منداڵان قوربانیی سه‌ره‌كیی خێزانی لێكترازاون

منداڵان قوربانیی سه‌ره‌كیی خێزانی لێكترازاون
ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئاماری شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوو (2013) سه‌باره‌ت به‌ ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسه‌ران به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین، كه‌ ئەنجومەنی دادوەری بڵاوی كردۆته‌وه‌، ده‌بینین له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ دوو هه‌زار خێزان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌. ئه‌و ئاماره‌ ته‌كانده‌ره‌ كه‌ تێكچوونی شیرازه‌ی خێزانی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، هێمایه‌كی مه‌ترسیداره‌ و بێگومان له‌ پێش هه‌موو شتێكدا جیابوونه‌وه‌ی دایكان و باوكان چاره‌نووسی منداڵه‌كانیان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. چونكه‌ منداڵ له‌و هه‌لومه‌رجه‌ دژواره‌دا به‌رده‌وام له‌ بۆشاییه‌كی ڕۆحیدا ده‌ژی و له‌لای هه‌ركام له‌ دایك، یان باوكی بگیرسێته‌وه‌، تەرازووی ژیانی داهاتووی لاسه‌نگ ده‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر جار دایك له‌ بینینی منداڵی خۆی بێبه‌ش كراوه‌، بۆیه‌ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە ژێر بەرنامە و پلانێكی داڕێژراو بەهەماهەنگی لەگەڵ دادوەر و دادگا ئاسانكاری بۆ چاوپێكەوتنی دایك و باوك و منداڵ ئەنجام دەدات، تاوه‌كو بۆ چه‌ند چركه‌ساتێك منداڵی به‌رهه‌می ته‌ڵاق به‌ دیداری خێزانه‌ له‌ت كراوه‌كه‌ی هەست بە دڵنەوایی بكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

«ته‌ڵاق گرفتێكی ئاڵۆز و برینێكی زۆر قووڵی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، كە منداڵ پێش دایك و باوكی باجەكەی دەدات، لەكاتێكدا لەسەرەتاوە ئەو دایك و باوكە بە دووقۆڵی بڕیاری بەیەكەوە ژیان و هێنانە دنیای منداڵیان داوە، كە كەسی سێیەم لەو كاتەدا نەبووە، بەڵام بێ ئەوەی رەچاوی باری دەروونی منداڵەكەیان بكەن، بەوپەڕی خۆپەرستییەوە بڕیاری جیابوونەوە دەدەن، كەچی منداڵی بێتاوان كە بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییەیە باجدەر و قوربانیدەری یەكەمی گرفتەكەیە، لەبەرئەوەی منداڵ پێویستی بەوە هەیە، كە لەنێو خێزانەكەی و لەژێر چەتری دایك و باوك بەیەكەوە ژیان بكات». ئه‌وه‌ ده‌ستپێكی قسه‌كانی سەیران سەلاح بوو. ئه‌و (سەرۆكی رێكخراوی ئەستێرەی منداڵان)ـه‌ و چه‌ند ساڵێكه‌ چالاكییه‌كی به‌رفراوانی له‌ بواری مافی منداڵان و خزمه‌تكردنیان هه‌بووه‌. ئه‌و ڕایوایه‌ كاتێك به‌ ناچاری منداڵی بێتاوان ده‌بێته‌ قوربانی جیابوونه‌وه‌ی دایك و باوكی، لانیكه‌م ده‌بێت له‌ دیداری هیچیان بێبه‌ش نه‌كرێت، گوتیشی «ئێمە لەگەڵ كۆمەڵێ‌ رێكخراوی دیكە لەساڵی 2006 پڕۆژە یاسایەكی تایبەت بە بینینی منداڵ لەلایەن باوانیەوە پیشكەش بە پەرلەمان كرد، بەڵام بەداخەوە پارێزەرێك بیرۆكەی پڕۆژەكەی ئێمەی بردو بەناوی خۆی پێشكەشی لایەنی پەیوەندیداری كرد».
سه‌یران ڕایوایه‌ چاوپێكەوتنی منداڵ بە باوانی لە ناو نووسینگەكانی سكرتاریەتی ئافرەتان، یان هەر رێكخراوێكی حزبی چارەسەرێكی باش نییە، ئەو جێگەیە هۆڵێكی داخراوەو دەیان دایك و باوكی تێدا كۆكراوەتەوە، ماوه‌ی دیداره‌كه‌ش زۆر كه‌مه‌، ئه‌وه‌ بۆ باری ده‌روونیی منداڵه‌كه‌ش باش نییه‌، ئەو باوكە، یان ئەو دایكە پێویسته‌ بیباته‌وه‌ بۆ ماڵی خۆی و لانیكه‌م شه‌و و رۆژێكی بۆ ته‌رخان بكات. نه‌ك دایك و باوكەكە ببنە دوژمن و ته‌نانه‌ت رێگری له‌ دیداری منداڵیان له‌گه‌ڵ باوان بكه‌ن. پێویسته‌ هەوڵ بدەن لانیكه‌م ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانیوه‌ هاوسه‌ری بكه‌ن، با ببنە هاوڕێ و چیدی مافی منداڵی خۆیان پێشێل نه‌كه‌ن و ئاسانكاری بۆ دیداری منداڵ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ دایكی بكه‌ن».
دایكان و باوكان دوای جیابوونه‌وه‌یان بە مەبەستی بینینی منداڵەكانیان بەپێی ئەو خشتەیەی كە دادگا بۆی داناون، سه‌ردانی پەیمانگه‌ی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ده‌كه‌ن. لەمبارەیەوە د. ڤیان سلێمان سكرتێری گشتیی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بۆ گوڵان گوتی «لەپەیمانگای یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بەسەرپەرشتی ستافێكی كارا جێگەیەكی باش بۆ خێزانی لەیەكترازاو بە مەبەستی بینینی منداڵەكانیان تەرخانكراوە، لەئێستادا 146 حاڵەتمان هەیە، بەپێی یاسا هەر دوو هەفتە جارێك دایكان و باوكان منداڵەكانیان بۆ ماوەی دوو كاتژمێر دەبینن، لەم بەشەدا كۆمەڵێ‌ یاریی منداڵان تەرخانكراوە، هەروەها كۆمەڵناس و دەروونناس و یاساناسێك لەم بەشدا سەرپەرشتی خێزانەكان دەكەن، راستە ئەو دوو كەسە لە رابردوودا بۆ یەكتر هاوسەری باش نەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دایك و باوكی ئەو منداڵەن و دەكرێ‌ دایك و باوكێكی باش بن بۆ منداڵەكان و رێگە نەدرێ‌ لێك جیابوونەوە كاردانەوەی نەرێنی لەسەر منداڵەكەیان هەبێت، ئێمە لە ڕێگەی بەدواداچوونەكانمان رای خۆمان دەدەینەوە بە دادگا كە ئەو منداڵە لای دایكەكە، یان باوكەكە تاچەند غەدری لێكراوە، لەم حاڵەتەدا توانراوە منداڵەكە لەلایەنی یەكەم وەربگیرێتەوە و بدرێتەوە بە لایەنی دووەم، تەنانەت زۆرجاریش توانیومانە ئەو دایك و باوكە ئاشت بكەینەوە».
چالاكوان بەختیار بەشیر هەڵگری بڕوانامه‌ی ماستەره‌ لەبواری مافەكانی مرۆڤ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بەپێی یاسای پاراستنی مافی منداڵ كە لەساڵی 1989 دەرچووە، لەهەموو حاڵەتەكاندا پێویستە بەرژەوەندیی منداڵ لەبەرچاو بگیرێت، هەر لە مافی بەخێوكردن و خوێندن و پەروەردەكردندا، دەكرێ‌ لەكاتی جیابوونەوەی باوانیش ئەو لایەنە فەرامۆش نەكرێت، گوتیشی «بەداخەوە ئەو منداڵانەی بەو قۆناغەدا تێپەڕدەبن لەبۆشاییەكی رۆحیی ناخۆش گوزەر دەكەن، تەنانەت زۆرجاریش خۆیان لەگەڵ هاوڕێكانیان بەراورد دەكەن كە خێزانەكەیان وەكو هی ئەوان تووشی شكست و هەڵوەشانەوە نەهاتووە، ئەوەش باری دەروونیی منداڵەكە ئاڵۆز دەكات و وادەكات باری دەروونی ناجێگیر بێت، ئەو حاڵەتەش زیاتر ئەوكاتە بەرجەستە دەبێت كە منداڵەكە چ كوڕ بێت چ كچ دەچێتە قۆناغی هەرزەكاری، چونكە منداڵ لەم كاتەدا پێویستی زۆری بە باوان هەیە، بەپێی توێژینەوەكان زۆربه‌ی ئەو منداڵ و هەرزەكارانەی كە كەتن و تاوان دەكەن بەرهەمی خێزانی لێكترازاون كە بەهۆی بڕیارێكی هەڵەی دایك و باوك منداڵ و په‌روه‌رده‌ی نادروست تووشی ئەنجامدانی تاوان بوون».
ئه‌و چالاكوانه‌ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئەو خشتەیەی بۆ بینینی منداڵ ڕێكخراوە، لای منداڵەكان مایەی گرفتە، چونكە ڕەنگە لە وەختێك منداڵەكە، یان هەرزەكارەكە پێویستی بەوە بێت، دایكی، یان باوكی ببینێت و قسەی لەگەڵدا بكات، بەڵام دەبێت بەپێی خشتەكە چاوەڕێی كاتی سەردانەكە بكات كە دادگا بۆی داناون، بۆیە ئەو بینینە ناتوانێ‌ بێ‌ باوكی و بێ‌ دایكیی منداڵەكە چارەسەر بكات، زۆرجاریش باوك یان دایك دیارییەك بۆ منداڵەكە دەكڕێت، دەبینین دایكەكە یان باوكەكە واتا لایەنەكەی دیكە هەموو رقی خۆی بەو دیارییە دەڕێژێت و دوور نییە بیشكێنێت، ئەوەش دیسان لای منداڵ بارودۆخێكی نامۆ و ناخۆش دروست دەكات و منداڵەكە گۆشەگیر دەكات، هه‌ندێك جار دوای جیابوونەوەی خێزانەكان منداڵەكە بەهیچ لایەك نادرێت، بەڵكو دەدرێتە خێزانی جێگرەوە، یان دەدرێتە خانەی بێسەرپەرشتان، ئەوكاتە دەروونی منداڵەكە جێگیرتر و باشتر دەبێت».
له‌لای خۆیه‌وه‌ ئەحمەد شافعی ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوای یەكێتیی زانایان لە هەرێمی كوردستان، باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ لیژنەی باڵای فەتوا و وەكو لایەنی شەرعی میللەتی كورد لەسەر رێڕەو و مەزهەبی ئیمامی شافعی دەڕوات و گوتی «كاتێك كە جیابوونەوە لەنێوان دوو هاوسەردا روودەدات، هەم لە ڕووی شەرعەوە و هەمیش لەڕووی یاساییەوە منداڵ دەدرێت بە دایك، هەرچەندە باوكەكەشی داوای بكات، ئەگەر منداڵەكە كچ بێت، یان كوڕ چونكە لەئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بەهیچ شێوەیەك جیاوازی لەنێوان كوڕ و كچ نەكراوە، بە مەرجێك دایكەكە ڕێگە لەباوكەكە نەگرێت بۆ بینینی منداڵەكان و بەپێچەوانەوە ئەگەر لای باوكەكە بوون، ئەگەر دایكەكە نەیویست لەو كاتەدا دەدرێت بە دایكی ئافرەتەكە، هەتاوەكو ئەو منداڵە دەگاتە ئاستی ئەوەی كە چاكە و خراپەی خۆی لەیەكتر جیابكاتەوە، ئەوكات دەتوانێ‌ بڕیاری خۆی بدات كه‌ لای دایكەكەی، یان باوكەكەی دەمینێتەوە، بێ ئەوەی شەرع و یاسا فشاری بخەنە سەر، تەنانەت جاری وا هەبووە دایكی دایكەكەش منداڵەكەی نەویستووە، لەو حالەتەشدا منداڵ بەهیچ شێوەیەك نادرێتە دەست پیاو كە باوكی منداڵەكەیە، بەڵكو دەدرێت بە دایكی باوكەكە».
Top