ڕێكخراوەكانی خانمان چەندین پێشنیار و رێكار بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی پێشكەش بە كابینەی نوێی حكومەت دەكەن
December 12, 2013
کۆمەڵایەتی
كۆسار كەریم ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ڕێكخراوەكانی خانمان چ پێشنیار و رێكارگەلێكیان بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی و پێشكەشكردن بە كابینەی نوێی حكومەت ئامادە كردووە؟ دەڵێت «وەك ئەوەی ئاگادارم، ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و ئافرەتانی ناو حزب و لایەنە سیاسییەكان لێژنەیەكیان پێكهێناوەو لەگفتوگۆی ئەوەدان بەرنامەی كاریان بۆ كابینەی تازەی حكومەت ئامادە بكەن، یەكەم شت كار لەسەر ئەوە دەكەن كە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێژەی ئافرەت زیاد بكرێت، جا لەهەر پلە و پۆستێكدا بێت، گرنگ ئەوەیە لەپێگەی بڕیارداندا بن، بۆ ئەوەی بتوانن هەنگاوێك بێنەپێش لەبواری كاركردن لەسەر مەسەلەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، لەلایەكی دیكەوە جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی 25ی نۆڤەمبەر لە كۆنفڕانسی كردنەوەی هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، كە بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان دەستی بە كارەكانی كرد، ئاماژەی بە هەندێك خاڵی گرنگ كرد، یەكێك لەوانە زیاتر ئەكتیڤكردنی پلان و بەرنامە و ئەو یاسایانە بوو كە تایبەتن بە بواری ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، كە هەم هەمواربكرێتەوە و هەم بچنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئەركێكی گەورەیان دەكەوێتە ئەستۆ، بەتایبەتی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كە هەردەم هاوكاربوون لەو بوارەداو ئەگەر ئەوان نەبوونایە زۆر كار كە تا ئێستا كراوە، وەك ئەكتیڤكردنی یاساكان، هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی، نەدەكرا».
پێویستە بەپلانی هاوبەش و هەمەلایەن بەرەنگاری توندوتیژی بكرێت
كۆسار كەریم لە درێژەی قسەكانیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ئەگەر یەك دوو ڕێكخراو بە تەنیا پڕۆژەیان هەبێت، رەنگە گوێیان لێ نەگیرێت، بۆیە پێویستە هەموو رێكخراوەكان پلانی هاوبەشیان بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی هەبێت، هەرچەندە كۆی گشتی هەموو رێكخراوەكان بیر و ئایدیا و ئایدیۆلۆژیای جیاوازیان هەیە، كەچی هەموو یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش نەهێشتنی توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان، بەڵام ئەگەر بێتو ڕێكخراوەكان هەموو كۆك بن و پڕۆژەیەكی یەكگرتوویان هەبێت، ئەوكات بەدڵنیاییەوە حكومەتیش لەگەڵیان دادەنیشێت و گوێیان لێ دەگرێت»، گوتیشی «پێموایە ئەگەر رێكخراوەكان یەكبگرن و كۆك بن لەسەر ئەو ئامانجەی كە بۆی تێدەكۆشن، لە مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەركەوتوو دەبن، گومانی تێدانییە ئەوەی لە ڕابردووشدا بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی كراوە لەژێر فشاری رێكخراوەكان كراوەو لەلایەن حكومەتیشەوە بە هەند وەرگیراوەو بەرنامە و پلانی بۆ داڕێژراوە، بێگومانیشم لەوەی كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە جددی كار لەسەر ئەو پرسە كراوە».
حكومەت نەیتوانیوە راستەوخۆ گوێ لە ڕێكخراوەكانی ژنان بگرێت
بەڵام لەنجە عەبدوڵڵا بەرپرسی دەزگای وارڤین، ڕایوایە «حكومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان سیاسەتێكی روونی نییە، تەنانەت ئەو ستراتیژیەتەی كە ئەنجومەنی باڵای خانمان دایناوە كۆمەڵێ كەموكورتی تێدایە، كە نازانرێ ئەو ستراتیژیەتە چۆن ئیدارە دەكرێت و دەستەی كاركردنی ئەو ستراتیژیەتە كێن، كێن ئەوانەی چاودێری كارەكانیان دەكەن»، گوتیشی «تاوەكو ئێستا بودجەیەكی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەستنیشان نەكراوە، واتا لێژنەیەكی بەرپرس نییە ساڵانە لەچوارچێوەی هەڵمەتەكە كاری خۆی بكات، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا حكومەت نەیتوانیوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ گوێ لە ڕێكخراوەكانی ژنان بگرێت، بۆیە تاوەكو ئێستاش لەنێوان حكومەت و ڕێكخراوەكانی ژنان بازنەیەكی ونبوو هەیە كە بە هیچ شێوەیەك ئێمە بەیەكەوە نابەستێتەوە، هۆكاری ئەو پەرش و بڵاویەش ئەوەیە چ جكومەت چ ئەنجومەنی باڵای خانمان نەیانتوانیوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ گوێ لەرێكخراوەكانی ژنان بگرن بۆئەوەی بزانن پلان و پڕۆگرامیان چییە، ئەوەش گرفتێكی گەورەیە و كارەكانی ئەو هەڵمەتە بەرەو پێش نابات».
لەنجە جەختی لەوە كردەوە كە «دەیان پڕۆژە لەلایەن ڕێكخراوەكانی ژنانەوە دراوەتە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بێئەوەی كاری لەسەر كرابێت»، هەروەها گوتی: لەهەمووی ناخۆشتر ئەوەیە حكومەت كە بەرنامە دادەنێت و پلان دادەڕێژێت هیچ راوێژێك بە ئافرەتانی رێكخراوەكانی ژنان ناكات و ڕایان بە هەند وەرناگرێت، لەكاتێكدا كاركردن لەسەر ئەو مەسەلەیە پێویستی بە یاسای تۆكمە و پەیڕە و پڕۆگرامی پوخت و كەسانی لێهاتوو و پسپۆڕ و شارەزا هەیە».
تاوەكو ئێستا دادگاكانمان ئیش بە
هەندێك یاسای سەردەمی رژێم دەكەن
سۆزان فەقێ بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی ژنانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە بەبۆنەی یادی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە رۆژی 25ی مانگی رابردوو كۆنفرانسێك كرا، دەركەوت كە لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوەكانی ژنان كۆمەڵێك راسپاردەیان هەیە، هیوادارین دەسەڵات هەماهەنگی و هاوكارییەكی تەواو بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەو راسپاردانە بكات، بۆ ئەوەی توندوتیژی ئەگەر بنبڕیش نەبێت، كەم بكرێتەوە»، گوتیشی «ئێمە كۆمەڵێ یاسای باشمان هەیە، لەوانە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی حێزانی، بەڵام بەداخەوە تاوەكو ئێستا دادگاكانمان ئیش بە هەندێك یاسا دەكەن كە ئەم یاسایانە هی سەردەمی رژێمی پێشوون لەگەڵ رەوتی ئەمڕۆی كۆمەڵگەكەمان ناگونجێت، لەلایەكی دیكەوە تەنیا دەسەڵات لەكەمكردنەوەی دیاردەی توندوتیژی رۆڵ نابینێت و ناكرێ ئەو ئەركە تەنیا بە دەسەڵات و رێكخراوەكان بسپێرین، بەڵكو پێویستە لە پەروەردەوە دەست پێبكەین، چونكە تاوەكو تاكی كۆمەڵگە رۆشنبیر نەبێت، توندوتیژی بنبڕ نابێت، پەروەردە و ڕاگەیاندنیش دوو وێستگەی زۆر گرنگن بۆ رۆشنبیركردن و هۆشیاركردنەوەی تاك، لەلایەكی دیكەوە ناكرێ رۆڵی پیاوانی ئایینی لەبیر بكەین، ئەوانیش دەتوانن لەرێگەی مینبەری مزگەوتەكانەوە پیاوان هۆشیار بكەنەوە، چونكە هەموومان دەزانین كە زۆرترین توندوتیژی دەرهەق بە ژنان لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێت، ئێمە وەكو یەكێتی ژنانی كوردستان لەكابینەی رابردووشدا كۆمەڵێ پڕۆژە یاسامان هەبوو، پێشكەشی حكومەتمان كردووە، بۆ كابینەی داهاتووش بێگومان پڕۆژەمان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی و دەستەبەركردنی مافەكانی ژنان دەبێت و بەرنامەكانمان چڕ تر و پڕ تریش دەبن.
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرەو پرسێكی دامەزراوەیی دەڕوات
ئەمەل جەلال ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، ئاماژە بەوە دەكات كە «ئەگەر ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی رابردوو بەراورد بكەین، دەبینین لەساڵانی رابردوودا دامەزراوەكانی جێبەجێكاری واتا دامەزراوەكانی حكومەت كەمتر خۆیان لەبەرامبەر ئەو مەسەلەیەدا بە بەرپرسیار دەبینی و زۆرترین ئاماژەكان بۆ ڕێكخراوەكانی ئافرتان و ژنان دەڕۆیی، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین، نەك تەنیا بەڕێوەبەرایەتییەكانی حكومەت بەڵكو وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پەروەردە و تەندروستی و پەرلەمانتاران و سەرۆكایەتی هەرێم ئەمساڵ پەیامی تایبەتی خۆیان بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی هەبوو، ئەوانە هەمووی دەلیلی ئەوەیە كە جۆرێك لە كۆدەنگی هەیەو ئەو گرفتە لەپرسێكی كۆمەڵایەتییەوە وردە وردە بەرەو سەر پرسێكی دامەزراوەیی دەڕوات، واتا بۆ بە گژداچوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن پێویستیمان بەوە هەیە كە لەسەر ئاستی دامەزراوەیی بە بەرنامە، بە بڕیار، بە جێبەجێكردنی یاسا كارەكان رێكبخەین و بەسەر گرفتەكاندا زاڵ بین»، گوتیشی «وەكو ئەنجومەنی باڵای خانمان كارەكانمان بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو رێگری و بەربەستانە بووە كە لەبەردەم جێبەجێەكردنی یاساكانی تایبەت بە پرسی ژن دەبنە لەمپەر، بۆ نموونە هەردوو یاسای باری كەسێتی هەموار كراو لەهەرێمی كوردستان و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان، كەواتە ئەوانە هەمووی كاریگەری خۆی دروست دەكات، بەڵام كاریگەرییەكی رێژەیی، چونكە ئەو دیاردەیە مێژوویەكی درێژی هەیە، ناكرێ تەنیا لەچوارچێوەی 16 رۆژدا گۆڕانكاری تەواوی بەسەردا ببێت، لەكاتێكدا هێشتا كۆمەڵگەكەمان پێویستی بە بەرنامە و پلان و ئیرادەی زیاتر بۆ جێبەجێكردنی یاساكان هەیە، بۆئەوەی بەرەنگاری ئەو ناهەموارییانە ببینەوە كە بەرامبەر بە ژن دەكرێت، خۆشبەختانە هاتنی دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرە بەڕێزەكان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر جێبەجێنەكردنی یاساكان و باسكردن لەگرفتەكانی خۆیان لەسەر جێبەجێكردنی یاساكان و دانانی خاڵی چارەسەر هەنگاوێكی مەزن بوو، هەروەها بەپیرەوەهاتنی تەواوی دامەزراوەكان و ئامادەبوونی دەزگاكانی راگەیاندن هەنگاوێكی دیكەیە، ئەوانەش هەمووی لەئەنجامی ئەو هەڵمەتانەو خەبات و كاری رێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتانە، بیرمان نەچێت لەساڵانی رابردوو لەقۆناغی رزگاریخوازیی نەتەوەی كورد ژنان بەشدارییەكی كارایان لەشاخدا هەبووە، لەهەمان كاتدا لەدوای راپەڕینی 1991 رێكخراوەكانی ژنان خەباتی گەورەیان كردووە، هەموو ئەو هەوڵانە بێ كاریگەری نابن، لەگەڵ ئەوەشدا بێ كەموكوڕی نابن، كەموكوڕییەكانیش تەنیا بەلایەنێك پەیوەست نییە، بەڵكو پەیوەستە بەكۆی سیستەمی حوكمڕانی بەكۆی دەسەڵاتەكانی هەرێم و هەموو رێكخراوەكانی حكوومی و ناحكوومیش لەو بەرپرسیارێتییەدا پشكی خۆیان بەردەكەوێت».