ئافرەتان داوای هەلی كاری زیاتر ودەستەبەریی كۆمەڵایەتی دەكەن

ئافرەتان داوای هەلی كاری زیاتر ودەستەبەریی كۆمەڵایەتی دەكەن
بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبارەی لە ڕابردوودا بەسەر كورددا هاتووە، شانبەشانی تێكەڵبوون بە كەلتوور و نەریتێكی هاوردە كە بە هۆیەوە زۆربەی كچان لە رابردوودا لەخوێندن بێبەش بوون، بۆیە تا هەنووكە دەرفەتی كاركردنیان كەمە، تەنانەت ئەو ئافرەتانەش كە بە كاری خزمەتگوزاری ڕازین، گلەییان لەوە هەیە، كە دەرفەتی كاركردن بۆ ئافرەتان بەگشتی و بۆ ئەوانەی بڕوانامەیان نییە بەتایبەتی زۆر كەمە، پەرلەمانتارێكیش بە پێویستی دەزانێت ئەو ئاریشانە بە یاسا چارەسەر بكرێت.
ئافرەتانی ناو كارگەكان خۆیان بە مەغدوور دەزانن
«دایك و باوكم خوا عەفوویان بكات، غەدرێكی گەورەیان لەمن كرد، بە بیانووی ئەوەی(كچ خوێندنی بۆ چییە؟ منیان نەناردە بەرخوێندن، ئەمڕۆش باجی نەبوونی بڕوانامە و نەخوێندەوارییەكەم دەدەم، كە دایك و باوكم مردن چاو لەدەستی برا و براژن مامەوە، زۆرجار لەگەڵ براژنەكەم شەڕمان دەبوو لەسەر بێ پارەیی و كەم مەسرەفی، دواجار هاتمە ئەو كارگەیە دەستم بە كاركردن كرد، ئەگەرچی پارەكەی كەمە بەڵام لەو گرفتانەی كە هەبوون رزگاری كردم». ئەوە قسەكانی سەمیرە عەلی بوو. ئەو گەورە كچێكی تەمەن 42 ساڵەیە و لە كارگەیەكی دروستكردنی تورشی لەهەولێر كاردەكات، نیگەرانیی خۆیشی لەوە دەردەبڕێت كە «دوای چەندین ساڵ كاركردن لە كارگە هیچ داهاتوویەكمان دیار نییەو خانەنشینی ئێمە ناگرێتەوە» ئەو ئافرەتانەی وەك ئێمە لە ناو كارگەكان كار دەكەن هەموویان مەغدوورن و حكومەتیش ئاوڕیان لێناداتەوە».
ئامینە كەریم ئافرەتێكی بێوەژنی تەمەن 47 ساڵە، ئەویش وەك خۆی باسیكرد، ماوەی زیاتر لەچوار ساڵە لە كارگەیەكی دروومان كاردەكات، سەبارەت بە هۆكاری كاركردنەكەشی گوتی «پاش ئەوەی پیاوەكەم بە شێرپەنجە مرد، منداڵەكانم رۆژ لەدوای رۆژ برسیتر و بێ مەسرەفتر دەبوون، سێ ژەمە چاوەڕێی قاپە چێشتی دراوسێكانمان دەكرد، ئەگەر خێر و سەدەقەی دراوسێكان نەبووایە لەبرسان دەمردین، دواجار بیرم لەوە كردەوە كە كارێك پەیدا بكەم بۆ ئەوەی بتوانم خەرجی و داواكاری منداڵەكانم دابین بكەم، ئەوە بوو كاری دروومانم لەو كارگەیە دەست پێكرد، زۆریش ماندووم دەكات، بەڵام كە مانگانەكەم وەردەگرم، لە ماندووێتیم دەحەسێمەوە و منداڵەكانیشم دەگەشێنەوە»
گەورە كچان شەرم دەكەن داوای پارە لە باوانیان بكەن
بەهار حەمە ڕەشید كچێكی تەمەن 32 ساڵەو وەك خۆی ئاماژەی پێكرد، تا پۆلی چواری سەرەتایی خوێندووە، سەبارەت بەژیانی ئابووری خۆیشی بۆ گوڵان گوتی «كاتێك بۆ كڕینی پێداویستییەكانم داوای پارە لە باوك و براكانم دەكەم، هەست بە ئازاری دەروون و رووشكێنی دەكەم، بەتایبەت ئەوكاتانەی كە دەڵێن نییە». بەهار خوازیارە حكومەت و پەرلەمانی داهاتوو ئەو كێشەیە لەبەرچاو بگرن، گوتیشی «ئەگەر مووچەشمان پێ نادەن، هەوڵی رەخساندنی هەلی كاری زیاتر بۆ ئافرەتانی ماڵەوە بدەن، ئەویش لە رێگەی دامەزراندنی كارگەی رستن و چنین و دروومان و كارگەكانی دیكەی تایبەت بە ئامادەكردنی خۆراك، بۆ ئەوەی چیدیكە ئافرەت چاو لەدەستی باوك و برا و مێردی نەبێ».
دەرفەتی كارو چوونە دەرەوەی ئافرەت زیاتر بووە
توێژەری كۆمەڵایەتی هێمن عومەر ساڵح، سەبارەت بەو پرسە سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە داهاتی ئافرەت یەكێكە لەو هۆكارە گرنگانەی كە ئافرەت سەربەخۆ دەكات و ئەوەش دەبێتە ئامرازێك بۆ گەیشتن بە مافەكانی، گوتیشی «پێشتر روانینی پیاو بەرامبەر كاركردنی ئافرەت لە كۆمەڵگەی ئێمە روانینێكی خراپ بوو، چونكە پێیانوابوو سەربەخۆبوونی ئابووری ئافرەت وادەكات لە پیاو هەڵگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا جێگەی دڵخۆشییە كە پیاوان روانینیان بەرامبەر بەوە باشتربووەو دەرفەتی كارو چوونە دەرەوەی ئافرەت لە ماڵان بە باش دەزانن، ئەوەش پەیوەندی بە كرانەوەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەكەمان بەڕووی پێشكەوتنەكانی جیهان و كۆمەڵگەكانی دیكەوە هەیە، لەلایەكی دیكەش سەختی ژیانی ئابووری ئەو سەردەمە بە زیادبوونی كەرەستەكانی ژیان و پێداویستییەكان وای كردووە پیاوان بە تەنها دەرەقەتی نەیەن، بۆیەش دەرفەتی كاركردن بۆ ژنان بە ئاسایی دەببینن».
ئەو توێژەرە جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەرچەندە ئافرەت لەڕووی پەیداكردنی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت، هێندەش گەیشتن بە مافەكانی و نەچەوساندنەوەی لەلایەن پیاوانەوە باشتر و زیاتر دەبێت، چونكە زۆربەی ئەو پیاوانەی كە ئافرەتەكانیان لە ماڵەوەن، وای دەبینن كە تەنها ئەوان ماندوون و ئافرەتەكانیان لەسەر سكی تێر دانیشتوون، جگە لەوەش وای دەبینن كە ئافرەتەكان ئەگەر ئەوان نەبن، هیچ پەناگەیەكیان نابێت، بەڵام سەربەخۆیی ئابووریی ئافرەت كۆتایی بەو بۆچوونە دەهێنێت و پیاوان ئەوە لێكدەدەنەوە كە ئەوانیش نەبن ئافرەتەكان دەژین و كێشەیان نابێت، ئەوەش هێندەی دیكە پیاوان ناچار بە پێدانی ماف و رێزگرتنیان دەكات».
ئەوەشی دووپات كردەوە كە «نابێت ئافرەتان سەربەخۆیی ئابووریی خۆیان بۆ شكاندنی پیاوان بەكاربهێنن، گرنگە ئابووری یەكسان و هاوكاری لە نێوان ژن و پیاواندا هەبێت، كە وادەكات ژیانێكی خۆش و تەبایان بۆ دەستەبەر بكات، دەكرێ هەردووكیان لە ئابووریدا هاوبەش و لە خەرجكردنیشدا هاوبەش بن و بە یەكەوە ماڵێكی جوان و خۆشگوزەران بونیاد بنێنن».
هەر زیادبوونێك لەئازادی و دەسەڵاتی پیاو لەسەر حیسابی ئازادی و دەسەڵاتی ئافرەت درووستبووە
نووسەر و رۆژنامەنووس كامەران وریا قانع بڕوای وایە ژیان بریتییە لە هاوكارییەكی بەردەوامی ئافرەت و پیاو لەهەموو بوارەكان و لەهەموو سەردەمەكان، گوتیشی» بە درێژایی مێژوو كۆمەڵگەیەك نادۆزیتەوە تەنها بە لایەنێك لەو دوو ڕەگەزە بەرێوە چوو بێت، بەڵام لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكیتر یەكێكیان زیاتر ماندوو بووە، یان ئەركی زیاتر، یان دەسەڵاتی زیاتر بووە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لەمێژووی هاوچەرخ سنوورەكانی ئازادی و دەسەڵاتی پیاو زیاتر بووە، ئەم مێژوەش ئەو راستیەی سەلماندووە هەر زیادبوونێك لەئازادی و دەسەڵاتی پیاو لەسەر حیسابی ئازادی و دەسەڵاتی ئافرەت درووستبووە، بە شێوەیەگی گشتی دەتوانین هەموو پرۆسەكە بە تەرزاوویەك بشوبهێنین هەر زیادبوون، یان كەم بوون لە لایەك كاریگەری لەسەر لاكەی تری هەیە. ئەمڕۆ ئافرەتان بەگشتی لە داگیركردنێكی لەسەرخۆن و بۆ جومگەكانی كۆمەڵگە وردە وردە شوێنەكان و كۆمەڵگە لەگەڵ پیاو دابەش ئەكەن، بۆ نموونە زۆربەی بوارەكانی ژیان ئافرەت بەشدارە هەر لە فەرمانگەكانەوە تاكو دەگات بە بازاڕەكان. ئەم پرۆسەیەش هەرچەندە خاوە، بەڵام بەردەوامە، دەكرێ لایەنی بەرپرس دەرفەتی زیاتر بۆ بەكارخستنی ئافرەت لەبوارە جیاجیاكانی ژیان بڕەخسێنێت و سوودی لەهێزی كاری ئافرەتان وەربگرێت، لەبری ئەوەی خێری پێ بكات و مووچەیەكی زۆر كەمی بۆ ببڕێتەوە.
كەرتی تایبەت دەرفەتی كاری بۆ ئافرەتان ڕەخساندووە
د. ڤالا فەرید پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانیش هەمان رای هەیە و دەڵێت «بۆ ئافرەت زۆرباشترە رەنجی شانی خۆی بخوات، لەوەی چاوی لەوە بێت كە حكومەت مووچەیەكی بداتێ، چونكە كاركردنی ئافرەت جگە لەوەی ئابوورییەكی سەربەخۆ دەستەبەر دەكات، لەهەمان كاتیشدا ئەركی حكومەت سووك دەكات و هیچ بارگرانییەك دروست ناكات»، نموونەشی بەوە هێناوە كە «ئافرەتێكی نەخوێندەواری بێ داهات، ناتوانێ قوتابخانەیەك بەڕێوە ببات، بەڵكو دەبێت كارێكی وای بۆ بدۆزرێتەوە لەگەڵ توانا و شارەزایی ئەو ئافرەتە بگونجێت»، گوتیشی «ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو پێشكەوتنەی لەدەزگاكانی حكومەت بەرچاودەكەون، دەبینین كەرتی تایبەت باڵادەست بووە لە بوژانەوەی ئابووری وڵات و دەرفەتی كاریشی بۆ ئافرەتان زۆر ڕەخساندووە، بۆیە پێموایە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ خانمانی ماڵ لەداهاتوودا، ئەوەندە پشت بەحكومەت نەبەسترێت، بەڵكو كەرتی تایبەت دەتوانێ ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە و دەرفەتی زیاتر بۆ خانمانی ناو ماڵ بڕەخسێنێت، نابێ ئەوەش لەبیربكەین كە شانبەشانی كاركردنیان مافەكانیشیان پارێزراو بێت، واتا بەیانی كە پیر و پەككەوتە دەبێت و توانای كاركردنی نامێنێت، پێویستە لەبەرامبەر ئەو كارەی پاداشتێك و دەستەبەریی كۆمەڵایەتی هەبێت، دیارە ئەو هەوڵەش پێویستە بە یاسا رێكبخرێت، ئەوەش ئەركی پەرلەمانە كە یاسای تایبەت بەم بابەتە دەربكات بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كارگوزار و كرێكار و بەتایبەتی خانمانی كارگوزار پێویستە بە یاسا دەستەبەری كۆمەڵایەتییان مسۆگەر بكرێت».
Top