ئەو كچەی بە ناوی خۆشەویستییەوە فریو درا

ئەو كچەی بە ناوی خۆشەویستییەوە فریو درا
زۆرجار ماڵ و سامان بۆ مرۆڤ و بەتایبەتی بۆ ئافرەتان دەبێتە مایەی ناخۆشی و كێشە، تەنانەت بەرەو پەتی سێدارەشی دەبات.
(سۆنیا) لە خێزانێكی دەوڵەمەند و خواپێداو بوو، (هێمن)یش له‌ خێزانێكی هه‌ژار بوو كه‌ بە ناوی خۆشەویستی زۆر هێمن و ژیرانە خۆی خزاندە نێو ژیانی (سۆنیا).
(هێمن) خۆشەویستێكی دیكەی هەبوو بەڵام بۆ ئەوەی دەستی بگاتە ماڵ و سامانی (سۆنیا) ماوەیەك خۆی لە خۆشەویستەكەی دوور خستەوە، تاوەكو بگات بەو ئامانجەی كەوا پیلانی بۆ داڕشتبوو، هەر چەندە ئەم دوو خێزانە لە هەموو روویەكەوە زۆر لە یەكتری دوور بوون، هەر لە بەر ئەم هۆیەشەوە باوكی (سۆنیا)، (هێمن)ی رەتكردبووەوە و بەو هاوسەرگیریە رازی نەدەبوو، بەڵام (هێمن) كە ئەوەی زانی و زانی تاوەكو باوكی (سۆنیا) مابێ مەحاڵە ئەم پیلانەی سەر بگرێ، بۆیە هەوڵیدا بە هەر جۆرێك بێت، باوكی (سۆنیا) لە گۆڕەپانەكە دوور بخاته‌وه‌، بۆیه‌ بە بەردەوامی بەدوایەوە بوو، بۆ ئەوەی ئەم پیاوە بە دەردێك بەرێ، لای (سۆنیا)ش خۆی بە كوڕێكی دڵسۆزو خەمخۆری ئەم بنەماڵەیە دانابوو، تاوەكو رۆژێك باوكی (سۆنیا) لە رێگایەك دەبینێ و هەلی بۆ دەڕەخسێت و لە پێش ئۆتۆمبێلەكەی زۆر ئەم لاو ئەو لا دەكات، تاوەكو وەریگێڕێ، لە ئەنجامداش وای لێدەكات و باوكی (سۆنیا) دەبرێتە نەخۆشخانەی فریاكەوتن و باری تەندروستی باش نابێت و (هێمن)یش لە بەر چاوی (سۆنیا) ئەو كوڕە دڵسۆزە و خەمخۆرەی جارانە و بگرە زیاتریش، دوای مانەوەی باوكی (سۆنیا) بە چەند رۆژ لە نەخۆشخانە باری تەندروستی بەرەو خراپتر دەچێ و دكتۆرەكان پێیان باشترە هەرچی زووە بگەیندرێتە دەرەوەی وڵات، چونكە چارەسەری لێرە ناكرێت، ئەوە بوو باوكی (سۆنیا) بۆ چارەسەری رەوانەی دەرەوەی وڵات كرا و گۆڕەپانەكە بۆ (هێمن) چۆڵ بوو، ئەویش ئەوەی هەیبوو لە فێڵ و تەڵەكەبازی بە ناوی خۆشەویستی هەمووی بۆ (سۆنیا) داڕشت و ماوەیەك بەمجۆرە مانەوە ئینجا ژیانی هاوسەرگیرییان پێكهێنا، لە بەر ئەوەی (سۆنیا) تاقانەی باوكی بوو بۆیە ئیشوكارەكانی باوكی بۆ ئەم مابۆوە و ئەویش لە هاوسه‌ره‌ دڵسۆزەكەی زیاتر دەبێ كارەكان بەكێ راسپێرێت؟ ئەم كوڕە بەم جۆرە بووە خاوەن كۆمپانیاو رۆژانەش بە فێڵی ئیش بڕە پارەیەكی باش بە (سۆنیا) پڕدەكردەوە، بەم جۆرە (هێمن) پاره‌یه‌كی زۆری ده‌ستكه‌وت و ئەو كچەشی هێنا كەوا پێشتر خۆشی ویستبوو، بێ ئەوەی (سۆنیا) ئاگای لێبێت، ماڵی بە پارەی (سۆنیا) بۆ پێكهێنا و ئینجا دەستی كرد بە بیانووی دیكە گوایە ئیشەكانی لە شوێنەكان ناڕوات، چونكە وەكالەی نییە و پێویستی بە وەكالەیە و ناتوانێ بۆ هه‌ر ئیشێكی بچووك بێت بەدوای (سۆنیا)دا، ئەم قسانە و چەندی دیكەی لەمجۆرە (سۆنیا)ی ناچار كرد كەوا وەكالەی گشتی بۆ بكات و تاوەكو بە تەواوەتی دەست و دەمی بخاتە نێو سامانەكەی و بە ئارەزووی خۆی هەڵسوكەوتی پێ بكات، تەنانەت زۆریشی لەو ماڵ و موڵكانە خستە سەر ناوی ژنەكەی و دوای ئەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ (سۆنیا) گۆڕا و هەر ئەو كوڕە باشەی جاران نەما و رۆژانە مەهانەی بە (سۆنیا) دەگرت و تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی لێشی بدات، به‌ڵام (سۆنیا) بەڕاستی (هێمن)ی خۆشدەویست، بێ ئاگاش بوو لەو هەموو پێلان و قۆڵبڕییەی كەوا لێی كراوە، دوای ئه‌وه‌ی گومانێك لای دروست ده‌بێت، (سۆنیا) بڕیار دەدات لەمەودوا خۆی سەرپەرشتی كارەكانی كۆمپانیا بكات، كاتێكیش دەچێت بۆ كۆمپانیا چاوی بە خۆشەویستە كۆنەكەی (هێمن) دەكەوێت و پڕسیاری لێ دەكات، تاوەكو بزانێت بە چ سیفەتێك لەو شوێنەیه‌ و ئەویش زۆر بێویژدانانه‌ هەموو قسەكانی بۆ دەكات، تەنانەت لە كۆمپانیای باوكیشی دەری دەكات، (سونیا) بە پەلە دەگەڕێتەوە ماڵەوە و له‌گه‌ڵ(هێمن) دەبێتە شەڕیان و ئه‌ویش باسی ناپاكی خۆی بۆ دەكات و بەدەم جنێودان، پێشی دەڵێت كە ئەو وای لە باوكی كردووە بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەكەی دوورخاتەوە، پێشی رادەگەیه‌نێ كەوا ئێستا نە بە خۆی و نە بە باوكی خاوەنی هیچ نین و كۆمپانیاكەشی خستۆتە سەر ناوی ژنەكەی و دایكی منداڵەكەی كەوا لە سكیتی و لە دواڕۆژدا ناوی هەڵدەگرێ و بە (سۆنیا) دەڵێت: هەرچی زووە بڕۆ دەرەوە، ئەگینا بەشەق فڕێت دەدەمه‌ ده‌ره‌وه‌، دادەنیشێت و دەمانچەكەشی لە سەر مێز لە تەنیشتی دادەنێت، لەو دەمەدا تەلەفۆنێكی بۆ دەكرێت و لە شوێنی خۆی هەڵدەستێت و كەمێك دوور دەكەوێتەوە، (سۆنیا)ش به‌ ده‌رفه‌تی ده‌زانێت و په‌لاماری ده‌مانچه‌كه‌ ده‌دات، و پێی ده‌ڵێت: بەداخەوە مرۆڤی بێویژدان و دڕندەی وا لە نێو ئەم كۆمەڵگەیەدا هه‌یه‌، پێتوایه‌ ئیتر هیچم لەدەست نەماوە، راسته‌ گه‌ر سكاڵای یاساییش تۆمار بكه‌م، هیچم بۆ ناگەڕێتەوە، تەنیا خۆماندووكردن و سەرئێشە دەبێت، به‌ڵام ده‌كرێ كۆتایی به‌ فیڵه‌كانت بێنم، ئیتر دەمانچەكە چەند فیشەكێكی لێ بەتاڵ دەكات و (هێمن) دواهه‌ناسه‌ی ده‌دات و (سۆنیا)ش تووشی گرتووخانه‌و سزای یاسایی له‌سێداره‌دان ده‌بێت.
Top