی تیۆری و پڕۆگرام و پراكتیكەوە بایه‌خی ته‌واو به‌ پێگه‌ی ئافرەتان بدرێت
ئەڤین هروری ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا ده‌ڵێت: نەك تەنیا لە پۆستە باڵاكانی حكومەت، بەڵكو لەگشت بنەماكانی ژیان و جومگە سەرەكییەكانی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێت ئافره‌تان ڕۆڵێكی سەرەكی بگێڕن. بۆیه‌ پێویسته‌ لەڕووی تیۆری و پڕۆگرام و پراكتیكەوە بایه‌خی ته‌واو به‌ پێگه‌ی ئافرەتان بدرێت. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم زۆر پڕۆگرامی ئه‌رێنی بۆ ئافره‌تان ‌دانراون، به‌ڵام زیاتر بەشێوەی تێۆری بوون و نه‌چوونه‌ته‌ بواری پڕاكتیك و جێبه‌جێكارییه‌وه‌. بۆ نموونه‌ :
دوا هەنگاو لە حكومەتدا بۆ بواری ئافرەتان، پێكهێنانی بۆردێكی تایبەت بەئافرەتان بوو، چەندین وەزیر تێیدا به‌شدار بوون و تەنانەت سەرۆكی حكومەت خۆی سەرۆكی ئەم بۆردە بوو، وەك دەبینین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ هەمووی نراون، بەڵام ئەو بۆردانە نەبوونە هەنگاوێك بۆ چارەسەری كێشەكانی ئافره‌ت و وەك پێویست نەیانتوانیوە كارێكی گرنگ بكەن، كه‌ كاریگه‌ریی به‌رچاوی لەسەر بەڕێوەچوونی ژیانی ئافرەتان هه‌بێت. لەبەر ئەوە پێویستە هەنگاوەكان سوودمەندتر بن و هه‌نگاوی كرده‌یی و پراكتیكی له‌پشت بێت.
پێویسته‌ سیستەمێك بۆ پەروەردە و
پێگەیاندنی ئافرەتان هەبێت
ئه‌و ئەندامه‌ی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، خاڵێكی گرنگ بۆ پێشكەوتنی دۆسیەی ئافرەتان لەوەدا كورت دەكاته‌وه‌ كه‌ «سیستەمێك بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی ئافرەتان هەبێت»، گوتیشی «ئێمە لەم قۆناغەی ئێستادا بەرەوپێش دەچین و سیستەمی كۆمەڵایەتی لە هەرێمەكەماندا خەریكە دەچێـتە نێو ژیانی هەمووانەوە، ئەمەش لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكاندا دەردەكەوێت، به‌ڵام ئایا چه‌ندایه‌تی ئافره‌تان له‌ هەر هەڵبژاردنێك تا چه‌ند بایه‌خی پێدراوه‌؟ گه‌رچی ئافرەتان بەكۆتا دەتوانن بەشدارییەكی كارا له‌ پۆسته‌ به‌رزه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا بكەن، به‌ڵام زۆربەی پارتە سیاسییەكان ڕووبەڕووی ئەو پرسیاره‌ دەبنەوە كە تاچەند ئافرەتیان بۆ پرۆسە سیاسییەكان ئامادە كردووە؟
بێگومان ئەوەی كە زۆر گرنگە لەم قۆناغەدا، پێگەیاندن و ئامادەكردنی ئافرەتە بۆ پۆستە سیاسییەكان، لەم قۆناغەدا ئه‌وه‌ ئەركی سەرشانی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ و كابینەی هەشتەمی حكومه‌تیش زۆر پێویستە لەبەرنامەو كارنامەی خۆیدا میكانیزم و سیستەمێكی بەهێز بۆ پەروەدەركردنی ئافرەتان دابنێت».
ئاستەمە به‌سه‌ر عەقڵییەتی پیاوانەی
سیاسییه‌كاندا زاڵ بین
شەوین عەلی مامۆستای زانكۆیه و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌‌ كه‌ «چه‌سپاندنی مافه‌كانی ئافره‌ت له‌ كارنامەی حكومەتدا زۆر گرنگتره‌ له‌ وەرگرتنی رووكه‌شی پۆستی باڵا لەلایەن ئافرەتانەوە، بۆ نموونه‌ ئەگەر سەرجەم وەزیرەكانی نێو كابینەی حكومه‌ت ئافرەت بن، به‌ڵام كارنامەیەكی باشیان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی ئافرەتان نەبێت، زۆر ئاستەمە كە بتوانرێت به‌سه‌ر عەقڵییەتی پیاوانەی سیاسییه‌كاندا زاڵ ببن»، گوتیشی «ئەگەر ئێمە ورد بینەوە، دەبینین لەسەرجەم كابینەكانی حكومەتدا ئافرەت پۆستی باڵایان هەبووە، كه‌چی كارنامەی حكومەت نەیانتوانیوە ئافرەتی سەركەوتوو دروست بكات، با بۆ سه‌لماندنی ئه‌و بۆچوونە پرسیارێكی زۆر گرنگ بكه‌ین: هه‌مووان دەزانین لە سەرجەم شار و شارۆچكەكاندا سه‌نته‌ر و بارەگای رێكخراوەكانی ئافرەتان و ژنان هەن، كه‌ بەشێوەیەكی گشتی كاری جوانیان كردووە، بەڵام ئایا وەزیر و په‌رله‌مانتاره‌ ئافرەتەكان سەردانی ئەو شوێنانه‌یان كردووە، تا له‌ نزیكه‌وه‌ بزانن كێشەی ئافرەتانی كورد له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ چییه‌ و ئافره‌تی گوندنشین چ ئاریشه‌یه‌كی هه‌یه‌؟ بۆیه‌ زۆر گرنگە بزانین كارنامەی حكومەت چییە؟ ئایا حكومەت گەشەپێدانی تواناكانی ئافرەتانی كردۆتە بەرنامە؟ وەك دەبینین لە هەرێمی كوردستان پڕۆگرامی گرنگی پێدان بە تواناكانی گەنجان هەیە و به‌رنامه‌ی تواناسازی لاوان خزمەتی زۆری بە لاوان كردووە، بەلام چ بەرنامەیەك بۆ برەودان بە تواناكانی ئافرەتان هه‌بووه‌؟ ئافرەت مافی خۆیەتی پڕۆژەیەكی لەو جۆرەی هەبێت، كه‌ هیوادارم لەكابینەی داهاتوودا ئەم پڕۆژەیە بواری ته‌واوی بۆ بڕه‌خسێنن و ئافره‌تانیش له‌ تواناسازییه‌كان سوودمه‌ند ببن» .
پێویسته‌ ئافرەتان پێداگری لەسەر دووبارە دروستكردنەوەی وەزارەتی ئافره‌تان بكەن
كۆمەڵناس ئیسماعیل ئەمین، سه‌ره‌تا هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ «هەتا ئەمڕۆ ئافرەت لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە نەیتوانیوە دیوار و كۆت و بەندەكان ببڕێت و بۆ سەربەخۆبوونی پێگەی كۆمەڵایەتی هەنگاوی گرنگی نەناوە، گوناحەكەشی بۆ نەبوونی پلانی حكومەت بۆ ئافرەتان دەگەڕێتەوە، چونكه‌ گرنگی بەتواناكانی ئافرەتان نەدراوە، ئەوەتا پڕۆژەی قەرزی بچووك كە پڕۆژەیەكی بەرفراوانی كۆمەڵایەتییە، بەشێوەیەكی زۆر كەم و كورت جێبەجێ كراوه‌ و ئافرەتان زۆر كەم سوودیان لەم پڕۆژەیە بینیوه‌، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە هیچ كام لە پڕۆژەكانی حكومەت نەیانتوانیوە چۆن بۆ پیاو سوودی هه‌بووه‌، ئه‌وهاش ئافرەتان لێی سوودمه‌ند بن».
ئەو كۆمەڵناسە پێشنیار ده‌كات حكومەتی داهاتوو بەر لە هەموو شتێك وەزارەتێكی تایبەت بە ئافره‌تانی هەبێت و هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ دەڵێت «بە بڕوای من سەركەوتوویی كارنامەی حكومەت لەوەدایە كە وەزارەتێك هەبێت بۆ سەرپەرشتی و چاودێری كردنی ئەو پڕۆژانەی كە تایبەتن بە ژنان، ئەگەر سەیر بكەین لە كابینەی پێنجەمدا وەزارەتی تایبەت بە ژنان هەبوو، كه‌ ئەو وەزارەتە توانی زۆر شتی گرنگ بكات و چاودێریی زۆربەی ئەو شتانە بكات كە تایبەت بوون به‌ پرس و مافی ژنان، بۆیه‌ هیوادارم لەم كابینەیەدا ئافرەتان پێداگری لەسەر دووبارە دروستكردنەوەی ئەو وەزارەتە بكەن».
ئه‌و سنووره‌ شكێندراوه‌ كه‌
ئافره‌ت شه‌رم له‌ كار و چالاكی بكات
به‌ڵام شادیە عەبدولوەهاب وه‌ك چالاكوانی رێكخراوی كۆمەڵه‌ی مەدەنی، ڕایوایه‌ «ئافرەتان خۆیان لەهەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی مافه‌كانیان كەمتەرخەمییان كردووه‌»، گوتیشی «بەشێكی زۆر لە ئافرەتان خۆیان كار بۆ ئەوە ناكەن كە پێبگەن و كار و داهاتووی باشتریان هه‌بێت .ئافرەتان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا چەندین هەلیان دەستكەوتووە، چەندین پۆست و پلە ئێستا بۆ ئافرەتان دانراوە، كە پێشتر تەنیا لەسەر پیاوان حساب كرابوو، واته‌ ئه‌و سنووره‌ شكێندراوه‌ كه‌ ئافره‌ت شه‌رم له‌ كار و چالاكی بكات، ئێستا چه‌ندین ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كان و چه‌ندین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئافره‌تن و ته‌نانه‌ت له‌ بواری سه‌ربازیشدا پۆلیس و ئەفسەری ئافره‌ت ده‌بیندرێن، كە پێشتر كە تەنیا تایبه‌ت به ‌پیاوان بوو، واته‌ ئەوەی گرفتەكە بۆ ئافرەت دروست دەكات، لەوەدایە كە ئافره‌تان هەتا ئێستا وەك پێویست هەستیان بڕوابەخۆبوونیان به‌هێز نه‌كردووه، ئه‌وه‌ش زیانی زۆری به‌ ئافره‌ت گه‌یاندووه‌. بێگومان ماف هەتا هەوڵی بۆ نەدرێ، دەسته‌به‌ر ناكرێ. شەرمنی و گرنگینه‌دان به‌ كەسایەتیی بەهێز وادەكات ئافرەت نەتوانێت مافەكانی دەست بكەوێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا پێویسته‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ئافره‌تان بڕه‌خسێنێت و ئافره‌تانیش خۆیان بۆ وه‌رگرتنی ئه‌ركی قورستر ئاماده‌ بكه‌ن».
كێشه‌ی ئافره‌تان به‌ كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێك چاره‌سه‌ر ناكرێت
هانا سالار قوتابی زانكۆیه‌و به‌ پێچه‌وانه‌ی شادیە ڕایوایه‌ ئافره‌تانی سه‌ركه‌وتووی كارامه‌ به‌ پلان و به‌رنامه‌ی حكومه‌ت په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن و ده‌ڵێت «كێشه‌ی ئافره‌تان ته‌نیا به‌ كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ر، یان ناوه‌ندێك چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو به‌رنامه‌ی ستراتیژی و شكاندنی ته‌لیسمی نێرسالاری پێویسته، واته‌ تا رێكخراوه‌ حكومی و ناحكومییه‌كان به‌ حزبه‌ سیاسسیه‌كان و حكومه‌تیشه‌وه‌ خۆیان له‌ عه‌قڵییه‌تی پیاوانه‌ و نێرینە رزگار نه‌كه‌ن، مافه‌كانی ئافره‌ت و نه‌هێشتنی جیاوازیی ڕه‌گه‌زی ده‌سته‌ربه‌ر نابێت».
Top