د.بەشیر حەداد بۆ گوڵان: ئافرەت بۆی هەیە قورئان تەفسیر بكات و باسی حوكمەكانی قورئان بكات و تەنانەت ئیجتهادیش بكات

د.بەشیر حەداد بۆ گوڵان: ئافرەت بۆی هەیە قورئان تەفسیر بكات و باسی حوكمەكانی قورئان بكات و تەنانەت ئیجتهادیش بكات
پرسی خانمان و كاركردنیان لەدەرەوەی ماڵ و هەروەها بەشداریكردنیان لەپرۆسەی سیاسی و حكومڕانی، گەلێك جار ئاستەنگی جۆراو جۆری بۆ دروستدەكرێت، هەتا ئەگەر خانمان بەشداری سیاسەت یان حكومڕانیش بكەن دوورن لە پرۆسەی بریار دروستكردن و كەمتر لە پۆستە باڵاكاندا دەبینرێن، بۆ دوورخستنەوەی ئافرەتیش لە دروستكردنی بریار تێڕوانینی پیاوسالاری چەندین بیانووی جۆراو جۆر دەدۆزنەوە، هەندێك جار پەیوەستی دەكەن بە ئایینەوە، گوڵان لە ژمارەكانی پێشتریدا چەندین لایەنی پێكهاتەی بایۆلۆژی و لیهاتوویی توانای ئەقڵی ئافرەتانی لەگەڵ پسپۆران و تایبەتمەدان باسكردووە و هەموو لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەوە تێڕوانینی پیاوسالاریی و هەندێك دابونەریتی كۆمەڵگە دەبنە هۆكار بۆ دوور خستنەوەی ئافرەت لە سیاسەت و پۆستە باڵاكانی حكومڕانی، بۆیە ئەمجارە ئەم پرسی مافی خانمان لە كۆی سیاسەتی كۆمەڵگەدا لە روانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە دەخەینە روو، بۆ قسەكردن لەگەڵ ئەم پرسە گرنگە، گوڵان سەردانی د.بەشیر حەداد ئیمام و خەتیبی مزگەوتی جەلیل خەیاتی لە هەولێر كردوو، بە وردی ئەم پرسەی تاوتوكرد، بە سوپاسەوە د.بەشیر حەداد بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە:

* پەروەردگار لەو پەیامەی لە ریگەی قورئانی پیرۆزەوە ئاراستەی مرۆڤەكانی كردووە وشەی (الناس) ی بەكارهێناوە، وشەی (الناس) یش بۆ ئەوەیە هەردوو رەگەزی نێر و مێ بگرێتەوە، ئایا تا چەند ئیستیغلالكردنی تایبەتمەندی رەگەزی مێینە لەلایەن رەگەزی نێرەوە دژ بە پەیامی پەروەردگار رادەوەستیتەوە؟
- بەشێوەیەكی گشتی پێش جیاكردنەوە بۆ رەگەزی نێر و مێ، پەروەردگار مرۆڤی دروستكردووە، بەرێزترین دروستكراویش لای خوا مرۆڤە، مرۆڤیش بە هەردوو رەگەزی نێر و مێیەوە لای خوا زۆر بەرێزە، هەروەها دەبێـت ئەوە بزانین كە بێجگە لە مرۆڤ خوای گەورە دروستكراوی دیكەشی هەیە، بەڵام لەنێو هەموو ئەمانەدا مرۆڤ لە هەموویان بەرێزترە، ئەمەش لە قورئانی پیرۆزەدا پەروەردگار ئاماژەی پێداوە بەوەی دەفەرموویت (لقد كرمنا بني آدم)، ئەمەش مانای ئەوەیە ریزمان لە مرۆڤ ناوە لەبەر ئەوەی بەجوانترین شێوە دروستمانكردووە، بیرو هۆشمان پێی بەخشیوە، توانای بیركردنەوەمان، توانای هەڵبژاردن، هەلبژاردنی نێوان چاكە و خراپەو تاریكی و رووناكیمان داوەتێ، هەروەها هەر مرۆڤیشە توانای هەڵبژاردنی شتی دژ بە یەكیشی هەیە، یەكێك لە دروستكراوەكانی دیكە فریشتەكانن كە ئەوان تەنها خواپەرستی دەكەن و تەنها توانای كاری چاكەیان هەیە و ناتوانن كاری خراپ ئەنجامبدەن، بۆیە ئەگەر مرۆڤ هەر تەنها چاكەی كرد و خراپەی نەكرد، ئەوا لای خوا لە فریشتەش بەڕێزترە. بێگومان مرۆڤیش پیاو و ئافرەت یان نێر و مێ یە، خۆ خوای گەورە دەیتوانی مرۆڤایەتی لە یەك رەگەز دروستبكات، بەڵام خوا بۆیە مرۆڤی لە دوو رەگەز دروستكردووە هەتا پەیوەندییەكی خۆشەویستی و هاریكاری و تەواوكاری لە نێوانیاندا هەبێت. بەمەش بە هەردووكیان دەبنە مرۆڤێكی تەواو، ئەمەش بەو مانایەی نێر بە بێ مێ ژیانەكەی كەمووكورتی هەیە بە هەمان شێوە (مێ) ش بێ نێر ژیانی ناتەواوە، بەڵام هەردووك كە بەشدار بوون لە دروستكردنی ژیان بەرەو پێشەوە بردنی ژیان.
پەروەردگار لە قورئاندا بێجگە لەوەی وشەی (الناس)ی بەكارهێناوە هەردوو رەگەزی نێر و مێ دەگرێتەوە، بەڵام ئایەتی دیكەشمان هەیە كە زۆر راشكاوانەتر باس لە ئافرەت دەكات، هەربۆنموونە پەروەردگار سورەتیكی درێژی قورئانی ناو ناوە(النساء)، ئەمە لە كاتێكدا سورەتێك نیە بەناوی پیاوانەوە، هەروەها زۆر لە ئەحكامی پەیوەست بە ئافرەتان لە سورەتی (النساء) باسكراوە، لە سەرەتای ئەم سورەتە پەروەردگار دەفەرموویت:يا ايها الناس اتقوا ربكم الذي خلقكم من نفس واحدة، وخلق منها زوجها) ئەمەش واتە ئەی خەڵكینە خواپەرستی ئەو خودایە بكەن و فەرمانەكانی ئەو خوایە جێبەجێ بكەن، كە هەمووتانی لەیەك سەرچاوە دروست كردووە، ئەویش حەزرەتی ئادەمە، كەواتە ئەو سەرچاوەیەی كە پیاوی دروستكردووە هەمان سەرچاوەیە كە ئافرەتیشی دروستكردووە، هەر بۆیە ژن و پیاو یان نێرو مێ لە مرۆڤایەتی یەكسانن، ئەم یەكسانییە بەرزترین یەكسانییە كە ئەمرۆ لە جیهاندا كەم مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر دانمان بەوە دانا كە ئافرەت وەك پیاو مرۆڤێكی یەكسانە ئەوا زۆر لە كێشەكانی چارەسەر دەبێت، لەبەر ئەوەی پێش ئەوەی سەیری ئافرەت بكرێت وەك مێینە، دەبێت وەك مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و دانی پێدا بنرێت..كەواتە حیكمەتی پەروەردگار لە دروستكردنی مرۆڤ بە دوو رەگەز بۆ ئەوەیە تەواوكاری یەكتری بن و هەریەكەیان بەشێك لە ئەركەكانی كۆمەڵگە جێبەجێ بكەن، لەبەر جێبەجێكردنی ئەركەكان نە هەمووی بە پیاو دەكرێت نە هەمووشی بە ئافرەت دەكرێت، بۆ بەرێوەبردنی ئەو بەشەی ئافرەتیش، خوا هەموو توانایەكی بە ئافرەت بەخشیوە بۆ ئەوەی بەشەكەی خۆی بە بەباشی جێبەجێ بكات، ئەم توانایەش، تواناو لیهاتووی ئەقڵی ئافرەت بێـت، یان شێوازی تایبەتمەندی دروستكردنی بایۆلۆژی جەستەی ئافرەت بێت، لەبەر ئەوەی جەستەی ئافرەت لە رووی بایلۆژییەوە جیاوازە لە جەستەی پیاو، كەواتە نێر و مێ لە رووی پێكهاتەی بایلۆژییەوە وەك یەك نین و یەكسان نین، هەر ئەمەش پەروەردگار دەفەرموویت (و ليس الذكر كالانثى)، ئەمە مانای ئەوە نییە ئافرەت وەك پیاو نییە، لە مرۆڤایەتی یان ئەرك و ماف، بەڵكو لەرووی پێكهاتەی بایۆلۆژییەوە، ئەم پێكهاتە بایلۆژییە جیاوازەش كۆمەڵیك تایبەتمەندی داوە بە ئافرەت، بۆ نموونە ئافرەت توانای منداڵ بوونی هەیە، ئەمە لە پیاودا نییە، ئافرەت توانای ئەوەیە سۆزی زیاتر بە كۆرپەكەی ببەخشێت، پیاو ئەو توانایەی نییە، ئەگەر هەشی بێت لە توانای سۆزداری ئافرەت كەمترە، لەبەرامبەردا پیاو بەشێوەیەكی گشتی توانایەكی جەستەیی زیاتری لە ئافرەت هەیە، بۆیە دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە نێر و مێ یان ژن و پیاو پێكەوە دووباڵی ژیان پێكدەهێنن. بەڵام ئەم دووباڵە هەر یەكەیان ئەركی خۆی هەیە و تایبەتمەندی هەر یەكێكیشیان بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەیە كە دەكەوێتە سەر شانی هەر یەكەیان. بۆیە ئەو تایبەتمەندیانەی ئافرەت بۆ ئەوە نییە پیاو ئیستغلالی بكات، بەڵكو ئەم تایبەتمەندیانە بۆ ئەوەیە بە هاوكاری لەگەڵ تایبەتمەندییەكانی پیاو ژیان دروست بكات و ژیان بەرەو پێشەوە ببات، لەمباروە پەروەردگار دەفەرموویت (هن لباس لكم، وانتم لباس لهن)، ئەمە واتە ئەی پیاوان ئێوە تەواوكاری ژنانن، ژنانیش تەواوكاری پیاوانن، ئەمەش واتە یەكسانی، بەڵام یەكسانی لە رۆڵی هەریەكەیان، كە هەر یەكەیان كەموكوڕی ئەوی دیكەیان تەواو دەكات.
* بەپێی دیكۆمێنتە مێژووییەكانی فیكری سیاسیی، ئەوە تەنها پەیامی پەروەردگارە كە پەیامەكەی ئاراستەی (الناس) كراوە وەك هەردوو رەگەزی نێر و مێ، بۆ نموونە ئەگەر سەیری بەیانی سەربەخۆیی ئەمریكا بكەین تەنها ئاراستەی پیاو كراوە، هەروەها ئەگەر سەیری لائیحەی مافەكانی هاووڵاتیبوونی شۆڕشی فەرەنسا بكەین، دەبینین هاووڵاتی تەنیا پیاوی گرتۆتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لەگەڵ ئەوەی ئێمەی موسڵمانان خاوەنی ئەو پەیامەی پەروەردگارین كە هەردوو رەگەزی نێر و مێی بە یەكسانی سەیركردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەفسیری ئەو پەیامە پیرۆزە تەنها لەلایەن پیاوانەوە كراوە، ئەوا لە تەفسیرەكەدا هێندەی مافەكانی رەگەزی نێر زەقكراونەتەوە مافەكانی رەگەزی مێ شاردراونەتەوە، پرسیاری من ئەوەیە ئایا قورئان رێگەی بەوەداوە رەگەزی مێ بەوجۆرە قورئان بخوێنێتەوە كەوەك رەگەزی مێ ئیجتیهادی تێدا بكات، یان فەرزە دەبێت رەگەزی مێ تەنها تەفسیری رەگەزی نێر بۆ قورئان جێبەجێبكات؟
- پرسیارەكەتان زۆر لق و پۆپی لێدەبێتەوە، ئەمە تەنها یەك پرسیارە بەڵام 10 پرسیاری لەناخیدا هەڵگرتوو، بۆیە دەبێت زۆر بە ووردی وەڵامیان بدەمەوە، جارێ پێش هەموو شت تۆ باسی بەیانی سەربەخۆیی ئەمریكا و لائیحەی مافەكانی هاووڵاتیبوونی فەرەنسات كرد كە تەنها ئاراستەی پیاوكراوە، من دەڵێم نەك هەر لەو دوو دیكۆمێنتەدا، بەڵكو لە ئەوروپا هەتا ماوەیەكی زۆر نزیك دان بە بوونی ژندا نەهاتووە، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكە لە كۆمەڵگە كۆنەكانی ئەوروپا و چین و یۆنان، بەو جۆرە سەیری ژنیان دەكرد بەوەی گیانێكی شەیتانییە و جنۆكەیە، ئەمەش واتە راستە ژن بە دەموچاو وەك مرۆڤە، بەڵام رۆحی ژن وەك رۆحی پیاو نییە و رۆحی پیاو زۆر بەرز و پیرۆزترە لە رۆحی ژن، هەروەها ژن بۆ ئەوە دروستكراوە كە چێژ بە پیاو بدات و خزمەتی بكات و وەچە بخاتەوە و بەس و هیچ مافیكی بەرامبەر بە پیاو نییە، كاتێك ئیسلام پێش زیاتر لە 1400 ساڵ زیاتر مافی بە ئافرەتدا، لەو كاتەدا لەدوورگەی عەرەبی ئافرەتیان زیندە بەچاڵ دەكرد، لەبەر ئەوەی لە سەردەمی جاهیلیەت حەیا و شەرەفی خۆیان لە ئافرەتدا دەبینیەوە، بۆیە لەبەر ئەم هۆكارە كچیان زیندە بەچاڵ دەكرد، بەڵام كە ئیسلام هات ئەمەی قەدەغەكرد و پێ گوتن ئێوە چۆن ئەوە دەكەن گوناهبارن وەك پەروەردگاریش فەرموویەتی: (وإذا الموؤدة سئلت بأي ذنب قتلت)، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم كۆرپە زیندە بەچاڵكراوە رۆژی قیامەت زیندوو دەكرێتەوە و دەپرسیت خوایە لە باوكم بپرسە بە چ تاوانێك منی زیندە بەچاڵ كردووە، لە كاتێكدا منیش مرۆڤیك بووم وەكو ئەوان، بۆیە ئیسلام ئەمەی بە تاوان لەقەڵەمداو قەدەغەی كرد، كاتێك ئیسلام بەشی ئافرەتی لە دارایی و پول و پارە دانا، یان ئەو ئیشەی ئافرەت بۆخۆی دەیكات دەبێت داهاتەكەی بۆخۆی بیت، یان بەشی ئافرەت لە میرات، یان كاری بازرگانی و سەرمایەداری بكات و كۆمپانیایەكی گەورەی هەبێ بۆ هاوردەكردن و ناردنە دەرەوەی كاڵا و شمەك، كە ئێستا ئەم كارە تەنها بۆ پیاوانە، واتە ئیستا بزنسمانە ئەو كات بزنسووەمەن بووە، لەئەوروپای ئەو كاتدا نەك ژن بۆی نەبوو كار بكات، بەڵكو بۆی نەبوو تەنها خاوەنی یەك فلسیش بێت، بۆیە هەرچی هەبوایە هەتا كچ بوو بەناوی باوكی بوو، كە شووی دەكرد بەناوی میردەكەی بوو، هەتا ئەم ساتەی ئێستا من ئەم قسانەی تێدا دەكەم، لە رۆژئاوا ئافرەت ناوی خۆی هەڵناگرێت، هەتا كچە ناوی باوكی هەڵدەگرێت كە شووی كرد ناوی مێردەكەی هەڵدەگرێت، پرسیار ئەوەیە بۆ دەبێت ناوی مێردەكەی هەڵبگرێت؟ ئایا ناكرێت مێردەكە ناوی ژنەكەی هەڵبگریت؟ هەر بۆ نموونە لای خۆمان چەندین پیاوی گەورە بە ناوی دایكیانەوە دەناسرێن، ئەمەش پێشكەوتنێكی گەورەی كۆمەڵگەی ئێمەیە كە بواری داوە پیاو بەناوی ژنەوە بناسرێت، لەبواری خوێندن و فێربوون، پێغەمبەر(د.خ) رێگەی كردەوە كچی موسڵمان فێری خوێندن بێت، فێری زانست و زانیاری بیت، بێجگە لەمانەش بۆ نموونە لەسەردەمی خەلیفە عومەری كوری خەتاب (خ.ل) لە شاری مەدینە ئافرەتێك هەبووە ناوی شیفای كچی عەبدوڵا بوو، كاری (الحسبە) ی دەكرد، واتە كاری سەرۆكی شارەوانی دەكردو سەرۆكی شارەوانی مەدینە بووە، ئەم خانمە لەناو شاری مەدینە سوڕاوەتەوە بۆ ئەوەی بزانیت چ سەرپێچییەك لە بەڕێوەبردنی ژیانی رۆژانە دەكرێت، ئەمە لە ئیسلامدا هەبووە كەی لە ئەوروپا شتی واهەبووە، لەمەش زیاتر كاتێك ئیسلام بوار دەدا ئافرەت كاری خۆی بكات و بە یەكسانی وەك پیاو مووچەكەی بدەیتێ بێ ئەوەی لێی كەمبكەیتەوە، بەڵام لە رۆژئاوا كاریان بە ئافرەت دەكرد بە كاتژمێری زیاتر و بە مووچەی كەمتر لە پیاوان، هەتا خۆپیشاندانەكانی كرێكارە ئافرەتەكانی شیكاگۆ كە بەتوندی سەركوتكران، ئەو رۆژە رۆژی 8ی مارس بوو كرا بەرۆژی ئافرەتان و ژنان دیاریكراوە، هۆكاری ئەو خۆپیشاندانە ئەوەبوو كە ئافرەتان زیاتر لە پیاو كاریان دەكرد و مووچەكەشیان لەپیاو كەمتر بووە، هەروەها ئیستیغلال و هەتك دەكران، هەروەها ئیسلام مافی ئەوەی بە ئافرەتداوە بەوەی راوێژی پێبكرێت، پێغەمبەر(د.خ) كە هەم سەرۆكی دەوڵەت بووە، هەم وەك پێغەمبەر(د.خ) هەم وەك سەركردە، لەیەكێك لە كاتە زۆر هەستیارەكان و لە سوڵحی حودەیبییە كە خەریك بوو موسڵمانان پارچە پارچە بن، هات راوێژی بە خێزانەكەی خۆی كرد كە ناوی (ام سلمە) بوو لەگەڵیدا بوو، ئوم سەلەمە راوێژی پێشكەشی پێغەمبەر(د.خ) كرد و بەراوێژەكەی ئەو كێشە چارەسەركرا و موسڵمان لە پارچە پارچە بوون رزگاركرا، كەواتە لەو كاتە ناسكە پێغەمبەر(د.خ) بەقسەی ژنی كرد، ئەم رووداوە ئەو قسەیە رەشدەكاتەوە كە ئێستاش لەناو خەڵكیدا باوە كە دەڵین: (راوێژ بە ژن بكە، بەڵام بە قسەی مەكە)، چونكە پێغەمبەر (د.خ) راوێژی بە ژن كردووە و بەقسەشی كردووە و سەركەوتووش بووە، جگە لەمە ئافرەت لە ئیسلامدا مافی پەنابەرێتی داوە بەخەڵك، هەر بۆ نموونە لەكاتی فەتحی مەكە، هەندێك لە بێ بڕوایان كەپێشتر زۆر قسەیان بە ئیسلام و پێغەمبەر (د.خ) گوتبوو، دەترسان بكەونە دەست موسڵمانان و بكوژرێن، لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەر هەموویانیشی ئازاد كردبوو، بەڵام یەكێك لەو بێ باوەڕانە زۆر دەترسا پەنای بۆ ماڵی (ام هاني) ) ئامۆزای پێغەمبەر(د.خ) و خوشكی عەلی بن ئەبی تالیب(خ.ل) برد و داوای كرد خۆی بشارێتەوە، بۆیە بە ئوم هانی وت پەنام بۆ تۆ هێناوە عەلی برات دەیەوێت بمكوژێت، ئوم هانی پێی وتووە،وا من پەنات دەدەم كەس ناتوانێت دەستت بۆ بەرێت، هەتا عەلی بن ئەبی تالیب (خ.ل) زانی ئەم پیاوە لەماڵی خوشكیەتی، هەستا چووە ماڵی ئوم هانی خوشكی داوای لیكردووە ئەو كەسەی تەسلیم بكات و بیكوژیت، بەڵام ئوم هانی داواكەی ئیمامی عەلی رەتدەكاتەوە وپێی دەڵێت: با بچینە لای پێغەمبەر(د.خ) بۆ ئەوەی ئەو حوكممان بكات، كە دەچنە لای پێغەمبەر (د.خ)، ئوم هانی پێی دەڵێت: فلان پیاو كە ئێوە فەرمانی كوشتنتان داوە هاتۆتە ماڵەكەی من و داوای پەنادانی كردووە و منیش پەنامداوە، كەچی ئێستا عەلی بەدوایەتی و دەیەوێت بیكوژێت، پێغەمبەر دەفەرموویت (قد اجرنا من اجرت يا ام هاني) واتە ئەوەی تۆ پەناتداوە، ئێمەش دانمان بە پەنادانەكەی تۆ دانا كەس ناتوانێت بیكوژێت، ئەمە مانای ئەوەیە ئافرەت مافی پێدانی پەنابەری هەبووە، با لەخۆمان بپرسین ئایا ئەم هەموو مافەی ئیسلام بە ئافرەتی داوە ئەمڕۆ ئاشكرا دەكرێن، راستە ئەمانە وەك مێژوویەك بوونیان هەیە، وەك ئاینیش پێویستە ئێمە وەك موسڵمان جێبەجێی بكەین، لەمەش گرنگتر كاتێك پێغەمبەر(د.خ) ئەمانەمان پیشاندەدا، واتە ئەمانە دەكرێن، ئیمامی عومەر (خ.ل) بۆیە ئافرەتێكی كردە سەرۆك شارەوانی واتە ئەمە دەكرێت، پێویستە ئێمەش بیكەین، بۆیە پێغەمبەر (د.خ) بواری دا ئافرەت بخوێنێت و بازرگانی بكات، بۆ ئەوە بوو پێمان بڵێت ئەمانە دەكرێن، لەمەش گرنگتر باسەیری تێڕوانینی ئیسلام بكەین بۆ ئافرەت، (د.خ) فەرموویەتی بوونی كچ لەماڵدا بەرەكەتە، نەیوتووە بوونی كوڕ بەرەكەتە،(من بركة الامرأة تبكيرها بالانثى) ئەمەش واتە ئەگەر خوای گەورە بەرەكەت بهاوێتە دایكێك یان ماڵێك نۆبەرەكەی كچ دەبێت، ئەمەش واتە ئافرەت هەتا كچە بەرەكەتە، كە بوو بە هاوسەر نیوەی ئیمانە بۆ پیاو، كە بوو بەدایك ئیسلام دەڵێت بەهەشت لەژێر پێی دایكاندایە، پرسیاری من ئەوەیە چۆن دەبێت ئافرەت ئەم مرۆڤە بێت و لەسەر سەرمی دانەنێم؟ من ئیسلام وام پێدەڵێت،، بەڵام ئەوەش راستە ئێمەی موسڵمان لە واقیعی خۆماندا وەك ئایینەكەی خۆمان كە ئیسلامە مامەڵە ناكەین، بەداخەوە ئێمەی موسڵمان وەك ئیسلام مامەڵە لەگەڵ ئافرەت ناكەین، زۆر جار توندوتیژی بەرامبەر دەكەین و مافی دەخۆین، وەك مرۆڤ سەیری ناكەین، بۆیە خەڵك وادەزانێت ئایینەكە بەو جۆرەیە، نەخێر ئاینەكە بەو جۆرە نییە وەك باسم كرد، بەڵكو ئەوە موسڵمانن وەك ئایینەكە مامەڵە ناكەین.
* ئەی سەبارەت بە تەفسیركردنی قورئان لەلایەن ئافرەتەوە ئایا جائیزە؟
- راستە تەفسیری قورئان زۆربەی پیاو دەیكات، بەڵام ئافرەتیشمان هەیە تەفسیری قورئانی كردووە، ئافرەتمان هەیە زانای ئایینییە، حەزرەتی عائیشە لە سەردەمی پێغەمبەر(د.خ) قورئانی تەفسیر كردووە، پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموویت:(ئەی خەڵكینە ئەی پیاوەكان نیوەی ئاینی خۆتان نیوەی شەریعەتی خۆتان ئا لەم ئافرەتە سووركەلەیە وەربگرن) كە مەبەستی حەزرەتی عائیشەیە، لە سەردەمی ئومەویەكان لە دیمەشق و لەناو مزگەوتی ئومەوی ئافرەتێك ناوی (ام الدرداء) بوو وانەی دەوتەوە، بەسەدان زانای گەورە گەورەی پیاو لە پۆلەكەی دادەنیشتن و (ام الدرداء) زانستی فێردەكردن، ئێستاش بە دەیان و بەسەدان ئافرەتمان هەیە، هەڵگری بروانامەی دكتۆراو شەریعەتی ئیسلامین، بەڵام ناویان دیار نییە، بەڵی وەك ئایین چۆن پیاو بۆی هەیە باس لە ئایەتێك بكات و تەفسیری بكات، بەهەمان شێوە ئافرەتیش بۆی هەیە باسی بكات وتەفسیری بكات، بۆی هەیە باسی حوكمێكی قورئان بكات، بۆی هەیە ئیجتیهاد بكات، لەمەدا هیچ جیاوازییەك لەنێوان ژن و پیاودا نییە. ئەوجا ئافرەت بۆخۆی ئەم كارە ناكات، یان پیاوەكان كەمتر بواریان پێدەدات، ئەوەیان مەسەلەیەكی دیكەیەو ئاینەكەمان واناڵێت. باشە لێرەدا گرنگە پرسیار بكەین، ئایا چی بكەین لە كاتێكدا ئاینەكەمان بەو جۆرە رێزی ئافرەت دەگرێت و موسڵمانی مرۆڤ كەموكوڕی هەیە؟ من پێموایە زۆر پرس هەیە زۆر گرنگە ئافرەت بیزانیت لەوانە: دەبێت ئافرەت بوێر و چاونەترس بێت، چونكە ناكرێت ئافرەت لەبەر شەرمكردن واز لەهەموو مافەكانی خۆی بهێنێت. بۆیە ئافرەت پێویستە بوێرانە داوای مافی خۆی بكات، بەڵام داوای زیاتر نەكات لەبەر ئەوەی دەبێتە زوڵم، بۆیە گرنگە ئافرەت بزانێت وەك شەرع، لەشەرعدا مافیكی زۆری هەیە، وەك یاساش، لە یاساكاندا مافیكی زۆری هەیە. ئافرەت بەپێی شەرع و یاسا مافیكی زۆری لە میراتدا هەیە، بەڵام زۆر جار لەبەر ئەوەی شەرم دەكات و دەڵێت عەیبە بچمە دادگا واز لە مافەكەی خۆی دەهینیت، نموونەیەكی دیكە مەسەلەی تەڵاق، دەڵین تەڵاق بەدەستی پیاوە، پێویستە ئافرەت بزانێت كە ئیسلام ئەو مافەی پێداوە و چوار جۆر تەڵاق هەیە یەكێكیان بەدەستی پیاوە بەمجۆرە: (تەڵاقێك وەك ئەوەی باوە بەدەستی پیاوە، تەڵاقی جۆری دووەم بەدەست ژنە، تەڵاقی سێهەم بەدەست هەردووكیانە، تەڵاقی چوارەم بەدەستی كەسی سێهەمە). كەواتە تەڵاقی یەكەم ئەوە تەڵاقی ئاساییە بەدەستی پیاوە، تەڵاقی دووەم كە بەدەستی ژنە، ئەوەیە كاتێك كە ژن مێرد دەكات مافی خۆیەتی لەكاتی مارەكردن بڵێت من بە مەرجێك مێرد بەتۆ دەكەم تەڵاق بەدەستی خۆم بێت، واتە مێردەكە ئەو مافە بداتە ژنەكە كە تەڵاق لای ئەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ژنەكە دەڵێت تۆ هەر كاتی من تەڵاق بدەیت هەتا من رازی نەبم ئەم تەڵاقە نەكەوێت، بۆیە ئەگەر پیاو ئەم تەفویزەی دا، ئەوا تەڵاق دەكەویتە دەست ژن، تەڵاقی سێهەم بەدەست هەردووكیانەوەیە، ئەمەش بەو جۆرەیە كە مەسەلەی (خلع)ە، پیاوەكە دەڵێت من تەڵاقت دەدەم بەمەرجێك من چ مارەییم بەتۆ داوە بمدەیتەوە، ژنیش دەڵێت ئەوەندە زێڕ و مارەییت دەدەمەوە بەمەرجێ تەڵاقم بدەیت، ئەمە بەرێككەوتنی هەردووكیان پێی دەگوترێت(خلع). تەڵاقی چوارەم ئەمەیان ئەوجۆرەیە كە پیاوێكی زاڵم زوڵم لە ژنەكەشی دەكات وتەڵاقیشی نادات، ژن شەكوای خۆی دەباتە دادگا و دادگا بانگی پیاوەكە دەكات، كە بۆی دەركەوت پیاوەكە زاڵمە، ئەو كات دادگا تەڵاقی دەدات، هەروەها لەمەسەلەی میراتیشدا كە دەڵێن (ئافرەت نیوەی پیاو دەبات) من دەمەوێت ئەمەش روون بكەمەوە، كە ئەمەش لە هەموو حاڵەتێكدا وانییە،بەڵكو ئەمە تەنها یەك حاڵەتە لەناو 32 حاڵەتدا، واتە 32 جۆر دابەشكردنی میرات هەیە، تەنها لەیەك جۆریاندا ژن نیوەی پیاوی بەردەكەوێت. ئەمەش واتە ئەگەر پیاو مرد و كوڕ و كچی لەپاش بەجێما، ئەوە كچ نیوەی كوڕی بەردەكەویت، بەڵام ئەگەر كچەكە بەتەنیا بوو برای نەبوو، ئەوا نیوەی سامانی باوكەكە بۆ كچەكەیە، ئەگەر دوو كچ بوون، دوو لەسەر سێی میراتەكە بۆ كچەكانە و یەك لەسەر سێی بۆ كەسوكارەكەیەتی، ئایا ئافرەت لە پیاو زیاتر میراتی وەرنەگرتووە؟ كاتێك پیاو دەمرێت و دایكی و باوكی لە ژیاندا ماون، ئەوا لە میراتی كوڕەكەیان یەك لەسەر شەش بە یەكسانی بۆ دایك و باوكە، ئایا لێرەدا ژن و پیاو یەكسان نەبوون؟ بۆیە گرنگە ئافرەت بزانیت ئەو مافانەی هەیەو داوای بكات.
* ئایا لەروانگەی خواپەرستی و ئەركەكانی سەرشانی نێر و مێ، ئیسلام جیاوازی كردووە، یان ئەركەكانی بەیەكسانی بۆ هەردوو رەگەز دیاری كردووە؟
- ئەركی نێر و مێ لە ئیسلامدا دیاركراوە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی ناتوانین بڵێین مێ لە نێر زیاتر پابەندە بەرێنماییەكانی پەروەردگار، بەڵكو كامیان زیاتر پابەندتر بێت ئەویان لای خوا بەڕێزترە(ان اكرمكم عند الله اتقاكم)، ئەمەش واتە لەئیسلامدا نێرسالاری نییە، هەروەها مێسالاریش نییە، بۆیە ئەو كەسە (ئەوجا چ نێر بێت یان مێ) لای خوا نزیكترە كە باشتر ئەركەكانی سەرشانی جێبەجێ دەكات، بەڵام ئافرەت بەپێی سروشتی خۆی و ئەو ئەركەی بۆی دیاریكراوە، هەندیك تەكلیفاتی كەمترە لە پیاو،واتە ئەو داوایە كە لە ژن كراوە كەمترە لەو داوایەی لە پیاو كراوە، بۆ نموونە پیاو داوای لێكراوە لە كاتی دوژمنكاری بۆ سەر نیشتمان یان وڵاتی موسڵمانان جیهاد بكات، بەڵام ئەم داوایە لە ژن نەكراوە و واجب نییە، لەو حاڵەتەدا نەبێت ئەگەر شەڕەكە زۆر قورس بێت و ژنان بچن بۆ تیماری برینداران یان هاوكاری براكانی بكات و پێداویستییەكانیان بۆ ئامادە بكات، هەروەها نوێژی هەینی لەسەر پیاو واجبە ئەگەر پیاو نەچێت گوناهبار دەبێت، بەڵام بۆ ژن واجب نییە، ئەگەر بشچێت خێری بۆ دەنووسرێت،بەڵام ئەگەر نەشچێت بۆ نوێژی هەینی لەبەر كاری ماڵەوە گوناهبار نابیت. ئافرەت لەرووی پێكهاتەی بایۆلۆژییەوە تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆنموونە لە كاتی سوڕی مانگانەدا لە نوێژكردن و بەرۆژوو بوون دەبوورێت، بەڵام پیاو ئەم تایبەتمەندییەی نییە. بۆیە هەر ئەمە وایكردووە كە ئافرەت زیاتر پابەند بیت، هەروەها پێغەمبەریش دەفەرموویت هەر ئافرەتیك لەو ئەركەی بۆی دانراوە بەباشی جێبەجێی بكات و هاوكار بێت بۆ هاوسەرەكەی و ئاگاداری زمانی بێت ئەوا دەرگاكانی بەهەشتی بۆ دەكرێنەوە.
* بەڕێزت وەك ئیمام و خەتیب كە ئیمامەتی نوێژی هەینی دەكەیت، ئەوانەی گوێ لەوتاری رۆژی هەینیت دەگرن و ئەوانەشی لەدوای تۆوەوە نوێژ دەكەن، بریتین لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ(بەڵام لە دوو شوێنی جیاواز)، ئایا تۆ وەك ئیمامێك لە گوتاری هەینی و لە پێدانی رینمایی وئامۆژگاری بەو خەڵكانەی دێن بۆ نوێژی هەینی، جیاوازی نێوان رەگەزی نێر و مێ دەكەیت؟ راشكاوانەتر ئەگەر تۆ لە مزگەوتێك ئیمامەتی بكەیت نوێژكەران هەموویان رەگەزی نێر بن، وتارەكەت گۆڕانكاری بەسەردا دێت ئەگەر نوێژكەران لە هەردوو رەگەزەكە تێكەڵ بن؟
- وتاری هەینی بەشێوەیەكی گشتی بۆ موسڵمانانە، بەڵام یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی وتار ئەوەیە كە وتاربێژ سەرنج بدات، ئەو خەڵكانەی گوێ لەوتارەكەی دەگرێت كێن، لەوانە گەنج، پیر، منداڵ، خوێندەوار و نەخوێندەوار هەیە، ژن و پیاو هەیە، بۆیە پێویستە وتارەكە گشتگیر بێت و بەشی هەمووانی تێدا بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە نابێت وتاری وتاربێژی نوێژی هەینی هێندە ئاستەكەی بەرز بێت تەنها دەستەبژێرێكی خویندەوار تێی بگات، هەروەها نابێت هێندە سادە بێت كە خەڵك تاقەتی نەبێت گوێی لێبگریت، بۆیە دەڵێم بەڵێ دەبێ وتار جیاواز بیت، بەڵام جیاوازییەكە لەوە سەرچاوەی نەگرتووە كە ژن جیاوازن لە پیاو، بەڵكو كاتێك وتار بۆ ئافرەتان دەدەیت هەندێك ئامۆژگاری هەن تەنها بۆ ئافرەتانە بۆیە دەبێت زیاتر بایەخ بەم لایەنە بدرێت، هەروەها كە باسی ئەركی پیاویش دەكەین، دەبێت گوتارەكەمان ئاراستەی پیاو بكەین. بۆیە دووبارەی دەكەمەوە پێویستە وتار گشتگیر بێت و بەشی هەموو لایەكی تێدابیت.
* بەرێزتان پێش ئەوەی ببنە یاسادانەر(پەرلەمانتار) بن، ئیمام و خەتیبن و لەمەش زیاتر هەڵگری بروانامەی دكتۆران لە شەریعەتی ئیسلامیدا، بەپێی دیراسەتێك كە بە ناونیشانی (لێگەڕێن با ژنان حكومڕان بن)، ئاماژە بەوە كراوە كە محەمەدی شەشەم پادشای مەغریب لەبەر رۆشنایی خویندنەوەیەكی هاوچەرخانە بۆ شەریعەتی ئیسلام، رێگەی داوە لە ساڵی 2006، نزیكەی 50 خانمی مەغریبی بڕوانامەی ئیمامەتی وەربگرن و لە مزگەوتەكاندا ئیمامەتی نوێژی هەینی بكەن، ئەم بابەتە لەوانەیە بۆ پیاوانی مەغریب ئاسان نەبێت لەدوای ژنەوە نوێژ بكەن، بەڵام پێمان دەڵێت ژنانیش وەك پیاوان مافی ئیمامەتیان هەیە، ئایا بەرێزت سەبارەت بە بوونی ئافرەت بە ئیمام چی دەڵێیت؟
- پێش هەموو شت حكومڕانی بۆ ئافرەت جیاوازە لە ئیمامەتی ئافرەت، لەبەر ئەوەی لە ئیسلامدا ئافرەت بۆی هەیە زۆر لەو كارو پیشانەی پیاو ئەنجامیدەدا بە هەمان شێوەی پیاو ئەنجامی بدات، ئەمەش واتە بۆی هەیە فەرمانبەر،بەرێوەبەر، پەرلەمانتار، وەزیر، راوێژكار، هەتا هەندێك لە زانایان بواری ئەوەیانداوە ئافرەت دادوەر (حاكم)یش بێت، هەندێك لە زانایانی دیكە بواری ئەوەیان داوە ئافرەت ببێتە سەرۆكی گروپێك و وڵات بەڕێوە ببات واتە سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی وڵاتیش بێت، بەڵام بۆ نوێژ، مەسەلەی نوێژ جیاوازە، فەرموودەی راست و دروستی پێغەمبەر(د.خ) و كۆی بۆچوونی هەموو زانایانی ئیسلامی ئەوەیە، كە ئافرەت تەنها دەتوانێت ئیمامەتی بۆ ئافرەتان بكات، واتە ئافرەت دەتوانێت پێشنوێژی بۆ ئافرەتان بكات، بەڵام ئافرەت پێش نوێژی بۆ پیاوان بكات، ئەوا بەپێی فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) و كۆی زانایان جائیز نییە ئافرەت پێش نوێژی بۆ پیاوان بكات، دەكرێت ئافرەت قسە بۆ پیاو بكات و رێنمایی بداتە پیاو، بەڵام بۆ مەسەلەی پێش نوێژی بە تەنها ئەمە جائیز نییە.
* واتە مەبەستت ئەوەیە ئایینی ئیسلام رێگە نادات ئافرەت ئیمامەتی بكات؟
- با وەڵامەكە بەدرووستی بدەمەوە، لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا جائیز نییە ئافرەت ئیمامەتی بۆ پیاوان بكات، بەڵام ئافرەت دەتوانێت ئیمامەتی بۆ ژنان بكات، بەمەرجی نوێژكەران هەموویان ژن بن، بەڵام ئافرەت مافی هەیە قسە بۆ ژنان و پیاوان بكات و وتاریان پیشكەش بكات.
* رەگەزی مێ هەتا ئیستا وا تێگەیشتوون، لە پرۆسەی هاوسەرگیری تەنها ئەهلیەتی زەواج بۆ پیاو دیاری كراوە و ئافرەت تەنها هێندە پرسی پێدەكرێت كە بە كوڕەكە رازییە یان نە، بەڵام بۆ رەگەزی نێر بەرپرسیاریەتی زیاتر دانراوە كە ئەویش پەیوەستە بە توانای خیزان بەخێوكردن، كە پەیوەستە بە پەیداكردنی پارە، بەڵام لە بەرامبەریشدا پەروەردە كردنی خیزانیش هەیە، ئایا پەروەردەكردنی خێزان پێویستی بە ئەهلیەت نییە و دیاری نەكراوە؟
- بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری داوای ئەهلیەت هەم لە كوڕ كراوە هەمیش لە كچەكە، پێغەمبەر(د.خ) ئەو مەرجەی بۆ ئەهلیەتی پیاو داناوە هەمان مەرجی ئەهلیەتیشی بۆ ژن داناوە لە پرۆسەی هاوسەرگیریداو دەفەرمووێت :(ئەگەر كوڕێك هات و داوای كچتانی كرد، ئەم كوڕە هەردوو سیفەتی ئایین و رەوشتی تێدابوو كچەكەی خۆتانی بدەنێ) بێگومان ئایین و ئەخلاق زۆر شت دەگرێتەوە، هەر بۆ نموونە ئەخلاق هەر ئەوەندە نییە كوڕەكە زینا نەكات، نەخێر واتە ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، درۆ نەكات، رێز لە بەرامبەر بگرێت، رێز لە ئافرەت بگرێت، توانای بەخێوكردنی خیزانی هەبێت، ئەقڵ و هۆشی تەواو بێت، دیسان بۆ ئەهلیەتی ئافرەتیش دەفەرموویت (ئافرەت لەبەر چوار شت بەزۆری دەخوازرێت، یان لەبەر ئەوەی جوانە، یان لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندە، یان لەبەر ئەوەی ماڵی باوكی كچە خانەدانن، یان لەبەر ئایین و ئەخلاقەكەیەتی)، پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموویت: ئەو ئافرەتە هەڵبژێرن كە ئایین و ئەخلاقی هەیە، بەوە سەربەرز دەبیت، ئەمەش مانای ئەوە نییە ئەوانی دیكە فەرامۆش بكرێن، بەڵكو ئایین و ئەخلاق پیش هەموو شت لەبەر چاو بگیرێن، ئەوجا ئەگەر جگە لە ئایین و رەوشتەكەی جوانیش بوو ئەوە باشتر، ئەگەر دەوڵەمەند بوو دیسان باشتر، ئەگەر لە بنەماڵەیەكی خانەدانیش بووە ئەوە هەر بەرەكەتە، بۆیە ئەگەر سەیر بكەین چ بنەمایەكی ئەهلیەت بۆ پیاو دانراوە كە ئایین و ئەخلاقە هەمان بنەمای ئەهلیەتیش بۆ ئافرەت دانراوە، بەڵام بۆ مەسەلەی ماڵ بەخێوكردن، بەڵی دەبێت پیاو توانای ماڵ بەخێوكردنی هەبێت، چونكە لە ئیسلامدا بەخێوكردنی ماڵ و منداڵ لەسەر پیاوە و لەسەر ژن نییە، ئەمە مانای ئەوە نییە ئافرەت ناتوانێت ماڵ بەخێو بكات، بۆیە ئەگەر ژنەكە دەوڵەمەند بێت و بیەوێت هاوكاری هاوسەرەكەی بكات لە بەخێوكردنی ماڵدا، ئەوە هاوكاریەكی زۆر باشە و خێریشی بۆ دەنووسریت، هەروەها ئافرەت دەتوانێت كاری دەرەوەش بكات، بەڵام كە كاری دەرەوە دەكات نابێت زوڵمی لێ بكریت، لەبەر ئەوەی ئافرەت بێجگە لە كاری دەرەوە كارێكی دیكەشی هەیە كە بەڕێوەبردنی ماڵە، بۆیە ئەگەر ئافرەتەكە لەدەرەوە كار بكات و كە هاتەوە ماڵەوەش كاری بەڕێوەبردنی ماڵەوەشی هەر لەسەر بێت ئەوە زوڵمی لێدەكرێت، بەڵام ئەگەر وەك چۆن ئافرەت لەدەرەوە كار دەكات بۆ بەخێوكردنی خێزان هاوكاری هاوسەرەكەی دەكات، ئەگەر گەراشنەوە ماڵەوە پیاوەكە لە كاری بەڕێوەبردنی خێزاندا هاوكاری ژنەكەی بكات و نەڵێت ئەوە كاری ژنە و كاری من نییە، ئەمەیان هاوكاریەكی باشە، بەڵام ئەگەر پیاو هاوكاری ژنەكەی نەكرد و لە هەمانكاتیشدا وەك پیاوەكە لەدەرەوە كاری كرد، بۆیە ئیسلام رێگری لەوە نەكردووە كە ئافرەت لە دەرەوە كار بكات، بەڵام نابێت لەیەك كاتدا ئافرەت دوو كار بكات و پیاو تەنها یەك كار بكات، ئەوجا كە پیاوی ئێمە ئامادە نییە لە بەڕێوەبردنی ماڵ و لە بەخێوكردنی منداڵدا هاوكاری ژنەكەی بكات، ئەوا لە ئیسلامدا ئەهلیەتی پیاو بۆ هاوسەرگیری ئەوەیە كە بتوانیت ماڵ و منداڵ بەخێو بكات، بەمەش هاوسەنگی دروستكردووە، هەر كاتێك پیاو رازی بوو یان ئامادەباشی پیشاندا لەماڵەوە هاوكاری ژنەكەی بكات لەبەر ئەوەی ژنەكەشی وەك ئەو كار دەكات، ئەوا ئەو هاوسەنگییە دەگەڕێتەوە و هیچ كێشەیەك نییە، بەڵام ئەو هاوكارییە نەكات جائیز نییە، ئەمەش بۆ بەرژەوەندی ژن و پاراستنی مافی ژنە.
* ئەگەر ئەهلیەتی پەروەردەكردنی خێزان و پەروەردەكردنی منداڵ، وەك سیاسەتی خێزانی سەیر بكەین كە ئافرەت رۆڵێكی هیجگار سەرەكی و گەورەی تێدا دەگێڕێت، بەڵام خاوەنی ئەهلیەت نەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی خێزاندا، ئایا ئەم فەرامۆشكردنەی ئافرەت چ كاریگەرییەكی لەسەر ئایندەی خێزان هەیە؟
- ئەو فەرامۆشكردنە ئیسلام رێگەی پێنادات و قبوڵی ناكات، لەبەر ئەوەی ئیسلام قبوڵی فەرامۆشكردنی ئافرەت ناكات لە هیچ كایەكی ژیاندا و نە لەماڵەوە نە لەدەرەوەی ماڵەوەدا، لە ماڵەوە ئافرەت دەنگ و را و قسەی و بڕیاری هەیە و راوێژی پێدەكرێت، چونكە ئەو ماڵە بەتەنها ماڵی پیاو نیە و ماڵی هەموانە و مناڵیش كە گەیشتە تەمەنی هەرزەكاری دەبێت رای ئەوانیش وەربگیرێت، پیاو لەماڵەوە دیكتاتۆر نیە، ئایەتیك هەیە دەڵێت (الرجال قوامون على النساء) ئەم ئایەتە ماناكەی بەو جۆرە نییە كە پیاو زاڵە و هەرچی وت هەر قسەی پیاوە، نەخیر ماناكەی بەو جۆرەیە، وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد پێغەمبەر(د.خ) راوێژی بە ژن كردووە و بەقسەشی كردووە و سەریشكەوتووە، بۆیە مانای ئەو ئایەتە بەوجۆرەیە كە پیاو كارەكان بەڕێوە دەبات و ماندوو دەبێت و خزمەتی خێزان دەكات، خێزانیش گرنگترین دەزگایە بۆیە پێویستە یەكیك هەبێت بەڕێوەی بەرێت، هەروەك هەر دامەزراوەیەك پێویستی بە بەڕێوەبەرێك هەیە. كەواتە پیاو دیكتاتۆر نییە بەڵكو ئەوە ئەو بڕیارەیە كە ئەندامانی خیزان بە راوێژ پێكردن دەیدەن، پیاوەكە تەنها جێبەجێی دەكات، نەك پیاوەكە بڕیار بدات، لەم حاڵەتەشدا ئیسلام رێگە نادات ئافرەت فەرامۆش بكرێت.
* بەڕێزتان دەزانن هەر كۆمەڵگەیەك بریتییە لە كۆی خێزانەكانی ئەو كۆمەڵگەیە، ئەوجا لەبەر ئەوەی لە سیاسەتی خێزانیدا رۆڵی ئافرەت فەرامۆشكراوە، ئەوا لە سیاسەتی كۆمەڵایەتیشدا لەسەر ئاستی نەتەوە یان ئاستی وڵات، دیسان رۆڵی ئافرەت فەرامۆش دەكرێت، ئایا پەیوەندی بە دابونەریتی كۆمەڵگەوە هەیە یان كاریگەری ئایینی كۆمەڵگەیە كە ئێمە وەك گەلی كورد موسڵمانین؟
- ئیمە دان بەوەدا دەنین لە واقیعی كۆمەڵگەی ئێمەدا هەندێك جار رۆڵی ئافرەت فەرامۆشكراوە، گرنگی بە ئافرەت نادرێت و مافەكانی پێشێل دەكرێت، گوێ لە راوێژەكانیان ناگیرێت، بەڵام وەك پێشتریش ئاماژەمان پێكرد ئەوە ئیسلام نییە وادەكات، بەڵكو ئەمە خەڵكەكەیە وا دەكات، ئەم خەڵكە لەبەر كۆمەڵێك هۆكار وادەكات، یەكەمیان: نەزانینە، یان شارەزا نەبوونی درووست لە ئایینی ئیسلام، دووەم: كاریگەری هەندێك دابونەریتی كۆنی بەسەرچوو، لەبەر ئەوەی راستە دابونەریتی زۆر جوانمان هەیە و دەبێت بیپارێزین، بەڵام هەندێك دابونەریتیشمان هەیە تەنیا بۆ ئەوە باشە وەلایان بنێین و بیانگۆڕین و پێویستە بوێریمان هەبێت بۆ ئەوەی بیگۆڕین، خاڵی سێیەم : لاوازی خودی ئافرەتە كە رۆڵی خۆی نابینێت و داوای مافەكانی خۆی ناكات. بە ڕای من ئەم سێ هۆكارە بوونە هۆكاری ئەوەی ئافرەت فەرامۆش بكرێت.
Top